شەقامی سەرۆکایەتی

سلێمان عەبدوڵا یونس - 16-04-2019 - 13011 جار خوێندراوەتەوە

پارتی ھەر بەژمارەی کورسیەکانی دوھێندەی یەکێتی و سێھێندەی گۆڕان زیاتر نیە، بەڵکو لەڕوی خزمەتگوزاری ڕێگاوبانیشەوە، لەڕوی بەڕێوەبردنی قەڵەمڕەوەکەشەوە جیاوازیەکەیان لە دوھێندە و سێھێندە زیاترە. دەی باشە با پارتی کورسیەکانی ھی گزی بێت، ئەی ڕێگاوبانەکانی؟ ئەی ئاماژەکانی بەڕێوەبردنی سێکتەرەکانی دیکەی خزمەتکردنی قەڵەمڕەوەکەی؟

مەگەر یەکێتی و گۆڕان توشی ئیحراجی بەردەم خوداو خەڵک نابن، کاتێک لە سلێمانی ھێشتا شەقامی 60 شەستی بە ئەندەرپاس و ئۆڤەرپاس و یوتێرن تەواو نەبوە و شەقامی 100 مەتریش وا نزیکەی 5 ساڵ بەسەر گرێبەستی قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکەدا تێدەپەڕێت کەچی ھێشتا ئاسۆی جیبەجێکردنی دیارنیە.

 لەھەولێر شەقامی 100 مەتری و 120 مەتری تەواوبون و شەقامی 150 مەتریش کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، کەچی وێڕاش کاپتنی حوکمڕانیان گۆڕی، یەکێتی و گۆڕان لەپێناو ڕازیکردنی دڵی کاپتنە پیرەکان تازە خەریکی بەرینکردنی شەقامی سەرۆکایەتی ھەرێمن بۆ 2 جێگر.

لەکاتێکدا گۆڕان پارێزگاری سلێمانی لەبندەستە بۆچی نایەن لەگەڵ یەکێتی شەڕی خزمەتکردنی خەڵک بکەن؟ بۆچی نایەن بەیەکەوە خەمێک لەڕێگاوبان و سێکتەرەکانی خزمەتگوزاری و خزمەتکردنی خەڵک بخۆن لەکاتێکدا جیاوازیەکە لەنێوان ناوچەکانی بندەسەڵاتی ئەوان و پارتی زۆر بەڕونی دیارە .

بابەتەکە وادێتە بەرچاو یەکێتی و گۆڕان نەتوانن بەبێ دژایەتی یەکتری سیاسەت بکەن ، بۆمن لەم ململانێیەدا گۆڕان کەسەری ڕیفۆڕمخوازی کوردی بو، بەرپرسیارێتی زیاتری لەئەستۆیە، بۆیە لەھەر کاتێک زیاتر ئەو بزوتنەوەیە پێویستی بە بڕیاڕی ژیرانەیە. ئاخر گۆڕان لە بری شەڕی شەقامی دوسایدی 100 مەتری بۆچی شەڕی جوتسایدی جێگرایەتی سەرۆکایەتی ھەرێمی لەگەڵ یەکێتی کردوە بەحەکایەتی مێش؟ لەکاتێکدا لانیکەم یەکێتی لە کابینەی 8 ھیچ شوێنێکی گۆڕانی پڕنەکردەوە، ئەو وەختەی بەناڕەوا پارتی بۆ ماڵەوەی ناردنەوە.

لەم کورتە وتارەدا دۆستانە بۆ سەرکردەکانی گۆڕان دەنوسم: کە ئەوان ئەو ھێزە نابن ملێۆنەکە ببەنەوە و باشترە پێش ئەوەی ڕیسک بەوەڵامی ملیۆنەکەوە بکەن، بیر لە پێش ملیۆنەکە بکەنەوە کەبەدەستیان ھێناوە و لەسەر شتێکی بچوک ئەو شتە گەورانە لەدەست نەدەن کەپڕاگماتیکیانە بە 12 کورسیەوە مسۆگەریان کردوە. ئاخر ئەگەر گۆڕان وەک ئێستا سیاسەت بکەن و چاویان لەوەبێت یان ملیۆنەکە یان ھیچ، ئەوا با لەمنی وەربگرن، ئەمجارەیان لەم دیوی پردێ ناگەڕێنەوە و وەزیرەکانیشان لەھەولێرەوە نانێردرێنەوە ماڵەوە، بەڵام ھەرکاتێک گەڕانەوە ناوچەی سلێمانی دەبێ تاجی دەسەڵاتدارێتی دابنێن و بە بەرگی ھاوڵاتیبونە بگەڕێنەوە، چونکە لە قەڵەمڕەوەکەدا سەری دو حوکمڕانی سەوز و نیلی لە قابلەمەیەکی زەردا جێگایان نابێتەوە و سەرئەنجام یەکێتی لەگەڵیان خراپترەکە ھەڵدەبژێرێ ڕەنگە بەڕێگایەکی جیاواز لەوەی پارتی لەگەڵی کردن بەڵام بۆ ھەمان بێگومان بۆھەمان سەرئەنجام دەڕوات.

گۆڕان جێگری سەرۆکی ھەرێمی بۆچیە؟ چی پێ دەکات؟ بۆ یەکێتی گریمان ئەو جێگرە پارە و نەسریەو ڕۆتینە ئیداریەکانی ھێزەکانی 70و ھێزە ئەمنیەکانی پێ دەکات و لەوەش زیاتر نیە بەڵام ئەرێ گۆڕان چی پێ دەکات؟ لەکاتێکدا بەپەنجەمۆر ھەمو دەسەڵاتەکان دەدرێن بەسەرۆکی ھەرێم خۆی!

ئەم وتارە لە ژمارە (14)ی رۆژنامەی زەمەن بڵاوکراوەتەوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP