یەكڕیزیی هێزە سیاسییەكان، پێویستییەكی هەنووكەیی بارودۆخەكەیە

محەمەد عەلی - 17-04-2019 - 1220 جار خوێندراوەتەوە

هێزە سیاسییە كوردستانییەكان بە روئیایەكی ڕوون و كاری پێكەوەیی ئامادەكارییان بۆ عێراقی دوای ڕژێمی بەعس كرد

 

لە سەروبەندی بەرنامە داڕشتن بۆ پرۆسەی ئازادكردنی عێراق، هێزە سیاسییە كوردستانییەكان بە روئیایەكی ڕوون و كاری پێكەوەیی ئامادەكارییان بۆ عێراقی دوای ڕژێمی بەعس كرد و توانییان باشترین و زۆرترین دەستكەوت بۆ كوردستان بەدەست بێنن.

پێشمەرگە توانی بگەڕێتەوە بۆ زۆرینەی ناوچە كوردستانییەكان و ئیدارەی كوردی بۆ ئەم ناوچانە دابمەزرێنێت

 

لە ماوەیەكی كورتدا، پێشمەرگە توانی بگەڕێتەوە بۆ زۆرینەی ناوچە كوردستانییەكان و ئیدارەی كوردی بۆ ئەم ناوچانە دابمەزرێنێت و بە یەكدەنگیی هێزە كوردییەكان توانرا دەستوورێك بۆ عێراق بنووسرێت، كە زۆرترین داواكارییەكانی كورد تێیدا جێگەی بكرێتەوە و بۆ یەكەم جاریش بوو لە مێژوودا سەرۆك و وەزیری دەرەوەی وڵاتێكی داگیركاری كوردستان، لە لایەن دوو كوردەوە سەركردایەتییان بكرێت.

لە شەڕی تیرۆرستانی داعشدا، هەمان سیناریۆی بەیەكەوە كاكردنمان دووبارە كردەوە و هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان لە ژێر سەركردایەتیی سەرۆك بارزانیدا توانییان ئەزموونی هەرێم بپارێزن و كوردستان بگوازنەوە بۆ قۆناغێكی زۆر جیاوازتر لە ڕووی دەوڵەتداری و پێگەی هەرێمی كوردستانیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا گەیشە ئەو ئاستەی وڵاتان مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هەرێم بكەن لە ڕووی دیپلۆماسی و سەربازییەوە.

پێویستە دوای رێككەوتنی پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم خۆمان ئامادە بكەین بۆ هەموو ئەگەرەكان

 

لە ئێستاشدا دەكرێت هەمان ئەزموون دووبارە بكرێتەوە، بە تایبەتی دوای رێككەوتنی پارتی و یەكێتی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم خۆمان ئامادە بكەین بۆ هەموو ئەگەرەكان، بەو هۆكارەی عێراق بەرەو ڕووی گۆڕانكاریی نوێ هاوشێوەی پڕۆسەی ئازادی دەبێتەوە، داواكاریی بەهەرێمبوونی بەسڕا و مووسڵیش لە كاتێكدایە، قوڵبوونەوەی ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران لە عێراق لەوپەڕیدایە و هاتنەپێشەوەی سعوودیە و ئوردن بۆ ناو هاوكێشەكە لە ڕێگەی ئابوورییەوە، هاوكاتە لەگەڵ داواكاریی چوونەدەرەوەی حەشدی شەعبی لە ناوچە سووننەنشینەكان، ئەمانە هەمووی ئاماژەی ڕوونن لە حەتمیبوونی گۆڕانكاری لە عێراقدا.

گۆڕانكارییە خێراكان لە وڵاتانی هەرێمیدا، ئاماژەن بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا گۆڕانكاریی سیاسیی گەورە چاوەڕوانی ناوچەكە دەكات

 

هاوكات گۆڕانكارییە خێراكان لە وڵاتانی هەرێمیدا، ئاماژەن بۆ ئەوەی لە داهاتوویەكی نزیكدا گۆڕانكاریی سیاسیی گەورە چاوەڕوانی ناوچەكە دەكات و كوردیش ڕۆڵی سەرەكیی دەبێت. ئەگەر لە ڕابردوو عێراق ئامانج بوو، ئەم جارە ناوچەكە بە گشتی و وڵاتانی هەرێمی بە تایبەتی توركیا و ئێران ئامانجن، بەڵام بە شێوەی سەربازی نا، بەڵكو ئابووی رۆڵێكی كاریگەری هەیە، بە شێوەیەك ئاكپارتی لە دواهەڵبژاردندا پاشەكشەی كردووە و، لە ئێرانیش گەمارۆكان بە جۆرێك رژێمیان هیلاك و لاواز كردەوە، ئەگەری گۆڕانكاریی سیاسی لەم وڵاتانەدا لە ئان و ساتدایە.

كارنامەی كابینەی نۆیەم بەرنامەیەكی گشتگیر و داواكاریی هەموو هێزە بەشداربووەكانی ئەم حكوومەتە لە خۆ دەگرێ

 

ئەگەر سەیری كارنامەی كابینەی نۆیەم بكەین، بەرنامەیەكی گشتگیر و داواكاریی هەموو هێزە بەشداربووەكانی ئەم حكوومەتە لە خۆ دەگرێ و چاكسازی و بەهێزكردنی كایەكانی ئەم هەرێمە، لەپێشینەی كارەكانیەتی، ئەمەش لەسەر بنەمای ئەوەی پێكهێنەرەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەت، هەر سێ هێزی سەرەكیی گۆڕەپانی سیاسیی كوردستانن، كە ڕۆڵی كارایان لە كابینەكەدا دەبێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP