قسەکردن وەک بەڵا

جەمال حسێن - 29-04-2019 - 1172 جار خوێندراوەتەوە

لەیۆنانی کۆندا و بەتایبەت ئەرستۆ کاتێک وتویەتی مرۆڤ بونەوەرێکی ئاقڵە، کە ھەندێک جار مرۆڤ بونەوەرێکی قسەکەرە وەرگێڕدراوە و ھەردووکیشی ھەر ڕاستە، تەنھا مەبەستی ئەوەبوە بڵێ (ئەقڵ/قسەکردن) رەگەزی سەرەکی جیاکردنەوەی مرۆڤە لەباقی بونەوەرەکان. بەو پێیەش ئەم پێناسەیەی مرۆڤ لای ئەرستۆ بۆ کتێبی سیاسەت دەگەڕێتەوە، دەشێ مەبەستیشی ئەوە بوبێ مرۆڤ بونەوەرێکی سیاسییە لەڕێی زمانەوە، بۆیە چەند تایبەتمەندییە، ئەوەندەش ئیجابییە. ئەم گومانەمان ڕەوایەتی زیاتر وەردەگرێ کاتێک دەزانین کە تەنھا لاپەڕەیەک پێشتر ھەمان ئەرستۆ دەڵێ مرۆڤ بونەوەرێکی کۆمەڵایەتی و سیاسییە. 
 زمان وەک چۆن دەشێ نیعمەت و خاڵێکی ئیجابی بێت لە مێژوی مرۆڤایەتی، بەپێچەوانەوە دەشێ نیقمەت و بەڵایەکیش بێ بەسەریەوە

 

کەواتە لە سەرێکەوە زمان مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە، لە سەرێکی ترەوە لە ڕێی زمانەوە توانای ئەوەی بۆ دروست دەبێ باشتر کۆمەڵگا و فەزای گشتی ڕێکبخات. بەڵام مەتڵەبی من لەم نوسینە نەزمانە و نەسیاسەت، بە کورتی تەنھا ئەوەیە بڵێم زمان وەک چۆن دەشێ نیعمەت و خاڵێکی ئیجابی بێت لەمێژوی مرۆڤایەتی، بەپێچەوانەوە دەشێ نیقمەت و بەڵایەکیش بێ بەسەریەوە. خۆئەگەر بە ڕاکردنیشەوە ئاوڕ لە مێژوی پەیوەندی زمان و مرۆڤ بدەینەوە، ئەوەندەی بەسەر درۆ و ئەفسانە و ناشیرنی زماندا دەکەوین، یەکجار کەمتر لەوە ڕاستگۆیی و راستی نابینینەوە. ھەرچی مێژوی سیاسەتیشە، ئەوە ڕونە. ئەوەندەی شەڕو کوشتار و کاولکاری و ستەمکارییە، یەکجار یەکجار لەوە کەمتر شتی ترە. 

بالێرەوە و ھەر بە گەڕانەوە بۆ حیکایەتی قسەیەکی یۆنانی زیاتر مەبەستی خۆم ڕون بکەمەوە. دەگێڕنەوە سوقڕات لەگەڵ قوتابیەکانی بەردەوام خەریکی گفتوگۆبوو، ڕێگای بەقوتابیەکانی دەدا رای خۆیان لەبارەی پرسێک و بابەتێکەوە بڵێن، ئەویش دواتر سەرنج و بۆچونی خۆی دەخستە ڕوو. بەم جۆرە لەڕێی قسەکردنەوە ئاستی فکری و توانای ئەقڵیان دەردەکەوت. جارێکیان کەسێک بەبەرگێکی گرانەوە و بەفیز و پۆزەوە ھاتە ئەم مەجلیسی قسەکردنە، ئەو کات سوقڕات روی تێکردو پێی وت ( قسەبکە تا بتبینم ). 

دەشڵێن سوقرات بۆیە وتویەتی تا بتبینم و نەیوتوە تا بتناسم یان تێتبگەم، چونکە بەلای ئەمەوە جوانی روخسار و خۆگیفکردنەوە و شانازیەکانت نەک کەسایەتیت دیاری ناکەن، بەڵکو روی راستەقینەشت دەشارنەوە. رێگایەک کە بەھۆیەوە دەردەکەوێ و دەبینرێی، قسەکانتە. قسە نەک وەک غەڵبە غەڵب و دەنگەدەنگ، چونکە ئاژەڵیش ئەوەی ھەیە. بەڵکو قسە وەک واتاو و ناوەڕۆک، واتا چی دەڵێی و بۆ دەیڵێی و کەی دەیڵێی. بۆیە زۆرن ئەوانەی زۆر قسەدەکەن بێ ئەوەی ھیچ بڵێن، وەک چۆن دەشێ جاری واش ھەبێ ھیچ نەوتن، حیکمەت بێ. بە ھەرحاڵ، ئێستاش با بچینە سەر دوایین پەیژەی مەتڵەبی ئەم نوسینە، کە بریتیە لەوەی چۆن زمان بەڵایە بۆ ئەوانەی بەرۆژ تەڕ قسەدەکەن و بەشەویش وشک دەخەون، ئەوانەی ھێند بەڵێن و قسەی گەورە گەورەدەدەن، دواتریش ھێند بچوک دەبنەوە کە قسەکانی دوێنێیان لێ دەبێتە بارێک کەپشتیان دەشکێ و پێیان ھەڵناگیرێ، ئەوانەی بەزمان دەفڕن، بەڵام دواتر دەبنە خشۆک. 
ئەگەر ئاوێنەیەک لە قسەکانی بازاڕی سیاسەت دروست بکرێ، کەم لە خاوەنەکانیان خۆیان دەناسنەوە، ھەزار نەوع بۆتۆکس و فیلەر و چەینج کەلەریان کردوە، خۆ ئەگەر بەقسەکانی خۆیان دادگاییان بکەی، وێران دەبن

ئاخر برادەران تەسەور دەکەم ئێوەش راتان وابێ کە لە چەند ساڵی ڕابردوو لە ڕێی زمان و لە بازاڕی سیاسەتدا چیمان نەبیست لە وەعدو بەڵێن؟ نیوەی ئەو قسانە، تۆ بڵێ چارەکی ئەم قسانە راست بان، ئێستا ببوین بەھۆنگ کۆنگ. دەڵێن بەشێک لەسیاسەت ئەوەیە شتێک بڵێی و شتێک بشارییەوە، بەڵام خواھەڵناگرێ لێرە ھەموو شتێک دەوترێ و ھیچی شاراوەنییە، درۆنەبێ. بۆیە ئەگەر ئاوێنەیەک لە قسەکانی بازاڕی سیاسەت دروست بکرێ، کەم لە خاوەنەکانیان خۆیان دەناسنەوە، ھەزار نەوع بۆتۆکس و فیلەر و چەینج کەلەریان کردوە، خۆ ئەگەر بەقسەکانی خۆیان دادگاییان بکەی، وێران دەبن. ئەو قسانەی رەنگە ئەوان بیریان چوبێتەوە، دەشێ کۆمەڵگاش، بەڵام بۆ کەسێک لە ڕوانگەیەکی ئەخلاقی و ویژدانیەوە لێیبڕوانێ شتێکی ترە. بۆیە ھەر بە ڕاستی تاقەتی دەوێ ئەو ھەموو قسەکردنە، ئەو ھەموو گوێگرتنە. شەونییە دۆنکیشۆتێک خۆی بەعیسا ساغ نەکاتەوە، رۆژ نییە کۆڵەوارێک بەقسە خۆی نەکات بەخولەپیزە.
ئەگەر بونەوەرێک لە هەسارەیەکی دیکەوە بێتە کوردستان و بۆماوەی ساڵێک گوێ لە قسە سیاسیەکان بگرێ، ئەوسا لە بری ئەوەی توشی شۆکی قسەکردن بێت، توشی شۆکی قسەی زۆر و ھیچ نەکردن دەبێ

دەڵێن لەزانایەکی زمانەوانیان پرسی: ئەگەر لە ھەسارەیەکی ترەوە بونەوەرێک بێتە سەرزەوی، بەبڕوای تۆ سەیرترین دیاردە بەلایەوە چی دەبێ؟! وتی: قسەکردن. ئەم بونەوەرە یەکەم شت سەرنجی رادەکێشێ ئەو ھەموو قسەکردنانەیە. خۆ ئەگەر ئەم بونەوەرە بێتە کوردستان و بۆماوەی ساڵێک گوێ لە قسە سیاسیەکان بگرێ، ئەوسا لە بری ئەوەی توشی شۆکی قسەکردن بێت، توشی شۆکی قسەی زۆر و ھیچ نەکردن دەبێ. وەکو ئەوەی قسە تەنھا غەڵبەغەڵب و دەنگەدەنگبێ و ھیچی تر، لەوەش سەیرتر ( تەبعەن ) ھەمیشە بونی چەپڵەیە لە کۆتاییەکەی، زۆری ئەوانەیە کە بروایان پێیەتی.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP