كه‌ركوك ئیسماعیله‌كه‌ى كورد

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 21-04-2019 - 4166 جار خوێندراوەتەوە


ئیسماعیل له‌ به‌رده‌م چه‌قۆى باوكیدایه‌و كه‌س فریادڕه‌س نیه‌، كه‌واته‌ باوكه‌كه‌ كوڕه‌كه‌ى سه‌رده‌بڕێت و دواتریش هه‌ر هیچ نه‌بێت وه‌ك باوكى یوسف به‌ كوڕه‌كه‌ى ده‌ڵێت ئه‌م چیرۆكه‌ بۆ براكانت مه‌گێڕه‌وه‌، باشه‌ كه‌ ئێستا ئیسماعیل له‌ بن چه‌قۆكه‌دایه‌، كاتى ئه‌وه‌یە براكان تاوانباربكرێن، یان كاتى ئه‌وه‌یه‌ چۆن چه‌قۆكه‌ له‌سه‌ر مله‌كه‌ لابده‌ین، چواندنى كه‌ركوك به‌و دۆخه‌ى ئیسماعیل له‌وێوه‌ هات كه‌ ئێستا باوك و براكان كه‌سیان ئاگایان له‌ كه‌ركوك نیه‌ و پرسى قودس و دڵه‌كه‌ش ئه‌وه‌نده‌ى كێبڕكێیه‌كى حزبیانه‌بوو ئه‌وه‌نده‌ بۆ پیرۆزكردنى كه‌ركوك نه‌بوو.
ئه‌وانه‌ى ئه‌وه‌نده‌ى له‌ خه‌مى خاوه‌ندارێتى بۆشكه‌ نه‌وته‌كان و شكاندنى یه‌كتران، ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌مى ئه‌وه‌دا نین كه‌ركوكیه‌كان چیان به‌ سه‌ر دێت

 

له‌ راستیدا كه‌ركوك هه‌م هه‌تیوه‌ هه‌م چه‌ند زڕباوكێكى هه‌یه‌، زڕباوك به‌و مانایه‌ى شه‌ڕكردنى له‌ سه‌ر باوكایه‌تى بۆ كه‌ركوك ئه‌وه‌نده‌ى بۆ خێرو بێره‌كه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ بۆ خودى شاره‌كه‌ نیه‌، ئه‌مه‌ بۆ زڕباوكه‌كانى عه‌ره‌ب و توركمان و كورد ڕاسته‌، ئه‌وانه‌ى ئه‌وه‌نده‌ى له‌ خه‌مى خاوه‌ندارێتى بۆشكه‌ نه‌وته‌كان و شكاندنى یه‌كتران، ئه‌وه‌نده‌ له‌ خه‌مى ئه‌وه‌دا نین كه‌ركوكیه‌كان چیان به‌ سه‌ر دێت، بۆ ئه‌وان كه‌ركوك بۆشكه‌ى نه‌وته‌ نه‌ك ئه‌و درۆ باق و بریقانه‌ى كه‌ وه‌ك شانامه‌ به‌سه‌ریدا هه‌ڵیده‌ده‌ن، هه‌ڵبه‌ت كه‌ركوكیش ئه‌وه‌نده‌ى پێویستى به‌ خزمه‌ت و ئاوڕ لێدانه‌وه‌یه‌، پێویستى به‌ شانامه‌ نیه‌.
 له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌ى تۆوى دو به‌ره‌كى رشتوه‌ زڕباوك و كوڕه‌ یوسف كوژه‌كانن نه‌ك ئه‌و كوردو عه‌ره‌ب و توركمانه‌ى به‌یانى و ئێواره‌ سڵاو له‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن و له‌ یه‌ك مزگه‌وت و حوسینیه‌ داواى ئارامى له‌ خودا ده‌كه‌ن و له‌ ژێر گوێسه‌بانه‌ى یه‌ك نه‌خۆشخانه‌ى مناڵبوندا له‌ دایك ده‌بن

 

ئیسماعیل له‌ بن چه‌قۆدا چى له‌ شانامه‌ بكات، با راستگۆ بین له‌وه‌دا كه‌ ئێستاهیچ زڕباوكێك مافى به‌ سه‌ر كه‌ركوكه‌وه‌ نیه‌، نوێنه‌رایه‌تى كه‌ركوك و خه‌ڵكه‌كه‌یشى ناكات، مرۆڤ كه‌ ده‌بینێت له‌ خاڵێكى پشكنین كه‌ركوكیه‌كان ریز ده‌كرێن، پرسیارى ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌م جۆره‌ له‌ سوكایه‌تى بۆ خه‌مى ته‌ناهیه‌ یان بۆ ئه‌وه‌ى پێكهاته‌كان رق له‌ برى لێبورده‌یى و خۆشه‌ویستى تۆو بكه‌ن، كه‌ ده‌بینێت ده‌بێت به‌ چه‌ند پرسگه‌یه‌ك و له‌ ژێر پشكنینا بگاته‌ ته‌لارى پارێزگاكه‌ى خۆى، ده‌پرسێت ئایه‌ ئه‌گه‌ ر زڕباوكه‌كان و ده‌ستوپێوه‌نده‌كانیان نه‌بن، كێ ته‌ناهى تێكده‌دات، كێ ده‌ستى ده‌چێته‌ خوێنى براكه‌ى، كێ ئه‌وى تر ده‌كوژێت، له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئه‌وه‌ى تۆوى دوو به‌ره‌كى رشتوه‌ زڕباوك و كوڕه‌ یوسف كوژه‌كانن نه‌ك ئه‌و كوردو عه‌ره‌ب و توركمانه‌ى به‌ یانى و ئێواره‌ سڵاو له‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن و له‌ یه‌ك مزگه‌وت و حوسینیه‌ داواى ئارامى له‌ خودا ده‌كه‌ن و له‌ ژێر گوێسه‌بانه‌ى یه‌ك نه‌خۆشخانه‌ى مناڵبوندا له‌ دایك ده‌بن.
كه‌ركوك ئێستا ته‌نیاترین شارى سه‌ر گۆى زه‌ویه‌، زڕباوكه‌كان پیسى ده‌كه‌ن و نه‌وته‌كه‌ى ده‌دزن

 

كه‌ركوك ئێستا ته‌نیا ترین شارى سه‌ر گۆى زه‌ویه‌، زڕباوكه‌كان پیسى ده‌كه‌ن و نه‌وته‌كه‌ى ده‌دزن، زڕباوكه‌كان به‌ پێكهاته‌كه‌ى ناوى ده‌ڵێن، ئێوه‌ ده‌بێت له‌ ترسى یه‌ك خۆتان بشارنه‌وه‌، ئێوه‌ هاوشارى یه‌كتر نین و دژن، ئێوه‌ تاماون پێویسته‌ یه‌كتر بكوژن، ئه‌و وه‌ك ته‌نیاترین شارى سه‌ر گۆى زه‌وى داره‌كانى وشكده‌بن و پاره‌ى بۆشكه‌ نه‌وته‌كانى ده‌چنه‌ گیرفانى خه‌ڵكى تره‌وه‌، وه‌ك ته‌نیاترین شار رۆڵه‌كانى به‌ به‌ركى خاڵیه‌وه‌ جاده‌كان ده‌پێون و بازرگانه‌كانى شه‌ڕو توند و تیژیش دۆلارى نه‌وته‌كه‌ى له‌ په‌ناى سیاسه‌تى و خاوه‌ندارێتیه‌وه‌ دابه‌شده‌كه‌ن، ته‌نیاترین شارى دنیا هه‌موو شوناسه‌كه‌ى ده‌شێوێنن و خۆیشى به‌ دواى شوناسه‌كه‌یدا ناگه‌ڕێت، وه‌ك ئیسماعیلى ژێر چه‌قۆ .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP