جەنگی نەوتی نێوان ئەمریکا و ئێران

توانا ئەحمەد خەیات - 28-04-2019 - 2514 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی تر ئیدارەکەی ترەمپ  گوشارەکانی بۆ سەر ووڵاتی ئێران  توندتر کردەوە، ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی دۆناڵد تڕەمپ ڕایگەیاند  گەمارۆ ئەخاتە سەر ئەو ووڵاتانە ئەگەر  بەردەوام بن لە کڕینی نەوتی خاولە کۆماری ئیسلامی ئێران  ,بە پێی بڕیارەکە ئەو مۆڵەتەی بەو ووڵاتانە درابوو  لە مانگی داهاتودا واتا لە مانگی مایسی 2019 دا  کۆتایی پێ دێت و چی تر ناتوانن  نەوت لە ئێران بکڕن.

ئەم بڕیارە بەشێکە  لە هەڵمەتەکانی ترەمپ بۆ توندکردنەوەی فشارەکانی سەر تاران


 ئەو  هەشت ووڵاتەی کە لە بڕیاری قەدەغەی کڕینی نەوتی ئێران بەخشرابوون لەمانگی مایسی 2018 دا  بریتی بوون لە ووڵاتەکانی :  چین ،  هیندستان ، یابان ، کۆریای باشور ، تورکیا, یۆنان ، ئیتاڵیا ، تایوان .  ئەم بڕیارە بەشێکە  لە هەڵمەتەکانی  سەرۆکی ئەمریکا" دۆناڵد تڕەمپ"   بۆ توندکردنەوەی فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر  حکومەتی تاران، ڕێک دوای ساڵێک لە بڕیاری ترەمپ بۆ  هەڵوەشاندنەوەی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی نێوان ئێران و ئەمریکا دێت کە لە سەردەمی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکادا  باراک ئۆباما ئەنجام درابوو .

پێشبینی ئەکرێت  ئابوری ئێران لەسەدا شەش پاشەکشەبکات


بە هۆی ئەم بڕیارەوە بارودۆخی ئێران لە خڕاپەوە بەرەوخراپتر ئەچێت لەڕووی ئابورییەوە، پێشبینی ئەکرێت  ئابوری ئێران لەسەدا شەش( 6٪ ) پاشەکشەبکات لەم ساڵدا، هەناردەی  نەوتی ئێڕان لە م مانگەدا ( مانگی نیسانی 2019 ) گەیشتۆتە نزمترین ئاستی هەناردەی ڕۆژانەی لەم ساڵدا، بەجۆرێک  تێکڕایی هەناردەی ڕۆژانەی نەوت گەیشتۆتە کەمتر لە 1.0 ملیۆن بەرمیل  لە ڕۆژێکدا، لە کاتێکدا تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی ئێران لە مانگی مارتی 2019 دا  بە 1.1ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا مەزەندە کرابوو.    

پێش بڕیاری گەمارۆی سەر هەناردەی نەوتی ئێران، ئێران لە کۆتایی ساڵی 2017 و سەرەتای ساڵی 2018 دا  تێکڕای هەناردەی  ڕۆژانەی نەوتی بریتی بووە لە( 2.125 Million bpd) واتە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، لە ساڵی 2004 دا تێکڕایی هەناردەی نەوتی ئێران گەیشتبووە بەرزترین ئاست کە 2.68 ملیۆن بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا، لە ساڵی 1981 دا تێکڕایی هەناردەی ڕۆژانەی نەوت لەو ووڵاتە 714.6 هەزار بەرمیل بووە لە ڕۆژێکدا.

ترەمپ دەیەوێت هەناردەی نەوتی ئێران بكاتە سفر

 

بەڵام لە ئیستادا هەناردەی نەوتی ئێران بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە بەهۆی گەمارۆکانی ئەمریکاوە، بە دەرکردنی ئەم بڕیارەش  سەرۆکی ئەمریکا " دۆناڵد ترەمپ"  دەیەوێت هەناردەی نەوتی ئێران بکاتە  سفر، لە دوای دەرکردنی ئەم بریارەشەوە ئەو ووڵاتانەی کە پێشتر لێخۆشبون دەیگرتنەوە دەبێت بیر لە سەرچاوەی جێگرەوە بکەنەوە لە جیاتی کڕینی نەوت لە ووڵاتی ئێران یاخود ڕوبەڕووی سزاکانی ئەمریکا ببنەوە . 

بەتەنها چین سێیەكی نەوتی هەناردەكراوی ئێرانی دەكڕێت

وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا وەک : یابان، کۆریای باشور و هیندستان، کە پێشتر  نیوەی نەوتی هەناردەکراوی ئێرانیان دەکڕی  بۆیان نییە  لەمەودوا هیچ نەوتێک لە ئێران بکڕن، پرسیارە گەورەکە  ووڵاتی چین-ە  کە بەتەنها  نزیکەی سێ یەکی نەوتی هەناردەکراوی ئێران دەکڕێت، ئایا چ بڕیارێک دەدات سەبارەت بە بڕیارە نوێیەکەی ئەمریکا .

دور نیە جەنگی دیبلۆماسی لەنێوان ئەمریكا و وڵاتانی كەنداو و عەرەبستانی سعودی هەڵبگیرسێت

 

لەلایەکی ترەوە سەرۆکی ئەمریکا "دۆناڵد تڕەمپ" ترسی لە بەرزبونەوەی زیاتری نرخی نەوتە لە بازاڕدا،  بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەرزی نرخی نەوت  ترەمپ  پشتی بە هاوکاری  عەرەبستانی سعودیی و ووڵاتانی تری کەنداو بەستووە ئەویش بە زیادکردنی هەناردەکردنی نەوتی ئەو ووڵاتانە بۆ بازاڕەکانی جیهان بە مەبەستی دابەزاندنی نرخی نەوت، ئەگەر ووڵاتانی کەنداو و عەرەبستانی سعودی  پابەندی بەڵێنەکەیان نەبن ئەوا دور نییە جەنگی دیبلۆماسی لە نێوان ئەمریکاو و ئەو ووڵاتانەدا هەڵبگیرسێت.

بەم جەنگە ئابورییە بەرگەگرتنی  حکومەتی ئێران تاقی دەکاتەوە


سەرئەنجام، بڕیاری دەرچونی ئەمریکا لە ڕێکەوتننامە ئەتۆمییەکە لە سەرەتادا تەنها کاریگەریەکی سیمبۆڵی هەبوو بۆ سەر ئێران، بەڵام ئازارە ڕاستەقینەکە ئێستا دەردەکەوێت، کاریگەری ئەم گەمارۆ نوێیانە یاخود  کاریگەری ئەم جەنگە نەوتییەی ئەمریکا دژ بەئێران، توانا و بەرگەگرتنی  حکومەتی ئێران تاقی دەکاتەوە  بەرامبەر بەم جەنگە ئابورییە نوێیە.  


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP