ئەگەر وایە ڕەحمەت لە یەکێتی وپارتی؟

دەلیل جەمال - 22-04-2019 - 7298 جار خوێندراوەتەوە

دەلیل جمال

هەڵبەت دوای ڕاپەڕین یەکێک لە دیوەجوانەکانی سیاسەت و مۆدێلی نوێی خەبات فرەحزبی بوو(فرەحزبیش بەشی خۆی هەڵگری ڤایرۆسی شێواوی فەزایە گەر لەدەرەوەی زەروورەت بێت)  هەردوو حزبە باڵادەست و مێژوو شۆڕشگێڕەکەی هەرێمی کوردستان سەرەڕای گلەیی و ڕەخنەی جدی لێیان بەڵام ڕێگەخۆشکەریش بوون بۆ دروست بوون و سەرهەڵدانی بزاوتوو حزبی نوێ. ئەمەش زەروورەت بوو بۆ هاوسەنگی و ململانێی تەندروست لەنێوان هێزەکاندا .

بۆچی فرەحزبی پێویست بوو؟

 

 ئەو حزبانەی لەدەرەوەی یەکێتی و پارتی زەروور بوون لەکاتێکدا کە ببنە بەدیل و مۆدێلێکی نوێ بۆقاناخێکی نوێی سیاسی و عبورکردنی مۆدێلی یەکێتی و پارتی بەڵام کەحزب نەیتوانی ببێتە بەدیل و زەروورەتی قۆناغەکە مانەوەی بۆخۆی دەبێتە کێشەو سەرئێشە هەم بۆ خەڵک هەمیش بۆخۆیان.

ئێستا بڵێین چی؟

 ئێستا کەدەبینین لەدەرەوەی یەکێتی و پارتی حزبەکانی دیکە پارچەپارچەن و دورلەیەکدی و پەرتەوازەو نزیک لەهەڵوەشاندنەوە دەچن و پەیتا پەیتا دەنگی گەورەی ناڕەزایەتی جدی لێیانەوە بەرز دەبێتەوە و باس لە ناعەدالەتی و تاکڕەویی و جۆرێک لەحزبی خێزانی ناویان دەبرێت و توانای بڕیاریان نییەو لەگەڵ ئەمانەشدا سزادان و هتد هەیە دەبێت بڵێین چیتان لەیەکێتی و پارتی زیاترە؟

کێ ئازادی زیاترە؟


زۆرجار یەکێتی و پارتی تۆمەتباردەکران بەحزبی داخراوو کوشتنی ئازادی ناوخۆیی و نەبوونی ڕەخنەو گلەیی کەچی دەبینین پێچەوانەکە ڕاستە، ئەوەی ڕەخنە لەو حزبانەی دەرەوەی یەکێتی وپارتی دەگرێت زیاتر ئیهانە دەکرێت و تەهشیرو ناوزڕاندنی ڕوو بەڕوو دەبێتەوە 
کەچی زۆرجار لەناویەکێتی ئینشقاق و جیابوونەش ڕوویداوەو هێندەی ئەم حزبانە نەبووەتە جێی بەرتەسک کردنەوەی ئازادی تاکەکانی ڕاستە ململانێ هەبووە قسەهەبووە سزاش هەبووە بەڵام ئازادیش هەبووە. 

ئایا یەکێتی و پارتی بەسە؟

 خۆئەگەر حزب گەشتە ئەو خاڵەی کە بووەتە ژمارەو چەندایەتی پێموایە ئاساییە کاری سیاسی ڕاگرێت حزبێک نەتوانێت گۆڕانکاری بکات و ببێتە هۆی وەرچەرخانی مێژوو یان کاردانەوەیەکی واقعی بۆدۆخێکی نوێ مانەوەی جگە لەوەی حزبەو ناوە پێموانیە بتوانێت فشاری گەورەی سیاسی بێت. ئێستا دوای چەندین ساڵ هەست بەوەدەکرێت پێویستە حزبەکان خوێندنەوە بۆ دۆخی خۆیان لەڕووی بەردەوامی و وەستان بکەنەوە ئایا زەروورن بۆ ئێستا وەک حزبێک جیاواز لە دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە یان نەخێر ناتوانن یەکێتی و پارتی عبوربکەن و بگرە بەئاراستەی خراپتر دەچن.

ئەم بابەتە دەبێت بەدیقەت و دور لە بیری سەپاو بخوێنرێتەوە و پرسیاربکرێت لەمەڕ زەروورەتی مانەوەیان وەک حزبی کاریگەر نەک وەک ناوو ژمارەی حزب، من دژی فرەحزبی نیم ،هێندەی قسەم لەسەر ئەم فرەحزبیەیە بەدیوەخراپەکەیدا کا هەنگاوی بۆدەنرێت تانانەت خەڵک بەشێکیان وەک پاشکۆی یەکێتی و پارتی دەبینێت لەپشتی پەردەوە زۆرجار ئەم پاشکۆیە لە عەمەلدا سەلماوە خۆگەر وایە پێموایە فرەحزبی دەبێتە بارگرانی بۆ کۆمەڵگە. گەر لەئیتارێکدا ڕێکنەخرێت باشترین بژاردەش توانەوەی بلۆکی دەرەوەی یەکێتی و پارتییە لەناویەکدا بۆئەوەی وێنەکە ببینرێت کێ کێیە؟ ئێستا تەڵخ و دژوارەو بەڕونی نابینرێت..


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP