پرۆسەی چاكسازی وەك دەرەتانی رزگاربون لە قەیرانەكان

کەمال محەمەد - 22-04-2019 - 2769 جار خوێندراوەتەوە


پرسی چاكسازی لە دنیای سیاسەت و دەسەڵاتدارێتیدا گرنگترین چەكی دەستی سیاسییەكانەكە بەكار ئەهێنرێت، بەتایبەت بەكارهێنەرانی ئەم پرسە زیاتر لەكاتی بانگەشەكانی هەڵبژاردندا بەكاری ئەهێنن بۆ كۆكردنەوەی دەنگ و بەدەستهێنانی زۆرترین هێز، هەربۆیە بەكارهێنانی ئەم پرۆسەیەش لەهەرێمی كوردستان خۆی بەدورنەگرتوە و بەردەوام لایەنە سیاسییەكان ئاماژەیان پێداوە، ئێستاش لە سەروبەندی پێكهێنانی حكومەتدا كۆی لایەنە بەشداربوەكان جەخت لەسەر چاكسازی ئەكەنەوە تەنانەت ئەمەیان بە كاری سەرەكی خۆیان داناوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە وەرچەرخانێكی بونیادی سیستەماتیكانە پێویستە.
دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە رێگەی دروستكردنی قەیران و بێكاری و هەڵاوسانی كۆمەڵایەتی خوازیاربون درێژە بە دەسەڵات و عەقڵیەتی بەڕێوەبەری بنەماڵەیی سەرمایەداری خۆیان بدەن

دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە رێگەی دروستكردنی قەیران و بێكاری و هەڵاوسانی كۆمەڵایەتی خوازیاربون درێژە بە دەسەڵات و عەقڵیەتی بەرێوەبەری بنەماڵەیی سەرمایەداری خۆیان بدەن، ئەم عەقڵییەتە لە حكومدارییە نەك تەنها دوژمنی ئابوریی بوە بەڵكو دوژمن و بەربەستی ئەو زانست و عەقڵییەتە سیاسیەش بوە كە توانای رێكخستن و راستكردنەوەی هەڵەكانی هەبوە.

سەدەكانی ئەوروپای ناوەراست بە چاكسازی دەستیپێكرد، كەواتە ئەو ئەوروپایەی كە ئێستا لە ئارادایە لەمیانەی چاكسازییەوە بەرهەم هاتوە بە ئێستاشەوە كە بەردەوامە، دەكرێت دەسەڵاتداران و هێزە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیش سود لەو ئەزمونە وەربگرن بۆ ئەوەی بتوانرێت هەبونی كەش و هەوایەكی دیموكراتی و بونیادی سیاسی كۆمەڵگا بە سیاسەتێكی دیموكراتی ناو ببرێت و جێگای خۆی لەناو دەزگاكانی دەسەڵاتیشدا(حكومەت ) وەربگرێت و بەشداریكردنیان تەنها بەدەستهێنانی بەش نەبێت لە وەرگرتنی پۆست بەڵكو بەشداریكردنیان لەمیانەی پلاتفۆرمێكی هاوبەشەوە بێت بۆ وەرگرتنی بریارێكی راست لە پێناو بەرژەوەندییە ژیانییەكانی كۆمەڵگا و بەدامەزراوەیكردنی دەزگاكانی حكومەت.

چاكسازی گۆڕینی دۆخی قەیرانە بۆ تێپەڕاندنی قەیران و كۆتایی هێنان لێی، بۆیە چاكسازی و سیاسەت ئەگەر یەكیش نەبن لێك نزیكن، كەواتە ئەنجامدانی چاكسازی توانای تێپەراندنی كێشە سیاسییەكانیشی هەیە، لایەنەكان بۆ ئەوەی بتوانن هەرچی زوە كێشەكانی كۆمەڵگای سیاسی تێپەڕێنن پێویستە پرۆسەی ئەنجامدانی چاكسازی بە بنەما بگرن.
تەنها رێگا لە دەرچون و دەربازكردنی ئەم مۆدێلە لە حكومرانییە ئەنجامدانی چاكسازییە لەگشت مەمیلەكانی دەسەڵات و كۆمەڵگادا

 

ماوەی ٢٨ ساڵی حكومرانی هەرێم كۆی پرۆسێسە سیاسییەكان و جومگەكانی دەسەڵات بەردەوام لە دۆخ و قەیراندا بوە بە جۆرێك ئەو فۆرمە لە دەسەڵات تا دوا ڕادە كۆمەڵگای گەمارۆ داوە تا ئاستی فەرمانڕەوای قەیران، بۆیە تەنها رێگا لە دەرچون و دەربازكردنی ئەم مۆدێلە لە حكومرانییە ئەنجامدانی چاكسازییە لەگشت مەمیلەكانی دەسەڵات و كۆمەڵگادا، بۆ ئەوەی خودی هەرێمەكەش لە مەترسی بچوك كردنەوە و پچران و لاوازی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكان بپارێزێت بە هۆی ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە چاوەروانی ناوچەكەدایە، پێویستە ململانێكانی ناوخۆی هێزەكان نەبێتە رێگر لەبەردەم چاكسازییەكان و هەموان كاریان بۆ ئەوە بێت كە پرۆسەكە بكرێتە نیشتمانی و رێگایەك بێت بۆ رزگاربوون لە قەیرانەكان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP