بەپەلە

ئایا لە قۆناغی دوەمیشدا یەکێتی لە دواوە دەبێت

سلێمان عەبدوڵا یونس - 24-04-2019 - 6399 جار خوێندراوەتەوە

قۆناغی یەکەمی پێکهێنانی حکومەت بە ڕێکەوتن و سازانی (3) سێ هێزە براوەکە کۆتایی هات. لەم قۆناغەدا هەریەکێک لەم سێ حزبە دەرفەتیان بو یاریەکی سەرکەوتو لەبەرامبەر یەکدی بکەن و بەشێکی زۆر لە ستراتیژی بەشداری لە حکومەت بەتاکتیکی کارا و جیاواز بەدەسبھێنن بەجۆرێک کە دەکرێ لەم قۆناغەدا ھەر یەکەیان بە ڕایگشتی  و خۆی بڵێت براوەین لەبەدەسھێنانی پشک و بەرکەوتە حزبیەکان.

ئەم قۆناغە لەنێوان براوەی یەکەم و براوەکانی دوەم سێیەم بە زیاد لە ڕێکەوتنێکی حزبی و لوتکەیی بەدیھات بەڵام وێڕاش ئەوە مانای کردنەوەی ھەمو گرێکوێرەکان نەبو، بەڵکو ھێشتا ئەوە قۆناغی یەکەمی پڕۆسەکەیە و قۆناغی دوەمیش ماوە. ڕاستە ھەریەکێک لەو (3) سێ لایەنە بەشە کێکی خۆی پچڕیوە، بەڵام ھێشتا دابەشکردنی بەشە کێکە پچڕاوەکە لەناو خودی ئەو ھێزانەدا دەستیپێنەکردوە.

قۆناغی دوەم ڕەنگە لە قۆناغی یەکەم قورستر بێت بەتایبەت کە لەم قۆناغەدا بەرکەوتە حزبیەکان دابەشی بەرکەوتە ستونی و بنەماڵەیی و کەسیەکان دەکرێن و ئیدی ناشاردرێتەوە کە ئەو شینەی پێشوتر گوتراوە بۆ حوسێنە، بەشە گەورەکەی بۆ ھەریسەکە بوە.

بەھۆی بونی بارزانی، ڕەنگە ھەریسەکەی پارتی پێویستی بەشین و شەپۆڕی کەمتر بێت، ھەتا گۆڕانیش بۆی ھەیە بە ئامادەیی میراتگرە ڕاستەقینەکانی نەوشیروان مستەفا، کردەیی دابەشینەکە وەک ڕێکەوتنەکە، بەبیدەنگی تێپەڕێنێ، لێرەدا ئەوەی دەمێنێتەوە یەکێتیە، کە ڕەنگە بۆ ئەم ڕێکەوتنەکەش بکەوێتە ئاخیرەوە، بەڵام بە ئەزمونیش دەرکەوت، ھەرشتێک بە دەنگی زۆرینەی سەرکردایەتی ئەو حزبە یەکلایی بکرێتەوە دەشێت لەسەرەتادا بەدیھێنانی زەحمەت بێت، بەڵام لەکۆتاییدا چەسپانی بۆ خۆی مکۆمتر و سەرکەوتنی بۆ کوردستان پتەوتر دەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP