سۆسۆلۆژیای سیاسی و ئازادی ڕادەربرین

کەمال محەمەد - 5-05-2019 - 2967 جار خوێندراوەتەوە


سۆسۆلۆژیای سیاسی بە واتای كۆمەڵناسی سیاسی دێت بەشێوەیەكی رونتر ئەو پەیوەندییە ئەگەیەنێت كە لەنێوان دەسەڵات و كۆمەڵگادایە و گوزارشت لە رێكخستنی پەیوەندییەكانی دەسەڵات دەكات كەلە ناو كۆمەڵگادا بەربڵاوە، بەڵام كاتێك باس لە هەرێمی كوردستان ئەكەین بەتایبەت لەدوای راپەرینەوە دەبێت دان بەو راستییەدا بنرێت كە دەسەڵاتی سیاسی ئەو پەیوەندییەی نەكردۆتە ئامانجی خۆی كە بتوانرێت بە كۆمەڵگایەكی سیاسی تەندروست ناو ببرێت، سەرەكیترین ئامراز كە پێویستە سەبارەت بە كۆمەڵگایەكی سیاسی و دیموكراتی ئاماژەی پێبكرێت رێگەدانە بە ئازادی رادەربرین، بۆئەوەی لە گەوهەری خۆیدا تاك و كۆمەڵگا بەسەرچالاكییەكانی خۆیاندا زاڵبن و بتوانن خاوەندارێتی لە چالاكییەكانی ئابوری و سیاسی و ئایدۆلۆژی و پەرەوەردەیی خۆیان بكەن.

لەهەرێمی كوردستان دەسەڵاتداران كۆمەڵگایان مەحكومی بەردەوامبونێكی شێوێنراو پڕ لە چەوسانەوە كردوە، بۆیە كاتێك شەپۆلی ئازادی رادەربرین بەپێی هیوا و چاوەڕوانییەكانی گەل ئاڕاستەی بگرتایە دەسەڵاتی سیاسی لەپێناو ئامانج و بەرنامە دەستنیشانكراوەكانیان رێگرییان لەو رادەربرینە كردوە، بۆئەوەی چەمكی چالاكی تاكەكەسی و هۆكارێك نەبێت بۆ ئەڵتەرناتیڤێكی سیاسی.
میدیا رۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لە ئاواكردنی هاوڵاتییەكی پوچ و سڕكراودا كەدواجار هاوڵاتی لەمافی سیاسەت بێبەش دەكات

 

یەكێكی دیكە لە هۆكارەكانی بێ كاریگەركردنی سۆسۆلۆژیای سیاسی میدیایە كە دەسەڵات بۆ پێگەیاندنی ئەو هاوڵاتییەی كە مەبەستێتی بەكاری ئەهێنێت بەم جۆرەش تاكێك دروست ئەكات كە لە ناوەرۆكی خۆی خاڵی ئەبێتەوە، لەم چوارچێوەیەشدا میدیا رۆڵێكی سەرەكی دەبینێت لە ئاواكردنی هاوڵاتییەكی پوچ و سڕكراودا كەدواجار هاوڵاتی لەمافی سیاسەت بێبەش دەكات، بۆیە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان تێڕوانین سیاسەتیان بۆ سۆسۆلۆژیای سیاسی رێگرییەك بوە، بۆ ئەوەی هیچ كات زەمینەیەكی لەباربۆ سازان و گونجاندنی ئازادییەكانی تاك و كۆمەڵگا بەدی نەیەت تا لە رێگەی شۆك بون و پرسیاركردنەوە لەچۆنێتی سیستەم هەنگاو بەرەو گونجاوترین رژێمی سیاسی و سیستەمی دیموكراتی كۆمەڵگا نەنێن و لەسەربنەمای جیاوازییەكان چەمێكی یەكسانی فەراهەم نەكەن.

لە دوای راپەرینەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم و بەتایبەت ئێستای نەوەكان لە میانەی تاكرەوێتی ئایدۆلۆژی و لیبرالیزمی  حیزبییان لە رێگای ئایدیالیزەكردنەوە ئازادی و سیاسەتی كۆمەڵگای بێ مانا و لەناوبردوە لە پێناو بەدیهاتنی زیاتری بەرژەوەندی و پاراستنی ئاسایشی خۆیان ،كەوایە راستییەكی سۆسۆلۆژییە سەرباری تەواوی رازاندنەوەكانی لیبرالیزم و بەكارهێنانی وشەی دیموكراتی لەلایەن سیاسییەكانی دەسەڵاتەوە ئەتوانین بڵێین پێڕەكردنی ئەم سیستەمە لە سیاسی و حكومرانییەیان گەورەترین هەرەشەیە بۆ سۆسۆلۆژیای سیاسی و خاوەن كۆمەڵگایەكی بونیادی سیستماتیك و ئازاد لەرادەربڕیندا، بەو پێیەی نەتوانراوە لەهەر قۆناغێكدا تا ئێستاش هەبونی خۆی بخاتە ژێر گەرەنتیەوە و بەردەوامی پێ بدات، بۆیە دەسەڵات هەمو كات لەپێناو پەردەپۆشكردنی حەقیقەتی ئیستیغلال كاریشیان سودێكی خۆریان لە بەكارهێنانی هەمو جۆرە ئاستەكانی وێناو سیمبوڵە دەمامكدارە ترسێنەر و تۆقێنەر و خەیاڵیەكانی خۆیان بینیوە و بەردەوام خواستویانە پەیوەندی دەسەڵات و كۆمەڵگا گرێدراوی هەبونی كەش و هەواو زەمینەیەكی دیموكراتیانە نەبێت ،هەرئەمەش هۆكاری ئەوە بوە سۆسۆلۆژیای سیاسی و ئازادی لە رادەربڕیندا هەمیشە لە دۆخێكی ناتەندروستدا بێت و سیاسەت لەڕۆڵی راستەقینەی خۆی دور بخرێتەوە كە ئامانجی لەپێشینەی دەسەڵات بوە بەدرێژایی مێژووی حكومڕانییان.

لە كۆتاییدا ئەگەمە ئەوەی ئەم جیلە سولتانییەی هەرێم نایانەوێت دەسەڵات پشت بە یاسا ودەستورێكی نیشتمانی ببەستێت و دیموكراسیش پشت بە رەزامەندی گشتی ببەستێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP