بەپەلە

گەورەترین هەڕەشەی سەر كوردستان

عارف قوربانی - 8-05-2019 - 3514 جار خوێندراوەتەوە


كورد دوژمنی زۆرە و هەڕەشەی بەردەوام و جۆراوجۆری لەسەرە، بەڵام ئێستا گەورەترین مەترسی كە هەڕەشە لە داهاتووی ژیانی كۆمەڵایەتی و پێكەوەیی دەكات وەك كۆمەڵگەیەكی پێكەوە گونجاو، دۆخی ناوخۆی خۆیەتی. مەبەستم لە دۆخی ناوخۆ ململانێی سیاسی و ناتەبایی نێوان هێزە سیاسییەكانی نییە كە ئەوە بەشێكی كەمی هۆكارەكەیە، بەڵكوو مەبەستم لە پێكەوەنەگونجانی كۆمەڵایەتییە كە ئێستا بە دیاردەی كوشتنی رۆژانە سەرەتاكانی دەركەوتوون.

ئاین تەنیا بۆ ناسینی خواوەند بەسەر مرۆڤەكاندا نەسەپێنراوە، بەڵكوو یاسا و رێسای ژیان بووە تا مرۆڤ پابەندی بەهاو خەسڵەتە ئینسانییەكەی بكات و لە توندوتیژی و رەفتاری دڕندانە دووری بخاتەوە، بەرانبەر بە هەر تاوانێك سزای توندی داناوە. یاسا دانراوەكانی مرۆڤیش هەر بۆ رێكخستنی ژیان و رێگری بووە لە چەوساندنەوە و زوڵمی بەهێزەكان بەسەر لاوازەكاندا، سزای یاساش وەك جۆرێك بووە لە تۆڵە لە لادەر و تاوانكارەكان. لە هەر سات و زەمینێكدا ئەو حوكمانە چەسپابن، مرۆڤ بە بەختەوەری ژیاوە، هەر سەردەمێكیش ئەو چوارچێوانەی ئاین و یاسا وەك (سزای دیار و نادیار) بۆ مرۆڤ دایناون فەرامۆش كرابن، ژیانی مرۆڤەكان پڕ بووە لە تاوانی جۆراوجۆری دڕندانە.
ئێستا كوردستان خەریكە پێ دەنێتە ناو قۆناغێكی مەترسیدارەوە كە سزا دیار و نادیارەكان كاریگەرییان لەسەر رەفتاری تاكەكانی كۆمەڵگە نامێنێ، ئەمەش دەرگا بۆ تاوانكاری و رەفتاری ناجۆر دەكاتەوە

 

ئێستا كوردستان خەریكە پێ دەنێتە ناو قۆناغێكی مەترسیدارەوە كە سزا دیار و نادیارەكان كاریگەرییان لەسەر رەفتاری تاكەكانی كۆمەڵگە نامێنێ، ئەمەش دەرگا بۆ تاوانكاری و رەفتاری ناجۆر دەكاتەوە. تەماشا بكەن ئەو تاوانانەی لەم چەند ساڵەی دوایی لە كوردستان روویانداوە ئەگەر بەراوردی بكەین بە هەموو مێژووی كورد، تاوانی هاوشێوە لە هەزاران ساڵی رابردووی ئەم میللەتەدا نابینی. كوڕ دایكی خۆی سەردەبڕێت، دایك ئاگر لە منداڵەكانی بەردەدات، باوك هەموو جگەر گۆشەكانی ژەهرخوارد دەكات، كوڕ باوكی خۆی دەكوژێت، برا خوشك و براكانی دەكوژێت و ژن مێردی دەخنكێنێ‌ و پیاو ژنەكەی هەڵدەواسێ. تاوانكار دان بە تاوانەكەیدا دەنێت و نەك پەشیمانی دەرنابڕێت، بگرە ئامادەی دووبارەكردنەوەشیەتی. دراوسێ‌ لەسەر شەڕی منداڵ، شۆفێر لەسەر فوللایتی سەیارە، قوتابی لەسەر كەمیی نمرە، كاسبكار لەسەر سڵاو، گەنج لەسەر نووكەی مۆبایل و سەتان نموونەی تر، هەمووی هەر یەكتری دەكوژن. پاساو و هۆكارە تایبەتییەكانیان هەرچییەك بن، هۆكارە گشتییەكە تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵگەی كوردییە كە سەرچاوەی لە سەروەرنەبوونی یاساوە گرتووە.

مرۆڤ لە كاتێكدا دەست بۆ تاوان یان رەفتاری ناجۆر نابات كە ترسێك لەناخیدا هەبێت. (ترس لە خواوەند، ترس لە یاسا، ترس لە ویژدانی خود، ترس لە كۆمەڵگە، ترس لە كاردانەوەی تاوانلێكراو).

زۆرن ئەو مرۆڤانەی پابەندن بەو ترسانەوە، دەرفەتی بۆ دروست دەبێت بتوانێت تاوانێك بكات، یان ئارەزووی ئەنجامدانی دەكات و دەشزانێ‌ كەس ئاگای لە تاوانەكەی نییە، بەڵام لە ترسی خوا خۆی لەو تاوانە دووردەخاتەوە. یان ویژدانی خۆی رێگەی نادات. یان لە ترسی كۆمەڵگە كە وەك نەنگییەك لێی بڕوانن. بەڵام ئەوانەش زۆرن كە ترسیان لەو سزا نادیارانە نییە و  دەربەستی هیچكام لەو سنوور و چوارچێوانە نایەن كە لەناخی مرۆڤدا بۆ خۆپارێزی لەتاوان دروستكراون. هەر كۆمەڵگایەك ترسی سزا نادیارەكانی تێدا نەما پێویستە سزا دیارەكان كە خۆی لە سزای یاسادا دەبینێتەوە، توند بكرێن تا رێگە لە تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵگە بگیرێت. 
لە بنەڕەتدا یاسا لە كوردستان لاوازە و تەنها بۆ كەسانی لاواز و بێدەسەڵاتەكانە. بۆیە دەبینی رۆژ لە دوای رۆژ رێژەی تاوان و جۆرایەتی تاوان لە زیادبووندان

 

ئێستا لە كوردستان خەڵكانێك پەیدا بوون كە ترسی هیچكام لەو بنەما و بەهایانەیان نەماوە (نە خوا، نە ویژدان، نە كۆمەڵگە) تەنانەت ترسی سزای یاساشیان نییە. چونكە لە بنەڕەتدا یاسا لە كوردستان لاوازە و تەنها بۆ كەسانی لاواز و بێدەسەڵاتەكانە. بۆیە دەبینی رۆژ لە دوای رۆژ رێژەی تاوان و جۆرایەتی تاوان لە زیادبووندان. كە یاساش سەروەر نەبوو، كاردانەوەی تاوانلێكراو دەبێتە دیوێكی تری تاوان، تۆڵەكردنەوە لە كەسوكار و خزم و بنەماڵە و وردە وردە سەر دەكێشێ‌ بۆ خێڵ و عەشیرەتی ئەنجامدەری تاوان. بەمەش شیرازەی كۆمەڵگە بە ئەندازەیەك تێكدەچێت كە مانایەك بۆ ژیان نامێنێتەوە. 

دەسەڵات لە كوردستان بەهۆی رەگوڕیشەی ململانێی سیاسی و ناتەبایی و ناكۆكی حیزبەكانییەوە چاوپۆشی زۆری كردوە لە ئەنجامدەری ئەو تاوانە جۆراوجۆرانە

 

دەسەڵات لە كوردستان بەهۆی رەگوڕیشەی ململانێی سیاسی و ناتەبایی و ناكۆكی حیزبەكانییەوە چاوپۆشی زۆری كردووە لە ئەنجامدەری ئەو تاوانە جۆراوجۆرانە و زەمینەی خۆشكردووە بۆ پەرەسەندن و گەشەكردنی ئەو عەقڵیەتانەی باوەڕیان بە كوشتن و تۆڵەكردنەوەیە. تا یاساش لاوازتر بێت، دیاردەكە زیاتر پەرەدەستێنێ‌. دەبێت ئەوانەی دەربەستی ئایندەی كوردستانن، لە شوێنێكدا سنوورێك بۆ ئەم مەترسییە دابنێن. رەنگە قۆناغی پێش بیركردنەوە و دەستبردن بۆ پەروەردە، توندكردنی سزا دیارەكانی وەك حوكمی یاسا (پەیڕەوكردنی سزای لەسێدارەدان) گرنگترین كارێك بێت كە دەسەڵات لە كوردستان پەنای بۆ بەرێت.

زۆر لەوانەی تاوانی كوشتن دەكەن، دەبیستین كە پێشتریش تاوانی هاوشێوەیان كردووە، بەڵام لەبەر ئەوەی زیندان لە كوردستان شوێنی چاكسازی نییە، بۆیە كاتێك دێتەوە ناو كۆمەڵگە تاوانی دیكە دەكاتەوە، كەواتە بۆ ئەوەی سزای تاوانكار بدرێت و پەندێك بێت بۆ كەسانێكی تریش كە بیر لە تاوان دەكەنەوە، دەبێت ساڵانێك كوردستان پەنا بۆ لەسێدارەدان ببردرێت. بەڵام ئێستا كەسێك كە ئارەزووی تاوان دەكات دڵنیایە لەوەی یان ئازاد دەكرێت یان لە زینداندا بەباشی بەخێودەكرێت. بۆ رێگری لە تاوان پێویستە ترسێك هەبێت لە سزا، كە سزای یاسا هەبوو رێگری لە تۆڵەكردنەوەی كۆمەڵایەتیش دەگرێت.

دڵنیام كەسانێكیش بەپاساوی مافی مرۆڤ و ئازادی و چەند دروشمێكی رووكەش دژ بەوە دەبن كە سزای لەسێدارەدان پەیڕەو بكرێت. بەڵام با ئەو كەسانە بۆ یەك چركە خۆیان بخەنە شوێنی ئەو دایك و باوكەی تەرمی كوڕەكەیان دەدۆزنەوە و تاوانكار دان بەوەدا دەنێت كە تەنها لەبەر ئەوە كوشتوویەتی جۆری مۆبایلەكەی جوان بووە. یان ئەگەر كەسانێك پێیانوایە پابەندبوون بە یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەكان و جیاواز دەرخستنی كوردستان لە وڵاتانی ناوچەكە گرنگترە لەوە، دەبێت بەرچاویان روون بێت لەوەی ئەم دیاردەیە كۆتایی پێ نەهێنرێت، بە زیادبوونی تاوان و بەرزبوونەوەی ژمارەی كوشتن سومعەی كوردستان زۆر لەوە زیاتر دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە كە سزای لە سێدارەدان بەسەر تاوانكار و بكوژدا جێبەجێ‌ بكات. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP