لەهەرێم تیرۆری ناوخۆیی بەردەوامە.!!

لوقمان مسته‌فا ساڵح - 8-02-2017 - 2615 جار خوێندراوەتەوە

پارێزەر: لوقمان مصتفی صالح

وێڕای ئەوەی تیرۆرلەسەر ئاستی جیها دیاردەیەكی كۆنە و مێژوویەكی دێرینی هەیە، بەڵام تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت قسەكردن لەسەرچەمكی تیرۆر و پێناسەكردنی درێژەی هەیە و لە گۆشەنیگای جیاجیاوە دەیان و بگرە سەدان و هەزاران پێناسە بۆ ئەو چەمكه دژ بە‌مرۆڤایەتیە كراوە.

بە گوێرەی قۆناغەكانی مێژووی توندوتیژی گۆڕانكاری زۆر بەسەر چەمك و پێناسەی تیرۆر لە لایەك و شێواز و میكانیزمی ئەنجامدانی لە لایەكی دیكەوە هاتووە و ئامانجەكانیشی گۆڕانیان بەسەردا هاتووە و بە گوێرەی قۆناغەكان لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە گۆڕاون.

چەمكی تیرۆر بەربڵاوترینی ئەو چەمكانەیه،‌ كە توێژەرانی بوارەكانی یاسا، یاسای نێودەوڵەتی، زانستی تاوانناسی، فەلسەفە و زانستی كۆمەڵناسی، توێژەرانی فیكر و كایە ئاینییەكان و دەروونزانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە.

ڕاستە ھەندێجار تیرۆر سەركەوتنی كاتی بەدەست دەھێنێت،بەڵام زۆربەی كاتەكان  شكستخواردو بووەو بكەرەكانیشی توشی دەرئەنجامێكی پێچەوانە بونەتەوە،لەگەڵ ئەوەشدا تیرۆر دیاردەیەكی بەردەوامە و ھەمیشەش بەردەوامی دەبێت ئەگەر بێت و دەستیشی بەسەردا بگیرێت و لەكاتێكی تردا ھەر سەرھەڵدەداتەوە.بۆیە دەبێت بۆ بەرنگار بونەوەی ڕێوشوێنی جدی بگیرێتەبەر،تابتوانرێت لەرەگ وڕیشەوە نەی هێڵیت،پیویستە بە میكانیزمێكی نوێ وداڕشتنی پلان وتۆكمە هەیە كاری جدی بۆ بكرێت لەسەركاڵبونەوەی فیكرە توندرەویەكان وپاشان نەهێشتن وبنەبڕ كردنیان لەڕیی یەكە سەربازی وهێزەتایبەتمەندەكانی تری دامودەزگا دەوڵەتیەكانەوە
.  
نامانەوێ زیاتر ڕۆچینە نێو مێژوو پێناسەكانی تیرۆری نێودەوڵەتیەوە بەقەد ئەوەی مەبەستمانە مەترسیەكانی تیرۆر لەنێوخۆی هەرێمەكەمان بخەینە ڕوو،چونكە واخەریكە دەبێتە دیاردە.!! لەگەڵ سیاسەتی برسی كردن ونەبونی كارو نایەكسانی ونادادپەروەری دا بەبەردەوامیش دووبارە   بونەوە تیرۆری كەسانی ڕۆژنامە نوس ومیدیاكاران وكەسایەتیە ئاینیەكان لە زۆربەی شاروو شارۆچكەكانی هەرێم بە تایبەتیش هەولێری پایتەخت بوونی هەیە، دووبارە بوونەوەی ئەم حاڵەتانە ئاماژەیەكی ترسناكە بۆ لەبار بردنی ئەزموونی دەسەڵاتی حوكم ڕانی كوردی لەباشوری كوردستان، لەلایەكی تریشەوە كۆی پرۆسەی بەناو دیموكراسی هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی جیهانی وناوخۆیی دەخاتە ژێر پرسیارەوە.!؟

هەرچەندە تیرۆر مەترسیەكی گەورەیە لەسەر ئەمن وئاسایشی هەر نەتەوەو ووڵاتێك،بەڵام لەوە مەترسی دارتر تیرۆری ناو خۆییە.! بەتایبەت ناڕونی و نا دیاری سەرچاوەی تیرۆرەكەو نەدەۆزینەوەی بكەری تاوانەكە ودەستنەگیر نە كردنیان لەلایەن خودی دەسەڵاتی حوكم ڕانی هەرێم، ئەوەتاكەكانی كۆمەڵگا دەخاتە قەلەقی ودڵەڕاوكێوەو ئەگەری گومانی زیاتر لەلای هاوڵاتیان درووست دەكات كە ئایا دەسەڵاتی هەرێم دەتوانێت ئەمن وئاسایشی ووڵات بپارێزێت.!؟ یاخود دەتوانێت ئەوشك وگومانە كاڵكاتەوە ببێتەوە جێی بڕواومتمانەیان یاننا.!؟

چونكە  تیرۆر لەكاتێكدا دێتە كایەوە كەدەسەڵاتی ناوەندی لاواز بێت، یاخود  ووڵات نغرۆی گەندەڵی لەسەر جەم بوارەكاندا بوبێت.! یاخود دەسەڵات لە بنەمادا ھەربوونی نەمابێت.!! ئەوكات یاسای دارستان پیادەدەكرێت ومافیا ووڵات دەبات بەڕێوە.!!
هەرچەندە لەهەرێمی كوردستان یاسایەكی تایبەت هەیە بەمەبەستی سزادانی ئەوكەسانەی كە تێوەدەگلێن لەكاری تیرۆریستی ئەویش یاسای چواری تیرۆرە، مادەی 4ی ئەم یاسایە دەڵێت(1-هەركەسێك هەستێت بەكاری تیرۆریستی یاخود بەشداربێت سزاكەی لەسێدارەدانە، واتە ئەوەی بەكارەكە هەڵدەستێت یاخود بەشدارو هاوبەشەو یان زەمینەسازی بۆ دەكات هەمان سزا دەدرێت واتە سزای لەسێدارەدان. 2- هەركەسێك تیرۆریستێك یاخود هاوبەشێكی بشارێتەوەو هەواڵی دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش نەدات بەسزای هەتاهەتایی زیندانی دەكرێت.) 

بەڵام مەخابن ئەم یاسایە لەتۆڕی ڕاوچیەكانی ماسی دەچێت تائێستا ئەوەی پێوەدەبێت ماسیە بچوكەكانەو گەورەكانیش لەدەرەوەی تۆڕەكەدا شایی و لۆغانیانە.!! 

واتە بوونی بۆشایی سیاسی و یاسایی... لەهەر ووڵاتێكدابێت بێشك دەرەنجامەكەی بێ سەروبەری وكوشت وبڕو ماڵوێرانی وتیرۆر بەرهەم دێنێت.!

(ئەم وتارە دەربڕی رای نووسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە)

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP