هەواڵی ئەمڕۆ

كوردبوون وه‌ك ده‌ردى بێ ده‌رمان

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 29-04-2019 - 4426 جار خوێندراوەتەوە

1
مناڵ وه‌ك قوربانى سته‌مكارى 

نوسراوه‌كه‌ى حازم ته‌حسین به‌گى ئێزدى كه‌ به‌ناوى جیڤاتى روحانى باڵاى ئێزدیه‌كانه‌وه‌ بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت وه‌رنه‌گرتنى ئه‌و مناڵانه‌ى دایكیان ئێزدیه‌و باوكیان داعش، جۆرێك له‌ سته‌مكارى به‌رانبه‌ر ئه‌و مناڵانه‌ تیایه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ ئاینى ئێزدیا نایه‌ته‌وه‌، ئه‌و مناڵانه‌ دایكیان سته‌م و نادادى به‌رانبه‌ر كراوه‌ ، لێ ئه‌وان هیچ گوناهێكیان نیه‌، ئه‌وان به‌ سته‌م فڕێدراونه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ كه‌ په‌یتا په‌یتا سیاسیه‌كان ده‌یكه‌ن به‌ دۆزه‌خ، راسته‌ ئاینى ئێزدى هاوسه‌رگیرى له‌ نێوان ئێزدیه‌ك و خه‌ڵكێكى تردا قه‌بوڵ ناكات، به‌ڵام خۆ نه‌ كچ و ژنه‌ ئێزدیه‌كان به‌ ئاره‌زوى خۆیان شویان كردوه‌ نه‌ مناڵه‌كان گوناهێكیان هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌بوو ئه‌نجومه‌نى باڵاى روحانى ئێزدى له‌و باره‌یه‌وه‌ بیریان له‌ رێگه‌یه‌كى تر كردبایه‌وه‌ كه‌ له‌ ته‌ ك مرۆیى بوونى ئاینه‌كه‌دا بهاتبایه‌وه‌ نه‌ك به‌ جۆرێ تر.

2
مانشێت وه‌ك جۆرێك له‌ ئازاردان 

زۆر جار رۆژنامه‌و گۆوارو ماڵپه‌ڕه‌كان مانشێت و نێو نیشانى هه‌واڵه‌كان به‌ جۆرێك داده‌ڕێژن ،كه‌ بۆنى سوكایه‌تى پێكردن و شكاندنى لێدێت، من له‌ رابردوودا زۆر ناونیشان و مانشێتى ئاوه‌هام بینیوه‌و نه‌مویستوه‌ قسه‌ى له‌ سه‌ر بكه‌م، له‌م یه‌ك دوو رۆژه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى په‌یام مانشێتى هه‌واڵێك به‌م جۆره‌ بوو "به‌ هۆى ده‌مه‌ قاڵه‌ وه‌له‌ چه‌مچه‌ماڵ كه‌سێك  كوژرا " له‌ كۆتاى هه‌واڵه‌كه‌داهاتوه‌ "ئه‌مه‌ش هاوكاته‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌ر ئه‌مڕۆ ته‌رمى مێرد مناڵێك له‌ سلێمانى دۆزراوه‌ته‌وه‌و كه‌سێكى دیكه‌ش له‌ فێستیڤاڵى ئێلبه‌گى جاف به‌ هۆى دوژمنداریه‌وه‌ كوژراوه‌ " ئاخۆ بۆ ئه‌و هه‌واڵه‌ ،ئه‌و مانشێته‌ جۆرێك له‌ ئازاردانى خه‌ڵكى چه‌مچه‌ماڵى تیا نیه‌.

3
 كوردبوون وه‌ك جۆرێك له‌ نه‌گبه‌تى 


هۆشیار عه‌بدوڵاى هاوڕێم كه‌ ئه‌ندامى پارله‌مانى عیراقه‌و ناوى هۆشیاره‌ واته‌ ناوێكى كوردى هه‌یه‌، له‌ نوسراوێكدا بۆ سه‌رۆكایه‌تى پارله‌مان داواده‌كات كه‌ به‌ دواداچوون بۆ كۆى خه‌رجى و مه‌سروفاتى به‌رهه‌م ساڵح بكرێت كه‌ ئه‌ویش ناوه‌كه‌ى به‌رهه‌مه‌ كه‌ كوردیه‌و سه‌رۆكى كۆماره‌، قسه‌كه‌ى من لێره‌دا ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ نابێت هۆشیار ئه‌و كاره‌ بكات، قسه‌ى من له‌ سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ بۆ ده‌بێت كورده‌ حه‌یاته‌كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ناجۆر بن له‌ ته‌ك یه‌ك، ئاخر حاجى قادرى كۆیه‌ له‌ داخ ئه‌و ناته‌باییه‌ به‌رۆكى خۆى دادڕى، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ ئه‌ندام پارله‌مانێكى عه‌ره‌بكردباى زۆر ئاسایى ده‌بوو، لێ نیشاندانى وێنه‌كه‌ به‌و جۆره‌ خوێندنه‌وه‌ى ترى بۆ ده‌كرێت ، من دڵنیام هه‌زار گه‌نده‌ڵى و نادادى هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت قسه‌ى له‌ سه‌ر بكرێت، لێ ئه‌وه‌ش ده‌زانم له‌و دنیاى عه‌ره‌به‌دا ئه‌گه‌ر بۆ درۆش بێت ئه‌وان بۆ یه‌ك ده‌ڵێن "انصر اخاك ڤالما او مڤلوما" كه‌ له‌ راستیدا من له‌ گه‌ڵ ئه‌و وته‌یه‌ش نیم و نابم ،به‌ڵام بیرهێنانه‌وه‌كه‌ هاوڕێیانه‌یه‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP