جوانى جاويدان

کەمال عەوڵا گەورە - 19-04-2019 - 5015 جار خوێندراوەتەوە

ئەوەندەى من  بزانم  و لە دین و دونیاو ئاین  وژیان و ئیمان و ئەوین تێی گەیشتبم خواى پەروەردگارى زاناودانا نەمرى خۆى بەهەندێ لەشتەكان و کەسەکان دەبەخشێ واتا هەندێ شتگەل هەنە تاكۆتایی دونیا هەر بەنەمری دەمێننەوە، هەروەها هەندێک لە مرۆڤەکانیش بەشێک لەو نەمری بوون و جاویدانی بوونەیان بەردەکەوێت و هەتا کۆتایی ژیان و دونیا، فۆکۆیاما وتەنی کۆتایی مێژوو ناو ناوبانگیان هەر بەنەمری و هەربەجوانی دەمێنێتەوە.
نازانم بۆچى وایەو هۆكار و ڕازو نهێنى پشت ئەو نەمری بوونەوە چیە

 

لەڕاستیدا نازانم بۆچى وایەو هۆكار و ڕازو نهێنى پشت ئەو نەمری بوونەوە چیە؟ مەبەستم لەوەیە، بۆچى گۆرانییەکانی حەسەن زیرەک و محەمەدی ماملێ و سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی وعایشە شان و محەمەد عارفێ جزیری و شەماڵ سائیب و خوداد عەلی و مەزهەری خالەقی و عەلی مەردان ڕۆژبەڕۆژ لە دڵ ودەرون و هەست و نەستی گوێگران و بیسەراندا زیاتر و زیاتر خۆشتر و بەتامتر دەبن!.

حەزدەکەم بزانم هۆکاری ئەو نەمری بوونە چیە؟ لەملاشەوە زۆر بە پێچەوانەوەیە؛ دونیایەک گۆرانی و ئاوازو میلۆدی زۆر مردوومان هەیە کە مانگێک زیاتر نابا هەمویان بەسەردەچن و کەس نامێنێ تامەزرۆیان بێ! لەکاتێکدا سەرەتا، کە ئەو گۆرانیانە پەیدابوون هەواداران و شەیدایانیشیان زۆربوون و گۆرانیەکانیش ناوبانگێکی چاکیان هەبوو!.
 بۆ عاشقانی وەکو مەجنون و لەیلاو وامیق و عەزرا و شیرین و فەرهاد و ڕۆمیۆ و جۆلێت و سیامەند و خەجێ و قەر وگوڵەزەر و دەیانیتر، هەتاهەتایی لەدڵ وبیری ئەوانیتردا دەمێننەوە 

 

شیعری شاعیرانی کلاسیک، نالی، مەحوی، مەولەوی، بێسارانی، سافی حاجی و هتد لەناو فارسەکانیشدا، حافز و سەعدی و سەنایی و فیردەوسی و سوهراب.. لەناو هەموو میللەتانی دونیاشدا ئەو بابەتانە هەنە!! زۆر بیر لەو مەسەلانە دەکەمەوە و دەڵێم باشە بۆ عاشقانی وەکو مەجنون و لەیلاو وامیق و عەزرا و شیرین و فەرهاد و ڕۆمیۆ و جۆلێت و سیامەند و خەجێ و قەر وگوڵەزەر و دەیانیتر، هەتاهەتایی لەدڵ وبیری ئەوانیتردا دەمێننەوە و تائێساش خەڵکی هەرباسیان دەکەن و نمونەیان لەسەر دەهێننەوە و بوونە سیمبولی عەشق و خۆشەویستی، بەڵام عەشقی عاشقانی ئێستاکە گوایە خۆیان بەعاشق دەزانن، وەکو بڵقی سەرئاو وایەو زوودەتەقێ ونامێنێ!.
بۆچی هەندێک کەس کاروکردەوەی کەمیشیان کردووە، بەڵام وەکو درەختی بەردار وان و خێر و بەرەکەتی زۆریان دەسکەوتوە

 

باشە ئەوە دەبێ چ سڕێکی تێدابێ ؟! وەی عەجەب ئەوەچ سڕێک چ ڕازێکی جاویدانە ئەزیزی دڵم؟ حافز دەیوت کەس لە ئەسڕاڕی خودا تێناگا دەنگێ مەکە (حافز ئەسڕاڕی ئیلاهی نازانێ کەس دەنگێ مەکە) باشە بۆچی هەندێک کەس کاروکردەوەی کەمیشیان کردووە، بەڵام وەکو درەختی بەردار وان و خێر و بەرەکەتی زۆریان دەسکەوتوە و ناوبانگێکی جیهانی گەورەیان هەیە و خەڵکانێکیش هەن خەرمانێکیان لە ئیش و کارکردوە و نەبونە جێگای مەدح و سەنای کەس! بۆ نمونە نوسەری ئێرانی سادق هیدایەت بەرهەمەکانیشی زۆرنین و ناویشی لە ئەدەبیاتی جیهانیدا دەدرەوشێتەوە! نوسەری واش هەیە 10 ئەوەندەی ئەوی نوسیوەو کەسیش نایناسێت مەسەلە چیە؟.
ئەی بۆ زەردەخەنە سیحراویەکەی مۆنالیزا ناڵێی؟ ئەو تابلۆیە زیاتر لە 500 ساڵ دەبێ کە دروستکراوە و لەگەڵ ئەوەشدا موشتەریەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ زیاتردەبن

 

نیزامی گەنجەوی کە شاعیرێکی گەورەی ئێرانی بوو جگە لە لاواندنەوەکەی لەیلاو مەجنون شیعرێکی درێژی پێنج بەشی نوسیوەکە بەخەمسەی نیزامی ناسراوە. لەسەردەمی ڕەزاشادا لە ئێران هەرکەسێک خەمسەی نیزامی لە بەرنەبووبێ پێیان نەوتوە ڕۆشەنبیر!! نیزامیش بەخوای شیعر ناسراوە. ئەی بۆ زەردەخەنە سیحراویەکەی مۆنالیزای داڤنشی ناڵێی؟ ئەو تابلۆیە زیاتر لە 500 ساڵ دەبێ کە دروستکراوە و لەگەڵ ئەوەشدا موشتەریەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ و ساڵ بە ساڵ زیاتردەبن، دەبێ نهێنی و ڕەمزوڕازی ئەو زەردەخەنە جادوییە چی بێ، کە شەیدایانی هەڵوەداو سەراسیمە کردووە؟!

مرۆڤ گەلێکی وەکو شەمس و مەولانا وعەتار و بایەزید و ڤمحێدینی عەرەبی و هێرمان هسەو سۆرین کیرکەجاردو ئەبوولسەعیدی ئەبولخەیر.ئەمانەکەسانێکن هەمیشە پێشەنگی نازداری وشەنگی وجوانی وخۆشەویستین لەدونیای عیرفان وعەشق وئەویندا.
 بتهۆڤن مۆسیقاری بەناوبانگ هەندێک جارتوشی حاڵەتێک بووە، وەکو پێغەمبەران لەکاتی هاتنی وەحیدا توشی بوون

 

بڕوا بکەن زۆری نەماوە ئەندێشە و خەیاڵ و فەنتازیاکانم ببنە دەریای ئەوین و گیان و ڕۆحم بۆ لایەک بفڕێنن و خەریکە دەبمە مۆریسمێتەرلینگ و کێبی فەنتازیاکانم دەنوسم و بڵاویدەکەمەوە. بتهۆڤن مۆسیقاری بەناوبانگ هەندێک جارتوشی حاڵەتێک بووە، وەکو پێغەمبەران لەکاتی هاتنی وەحیدا توشی بوون. لەرزین و ددانە چەقچۆ و دوایش ئارەقکردن و گەرم داهاتن و سوروشین بونەوە و ڕەش داگەڕان و سپی هەڵگەڕان، لێیان پرسیوە ئەوەچیە ئەو حاڵەتە وتویەتی ئیلهامم بۆدێ و کە تەواو بووە یەکسەر دەستیکردوە و بەنوسینی سەمفۆنیا!، وتویەتی لە دونیاو لە عالەمی میتافیزیکەوە و لە غەیبانیەتەوە ئیلهامم بۆهاتوە!.

باشە بەڕێزان من لە ئێوە دەپرسم ئەو بارودۆخەی جەنابی بتهۆڤن چ ناوێکی لێدەنێن؟ ئایا خوا ئیلهامی بۆبتهۆڤن ناردوە؟ یان شەیتان؟ ئەگەر قەراربێت خوای پەروەردگار وەکو چۆن وەحی بۆ پێغەمبەران سەلامی خوایان لەسەربێت ناردوە، ئاواش ئیلهامی مۆسیقای بۆ مۆزارت و بتهۆڤن و ئیلهامی شیعری بۆحافز و سەعدی و مەولانا و ئیلهامی چیرۆک و حیکایەت و تەمسیلی بۆ شکسپیر و ئەحمەدی خانی ناردبێ تاڕۆمیۆجۆلێت و مەم وزینی پێ بنوسن. 
بۆچی دین و ئیمان لەلای ئێمەی کورد و عەرەب و ڕۆژهەڵاتی بەمجۆرەی لەمڕۆدا هەیە وا تەفسیر و تەئویلی بۆکراوە کە دژی سەماو گۆرانی و هەڵپەڕکێ و شادی و خۆشیە

 

ئەدی بۆچی دین و ئیمان لەلای ئێمەی کورد و عەرەب و ڕۆژهەڵاتی بەمجۆرەی لەمڕۆدا هەیە وا تەفسیر و تەئویلی بۆکراوە کە دژی سەماو گۆرانی و هەڵپەڕکێ و شادی و خۆشیە و مەلاکانمان ئەوشادی وخۆشییانە هەموو حەفتەیەک لە ڕێگای وتار و قسەکانیانەوە لەخاچ دەدەن؟ لەبەرچی ڕقیان لە جوانی و گوڵ و وشیعر و ئەوینداریە؟ ئایا ئەوە عەقڵیەتی ئێمە و پەروەردەکەمانە کە زۆر سەرەودەری لێناکەین، یان پیاوانی دین نایانەوێ ڕاستیەکان بەخەڵکی بڵێن؟ یان ڕۆژئاوایی و ڕۆژهەڵات ناسەکان ئەو وەزعەیان لەئێمە شاردۆتەوە و ویستویانە ڕوی ئاینی ئێمە ڕەش وناشیرین بکەن؟!، یاخود دەبێ شەیتان ئەوانەی بۆناردبن؟ شەیتان ئەم شتانەی لەکوێ هێناوە لەکاتێکدا هێندە ڕقی لەئادەم بووە بەخوێنی سەری نەوەکانی تینووبوە.

پێموانیە هیچ خێرو و خۆشییەکی بۆ ئەوان ویستبێت! ئەگەر ئەوداڤنشی و پیکاسۆ و ڤانکوخی فێری داتاشینی وێنەی پڕ لەجادوی و ئەفسانەیی ئاسمانی کردبێ کە نەوەکانی ئادەمن بۆچی ئیعلانی حەڕبی لەگەڵ ئەو فەقیرەبێ داکو بابە کرد و لەو بەهەشتە خۆشە بەدەری نا؟؟؟ ئەمە چ ئەفسونێکە چ سیحرێکە چ ڕازێکی سەیر و سەمەرەیە؟ توخوا کەس لێی تێدەگات؟!! بەختیار عەلی ناحەقیەتی ئەگەربڵێ عەشق شەڕێکە لەگەڵ خوا و لەگەڵ شەیتان وعاشقان هەمیشە دەدۆڕێن... ئەرێ توخوا ئازیزان ئێوە کەستان لێی تێدەگەن؟.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP