ریمۆنتادای هونەری کاریکاتێر

هەندرێن خۆشناو - 20-04-2019 - 2253 جار خوێندراوەتەوە


لە دوای راپەڕینی بەهاری 1991 ئەگەر باس لە زۆری و بۆری نەکەین، ئەوا بواری هونەر و راگەیاندن و رۆژنامەگەریی گەشەکردن و پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی، لە نێو ئەمانەشدا بە تایبەتی لە نێو بواری هونەری شێوەکاری و رۆژنامەگەریدا هونەری کارتۆن و کاریکاتێریش بێبەش نەبوون لەم گەشەکردنەدا، چونکە هونەرێکە سەر بەهەردوو بوارەکە، چ لە بڵاوکردنەوەیان لە رۆژنامەکاندا و چ لە رووی وەشاندنی چەندین گۆڤاری تایبەت بەخۆیان، وەک سیخورمە، مەلامەشهور، دەهۆڵ تایمز، گەپ، تەنزوێنە...، و چەندین هونەرمەندی گەنجیش ئەسپی خۆیان تاودا و کارەکانی خۆیان لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکردەوە، هەرچەندە ژمارەشیان کەم بووبێت، بەڵام جێگای هیوا و باوەڕکردن بە دوارۆژێکی گەش بوون لە هونەرەکەدا، هەندێکیان تا ئێستاش هەر بەردەوامن لە بەرهەمهێنان و وەشاندنی بەرهەمەکانیان، هەندێک لەمانەش پێشەنگن و جێ پەنجەیان دیارە و بەرهەمەکانیان لە ئاستی بەرهەمە جیهانیەکاندایە. دەتوانین بڵێین کوردیش وەک میللەتانی جیهان بووە خاوەن هونەری کاریکاتێر و کاریکاتێریستانی تایبەت بەخۆی، لەگەڵ هەبوونی چەندین کەموکوڕی ماددی و بابەتی.

بەداخەوە لەگەڵ سەرهەڵدانی چەندین نەهامەتی و کارەساتی گەورە گەورە و سەپاندنی شەڕوشۆڕ بەسەر میللەتەکەماندا، کە هۆ و هۆکارەکەی سیاسەت و سیاسەتمەداران بوون، ئەم نەهامەتیانە هەموو بوارەکانی ژیانی گرتەوە، هونەری رۆژنامەوانی و کاریکاتێریش بەدەرنەبوون لەم نەهامەتیانە، کە بوونە هۆی کەمی خوێندنەوە و کەمی فرۆشتنی رۆژنامە و گۆڤارەکان، و بڵاونەکردنەوەی کارتۆن و کاریکاتێر لە رۆژنامەکاندا، هەروەها داخستنی هەموو گۆڤارە تایبەتەکانی بواری کاریکاتێر و کارتۆن و رەخنەی گاڵتەجاڕی. 
بە بەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی جیهان تێیدا، دەتوانین ئەم هەنگاوانە بە ریمۆنتادایەک و هەڵسانەوەیەک و سەرهەڵدانێکی نوێی هونەری کاریکاتێر و کارتۆن بژمێرین لە باشوری کوردستاندا

ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر نێگەتیڤی هەبوو بەسەر هونەری کاریکاتێر و خودی کاریکاتێریستانەوە، چەند هەوڵێکی تاکە کەسی هونەرمەندانی کاریکاتێر لە ئارادامابوون، کە خۆشەویستیەکەیان بۆ هونەرەکە، وای لێکردبوون کە بێوچان بەردەوام بن لە کار وچالاکی ناوەخۆ و جیهانیش، بەڵام لەم دوو ساڵەی رابردوودا کۆبوونەوەی چەند کاریکاتێریستێکی باشوری کوردستان لە پێشانگایەکی هاوبەشدا لەسەر دەستی کاکە (بەختیار سەعید)ی هونەردۆست و خەمخۆری هونەر، دوای ئەوەش ئەنجامدانی یەکەمین دیداری کاریکاتێریستانی کوردستانی گەورە، و کردنەوەی چەندین پێشانگەی کارتۆنی و چاپکردنی چەندین کتێبی بواری کارتۆن و پۆستەری کارتۆنی و کەتەلۆگی پێشانگاکان و ئەنجامدانی چەندین چاوپێکەوتن و دیمانەی تەلەڤزیۆنی بۆ خۆی و بۆ کاریکاتێریستان، و بڵاوکردنەوەی رۆشنبیریی هونەری کاریکاتێری لەنێو خەڵکدا، کردنەوەی پێشانگایەکی کارتۆنی بەناونیشانی (ژینگە ژیانە) بۆ هونەرمەندانی باشور و رۆژهەڵاتی کوردستان، و مژدەبەخشینی بڵاوکردنەوەی پاشکۆیەکی تایبەت بە رۆژنامەی (کوردستانی نوێ) بۆ کاریکاتێر بەناوی (کاری کاتۆر)، و دواجاریش سازدانی یەکەمین دیداری نێودەوڵەتی کارتۆنی کورد لە کوردستاندا، بە بەشداریکردنی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی جیهان تێیدا، دەتوانین ئەم هەنگاوانە بە ریمۆنتادایەک و هەڵسانەوەیەک و سەرهەڵدانێکی نوێی هونەری کاریکاتێر و کارتۆن بژمێرین لە باشوری کوردستاندا، بەهیوای ئەوەی ئەم هەنگاوانە کۆسپ و تەگەرەیان نەخرێتە بەردەم و ئاستی ئازادی لەبەردەمیان بەرتەسک نەکرێتەوە، بەڵکو هاوکار و پشتگیربن، تاوەکو هەنگاونان بەردەوام بێت و نەوەستێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP