تا كه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت دوا ئه‌كه‌وێت؟

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب - 25-04-2019 - 1004 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

هه‌فته‌ی داهاتوو حه‌وت مانگ به‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردن تێئه‌په‌رێت و تا ئێستا پێكهێنانی حكومه‌تی سێ حزب شكستیهێناوه‌و له‌ به‌ر بۆست و پایه‌ به‌رپرسانی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان تازه‌ به‌ تازه‌ له‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆو دانوستان كۆئه‌بنه‌وه‌و درێژه‌ به‌ پێكه‌نینه‌كانیان ئه‌ده‌ن.
كیشه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردستان رۆژ به‌ رۆژ په‌ره‌ ئه‌سێنی

 

كیشه‌ ناوخۆییه‌كانی كوردستان رۆژ به‌ رۆژ په‌ره‌ ئه‌سێنی و، باری هاوڵاتیان له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ قورس و خراپه‌ به‌ تایبه‌ت له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌و، له‌ ساڵانی رابردوو له‌ ماوه‌ی پیست و حه‌وت‌ ساڵ نه‌توانرا كارگه‌ داخراوه‌كان نۆژه‌ن بكرێنه‌وه‌و بخرێنه‌كار، ئه‌وه‌ش هۆیه‌كی سه‌ره‌كییه‌ بۆ هه‌ژاری و بیكاری و برسیكردنی رۆڵه‌كانی گه‌ڵ.

به‌هۆی نه‌بوونی و نه‌داری خه‌ڵك و، بێكاری و بڵاوبوونه‌وه‌ی ده‌رمان وكه‌ره‌سته‌ی بێهۆشی، نه‌خۆشی و نه‌بوونی ده‌رمانی پیویست یان ده‌رمانی كات به‌ سه‌راچوو (ئیكسپایه‌ر)  له‌ پاڵ بێ ئاوی كه‌می كاره‌با دۆخی كوردستان به‌ره‌و مه‌ترسی ئه‌روات.

زۆر له‌ به‌رپرسان رۆژانه‌ باسی خزمه‌تگوزاری و چاككردنه‌وه‌ی ژیان و بژێوی هاوڵاتیان ئه‌كه‌ن و، هه‌موو كات وه‌ك كارێكی سروشتی ئاماژە به‌وه‌ ئه‌كه‌ن كه‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی هەرێمی كوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانه‌و، ئه‌بێت لە پیلانی ناحەزان بیانپارێزین، به‌ هیچ جۆرێك به‌ ده‌ستێوه‌ردانی ئه‌م و ئه‌و رازی نابین، به‌ڵام نه‌خشه‌و كرده‌وه‌ و پیلانه‌كانی وڵاتانی دراوسێ جێده‌ستیان به‌ ئاشكرا دیاره‌.
له‌ كوردستان ده‌ستور نییه‌و په‌رپرسان به‌پێی میزاج و خواست و ئاره‌زوو ره‌فتارو ته‌راتێن ئه‌كه‌ن

 

له‌ كوردستان ده‌ستور نییه‌و، په‌رپرسان به‌پێی میزاج و خواست و ئاره‌زوو ره‌فتارو ته‌راتێن ئه‌كه‌ن، رۆژانه‌ ئه‌ندام وكادرری سێ حزبه‌كه‌ له‌ رێی نووسین و كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی یان له‌ سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆن و سته‌لایته‌كانه‌وه‌ راگه‌یاندنی جۆراوجۆر بڵاو ئه‌كه‌نه‌وه‌، هیچیان پێ نه‌ماوه‌، یه‌كێك ئه‌ڵێت دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت ئاساییه‌، ئه‌وی تریان ئه‌ڵێت هه‌موو شتێك كۆتای پێ هاتووه‌و ته‌نها ماوه رێكه‌وته‌نه‌كان‌ واژوو بكرێن، ئه‌م جۆره ئاخافتنه‌‌ له‌ پاش حه‌وت مانگ ئه‌وترێت و، هونه‌رمه‌ند حه‌سه‌ن زیرك ئه‌ڵێت: هاته‌وه‌ با بێته‌وه‌ ناسکێ له‌ ناو باغه‌وه‌ یان وه‌ك له‌ گه‌رمیان باوه‌: با گوڵه‌ له‌ كانی بێته‌وه‌، واته‌ به‌رپرسان بوونه‌ته‌ جێی گاڵته‌جاری و ره‌خنه‌ی هاوڵاتیان.
هه‌رێم بێ ده‌ستورو بێ یاسایه‌، هه‌ر لایه‌نێكی بۆ خۆێ كار ئه‌كات

 

هه‌رێم بێ ده‌ستورو بێ یاسایه‌، هه‌ر لایه‌نێكی بۆ خۆێ كار ئه‌كات، به‌شێكی زۆر له‌ هاوڵاتیان به‌ تایبه‌ت نووسه‌رو رۆژنامه‌نووسان ئه‌ڵێن سه‌روكایه‌تی هه‌رێم پێویست نییه‌ چونكه‌‌ په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌یه‌، ساڵانه‌ ئه‌و سه‌رۆكایه‌تییه‌و دیوانه‌كه‌ی خه‌رجێكی زۆرو گه‌وره‌ی ئه‌وێت، له‌ باتی نه‌مانی ئه‌و سه‌رۆكایه‌تییه‌،  وا جێگرێكی تازه‌ی بۆ دائه‌تاشن، به‌م كرده‌وه‌یه‌ش نیاز وایه‌ جیگرێك بۆ سه‌رۆك حكومه‌ت زیاد بكه‌ن، هه‌روا بۆ رازی و ته‌بایی به‌رپرسانی سێ حزبه‌كه‌ وه‌زاره‌تێكی تریش دائه‌مه‌زرێنن و، ئه‌گه‌ر كار وابروات ئه‌بێت پله‌و پۆست زیاد بكه‌ن.
له‌ هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌، هه‌ر یه‌ك له‌م سێ لایه‌نه‌ ئۆباڵی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌خاته‌ ئه‌ستوێ لایه‌نه‌كه‌ی تر

 

له‌ هه‌مووی سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌، هه‌ر یه‌ك له‌م سێ لایه‌نه‌ ئۆباڵی دواكه‌وتنی پێكهێنانی حكومه‌ت ئه‌خاته‌ ئه‌ستوێ لایه‌نه‌كه‌ی ترو، به‌ پێی گفتوگۆكان و راگه‌یاندنه‌كان پاكانه‌ ئه‌كه‌ن گوایه‌ ئه‌م لایه‌نه‌ نایه‌وێت ببێته‌ هۆێ تێكدانی پرۆسه‌ی دامه‌زراندنی حكومه‌ت، به‌رپرسێكی پارتی ئه‌ڵێت بەهۆی یەكێتی و دواتریش بەهۆی نیگەرانییەكانی گۆڕانەوە پرۆسەكە په‌كیكه‌وتووه.
به‌پێی ئاخافتن و هه‌ڵسوكه‌وتی  به‌رپرسانی سێ حزبه‌كه‌ هێشتا گه‌مه‌كه‌ زۆری ماوه‌و درێژه‌ی ئه‌بێت

 

به‌پێی ئاخافتن و هه‌ڵسوكه‌وتی  به‌رپرسانی سێ حزبه‌كه‌ هێشتا گه‌مه‌كه‌ زۆری ماوه‌و درێژه‌ی ئه‌بێت و، به‌ روونی‌ دیاره‌ له‌ ناو هه‌ر سێ حزب بۆ پله‌و پایه‌و پۆست هه‌رایه‌، زۆر كه‌س خۆیان ناونووسكردووه‌، ته‌نانه‌ت له‌ ناوخودی پارتیش ناكۆكی و مشتومرو زۆران هه‌یه‌ له‌ نێوان باڵه‌كانی نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی و، هه‌ر یه‌ك هه‌وڵ ئه‌دات ده‌سه‌ڵاتی زیاتری هه‌بێت.

باشتروایه‌ به‌رپرسانی سێ حزبه‌كه‌ خه‌می چاكسازی و هاوڵاتیان بخۆن و، نه‌گه‌رێن به‌ دوای پله‌و پۆست، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن ئه‌م دۆخه‌ی كوردستان چیتر زیاتر له‌م چه‌قبه‌ستووییه‌دا نه‌مێنێته‌و، خه‌ڵك بێ ئومێد نه‌كه‌ن، حكومه‌تی داهاتوو وه‌ك حكومه‌ته‌كه‌ی پینج حزبه‌كه‌، حكومه‌تی بنكه‌ فراوانی لێنه‌ییه‌ت‌.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP