چۆن کابینەی نوێ کێشەی بێکاری گەنجان چارەسەربکات؟

هەرێم حسن احمد - 19-04-2019 - 1219 جار خوێندراوەتەوە


بۆ دەسکەوتنی کار لە هەموو وڵاتێک دوو هۆکار زۆر ڕۆڵ دەبینن: هەبونی بڕوانامەو ئەزمونی شارەزایی کەسەکە هەر لەزانینی زمان، کارپێکردنی ئامێرەکان، شارەزایی لە بەرنامە سەرەکیەکانی کۆمپیوتەر، توانای قسەکردن و هەبونی سیڤیەکی باش... لەگەڵ ڕۆڵی حکومەت لە دابینکردنی هەلی کار، کە ئەم دوو خاڵە یەکانگیرن و هیچیان بێ ئەوەی تر ناتوانێ دەرفەتی یەکسان و دادپەروەرانە دروستبکات بۆ دۆزینەوەی کار. لێرەدا بەکورتی تەنها باس لەڕۆڵی حکومەت دەکەین لەبواری ڕەخساندنی دەرفەتی کار، ئەوەی پەیوەندی بەڕۆڵی تواناکان و بڕونامەو ئەزمونی کەسەکانەوە هەیە لە دەرفەتێکی تردا باس دەکەین.   

دەکرێت کابینەی داهاتووی حکومەت  ئەم هەنگاوانە بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی بێکاری بنێن:

-کردنەوەی سەنتەرەکانی دۆزینەوەی هەلی کار له هەموو شارەکان. 

- نەهێشتنی دەستێوەردانی حیزبی و شەخسی و بنەماڵەیی و میزاجی شەخسی و جیاوازی حیزبی و ئاینی و ڕەگەزی و ناوچەگەری لە بەخشینی کار.

- دەرکردنی بڕیاری نوێ بۆ ئاسانتردۆزینەوەی کار.

- کردنەوەی دەرگای دامەزراندن لە کەرتی حکومی و چاودێریکردنی کەرتی تایبەت.

- پێداچونەوەی سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەت، کە لە دەیان شوێن خەڵکی ناشایستەو بێکارو بێ ڕۆڵ و بێ بڕوانامە بونیان هەیە، دەکرێ ئەوانە لە شوێنی تر دابنرێن کە لەگەڵ ئاستی بڕوانامەو توانایان بگونجێ نەوەک تەنها وەکو مشەخۆرێکبن و تەنها مووچە وەرگرن، بۆنمونە زۆرکەس تەنها دەتوانێ ئێشی پاکردنەوەبکات، چونکە شارەزایی و بڕوانامەی نیە، کەچی بەرپرسی هۆبەیەکە.

- پاککردنەوەی فەرمانگەکان لە بندیوارەکان و ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی دوو ئیدارەیی، بەوەی بندیوارەکان کە چەند ساڵە دەوامیان نەکردووە و مووچەیان وەرگرتووە، تەنها 35/100 مووچەیان پێ بدرێ تاوەکو دوو ساڵ بۆئەوەی ئیشێک بدۆزنەوەو دوای ئەم دوو ساڵە یەکجاری فەسڵبکرێن.

- داوا لە پەڕلەمان بکرێ بۆ پێداچونەوە بە تەمەنی خانەنشینی و کەمکردنەوەی ساڵی تەمەنی خانەنشینی.

- کردنەوەی چەندین کارگەی خۆماڵی وەکو مرەباو دۆشاوی تەماتە، شیرەنەمەنی و سپیایی، دروستکردنی ڕۆنی خۆماڵی و پێشەسازی لە قوتونان.

- کۆتایهێنان بەگرێبەستی کرێکارانی بیانی و دانانی کرێکارای خۆماڵی بێبڕوانامەکان.

-ئەولەویەتدان بەدامەزراندنی ئەوانەی چەندین ساڵە دانەمەزراون و ئەوانەش بەخۆبەخش وانەبێژ و گرێبەست خزمەتی دامودەزگاکانیان کردووە.

- لەکۆتایدا بەیاساو هێزی پۆلیس ڕێگری بکرێت لەوانەی ئیشی دووەم و سێ یەم دەکەن و جێگیرکردنی یاسای یەک ئیشی لەکوردستان و بڕینەوەی غەرامەو سزای قورس بۆ ئەوانەی ئیشی دووەم و سێ یەم دەکەن، تەنانەت ئەگەر ئیشی کەرتی تایبەت و ئیشی ئازادیش بێت. بۆنمونە لە ئیشکردن لەبواری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیل مۆبایل و کۆمپیوتەر زۆرترین مامۆستاو پێشمەرگە و پۆلیس و ئاسایش دەبینرێت، ئەگەر فەرمانبەران و پێشمەرگەو پۆلیس لەم دوو بوارە دووربخرێنەوە زۆرترین دەرفەتی کار پەیدا دەبێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP