کۆتایی سەردەمی ڕەخنە

مەحمود عەبدوڵڵا - 20-04-2019 - 1692 جار خوێندراوەتەوە


ڕەخنەکردن هەستکردن بەبەرپرسیارێتییە، لە پێناو کەمکردنەوەی هەڵە  و ژیانێکی ڕاست. ڕەخنە کاتێک سود دەگەیەنێت کە ڕەخنە لێگیراویش هەمان ئەخلاقی بەرپرسیارێتی ڕەخنەگری هەبێت و گوێبگرێت. وەک چۆن قسەکردن بەرپرسیارێتییە گوێگرتنیش بەرپرسیارێتییە. وەک چۆن قسەکردن هات و هاوار نییە، گوێگرتنیش گوێ قوتکردن نییە. چ لە بواری کۆمەڵایەتی و ،چ لە بواری ژیانی سیاسیدا دەبێت ئەخلاقی گوێگرتن هەبێت، نە ک گوێ قوتکردن.
مرۆڤ کە ئەخلاقی گوێگرتنی نەبو لەکاتێک گوێبیستی ڕەخنە دەبێت، مێشکی لە شوێنێکیترە، لە جیاتی بیرکردنەوە لە خودی ڕەخنە و مەبەستەکەی بیر لە خۆ قوتار کردن دەکاتەوە

 

 گوێ قوتکردن چییە؟ ئەوەی کە ئاژەڵێکی کێوی گوێ قوتدەکات کە گوێبیستی دەنگێک دەبێت بۆ خۆ قوتارکردن و خۆئامادەکردن، ئەو حەیوانە لە دەنگە کە تێناگات تەنها دەیبیستێت. بەڵام گوێگرتن تایبەتمەندی مرۆڤە و، مرۆڤ لە کاتی گوێگرتندا هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات و ئەو هەستی بەر پرسیارێتییە مرۆڤ دەخاتە بیرکردنەوە، ئەگەر وانەبێت تەنها گوێ قوتکردنە بۆ تێگەیشتن لەمەترسی دەنگەکە و ڕاکردن لێی. مرۆڤ کە ئەخلاقی گوێگرتنی نەبو لەکاتێک گوێبیستی ڕەخنە دەبێت، مێشکی لە شوێنێکیترە، لە جیاتی بیرکردنەوە لە خودی ڕەخنە و مەبەستەکەی بیر لە خۆ قوتار کردن دەکاتەوە. 

گوێ قوتکردن ئاسانە، ئاژەڵێکیش گوێ قودەکات، بەڵام ئەخلاقی گوێگرتن مرۆڤێک واداری بیرکردنەوە دەکات. گوێگرتن مرۆڤ دەخاتە ژێر بەرپرسیاریەتی بیرکردنەوە. لەدۆخێکی وەک کوردستان نەڕەخنەگر جدییە نە ڕەخنە لێگیراو. 

کەس لەکەس تێناگات هەموان حەقیقەتێکیان لەسەر سەیڤ کراوە، کەس گوێ لەکەس ناگرێت ئەگەر یەکێک گوێ دەگرێت تەنیا وەک نۆبە پێدانە و هیچیتر، جاری وایە ئەو کەسەی وا ئەزانی گوێت لێدەگرێت لەشوێنێکیترە، گوێگرتن شتێکە پەیوەندی بەشعورەوە هەیە، مرۆڤی بێشعور گوێ ناگرێت، تەنها ئەوکاتەی قسەی بۆ دەکەیت بێدەنگ دەبێت و گوێ قوتدەکات. جیاوازی زۆرە لەنێوان گوێگرتن و بێدەنگبوون۰بێدەنگبون لەکاتێکدا یەکێک قسەدەکات ئەتەکێت و ڕێز نیشان دانێکە و هیچیتر، بەڵام نەک ئەتەکێتێک کەتاکی شارستانی هەیەتی ۰۰۰

گوێگرتن ئەخلاقە، بیرکردنەوەیە لەوەی گوێت لێدەبێت هەڵسەنگاندن و وردبونەوەی دەوێت، تۆ لەکاتی گوێگرتن دەکەویتە نێوان دانپیانان و ڕەتکردنەوە. گوێگرتنێک لەسەر بنەمای ڕەتکردنەوەبێت گوێگرتن نییە. من بە دەیان کاژێر لەگەڵ دەیان توتی گفتوگۆمکرد، بۆتەنها جارێک توتییەکم نەبینی گوێی لێگرتبم، بۆ ئەوەی بزانێ چی دەڵێم،گوێت لێئەگرن بۆ ئەوەی بزانن چۆن وەڵامت بدەنەوە چۆن رەتت بکەنەوە چۆن خۆیان قوتاربکەن۰ لەمەملەکەتی توتیەکاندا هەموو کەس جەنگاوەرێکی ئازایە لە مناقەشەدا هەموان فێری پاساو هێنانەوە بوون بۆ هەڵەکانیان بۆژیانێکی هەڵە. لەڕوی ساسییەوە، سیاسیەکان وەک گورگێک کە داویەتی لەڕانە مەڕێک کاتێک گوێبیستی ڕەخنە دەبن دەزانن کەکەتنیان کردوە تەنها هەوڵی خۆ قوتارکردن ئەدەن، چونکە اخلاقی گوێگرتنیان نییە تەنها وەک گورگ گوێ قوت دەکەن وەڵامەکەشیان لە لورە لور زیاتر نییە.

 کاتێک دەسەڵاتدار دەزانێت ڕەخنەگر وەک داوەڵێکە و هیچیتر  گیانی جوڵە و یاخیبونی تێدانییە، ڕەخنەگرێکی مردوە و تەنها دەنگێکە و هیچیتر، ئەوا دەسەڵات لەگەڵ ئەو دەنگە ڕادێت نەک هەر ئەوە بەڵکو بارک اللەی بۆدەکات و لاسایشی دەکاتەوە ئیتر کەس نازانێ دەبێ کێ قسەبکات و کێ گوێبگرێت

 

ئیدی لەدۆخێکی وەهادا ئەوەی دەیبیستین ژاوە ژاوە و هیچیتر، کەس لەکەس تێناگات و دەنگەکان تێکەڵ دەبن. لە و دۆخەدا  دەبێت ڕەخنە بوەستێت، چونکە ڕەخنەگری جدی کاتێک ڕەخنە دەگرێت پاساوی ئەوە دەدات کە ئەوانەی هەڵەدەکەن بەزانایی نایکەن و خۆیان بە بەرپرس دەزانن، بەڵام ئێستا ئێمە هەمومان دەزانین هیچ هەڵەیەک لە ئارادا نییە، ستراتیژێکی تێکدان و پڕۆژەیەکی گەورەی خیانەت هەیە کە کۆمەڵێک وەک گورگ پەلاماری کۆمەڵگا دەدەن و دەلورێنن. ئێستا ئیدی دەبێت ئەخلاقی بەرپرسیاریەتی لە قسەکردنەوە بگۆڕێت بۆ کردار و وەستاندنی ئەوەنەی تەنها گوێ قوت دەکەن کاتێک قسە دەکرێت کە گوێگر هەبێت دەبێت تا ئەوکاتەی فێری گوێگرتن دەبن لە گەڵیان بڕۆین نرخەکەی هەرچی بێت لە ڕەخنەی ڕۆشنبیرانەوە بۆ یاخیبونی ڕۆشنبیران، لەمافی قسەکردنەوە بۆ مافی شۆڕش. ڕەخنەگر وەک ئەوداوەڵەی لێهاتوە کە شوانێک دروستی دەکات بۆ ئەوەی مەڕەکانی پارێزراوبن، یان وەک ئەو تەنەکەیەی کە باڵندەکانی پێ دەڕەوێنەوە بۆ پاراستنی داغڵ ودان، بەڵام لە ئەنجامی ئەزمون و دوبارەکردنەوە گورگ دەزانێت کە ئەوە داوەڵە و مرۆڤی ڕاستی نییە، و تەنەکە کوتانەکەش تەنها دەنگێکە و هیچیتر، کاتێک دەسەڵاتدار دەزانێت ڕەخنەگر وەک داوەڵێکە و هیچیتر  گیانی جوڵە و یاخیبونی تێدانییە، ڕەخنەگرێکی مردووە و تەنها دەنگێکە و هیچیتر، ئەوا دەسەڵات لەگەڵ ئەودەنگە ڕادێت نەک هەر ئەوە بەڵکو بارک اللەی بۆدەکات و لاسایشی دەکاتەوە ئیتر کەس نازانێ دەبێ کێ قسەبکات و کێ گوێبگرێت. 
 دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکە ئەخلاقی گوێگرتنی نییە، ئیتر ڕەخنەکردنی بێسودە، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی لەجیاتی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەبن بەڕەخنەگر

دەوترێ کاتێک ڕۆشنبیر یاخی دەبێت دەسەڵات دەڕوخێت. بۆیە ئەوەی ئێمە پێویستممان پێیەتی یاخیبونە، نەک ڕەخنەگرتن. کاتێک ڕەخنەگر هەست دەکات گوێی لێناگیرێت و ڕەخنەکانی گوێگریان نییە،دەبێت جدیەتی هەبێت، جدیبون گۆڕانە لە قسەکردنەوە بۆ یاخیبون، لەوەی دەمەوێت کە روبار ئاوابێت، بۆ ئەوەی دەبێ ئاوابێت دەسەڵاتی کوردی دەسەڵاتێکە ئەخلاقی گوێگرتنی نییە، ئیتر ڕەخنەکردنی بێسودە، تەنانەت کار گەیشتۆتە ئەوەی لەجیاتی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی دەبن بەڕەخنەگر، ئەوە نەک وەک خۆ ڕەخنەکردن، بەڵکو بۆ چەواشەکردن و خۆدزینەوە لەوڵامی ڕەخنەکان. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP