ئه‌سپى ته‌ڕواده‌ له‌ زۆنى سه‌وزا

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 7-05-2019 - 5496 جار خوێندراوەتەوە

سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌بڵێم من بڕوام به‌ ناونانى ناوچه‌كانى باشورى كوردستان به‌ زۆنگه‌لى سه‌وزو زه‌ردو شتى وانیه‌ ، به‌ڵام ناونیشانه‌كه‌م رێك ئاماژه‌یه‌ بۆ نووسینى رۆژنامه‌نووسێك كه‌ باسى ئه‌سپى ته‌ڕواده‌ى كردووه‌ ، من گومانم نیه‌ له‌وه‌ى ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ پارتیه‌ كه‌ زۆر نزیكى نێچیرڤان بارزانیه‌ به‌ر له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ى وتاره‌كه‌ى نیشانى ئه‌و دابێت ، گومانم نیه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ئاماژه‌كه‌ باس له‌ چیرۆكێكى ئازار به‌خش و جۆرێك له‌ فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ى شه‌ڕ ده‌كات ، خۆ ئه‌سپى ته‌ڕواده‌ بۆ بردنى گوڵ و دیارى به‌و نیوه‌ شه‌وه‌ نه‌چوه‌ ناوقه‌ڵاى ته‌ڕواده‌یه‌كانه‌وه‌ ، هیوادارم زۆربه‌ى خوێنه‌رى ئه‌م وتاره‌ فیلمى " ترۆى " یان بینیبێت .


ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ به‌ ئامانج یان بێئامانج  گۆڕان به‌ ئه‌سپى ته‌ڕواده‌ ناوده‌بات ، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ئه‌وه‌ى كه‌ ئیتر پارتى گۆڵى خۆى له‌ ڕێى خه‌ڵكى تره‌وه‌ له‌م سنوره‌ كردووه‌ ، ئومێدم وایه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى گۆڕان ، رێكخه‌رى گشتى و خانه‌ى راپه‌ڕاندن و ئه‌و ئه‌ندام جیڤاتانه‌ى ده‌زانن ئه‌صپى ته‌ڕواده‌ چیه‌ ، یان ئاگادار نین پرسیارى چیرۆكه‌كه‌ بكه‌ن و به‌ پارتى بڵێن چۆن ده‌كرێت به‌و جۆره‌ سه‌یرى گۆڕان بكرێت .


هه‌ڵبه‌ت پرسیارى ئه‌وه‌ش بكرێت هه‌ر به‌ڕاست پارتى ده‌یه‌وێت له‌ ڕێى گۆڕانه‌وه‌ شه‌ڕى یه‌كێتى بكات و سلێمانیش له‌ بێده‌نگكردنا به‌ ده‌ردى هه‌ولێرو دهۆك به‌رێت ، كه‌ بێده‌نگكردن هه‌بێت ته‌لارو جاده‌و باخ و ماڵى پاشا به‌ خه‌ڵك چى ، ناكرێت پارتى و به‌ تایبه‌ت نیچیرڤان بارزانى به‌و جۆره‌ بیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ رۆژنامه‌نووسه‌كه‌ى ده‌یڵێت ، خۆ ئه‌گه‌ر وابێت هه‌موو جارێك ئێمه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ خاڵى سفر .


بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان پێویسته‌ روون راشكاو به‌ پارتى بڵێت ئێمه‌ ئه‌سپى ته‌ڕواده‌ى كه‌س نین و پڕۆژه‌و كارى خۆمان ده‌كه‌ین ، پڕۆژه‌و كاریش ئه‌وه‌ نیه‌ بڵێى من وه‌زاره‌تى ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ وه‌رده‌گرم بۆ ئه‌وه‌ى جاده‌كان قیر بكه‌م ، كێ ده‌ڵێت تۆ بوارى ئه‌وه‌ت ده‌درێتێ ، باوه‌ڕم به‌وه‌ش نیه‌ گۆڕان به‌و ڕاده‌یه‌ مێژوویان بیر كردبێت و 12-10- 2015یان بیر نه‌مابێت ،كه‌ له‌ پشت حكومه‌ته‌وه‌ پارتى گۆڕانى له‌ حكومه‌ت كرده‌ ده‌ره‌وه‌ ، چۆن ده‌كرێت حزبێك جارێك هێز له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بگه‌یه‌نێته‌ مه‌كته‌بى سیاسیه‌كه‌ى له‌ سلێمانى بۆ لێدانى گۆڕان و چه‌ند جارێك له‌ ناو پارله‌ماندا ئه‌ندام پارله‌مانه‌كانى گۆڕان شل و كوت كات و جارێك سه‌رۆكى پارله‌مانه‌كه‌ى سه‌ر به‌ گۆڕان به‌ لوله‌ى چه‌ك بگێڕێته‌وه‌ بۆ سلێمانى ئێستا بكرێته‌ ئه‌سپى ته‌ڕواده‌ .


ئه‌گه‌ ئه‌وه‌ قسه‌ى رۆژنامه‌نووسێكى ئاساى بوایه‌ ره‌نگه‌ هى هه‌ڵوه‌سته‌ كردن نه‌بێت ، ئه‌وه‌ هى كه‌سێكه‌ ئێستا به‌ قسه‌و پیا هه‌ڵدانه‌كانى زۆر له‌ سه‌رۆكى پارتى و جێگرى سه‌رۆكى پارتیه‌وه‌ نزیكه‌و ئیتر ئه‌ستێره‌ى به‌ختى له‌وێنده‌ر ڕوناكه‌ .

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP