رۆڵ و كاریگەری سۆشیال میدیا لای حیزبە سیاسییەكان

کەمال محەمەد - 16-04-2019 - 3239 جار خوێندراوەتەوە

ئەفلاتۆن دەڵێت كەسی نەزان دەست بۆ هەرشتێك ببات خراپی ئەكات، ئەمە بۆ هەر تاكێك یان هەر هێز و لایەنێكی سیاسی راستە كاتێك بەهۆی نەزانینیان بە پێی یاساو رێساكانی بەكارهێنانی ئەو ئامێرە یان هەر بەكارهێنراوێك هێندەی مەبەستیانە خراپ بەدەست بهێنن هێندە مەبەستیان نییە سودی لێ وەبگرن، بۆ نمونە سۆشیال میدیا كە رۆڵە سەرەكییەكەی بۆ پەیوەندی و پێشكەوتن و زانست و مەعریفە بەكار ئەهێنرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان و بە تایبەت لای حیزبە سیاسییەكان  ئەم میدیایە واتە سۆشیال میدیا بەپێچەوانەوە بەكار ئەهێنرێت، كاتێك ئەم هێزانە بە تایبەت دەسەڵات نەیانتوانیوە یان نەیان ویستوە بەكاهێنانی ئەم جۆرە میدیایە وەك ئەوەی لە دنیادا هەیە بە پێی یاسا لە چوارچێوەی یاسادا رێكبخەن بۆ ئەوەی رۆڵ و كاریگەرییەكانی  لەبوارێكی ئەرێنیدا بێت، لە دنیادا سۆشیال میدیا كەمتر لە ململانێ سیاسییەكاندا رۆڵ ئەگرێت بە پێچەوانەوە لە هەرێمی كوردستان ئەم میدیایە  نەك ململانێ سیاسییەكانی تێپەراندوە بەڵكو هۆكارێك بوە بۆ  سەقەتكردنی شانە سیاسی و ئەخلاقیەكانی كۆمەڵگا و بگرە تا رادەی تیرۆركردنی كەسایەتی و فیكری تاكەكان و دنیای سیاسی ئێمە هەنگاوی ناوە.
لە هەرێمی کوردستاندا سۆشیال میدیا بۆتە ئامراز و رێگایەكی مەترسیدار بەدەست حیزبەكانەوە كە لە رێگەی چەندین پەیج و ئەكاونتی سێبەر و ساختەو تەنانەت زۆر جار پەیجە فەرمییەكانی خۆشیانەوە كار بۆ برینداركردن و ناشرینكردنی دنیای سیاسی و كۆمەڵایەتی بەرتەسك كردنەوەی بواری سیاسەت و ئەخلاقی كۆمەڵگا ئەكەن

 

لەهەرێمی كوردستان بەهۆی زۆری بەكارهێنانی سۆشیال میدیاوە سانسۆركردنی زۆر ئەستەمە كاتێك هەنگاو بەرەو ئەوە ئەنێت جێگای میدیای باو بگرێتەوە، بۆیە ئێستا ئەم میدیایە بۆتە ئامراز و رێگایەكی هەرە مەترسیدار بەدەست حیزبەكانەوە كە لە رێگەی چەندین پەیج و ئەكاونتی سێبەر و ساختەو تەنانەت زۆر جار پەیجە فەرمییەكانی خۆشیانەوە كار بۆ برینداركردن و ناشرینكردنی دنیای سیاسی و كۆمەڵایەتی بەرتەسك كردنەوەی بواری سیاسەت و ئەخلاقی كۆمەڵگا ئەكەن، لێرە دەسەڵات مەبەستێتی كۆمەڵگا بە تواناو دەرفەتەكانی خۆیەوە نەتوانێت تەندروستی خۆی بپارێزێت بۆ ئەوەی بناغەی هەبون و ئازادییەكەی بخاتە ژێر مەترسییەكی وەهاوە كە بەتەواوی لەدەستی بدات كاتێك بیركردنەوە و هەڵوێستەكانی لەگەڵ بەرژەوەندی و ئایدۆلۆژیا حیزبییەكەیەوە ناگونجێت.

سۆشیال میدیای حیزبی بوە بە سەكۆیەك بۆ لێدان لە كەسایەتیە دیارەكان و توێژی نوسەران و رەخنەگران و رۆژنامەنوسانی دەرەوەی خۆیان

 

سۆشیال میدیای حیزبی بوە بە سەكۆیەك بۆ لێدان لە كەسایەتیە دیارەكان و توێژی نوسەران و رەخنەگران و رۆژنامەنوسانی دەرەوەی خۆیان، بێگومان لێرەدا پاراستنی كەسایەتی و فیكری جێگای باس نییە تەنها گرنگییەك بۆ دەسەڵات چۆنێتی لەناوبردن و تیرۆری بیركردنەوەی ئەوانەیە كە وەك خۆیان بیر ناكەنەوە، واتە ئەگەر لەگەڵم نەبیت بەهەند نابینرێی و سوكایەتیت پێ دەكرێت و بەشداریكردنت لە گۆڕەپانە گشتییەكاندا لێ قەدەغە دەكرێت و لە بواری ئەخلاقیشەوە بەعەیبداری لەقەڵەم ئەدرێی.

بەكارهێنانی سۆشیال میدیا لەلایەن حیزبەكان و دەسەڵاتەوە بوە بە ئامرازی گۆڕانكارییە دژە دیموكراسییەكان، بۆیە ئەگەر دەسەڵاتێك بڕوای بەوە هەبێت سیستەمی دیموكراسی لەناو كۆمەڵگا و پێگە و تۆرە كۆمەڵایەتییەكان دەستبەربكات پێویستە دەستبەرداری ئەو جۆرە لە چەواشەكاری و تەخوینكردن و دروستكردنی زانیاری ناراست بهێنێت و بە پێی گرێدانی بە یاسایەكی سەردەمییانەوە سنورێك بۆ بەكارهێنانی ئەم جۆرە میدیایانەو بەكارهێنەرانی دابنێت و بۆ بارە ئەسڵییەكەی خۆی بگەرێنرێتەوە كە  بۆ فراوانكردنی رۆشنبیری و ئاسانكارییەكانی ژیانی مرۆڤ هاتۆتە كایەوە، بۆیە پێویستە میدیای سۆشیال چیدیكە نەبێتە جێگایەك بۆ ململانێكانی سیاسەت و ناوەندێكی دیكەی خۆپێناسەكردنی ئایدۆلۆژیای حیزبی و دەربرینی رق و كینەو حەزی تۆڵە سەندنەوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP