بەپەلە

کۆتایی شۆڕشی لیبراڵیزم؟

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 8-02-2017 - 3774 جار خوێندراوەتەوە

شۆڕش خالید ئاژگەیی

وا پێدەچێ سەردەمی شۆڕشی لیبڕالیزم یا بە واتایەکی تر سەردەمی ( شۆڕشی مۆدێڕن) دوای تێپەڕاندنی شەست ساڵ لە تەمەنی پڕلە دەسکەوتی بۆ مرۆڤایەتی بەگشتی و دیموکراسی بە تایبەتی، بەگشت هەڵبە زو دابەزی قۆناغە جیاجیاکانەوە، لە خاڵی کۆتایی و هەرەس هێنانی نزیک بووبێتەوە و مرۆڤایەتی پێ بنێتە پێواژۆیەکی ترەوە. ئەشی ئەم قۆناغە تازەیە ناوبنێن قۆناغی ( دژە لیبڕالیزم)، کەوا ئاماژەکانی لە سەرتاسەری جیهان دەرکەوتوون و تا ڕادەیەکی بەرچاوو مۆرک و ناوەرۆکێکی تەواو ناسیۆنالیستی و ناوچەگەڕایی تایبەت بە دیمۆگرافیایەکی دیاری کراویان وەرگرتووە.

بەر لە شەست ساڵ کاتێک فکری شۆڕشی لیبراڵیزم سەرەتاکانی گەڵالە بوون و ڕەگی داکوتاو لە ماوەیەکی زەمەنیدا توانی پانتایەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بتەنێتەوەو مۆرک و سیمایەکی لیببڕالی پێ ببەخشێت، پێش بینی کۆتاییەکی شاراوە بوو. بە هەمان شێوەش بە تەواوەتی نازاندرێت ئەو شەپۆلە دژبە لیبڕالیزمەی حاڵی حازر سەرەتاکانی کەوتوونەتە بەر دیدمان و لێرە و لەوێ ئاماژە ڕاستەقینەکانی بە ڕوونی دیارن، لە کوێ کۆتایی پێ دێت و دەرەنجام و لێکەوتە سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و سەربازیەکانی لە دوور مەودادا چی دەبن.

شۆڕشگێڕە لیبراڵیستە دیموکراتخوازەکانی شەست ساڵی ڕابردوو هەر کاتەو بە گوێرەی زەمەن و قۆناغە جیاجیاکان و جۆری کۆمەڵگاوە پڕژانە سەر پڕۆژەی شوڕشی سەرتاسەری لە پێناو گۆڕانکاری هەمە لایەنە و ڕیشەیی لە کۆمەڵگە جیاوازەکاندا.

بەشێک لەمانە بە کەڵک وەرگرتن لە تایبەتمەندیەکانی کۆمەڵگەو ئاستی وشیاری سیاسی و ڕۆشنبیری تاکەکانەوە لە شێوەو فۆرمی جیاوازو لە چوارچێوەی گرووپ و دەستەی شۆڕشگێری جیاوە دەرکەوتن. لەوانە:  مائویستیەکان، ئۆتۆنۆمە سەربەخۆکان، ترۆتیستیەکان، گیڤاراییەکان، ئانارشیستەکان، هەلپەرەستەکان و هاوشێوەکانیان. ئارمانجی سەرەکی ئەم گرووپانە رووبەرووبوونەوە بوو لە گەڵ ئەو واقعە کۆمەڵایەتیەی لەو سەردەم بە ململانێی چینایەتی ناوی دەرکردبوو و زۆربەی ڕۆشنبیرە لیبڕالەکانیش پشتگیریان دەکرد. 

 ئەم شۆڕشە چینایەتیە یا باشتر بڵیین ئەم جۆرە یاخی بوونە لە وڵاتانی جیهانی سێهەم، چینی کرێکار و وەرزێر وجوتیار بە گشتی لە گوند و لادێکان ڕابەرێتیان دەکرد و توانیبوویان چەندین کۆمەڵە و دەستە، بە گوێرەی دیدو تێڕامانی خۆیانەوە،لە پێناوی بەرقەرار کردنی دادی کۆمەڵایەتی و ئابوری پێک بێنن و ئاراستەیەکی دیاری کراویان گرتبووە بەر.


بە گشتی ئەم بزاڤە تازەیە لە سەرانسەری جیهاندا سیماکانی دەرکەوتن و بوو بە بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی سەرتاسەری و توانی لە ماوەیەکی زەمەنی کورتدا گەشە بکات و پەیتا پەیتا کۆمەڵێک مافی جڤاکی و سیاسی بۆ زۆربەی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەستەبەر بکات. 

ئەم تەوژمە شۆڕشگێرە توانی لە گرینگترین قۆناغی خەباتیدا لە ئەمریکا زۆربەی مافە زەوت کراوەکانی ڕەشپێستەکانی ئەمریکا بۆیان بگێڕێتەوەو مافی هاونێشتیمانی بوونی یەکسان بۆ ملیونان لە خەڵکی ڕەش پێست دابین بکات. 

دەرنجامی هەوڵ و کۆششی بێوچانی شۆڕشگێڕانی ئەوکات لە ئەمریکا، کۆمەڵێک دەسکەوتی گرینگ و بەرچاوی لێکەوتەوە. لەوانە سەرلە نوێ دارشتنەوەی بونیادی کۆمەڵگە و گۆنجاندنی لەگەڵ تایبەتمەندیەکانی سەردەم و بەرچاوخستنی پێداویستیە جڤاکیەکانی تایبەت بە کۆمەڵگەیەکی فرە ڕەنگ و فرە پێکهاتە لە ڕووی ڕەگەز و باوەرە کۆمەڵایەتیەکانەوە.

ئەم گۆڕانکاریانە بە هیچ شێوەیەک کۆمەڵێک ریفۆرمی سەرپێیانەی رووکەشی کۆمەڵایەتی نەبوون، بەڵکو کۆمەڵگەی ئەمریکی سەرلەنوێ بۆ گۆنجاندنی لەگەڵ بارودۆخ و تایبەتمەندیە کولتوریەکان و هەلومەرجە جڤاکی وئەتنیو پێدڤیە سەردەمیەکان، بە شێوەو فۆرمی نوێوە بونیاد نراو پایەکانی پتەوکرا.

وەنەبێ تەنیا توێژی ڕەشپێست و سوورپپێستەکان و چینی کرێکاری ئەمریکاسوودیان لە تەوژمی شۆڕشی لیبرالیزم وەرگرتبێ. بەڵکو وهەرلە ئەنجامی ئەو  شۆڕشە نوێیەوە، مافی یەکسان بۆ ئافرەتانیش مسوگەرکرا و دواتریش چەندین مافی تری کۆمەڵایەتی، هەر لە چوارچێوەی هەوڵەکانی شۆڕشگێڕانەوە بۆ هاوجنس بازەکانیش دابینکرا.

تەوژمی شۆڕشی پێشکەوتووخوازی ئەو سەردەم توانی کۆتایی بەو ستراکتۆرە فەرهەنگی و جڤاکیە چەسپێوو باوەی کۆمەڵگە بهێنێت کەوا چەند سەدەیەک بوو باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشابوو و لە بیرو ئەندیشەی دەسەڵاتدارنی ئەمریکیدا وەک باوەرێکی نەگۆڕ و پیرۆزو چەسپاوی دەست لێنەدراو، پایەکانی چەسپیبوون. شۆڕشی مۆدێرن یا لیبرالیزمی تازە، توانی گشت بیرۆکەیەکی مۆدێرن سەبارەت بە چۆنیەتی ئیدارەکردن و دارشتنی هەیکەل و فۆڕمی حوکمڕانی سەردەم بێنێتە نێو فەرهەنگی سیاسی و ئیداری و تەوژمێکی تازەگەری فەرهەنگی و تیڕامانێکی مۆدێڕنی جەوهەری سەبارەت بە کۆمەڵگا گەڵاڵە بکات. 
بە واتایەکی تر ئەم تەوژمە تازەگەریە هەڵگری بیر و تێڕامان و ئایدیۆلۆژیایەکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بوو بە ئاراستەی هەڵوەشاندنەوەی بیرو باوەرە کۆنە بەسەرچووە جڤاکیەکان وسەرلەنوێ داڕشتن و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی مۆدێڕن و لیبڕاڵ، لە سەر بنەمای باوەڕبوون بە مافی یەکسانی و بنەبڕکردنی جیاکاری و نەهێشتنی سیما و ئاکار و دەرهاوێشتەکانیەوە . 

ئەم بزاڤە شۆڕشگێریە نوێگەریەی هەڵگری تایبەتمەندیە لیبڕالیستیەکانی شۆڕشگێرانی ئەو سەردەم بوو، توانیبووی لە وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆمەڵگەیەکی مۆدێڕنی دیموکرات و یەکسان لە ماف و ئەرکدا بوونیاد بنێت و تا سەرەتای ساڵی ١٩٨٩ دا تەنیا تووانیبووی گۆڕانکاریە ڕیشەییەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بێنێتە کایەوە. 

لە ساڵی ١٩٨٩ لایەنگرانی بیری لیبڕالیزمی رۆژئاوا توانیان سەرەتای شۆڕش دەست پێ بکەن و لە ماویەکی زەمەنی کورتدا توانیان دەست بکەن بە سەرهەڵدانێکی سەرتاسەری دژی دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرە تەقلیدیەکانی ئەوڕووپای ڕۆژژهەڵات، بە چەپی و راستڕۆکانەوە. 

هەڵبەتە ‌هێشتا گەرمایی ئەم سەرهەڵدانە یاخیگەریە وڵاتانی عەرەبی نەگرتبووەو تەنیا لە سنووری ئەوڕوپای ڕۆژئاوا دژ بە حوکمڕانانی کۆمۆنیست، سەرچاوەو ئیلهام بەخشی شۆڕشەکان بوو. 

شۆڕشێک دواتر توانی هەرەس بە تەواوی سیستەمە کۆمونیستیە شمولیەکان لە سەرتاسەری ئەوڕوپای رۆژهەڵاتدا بهێنێت و پاشماوەکانیان ڕاماڵی و ببێتە هۆکارێک بۆ چەسپاندنی دیموکراسی ڕاستەقینە. هەرئەم وەرچەرخانە دواتر بوو بە سەرەتایەک بۆ پتەو بوون وگەورەتر بوونی یەکێتی ئەورووپا وزیاد بوونی ژمارەی ئەندامانی.

لایەنگرانی ئەم بیرۆکەیە پێیان وابوو نەتەوەکانی تری جیهان دەتوانن بە سوود وەرگرتن لەو مۆدێلە، گۆڕانکاری ڕیشەیی لە گشت بوارەکانی ژیاندا بەدی بهێنن و کۆمەڵگەیەکی بەختەوەر لە ڕووی گوزەرانەوە بونیاد بنێن.

بۆ نمونە دەکرا لە رێگەی ئەم مۆدێلەو دۆزینەوەی مێکانیزمێکی گونجاوەوە وڵاتان چەندین یەکێتی بازرگانی و سیاسی لە نێوانیاندا دامەزرێنن ،بەو مەرجەی هەر وڵاتێک بە یەکسانی مافە فەرهەنگی و ئابوریەکانی پارێزراو بێت. 
دواتر داکۆکی کاران ولایەنگران و هەڵگرانی بیری سۆسیالیزم توانیان بە سود وەرگرتن لەم بیرۆکەیە بنەمای سۆسیالیستی نێودەوڵەتی دامەزرێنن کەوا پارتە سۆسیال دیموکراتەکان توانیان ڕۆڵێکی بەرچاوو گەورەیان لە پێکهێنانیدابۆ خۆیان مسۆگەر بکەن. 

سۆسیالیستەکان لە سەر ئەو بڕوایە بوون، بازرگانی نێودەوڵەتی لە رێگەی دامەزراندنی سۆسیال دیمۆکراتەوە ئەشێ ببێتە فاکتەری مسۆگەر کردنی سەقامگیری ئابوری و دامەزراندنی ئابوریەکی بەهێز و باش بۆ هەموو ئەندامان.

دواتر هەروەک بینیمان ئەو شەپۆلە جموجوڵە کۆمەڵایەتی و سیاسیەی لە لایەن زۆربەی فەیلەسوف و رووناکبیرانەوە بە بزووتنەوەی یاخی بوونی سیاسی لیبرالیستیەوە ناوزەدکرا، لە سەرەتای ساڵی دووهەزارو یازدەوە پەلی هاویشت بۆ وڵاتانی عەرەبی  ( بەهاری عەرەبی) و باکوری ئەفریقاو و تەنانەت وڵاتی ئۆکرانیاشی گرتەوە.

هاوکات لەگەڵ ساتەکانی گەشەسەندنی  ئەم جۆرە لە یاخیبونی لیبڕالیزم، هەست بە جووڵەی هێزو کۆمەڵێک بزاڤی پچڕ پچڕی دژەلیبڕالیزمیش لێرەولەوێ دەکرا.  ئەم بزاڤانە لە شێوەو فۆرمی جیاجیا و بە سوود وەرگرتن لە چەمکەکانی دیموکراسی و هەڵبژاردن، دەرکەوتن و جۆرێک لە مۆرکی ناسیونالیزمی تووندڕۆیان پێوەدیار بوو. بەڵام گشتیان لە دە وری یەک ئامج دەخولانەوە، ئەویش دانانی لەمپەربوو لەبەردەم شەپۆلی گەشە سەندووی شۆرشی لیبڕالیزم و چەمکە کانی جیهانگەرایی یا عەولەمە. 

خاڵی هەرە هاوبەش لە  نێوان هێزەکانی دژە لیببراڵیزمی نەتەوە گەرا، دژایەتی کردن و ڕووبەڕووبوونەوەی بیرۆکەی جیهانگەراییە بە گشت لێکەوتە و دەسکەوتە ژیاری و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانەو. هەڵگرانی ئەم بیرۆکەیە پێشکەوتنە تێکنۆلۆژی و زانستیەکان ڕەت ناکەنەوە بەڵام بە هەموو شێوەیەک بیرۆکەی ( جیهان گوندێکی  بچوکە) لە لایەن هەڵگرانی ئەم فکرە نەتەوەییەوە ڕەت دەکرێتەوەو ئامادەن بە هەموو جۆرێک  لەمپەر بخەنە بەردەم لیبڕالیزمی جیهانی و هەموارکردنی هەموو یاسا و ڕێساو پەیماننامە گەردوونیەکانی تایبەت بە بەخشینی مافی پەنابەرێتی و دیاردەی کۆچ و پاراستنی مافی مرۆڤەوە، بە لایەنەوە لە سەرووی هەموو پرۆگرامێک و ئامانجێکەوە.

ئەم دۆخە زیاتر دوای ڕووداوەکانی یازدەی سێپتامبەرەوە لە سەرانسەری ئەورووپا دەرکەوت و بۆ ماوەی پانزە ساڵ دەبێ، گرووپ و تاقم و دەستەوبزاڤە تووندڕۆکان توانیویانە لە چوارچێوەی چەند پارتێکی سیاسیەوە خۆیان ڕێک بخەن و لە  ڕێگەی سندووقەکانی دەنگدانەوە نیمچە دەسەڵاتێک بگرنە دەست لە ڕێگەی گرێدانی هاوپەیمانی لەگەڵ بزاڤەکانی ترەوە.

بەڵام ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی  ئەمریکا روویداو کەسێکی نەناسراوی وەک دۆنالد ترامپ توانی جڵەوی دەسەڵات بگرێتە دەست و بە ئاشکرا تەحەدای زۆربەی بەربژارە لیبرالە ناسراوەکانی تر بکات، لە دەرەوەی خەیاڵ و چاوەڕوانی و مەزەندەکاندا دابوو. 

بۆ خستنە روو ودەست نیشان کردنی هۆکارەکانی ئەم دەرکەوتنەی دژەشۆڕشە لە ئەوڕووپا بە گشتی و لە ئەمریکا بە تایبەتی کەوا ئەمەی دوایی دواتر بوو بە هۆکاری سەرکەوتنی دۆنالد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، ناچارین دان بەم ڕاستیەدا بنێین:

 سیاسیە لیبرالیستەکانی رۆژئاوا کە بۆ ماوەی شەست ساڵ کۆنترۆل و جلەوی دەسەڵات و چاودێری کردنی کۆمەڵگەی ئەمریکیان لە دەست دابوو و لە زۆربەی حاڵەتەکان بە بێ گەڕانەوە بۆ ڕای گەل بریاری جەنگ و ئاشتیان دەردەکرت، بێ ئەوی هەستی پێ بکەن جۆرێک لە دڵە ڕاوکێ و نەمانی متمانەو ترس لە داڕووخان و  و بەرپا بوونی باری پشێوی و لێک ترازانی کۆمەڵایەتیان لای هاوڵاتی ئەمریکی درووست کرد.

دەکرێ بۆ دەست نیشان کردنی سەرچاوەی ئەم ترسە ئاماژە بە چەندین شکستە یەک لە دوا یەکەکانی رۆژئاواوە بکەین لە چەندین  ناوچەی جیهاندا:

1- بێتوانایی ڕۆژئاوا و لە سەرروویانەوە ناتۆ لە شکست پێ هێنانی تاڵیبان لە ئەفغانستان.

2- بێتوانایی ڕۆژئاوا لە جەنگی لە ڕەگ و ڕیشە دەرهێنانی ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی عێراق و لە سەروویانەوە ڕێکخروای بە ناو دەوڵەتی ئیسلامی.
3- نەبوونی پلان وستراتیژی سەربازی و سیاسەتێکی روون لە جەنگی سوریە.

4- نەبوونی پلانێکی تۆکمە وبە هێز بۆ ڕووبەرووبوونەوەی تەوژمی پەنابەرانی سوری وەک دەرەنجامی سیاسەتی شکست خواردووی ڕۆژئاوا لە یەکلا یی کردنەوەی جەنگی ناوەخۆی ئەم وڵاتە.
5- بێ هێزی و ناکارامەیی پۆلیسی وڵاتانی ئەورووپی لە کاتی ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ هاتنی لێشاوی پەنابەران بۆ وڵاتانی ئەوڕووپی.
6- فەشەلی سیاسەتە ئابوریە کان و شکست هێنانی چەندین پلانی ئابوری و هەوڵ نەدان بۆ چارەسەری دەرەنجامە نەرێنیەکانی بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو. 
7- نەبوونی گەرنتی و دڵنیا نەکردنەوەی هاوڵاتیانی ئەوڕوپی لە کاتی ڕوودانی قەیرانە داراییەکان و هەوڵ نەدان بۆ زامن کردنیان لە بێکاری. 
8- چارەسەر نەکردنی قەیرانە سیاسیەکانی وڵاتانی ئەندام و پێنەدانی گەرەنتی و هەوڵ نەدان بۆ پاراستنی کولتورە نیشتیمانیەکانی وڵاتانی ئەندام.
9- فشار هێنانی دەسەڵاتداران بۆ سەپاندنی یاسا و رێنماییەکان و ڕەت کردنەوەیان لە لایەن هاوڵاتیانەوە.

گشت ئە و هۆکارانە بوون بە فاکتەری درووست بوونی جۆرێک لە دڵە ڕاوکێ و ترس و گەیشتن بەو قەناعەتەی بێ ئاگایی دەسەڵاتدارانی ڕۆژئاوا بەرامبەر هاوڵاتیان و ڕای گشتی و  ژیان و گوزەران و هەست نەکردن بە مەترسیەکان. سەرەڕای ئەمە ش ئەگەری ڕوودانی تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی لە لایەن پارت و گڕووپە ڕاستڕۆکانەوە هێندەی تر مەترسیەکانی گەورەتر کرد و بوو بە هۆی جۆرێک  لە ئاژاوەو دڵەراوکێی شاراوەوە.

 سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا هیچ پەیوەندی بە شکستە  یەک لە دوا یەکەکانی سەربازی یا دۆخی نالەباری ئابووری ئەمریکاوە نیە. 

ترامپ هەر لە سەرەتای دەست پێکردنی هەڵمەتەکانی هەڵبژارددنەوە خۆی بە نوێنەری ڕاستەقینەی چینی کرێکاری سپی پێستی ئەمریکاوە ناساند و لە بانگەشەکانیدا خۆی بە پارێزەرو داکوکیکار و خزمەتکاری کومەڵگەی ئەمریکی و پاک کردنەوەی لە ناهاوسەنگیەکان و باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتیمانیانەوە لە قەڵەم دەدا و زۆرترین بەڵێنی بە گەلی ئەمریکی دابوو بۆ " گێڕانەوەی" شکۆو گەورەیی ئەو وڵاتە و ئەو وتەیەی: ئەمریکا لە پێش هەموو شتێکەوەیە.

ترامپ بەلێنی دەدا دوازدە ملیۆن کۆچەری بیانی، لەوانە مەکزیکیەکان، بۆ وڵاتی خۆیان بگێڕێتەوەو وای لێک دەدایەوە زۆرترین ڕێژەی تاوان لە ئەمریکا لە لایەن ئەم کۆچەرە نایاساییانەوە ئەنجام دەدرێت. هەروەها بەڵینی گێڕانەوەی هەلی کار و دابەزاندنی ڕێژەی بێکاری یەکێکی تر بوو لە بەڵێنەکانی.

بە کەمێک وردبوونەوەلە باری ئابوری ئابوری ئەمریکا  ئەم ڕاستیەمان بۆمان دەردەکەێ، ڕێژەی بێکاری لەم وڵاتە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو لە ئاستێکی زۆر نزم دایە. کرۆکی کێشەکە نزم بوونی مووچەی مووچەخۆرانە نەک تێک چوونی باری ئابوری بە هۆی کۆچی نایاسایی بۆ ئەمریکا و بەرز بوونی ڕێژەی تاوان.
پێداگری ترامپ بۆ درووست کردنمی دیوارێکی جیاکەرەوە لە نێوان ئەمریکا و مەکزیک لە پێناوی لەمپەر درووست کردن  لە بەردەم کۆچی نایاسایی بۆ ئەمریکا بە یەکێک لە بەڵینە هەرە سەرەکیەکانی ترامپ دادەنرێت.

بەڵام بیانوەکانی ترامپ ئەوەی پەیوەندی بە ڕەوەندی مەکزیکیەوە هەیە لە ئەرزی واقعدا هیچ بنەمایەکی زانستی و کۆمەڵایەتی و  ئابوری نیەو شتێک نیە جگە بیانوو گرتن بە مەکزیکیەکانەوە.

ڕەوەندی مەکزیکی حاڵی حازر بە یەکێک لەو گرووپە کۆچەریانە دادەنرێن، کۆمەڵگەی ئەمریکی سودێکی زۆری لێیان بینیوە و بەشێک لەو کارو ئەرکەی ئەو ڕەوەندە بەڕێوەی دەبەن بۆ ئەمریکا زۆر گرینگە و ناکری نکۆڵی لێبکرێت. وێڕای ئەمەش مەزیکیەکان لە ڕووی ئایینییشەوە زۆر لە کۆمەڵگەی ئەمریکی نزیکن و سەربە کاتۆلیکەکان و دەتوانن لە هەموو رووێکەوە لەگەڵ دابو نەریت و کولتەرو باوەڕە ئایینیەکانی وڵاتی ئەمریکا بگونجێن وئامارەکان پیشانی دەدەن ئەم ڕەوەندە لە هیچ کارو کردەوەیەکی تیرۆریستیەوە نەگڵاون. بە پێچەوانەی کۆچەرە موسوڵمانەکانەوە کەوا لێرەو لەوێ چەند کەسێکی سەر بەم ڕەوەندە لە چەندین کاری تیرۆریستیەوە گڵاون و بوونەتە هۆکاری ڕق و توورەیی و لەدەست دانی متمانە لە لایەن گەلی ئەمریکاوە.

ئەگەر باسی باری ئابوری و هەلی کاریش بکەین، لەم ساڵانەی دواییدا بەشێکی بەرچاوی کۆچەرە مەکزیکیەکان بە هۆی باشتر بوونی باری ئابوری وڵاتیانەوە ئارەزوومەندانە گەڕاونەتەوە مەکزیک و ئەمریکایان بە یەکجاری جێ هێشتوە.

بەڵام لێرەدا پرسیارێکی جەوهەری ڕووبەڕوومان دەبێتە و ئەویش ئەوەیە، بۆ گەلی ئەمریکا دەنگ بە ترامپ دەدات؟

ئەمریکا نە دووچاری قەیرانێکی قەوارە گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بۆتەوەو نە لە ڕووی کۆمەڵایەتیشەوە لە لێواڕی داڕووخان وداتەپین وو لێکترازاندایە. بەڵکو ئەو قەیرانانە لە لایەن خودی دۆناڵد ترامپەوە درووست کراون و لە سەر ئەرزی واقعدا بە هیچ شێوەیەک بوونیان نیە.

من پێم وایە ئەمریکا دەمێکە کەوتۆتە نێو قوناغی قەیرانێکی قووڵی فەرهەنگیەوە و هیچ کام لە نوخبە یا دەسەڵاتداران و گەلی ئەمریکا ڕۆلیان لە درووست کردنیدا نەبووە.


ئەم قەیرانە دەرەنجامی گەشەی خێرای تێکنۆلۆژیا و ئینتێرنێت و چەقبەستوویی میدیای زەبەلاح و پاشەکشەی سەندیکاکانی کرێکاران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەمریکایە. میدیای ئەمریکا لەم چەند ساڵەی دواییدا نەیتوانیوە پێ بە پێ لەگەڵ گەشەی بەرچاوو خێرای بوارەکانی تێکنۆلۆژیا و ئێنتێرنێت، خۆی نوێ بکاتەوە و پێش بکەوێ و وەک دامەزراوەیەکی گرینگی ڕاگەیاندن و سەرچاوەی زانیاری و گەیاندنی ڕاستیە شاراوەکانەوە شان لە شانی بوارەکانی تری تێکنۆلۆژیاوە بدات.

لەم چەند ساڵەی دواییدا پێگە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیس بووک، تویتەر و ئینستگرام و....توانیان ببن بە ئامرازێکی کارا و کاریگەر لە ڕووی بڵاوکردنەوەی زانیاریە هەڵە و ناراستەکانی پەیوەندیدار بە بوارەکانی ئابوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاسایشەوە و بەم جۆرە کاریگەری بخەنە سەر ڕای گشتی و بەو جۆرە ئاراستەی بکەن، خۆیان دەیانەوێت. 

بەرەی ڕاستڕۆکانی ئەمریکا بە سوود وەرگرتنی کارا و بەردەوام لەم جۆرە پێگانە توانیان ڕای گشتی بە لای پەیام و بۆچوون و تێڕوانیە تەسک بینانەکانی خۆیان دژ بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی بینراوو بیسراو و ژەهراوی کردنی کەشی سیاسی و کۆمەڵایەتی دژبە سیاسەتمەدارانی خاوەن پێگە و ڕابردووی سیاسی و چینی نوخبە و ڕەوەندی کۆچەران و تەنانەت موسوڵمانانەوە هان بدەن و وەک تاوانبارلە قەڵەمیان بدەن و دواتر خۆیان وەک فریاد رەسی راستەقینەی گەل و وڵات بدەنە ناساندن. هەروەک بینیشمان دۆناڵد ترامپ لە بەشیک لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردندا چەندین جار هێرشی ناڕەوای کردە سەر هیلاری کلینتۆن و داوای بەند کردنی ناوبراوی دەکرد.

بۆ تیشک خستنە سەر هۆکارە زاتی و مەوزوعیەکانی گەشەی ڕاستڕۆکانی ئەمریکا و ئەوڕووپا پێویستیمان بە لێکۆڵینەوەیەکی وردتر هەیە. بەڵام خاڵێکی هاوبەش لە نێوان ئەم دیاردە تازەیەی ڕۆژئاوای خستۆتە بەردەم تەحەدیاتی گەورەوە، سەرسام بوونی ڕاستڕۆکانە بە ڤلادیمیر پووتینی سەرۆکی رووسیەوەو هۆکارەکەش نەناسراوو شاردراوو نەزانراوە نیە.

جێی خۆیەتی پرسیار بکەین ئەو هوکارانە چین وای لە ڕاستڕۆکانی ئەمریکا و ئەوڕوپا کردوە بە بوونی پووتینەوە سەرسام بن و بە بۆنە بێ بۆنە لە مەدح و پێداهەڵگوتنی ناوبراو دابن؟

ڕوون و ئاشکرایە ڕووسیە لە ژێر هەژموون و دەسەڵاتدارێتی پووتین نە گەشەی ئابوری کردووە و نە بۆتە وڵاتێکی دیموکرات و ئازاد و نە کولتوری سیاسی لە درەوەشانەوەدایە. بەڵکو هەموو ئەم پڕەنسیپ و چەمکانە لە ماوەی حوکمی ناوبراوەوە پاشەکشەی بەرچاویان کردووەو کەوتوونەتە ژێر چاودێری و هەژمونی پڕەنسیپی " پووتینیزمەوە".


وێرای ئەمەش کولتوری سەربازی وڵات خەریکە لە زەمەنی دەسەڵاتدارێتی ستالین نزیک دەبێتەوە. بۆمباران کردنی وەحشیانەو بێ بەزەییانەی هیزی ئاسمانی ڕووسیە لە حەلەب و کوشتنی هەزاران ژن ومنداڵ و پەک کەوتەو بێ بەرگری لەم شارە، بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە لە دڕندایەتی ئەم سوپایە، بە  بەراورد لەگەڵ هێرشی سوپای ئەمریکا و عراق لە موسڵ کە وا لە پێناو پاراستنی گیانی مەدەنیەکان تاکو ئێستا هێرشی بەربڵاویان نەکردۆتە سەر شارەکەو ئۆپەراسیۆنە سەربازیەکە قۆناغ بە قۆناغ دەچێتە پێشەوە، پڕەنسیپی جەنگی سوپای ڕووس لە بەربەریەتێکی بێ پڕەنسیپ دەچێت، نەک دامەزراوەیەک بۆ پاراستنی دیموکراسی و مرۆڤایەتی و شارستانیەتەوە.

بەڵام بۆ ڕاستڕۆکانی ڕۆژئاوا بە بێ جیاوازی سەرسامی خۆیان بە ڤلادیمیر پوتین نەشاردۆتەو تەنانەت بە شێکیشیان، وەک ترامپ، داوا دەکەن یەکێتی ئەوڕووپا هەڵوەشێتەوەو وڵاتانی ئەوڕووپی هاوپەیمانێتیەکی ستراتیژی لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەدیاتی بەردەم تەوژمی جیهانگەرایی و ڕووبەرووبوونەوەی کۆچەرانەوە گرێ بدەن و واز لە بیرۆکەی یەکێتی ئەوڕووپا بهێنن؟

وەڵامی ئەم پرسیارە بەلای چینی رووناکبیران و نووسەران وهاوبیرانی فکری لیبرالیزم خۆی لە چەند خاڵێکدا دەبینێتەوە، کەوا لە خوارەوە ئاامژەیان پێ  دەدەم:

سەرسام بوونی بەرەی ڕاستڕۆکانی ڕۆژئاوا شتێک نیە جگە لە بوون و چەکەرە کردنی مەیل و خواست و ئارەزووی بە هێزی راستڕۆکان بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی دیکتاتۆریەت و لە گۆڕنان و لەبار بردنی بیری دیموکراسی لیبڕالیستی و سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ دامەزراندنی کۆمەڵیک دەسەڵاتی شمولی و دژبە مافی مرۆڤ و خۆسەپێنی ناسیۆنالیستیەوە. گەڕانەوەیە بۆ سەردەمانی بەر لە دووەم جەنگی جیهانی و لوتکەی تاکڕەوی و دیکتاتۆری. پاشەکشە و دەست هەڵگرتن و ڕاماڵینی دەسکەوتە فەرهەنگی و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەکان و هەرەس هێنانی ئازادیە دینی و ڕەگەزی و ئەتنیەکانە.

بۆ ئەومرۆڤەی تووڕەو سەخڵەت وناڕازیە لە شکستە یەک لە دوا یەکەکانی شۆڕشی لیبرالیزم و لە مۆتەکەی ترس و دڵە راکێی شاراوەدا دەژیت، بۆ ئەو مرۆڤەی بە هۆی گەشەی خێرای پێگە کۆمەڵایەتیە کانی ئینتێرنێت و لاواز بوونی ڕۆژنامەی نووسراوو کەناڵی بینراوو بیسراوەوە لە جیهانی نەزانی و نەفامیدا جی هێڵراوەوسەرچاوەی زانیاری درووست و باوەر پێکراوی ناخرێتە بەردەست و بە بیرو هزرو فکرو ئەندێشەی هاوچەرخەوە تەیار ناکرێت، روو کردن لە ڤلادیمیر پووتین و سەرسام بوون پێیەوە باشترین و گونجاوترین و بژاردەیە.

پۆتین نە هەڵگری پەیامی دامەزراندنی جیهانێکی باشترە و نە دەسەڵاتدارێکی دیموکراتخوازە و نە بەڵێن و پەیامی جیهانێکی خۆشترو یوتوپیای پێیە. هزرو ئەندێشەی پۆتین پراوپرە لە باڵادەستی خۆی و گوێڕاڵی بن دەستەکانی. بۆیە بۆ تێکڕای بزاڤ و دەستە و تاقمە ڕاستڕۆو کۆمۆنیستە تازەکان و هەڵگرانی بیری دژەلیبرالیزم، ڤلادیمیر پووتین سەرۆکی دامەزراوەیەکی فیدراڵی جەمسەرگەرای دژەدیموکراسی و دەسکەوتەکانی شەست ساڵ خەبات و بەرخودانی شۆڕشی ئازادیخوازی و لیبڕالیزمە.

بۆیە هێشتا نازاندرێت ئەم شەپۆلە دژەلیبرالیزمە تا کوێ بڕ دەکات وشارستانیەت و دەسکەوتەکانی شۆڕشی زیاتر لە نیو سەدەی رابردوو و ئازادیەکان بەرەو کوێ ئاراستە دەکات.

بەرلە ساڵیک هیچ کام لە شرۆڤەکاران و خاوەن ڕاکانی ئەمریکا پێشبینی سەرکەوتنی دۆناڵد ترامپیان لە هەڵبژاردنەکان نەدەکرد. ئەمەش ناکارامەیی و نەفامی شرۆڤەکاران ناگەیەنێت، بەڵکو سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کەوا شرۆڤەکردنی ڕووداوەکان وهەوڵ دان بۆ پێشبینی کردنیان لە سەر بنەمای تیۆریە پۆلێن کراوو زانراوو باوەکانی ڕابردوو گۆڕانیان بەسەردا هاتووەو پێدڤیە چاوبە سەرلەبەری تیۆر و مێتۆدەکانی شرۆڤەکردن و لێکدانەوەی ڕووداوەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابوریدا بخشێنینەوە وبەو شێوەیەی لەگەڵ واقعی سەردەمدا دەگونجێن، دایانبڕێژژینەوە.

ئایا داکۆکیکارانی سەر بە بەرەی لیبراڵیزم و دیومکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ وپەناخوازان  لە ئەڵمانیا و فەرەنسا لە گەڵ دۆست و هاوبیرو هاوڕاکانیان لە وڵاتانی تری ئەوڕووپی، توانای گڕێ دان وپێک هێنانی بەرەیەکی دژبەم شەپۆلە ڕووخێنەرەی دژەشۆڕشیان هەیە؟ ئایا نەیارانی ترامپ لە واشنتۆن دەتوانن سنورێک بۆ زێدەڕۆیی و بڕیارە ناحەکیمانە و تارادەیەک دیراسە نەکراوەکانی ناوبراو دابنێن و کۆنتڕۆلی بکەن؟ 

بەرسڤی ئەم پرسیارەو پرسیارگەلی تریش تەنیا روداوەکانی داهاتوو وەڵامدەرەوەی دەبن و هێشتا ئاسۆی ئەم هەلومەرج و دۆخە تازەیە لە بەردەممان روون و ئاشکرا نیە.

 

(ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە)


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP