جوڵانەوەی نەوەی نوێ و بونیادی میراسێكی سیاسی نوێ

کەمال محەمەد - 25-04-2019 - 2752 جار خوێندراوەتەوە

سەرەتا بە وتەیەكی گرنگی (میشێل فۆگۆ )دەست پێ ئەكەم ، كە بەرگریكردن لە كۆمەڵگا بە بناغەی ئازادی دادەنێت و ئاماژەی بەوەداوە كە لەدەستدانی كۆمەڵگا لە لایەن پاوانەكان و تاكرەوێتی زێدەرۆییانە تەنها وەك لەدەستدانی ئازادی و رادەربڕین هەڵناسەنگێنرێت ،بەڵكو وەك لەدەستدانی مرۆڤیش هەڵدەسەنگێنرێت ! 
میتۆدی سیاسەتەکەیان تەنها وەك وتەو بەرنایەكی پڕوپاگەندەیی و حەماسی هێزێكی پۆپۆلیستی هەڵ ئەسەنگێنرێت و دور یان نزیك ناتوانێت هەڵگری تایبەتمەندییەكانی هێزێكی سیاسی خاوەن مۆڕاڵ بێت

جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەك هێزێكی ریفۆرمیست نزیكی ساڵێك لەمەوبەر توانی وەك جەمسەرێكی دیكەی دژ بە سیستەمی سیاسی و حكومرانی تا رادەیەكی باش جێگای خۆی بگرێت وەك هەر هێزێكی دیكە كە لە سەرەتادا دادەمەزرێت بارگاوی كرابوو بە كۆمەڵێك بەڵێن و چاكسازی و ئومێدی دڵخۆش بون ئۆقرە گرتن بە خەیاڵەكانی داهاتویان و كردنیان بە كردار، هەرچی دەرهەقیش بو لەمیانەی رەخنەكانیانەوە دژی بە بنەماڵەیی كردنی دەسەڵات و سیاسەت درێخیەكیان نەكرد، دواتر بە ئامانجی جێبەجێكردنی پیلان و بەرنامەكەیان كە دەبن بە ئەندازیاری گۆڕانكارییەكانی سیاسەت و حكومڕانی و كۆمەڵگا و لە رێگای نەخشە رێگایەكەوە ئەو جۆرە سیستەمە ئەخوڵقێنن كە هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە بە حەسترەتیەوەن، بەڵام ئەگەر ئەو ڕۆڵ و ئەركە مەزنەی كە ئەكەوێتە سەر ئەم باسە بە رێگا رەوای گۆڕانكاریدا تێپەر نەبێت، چیتر ئەو میتۆدە لە سیاسەتەیان تەنها وەك وتەو بەرنایەكی پڕوپاگەندەیی و حەماسی هێزێكی پۆپۆلیستی هەڵ ئەسەنگێنرێت و دور یان نزیك ناتوانێت هەڵگری تایبەتمەندییەكانی هێزێكی سیاسی خاوەن مۆڕاڵ بێت.

بەیاننامە ناڕەزاییەكەی فراكسیۆنی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بەشێكی ئەنجومەنی باڵای ئەو حیزبە، هەمان ئەو خاڵەیە كە هێزە سیاسییەكانی دیكە  بە درێژایی مێژوو لە ئەنجامی پێشخستنی بێ سنوری تاك رەوێتی و پاوانخوازێتی دەسەڵات و سەرمایەداریدا تێی كەوتوون، كە ئامانج لێی بەرزترین یان زۆرترین رادەی دەسەڵاتیان بوە، بۆیە ئەوەی رویداوە و ئەبینرێت لە ناو ئەم جوڵانەوەیەدا تێكچون و پەراوێزبونی ئەنداماكانێتی بەهۆی سیاسەت و هەڵسوكەوتەكانی كەسی یەكەمی ناوی ئەم هێزە سیاسییەیە بە پێی بۆچون و دەربڕینەكانیانەوە، بۆیە پێیان وایە لەناو ئەم سیستەمە سیاسییەی جوڵانەوەكەدا چیدیكە توانای خاوەن پۆتانسێڵێكی گفتوگۆكردن و هەڵسەنگاندن و بڕیاردان و سەرلەنوێ خۆبنیادنانەوەیان بە باشترین شێوە راستینە و تێگەیشتنی سیاسییان لەسەر پرەنسیبەكانی سەرەتای جوڵانەوەكەوە نەماوە و رایان وایە بە هەمان شێوەی هێزە سیاسییە بنەماڵەییەكانی دیكە كە چۆن سیاسەت حیزبی سیاسیان كردوە بەرێگایەك بۆ بزنس و دەسەڵاتی سەرمایەداری  بەو شێوەیەش جوڵانەوەكە خەریكە مۆركی خۆی لەو سیاسەت ئایدۆلۆژیایە ئەدات. 
ئەوەی ئێستا بەشێكی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراكسیۆنەكەیان ئاماژەیان پێداوە هەستكردنە بە ئازادی و بوێری و بەرپرسیارێتی و رێگەنەدانە بە بەلاڕێدا نەبردنی ئەرك و پرەنسیبەكانی ئەم جوڵانەوەیە كەلە سەرەتادا بانگەشەی بۆ كردوە

سیاسەت لە دنیای ئێستای هێزە سیاسییەكانی باشور لە بەرگریكردن لە گەل و چەمكە دیموكراتییەكان و كۆمەڵگایەكی سیاسی و مۆڕاڵ و خاوەن مافی تاكەكانەوە گۆڕاوە بۆ بەرگریكردن لە عەقڵییەتی خێڵەكی و بزنس و دروستكردن و بەهێزكردنی خێزانی سیاسی و كردنە ئامرازی حیزب و خودی ئەوانەشی كە خاوەنی ڕۆڵبینیان لەم سیاسەتەدا هەیە دەبنە قوربانی، تا رادەی  بونیادی میراسی سیاسی، بۆیە لەبەر ئەم هۆكارانەیە كە ركابەرایەتیكردن و گۆڕینی ئەم جۆرە لە سیستەم و ئایدۆلۆژیایە پێویستی بە نوێبونەوەیەكی سیاسی و رۆشنبیری رادیكاڵانە هەیە بۆ ئەوەی بگەن بەهێزێك كە بە ئاگاییەوە ماهییەتی پاوانەكانی دەسەڵات و سەرمایە بناسن، بۆیە ئەوەی ئێستا بەشێكی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و فراكسیۆنەكەیان ئاماژەیان پێداوە هەستكردنە بە ئازادی و بوێری و بەرپرسیارێتی و رێگەنەدانە بە بەلارێدا نەبردنی ئەرك و پرەنسیبەكانی ئەم جوڵانەوەیە كەلە سەرەتادا بانگەشەی بۆ كردوە، ئەمەش سەرەتایەكی باش ئەبێت بۆ ئەوەی شەرعیەت و رێگا بۆ دروستكردنی بونیادێكی میراسی  خێزانێكی سیاسی دیكە نەدات .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP