بەپەلە

با ئیمزای ڕێکەوتنەکانی ئەمجارە جیاواز بێت

توانا ئەحمەد خەیات - 6-05-2019 - 1359 جار خوێندراوەتەوە

هەموو کاتێک ڕێککەوتن باشترە لە ناکۆکی لە شەڕو دژایەتیکردن ، چونکە لە ئاشتی و  لە ڕێکەوتندا هاوڵاتی ئاسایی  سودمەن دەبێت ، بوار بۆ خۆشگوزەرانی دەڕەخسێت  ، بوار بۆ پێشکەوتن دەڕەخسێت  . بەمەرجێک  ئەو ڕێکەوتن و ڕێکەوتننامانەی نێوان حیزبەکان لەسەر بنەمای  بەرنامەی بەڕێوەبردنی ووڵآت و بەرنامەی بە گژداچونەوەی گەندەڵی و بەرنامەی  جێبەجێکردنی شەفافییەت بێت  . 
تاکە کێشەی سەرەکی  لە نێوان ئەم لایەنانەدا کێشەی پشکە

 

بە پێچەوانەوە چەندین ساڵە لە هەرێمی کوردستان  پارتەسیاسییەکانی کوردستان  لە پێش هەڵبژاردن و لەدوای هەڵبژاردن  تاسەر ئێسقان دەکەونە دژایەتی کردنی یەکتر و  تاوانبارکردنی یەکتری و ناشرین کردنی کەسایەتییەکانی یەکتری .  بەشێوەیەک  هەموو جارێک بارودۆخی  ئەم هەرێمەی کە گیرۆدەی چەندین کێشەی ئیداری و ئابوری و کێشەی بەڕێوەبردنە دەگەیەننە بارودۆخێکی نەخوازراو و ناجێگیر کە زۆر جار گەیاندویانەتە بارودۆخی  شەڕ و خوێن ڕشتنەوە  . 

تاکە کێشەی سەرەکی  لە نێوان ئەم لایەنانەدا کێشەی پشکە ، پشک لە دەسەڵات پشک لە سەروەت وسامان ، پشک لە وەزیرو گزیر و پشک لە پلەو پۆست . هەموو جارێکیش لە دوای توندبونەوەی ناکۆکییەکان و  هەڕەشەی لایەنەکان  بە تێکدانی بارودۆخ و  بیانوی  هەڕەشەی ئاسایش و بیانوی بونی جەنگ و بیانوی قەیرانی ئابوری  بارودۆخی ئەم هەرێمەیان گەیاندۆتە لێواری تەقینەوەو نائارامی  ...

سەرجەم پارتە سیاسییەکان بە پارتی باڵادەست و پارتی ئۆپۆسزیۆنەوە، ڕێکەوتن و ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەکانیان وەک مژدە و وەک سەرکەوتن بەیان کردوە

 

سەرەڕای بونی پارتی جیاواز جیاواز  لەم هەرێمەدا، سەرجەم پارتە سیاسییەکان بە پارتی باڵادەست و پارتی ئۆپۆسزیۆنەوە، ڕێکەوتن و ئیمزاکردنی ڕێکەوتننامەکانیان وەک مژدە و وەک سەرکەوتن بەیان کردوە و مژدەی خۆشگوزەرانی و مژدەی  چاکسازی و مژدەی گەشەپێدان و پێشکەوتنیان بە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە داوە لە دوای ئیمزاکردنی ڕێکەوتنەکانیان  .

هەمو ڕێکەوتنەکان لە یەک چون و تەنهاو تەنها مێژوی ئیمزاکردنیان جیاواز بوە

 

بەڵام بە داخەوە  گەر بڕوانینە مێژووی ئیمزاکردنی ڕێکەوتتنامەکانی نێوان  پارتەکانی کورستان  کە لەسەروبەندی پێکهێنانی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی هەرێمی کوردستانەوە لە نێوان یەکدیدا ئیمزایان کردووە  تەنها دەرئەنجامەکەی دابەشکردنەوەی  پلەو پۆست و وەزارەت و بریکار و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەر و دابەشکردنەوەی  داهات بووە لە نێوان یەکدیدا ، بە مانایەکی تر هەموو ڕێکەوتنەکان لە یەک چون و تەنهاو تەنها مێژووی ئیمزاکردنیان جیاوازبووە ، لە دوای  ئیمزای ڕێکەوتنەکانیان  بارودۆخی ئیداری و نەهێشتنی گەندەڵی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزرییە گشتییەکان  هیچ نەگۆراوە، بەڵکو بگرە  بەرەو خراپتر چووە . 
   
  هەربۆیە  هیوادرین  ئیمزای ڕێکەوتنەکەی ئەمجارەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان   لەگەڵ هەریەک لە یەکێتی نیشتمانی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان  وەک ئیمزای ڕێکەوتنەکانی پێشوتر نەبێت و جیاواز بێت.  بەشێوەیەک   هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە  هەست بە گۆڕانکاری و   کاری چاکساز ی و هەڵمەتی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و   پێشکەشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر  بکەن و چیتر ڕەشبین نەبن بەرامبەر ئیمزای ڕێکەوتنەکان .......................        

 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP