فێستڤاڵی ئێڵی جاف و سەرنجی نووسەرێک

دانا هەڵەبجەیی - 29-04-2019 - 2069 جار خوێندراوەتەوە

کاک مەریوان وریا قانع لە 28/4/2019 وتارێکی بە ناوی (سەرنجێکی خێرا لە سەر ڤێستیڤاڵی جاف)*، نووسیوە. سەرەتا لەبری ئەوەی بنووسێت فێستڤاڵ Festival بە هەڵە ڤێستیڤاڵی نووسیوە. 
جیاوازی نەکردن لە ئێڵ بەگی جاف، کە عارف و پێشبێنیکارێکی کوردە، لەگەڵ گەورەترین ئێڵی کورد، نەشارەزاییە لە مێژو

 

جگە لەوەی بە هەڵە نووسیویەتی، بە هەڵەش ڕاڤەی فێستڤاڵی ئێل بەگی جافی کردووە، کە بە ڤێستیڤاڵی ئێڵی جاف ناوی ئەبات، کەواتە جیاوازی نەکردن لە ئێڵ بەگی جاف، کە عارف و پێشبێنیکارێکی کوردە، لەگەڵ گەورەترین ئێڵی کورد، نەشارەزاییە لە مێژوو.

پاشان یەکێک بە وردی جیاوازییەکانی خێڵ و هۆز، تیرە و تایفە، عەشرەت و بنەماڵە نەزانێت، پێکهاتەی ئێڵ وەک یەکەیەکی (سۆسیۆلۆژی) لەقەڵەم بدات، ئیتر جێگەی تێڕامانە.

خێڵ یەکەیەکی بەهێزی کۆمەڵگەیە، سۆسیالە نەک بەقەولی کاک مەریوان؛ سۆسیۆلۆژە کە بە واتای کۆمەڵناسی یاخود زانستی کۆمەڵگە دێت.

ئێلی جاف گەورەترین یەکەی نەک کۆمەڵایەتی بەڵکو نەتەوەیی کوردە، کە گەورەترین پێکهاتەی کولتووریی و نەریتیی گەلی کوردە، کە لە زمان، داب و نەریت هاوبەشن. ئێڵی جاف کە قەڵەمڕەوی دەسەڵاتیان لە سنەوە تا قزرئاباد بووە، نزیکەی 100 هۆز و تیرە و عەشیرەت لە خۆی ئەگرێت. ئێستاش جێنیشتەی پارێزگاکانی سنە و کرماشان، سلێمانی و هەڵەبجە، کەرکوک و دیالەن.

لە پاش ڕوخاندنی مادەکان و هاتنی عوسمانییەکان، ڕیشسپی و ژیر پیاوانی ئەم پێکهاتە مەزنە کۆمەڵایەتییە، توانیویەتی ئیدارەی دانیشتوان و کاروباری بەڕێوەبەریی و کار وگوزەرانی خەڵکەکەی خۆی بەڕێوە بەرێت. خۆیان و ماڵوموڵک و زەویوزار و مەڕوماڵاتیان لە دەست سەفەوی و عوسمانی، قاجاری و ڕووسەکان بپارێزن،،. هەتا هاتنی شای ئێران و مەلیکی عێراقیش توانیویانە هاوسەنگی هێزی خۆیان ڕابگرن و وەک ڕەگەزێکی بنچینەیی نەتەوەی کورد، خۆیان لە توانەوە و لەناوچوون لە ناو فارس و عەرەب بپارێزن.

تەنانەت میرنشینی ئەردەڵان، پایەی سەرەکی ئەم ئێڵە بەرفراوانە بووە، جگە لەوەی جاف بە واتای دلێر و ئازا دێت، دەیان کەڵە شاعیر و عارفیان تێدا هەڵکەوتووە. بێ کێشمەکێش و جیاوازیش تەریقەتی قادری و نەقشبەندی لەناو جافی مورادی و جانڕۆیی و گۆران، پەیڕەو کراوە.

ئەگەر ئەو کەسانەی فێستیڤاڵی کەلەپور و کوولتوور، داب و نەریت، موزیک و شادی. هەڵپەرکێ و سەیران، خۆراک و پۆشاکی نەتەوەکەی خۆیان بە نەنگی و شورەیی ئەزانن، و وەک ڕێوڕەسمیکی دواکەوتووی و پاشکەوتەیی لەقەڵەم ئەدەن، ئەی ئاخۆ بە کۆکردنەوەی کچان و پۆشاندن و پەخشاندنی نەریتی هەزار ساڵەی بیاباننشینەکانی دورگەی عەرەب بەسەریاندا، بە چی ئەزانن؟.
ئەو شتانەی کە لە فێستیڤاڵەکە نمایش کراوە، جگە لە ڕەسانایەتی کولتووری نەتەوەیەک، هیچی نامۆ و ناقۆڵا نەسەپێنراوە بە سەر کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەوەندەی بە تەنگ پاراستنی بنچینە سەرەکییەکانی نەتەوەگرایین، ئەوەندە خۆ دورخستنەوەشە لە ئەگەری توانەوە و نەمانی کولتووری میلەتێک

 

ڕاستە لە هەڵسوکەوتی خێلەکیدا هەندێک نەریتی نێگەتیف و نەگونجاو هەیە، بەڵام خۆ ئێمە لە وڵاتی سویسرا و سوید ناژین تا سیستەمی تاکڕەوایەتی پەیڕەو بکرێت، ئەو شتانەی کە لە فێستیڤاڵەکە نمایش کراوە، جگە لە ڕەسانایەتی کولتووری نەتەوەیەک، هیچی نامۆ و ناقۆڵا نەسەپێنراوە بە سەر کۆمەڵگەی کوردیدا، ئەوەندەی بە تەنگ پاراستنی بنچینە سەرەکییەکانی نەتەوەگرایین، ئەوەندە خۆ دوور خستنەوەشە لە ئەگەری توانەوە و نەمانی کولتووری میلەتێک.

ئێڵی جاف، باوان و کوڕەبابێکی چەند کوێرە دێیەک نین، تا بە زۆر هوژمونی پاشکەوتە و دەسەڵاتیان بە سەر ناوچەیەکدا بسەپێنن. ئەگەر ئەم جۆرە فیستیڤاڵەش نەبێت، کە لە زۆربەی وڵاتاندا هەیە، ئەو تۆزە ڕەسانەیەتیشمان نامێنیت،،. گەلی کورد لە شەڕی مانەوەی خۆی و ناسنامە پارستندایە، ئەم گیانە پێکەوeییە پتەوە بووە کە ئێمەی پاراستووە و ڕێگەی لەوە گرتووە کە بە دەردی ئاشوری و ئەکەدی، قوتبی، فینیقی، کەنعانی، بەربەری و ئەمازیغییەکان نەچووین و نەکراوین بە عەرەب.

کورد و زەردەشتییەکان لە دێر زەمانەوە جەژنی میهر یا خود میترایان هەبووە، کە مانگێک دوای نەورۆز بۆ ماوەی هەفتەیەک جەژنیان گێڕاوە و جەژنی ڕاستی و خۆپاکژکردنەوەیان لە میهرەگان کردووە، کە پاشان عەرەب ناوەکەی دزیوە و کردوویەتی بە المهرجان.
ئەگەر کورد ڕێچکەی ڕەسەنی خۆی بگرێت بۆ ئەبێت بە دوا کەوتوو و نامۆدێرن لەقەڵەم بدرێت

 

ئیتر ئەگەر کورد ڕێچکەی ڕەسەنی خۆی بگرێت بۆ ئەبێت بە دوا کەوتوو و نامۆدێرن لەقەڵەم بدرێت.

هەرچەندە من ئاگادارم هەندێ کەس لە نیشانەی فێستیڤاڵەکەوە، قەرەوڵییان بە گشتی لە یەکێتی و لە سەرۆککۆمار بەتایبەتی گرتووە، کە جگە لە دەڵاڵی سیاسیی، هیچ ئاکارێکی دیکەیان نییە، و بۆ مەرامی خۆیان، تەنانەت کەلەپوری نەتەوەکەی خۆشیان بێ بەها ئەکەن.
 ناشکوری نەبێت گەلی کورد قەد نەتوانراوە پێکەوە لە سەر زەمان و زەمینەیەکدا کۆ بکرێنەوە، ئەوەندە جیاوازییان بۆ خۆیان خۆڵقاندووە،،، ئەی ئیتر بۆ قەڵس ئەبن بەئەوانەی کە دووەم گەورەترین پێکهاتە و یەکەی نەتەوەکەم، پێکەوە پێبکەنێنن، سەیران و سوارەوانی پێبکەن

من سوپاسگوزاری ئەو کەس و لایەنانەم کە توانیویانە گەروەترین یەکەی کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی گەلێک، کۆبکەنەوە و فێستیڤاڵی بۆ ڕێک بخەن، خۆ ناشکوری نەبێت گەلی کورد قەد نەتوانراوە پێکەوە لە سەر زەمان و زەمینەیەکدا کۆ بکرێنەوە، ئەوەندە جیاوازییان بۆ خۆیان خۆڵقاندووە،،، ئەی ئیتر بۆ قەڵس ئەبن بەئەوانەی کە دووەم گەورەترین پێکهاتە و یەکەی نەتەوەکەم، پێکەوە پێبکەنێنن، سەیران و سوارەوانی پێبکەن؟،

 یەکێک لە بەندەکانی یونسکۆش ئەوەیە کە کەلەپوری وڵات و نەتەوە و گەلە جیاوازەکانی سەر زەوی بپارێزرێت،،، ئەوەتا ئەم فیستیڤاڵەش ئەیپارێزت،،. ئیتر پەندە کوردییەکەش کاتییەتی کە ئەڵێت؛ ئەوەی لە قەومی خۆی هەڵگەڕێتەوە؛ گەڕ ئەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP