هەواڵی ئەمڕۆ

جەنگى تۆپی پێ
یان جەنگى سەد کاتژمێرى

سامان شکر - 15-04-2019 - 1286 جار خوێندراوەتەوە

جەنگى تۆپی پێ جەنگێکى مێژووییە لە ناوچەى ئەمریکاى ناوەڕاست لە نێوان دوو وڵاتى دراوسێ هندۆراس و سلفادۆر ڕوویداوە و بە جەنگى تۆپی پێ یان جەنگى سەد کاتژمێرى ناسراوە بە هۆی بەڕێوەچوونى یارى تۆپی پێی نێوان هەڵبژاردەکانیان لە چوارچێوەى پاڵاوتنەکانى گەیشتن بە جامى جیهانى 1970 کە لە مەکسیک بەڕێوەچوو. 
چوارچێوەى سیاسی.
 
بە هۆى کۆمەڵێ پرسی سیاسی پەیوەست بە کۆچەوە ململانێی نێوان ئەم دوو وڵاتە لە ساڵى 1969بۆ ماوەى چەند مانگێک بە توندى ڕووى لە گرژبوون دەکرد، هەروەها بڕیارێکى حکومەتى هندۆراس کە بووە هۆى لێسەندنەوەى خاوەندارێتى زەوى و زارى زیاتر لە 300 سەد هەزارى سلفادۆرى کە پێشتر کۆچیان کردبوو بۆ هندۆراس و هەر لەوێش جێنشین ببوون. 

هەر دوو وڵات لە لایەن دوو سیستمى حوکمڕانى سەربازى دکتاتۆرى بەڕێوەدەبرا، وە دۆخى سیاسی و کۆمەڵایەتییان زۆر نالەباربوو، ئەمەش وایکرد هەریەکەیان بە دواى ڕێگەیەکدا بگەڕێن بۆ دوورخستنەوەى سەرنج لە سەر کێشە ناوخۆییەکانیان، بۆیە بۆ خۆ دوورخستنەوە لەو کێشانە هەر دوولایان هەوڵیاندا سوود لە ڕێکخستنى یارى تۆپی پێی نێوان هەڵبژاردەکانیان ببینن کە لە چوارچێوەى پاڵاوتنەکانى گەیشتن بە جامى جیهانى بەڕێووە دەچوو. 

یەکەمین یارى نێوان هەڵبژاردەکانیان لە 8ى حوزەیرانى 1969 لە شارى تیگۆسکالیا پایتەختى هندۆراس بەڕێوەچوو کە بەئەنجامى گۆڵێک بەرامبەر بە هیچ لە بەرژەوەندى هندۆراس لە کەشێکى گرژ و ڕوودانى ئاژاوە و شەڕ لە نێوان هاندەرانى هەردوو هەڵبژاردە کۆتایی هات. 

وە لە یارى گەڕانەوەدا کە لە 15ی حوزەیرانى 1969 لە یاریگاى فلۆربانکالى شارى سلفادۆر بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەى سلفادۆر توانى وەڵامى هەڵبژاردەى هندۆراس بداتەوە و یارییەکە بە ئەنجامى سێ گۆڵى بێبەرامبەر لە کەشێکى گرژدا بباتەوە کە یاریزانەکان لە رێگەى پاصی گولەنەبڕ و بە پاسەوانى ژمارەیەکى زۆر لە هێزە ئەمنییەکان گوازرانەوە نێو یاریگا، هەروەها یاریگاکەش بە ژمارەیەکى زیاتر لە هێزە ئەمنییەکان دەورەدرابوو.
 
دواى ئەوەى یاری نێوانیان گوازرایەوە بۆ یاریگاکانى مەکسیک لە 26ى حوزەیرانى 1969 هەڵبژاردەکانى هندۆراس و سلفادۆر لە یارییەکى یەکلاکەرەوەدا کە لە یاریگاى ئەزتیکا لە پایتەختى مەکسیک بەڕێوەچوو، هەڵبژاردەى سلفادۆر لە کاتى زیادکراودا توانى ئەنجامى یارییەکە سێ بەرامبەر بە دوو گۆڵ بباتەوە و خۆى بگەیەنێت بە کۆتاییەکانى پاڵەوانێتییەکە.ڕاستەوخۆ لە دواى یارییەکە هاندەرانى هندۆراس لە شەقامەکاندا دەستیان بە خۆپیشاندان کرد و هاوڵاتیانى سلفادۆر کەوتنە بەر هێرشى هندۆراسییەکان لە وڵاتى خۆیان، بۆیە سلفادۆرییەکانى هندۆراس ناچاربوون ڕووە و سلفادۆر هەڵبێن.

لە هەمان ڕۆژدا سلفادۆر بڕیاری پچڕاندنى پەیوەندییە دبلۆماسییەکانى لە گەڵ هندۆراسدا بە بیانوى ئەوەى کە بە سەر سلفادۆرییەکاندا هاتووە بە تاوان ئەژمێردرێت وە کاربەدەستانى هندۆراس هیچ رێکارێکى کردەییان نەگرتۆتەبەر لە بەرامبەر سزادانى ئەنجامدەرانى ئەم تاوانە و هاوڵاتییە سلفادۆرییەکانیش هیچ قەربوویەک نەکرانەوە لە بەرامبەر ئەو زەرەرو زیانانەى پێیانگەیشتووە. 

ئەو یارییە جگە لە دڵۆپەیەک ئاو هیچى تر نەبوو کە بووە هۆى ئاشکرابوونى هۆکارە قوڵەکانى ململانێی نێوان ئەم دوو وڵاتە، دۆخى سلفادۆر ئاماژەى بە ڕوودانى شۆرشى هەژاران و جوتیارانى دەکرد بە هۆى دەستبەسەراگرتنى پانتاییەکى زۆر لە زەویی و زار لە لایەن دەرەبەگەکانەوە، ئەمەش زۆرینەى جوتیارە بچووکەکانى ناچار کرد ڕووە و سنورەکانى هندۆراس کۆچ بکەن و لەوێ نیشتەجێ بن و وەبەرهێنان لە زەوى و زارەکانیان بکەن. 

بەڵام هندۆراس لە سەرەتاى ساڵى 1969 بە مەبەستى تواندنەوەى تووڕەیی خەڵکەکەى بڕیارى شۆرشی کشتوکاڵیدا، کە خۆى لە گەڕاندنەوەى هەموو ئەو زەوى و زارانە ئەبینیەوە کە سلفادۆرییەکان وەبەرهێنانیان تێداکردبوو، ئەمەش کێشەیەکى گەورە بوو بۆ وڵاتى سلفادۆر کە ناچار ئەبوو پێشوازى لە ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتى سلفادۆرى کە لە هندۆراس ئەگەڕانەوە بکات، بۆیە دۆخى کۆمەڵایەتى سلفادۆر زۆر نالەباربوو وە لە لێوارى شڵەژانێکى کۆمەڵایەتى بەرفراوان نزیک دەبووەوە. 

جەنگ و لێکەوتەکانى 
دواى ئەوەى فڕۆکەیەکى هندۆراس ئاسمانى سلفادۆرى بەزاند و کەتیبەیەکى سەربازى سلفادۆرى کردە ئامانج، هەروەها ئەنجامى یارییەکە و ئەو تومەتانەى ڕووبەڕووى هاندەرانى هندۆراس کرانەوە، ئەم هۆکارانە هانى سەرکردە سەربازییەکانى سلفادۆریدا تا لە 14 تەموزى 1969 تاکلایەنە جەنگیان دژى هندۆراس ڕابگەیەنن کە تا 18ى هەمان مانگ بەردەوام بو.
 
سلفادۆر ژمارەى سەربازانى زیاتر بوو لە سەربازانى هندۆراس کە خۆى لە 20000 هەزار سەرباز ئەبینیەوە بەڵام هندۆراس خاوەنى نزیکەى 10000 هەزار سەرباز بوو ، سلفادۆر ئەمەى بە هەلزانى و قۆستیەوە و هێزەکانى بە قوڵایی 40 کیلۆ مەتر خاکى هندۆراسیان تا نزیک پایتەختەکەى بەزاند  ، بۆ ماوەى 100 ڕۆژ جەنگ بەردەوام بوو لە نێوانیان. 

دیارترین ڕۆژنامەنووس کە ڕووماڵى جەنگەکەى ئەکرد ڕۆژنامەنووسى پۆڵۆنى ریزارد کابوسیرکى بوو کە جەنگەکەى بە جەنگى تۆپی پێ ناوزەند کرد.
 
سلفادۆر هەستا بە تۆمارکردنى سکاڵا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەستەى مافى مرۆڤ و رێکخراوى وڵاتە ئەمریکییەکان ، بە تایبەتى دواى ئەوەى کچە سلفادۆرییەک  لە هندۆراس خودکۆژى کرد و وەکو سمبولى نیشتیمانى تەماشا کرا. 
 
لە مانگى ئابی 1969 لە ئەنجامى هەوڵى کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ڕێکخراوەکانى ئەمریکاى ناوەڕاست و دەستێوەردانى سەرۆکى ئەوکاتى ئەمریکا لیندون جونسون کۆتایی بە جەنگەکە هێنرا و ڕێکەوتننامەى ئاشتى مۆرکرا ، کە سوپاى سلفادۆرى ناچار بە کشانەوە کرد بۆ دەرەوەى خاکى هندۆراس. 

جەنگى نێوان هندۆراس و سلفادۆر کوشتنى 3000 هەزار کەس لێکەوتەوە کە لە نێویاندا هاوڵاتى مەدەنى بوونى هەبوو ، وە بووەهۆى برینداربوونى زیاتر لە 15000 هەزار کەس و ئاوارەبوونى زیاتر لە ( 300000 ) هەزار سلفادۆرى کە یەکێک بوو لە هۆکارەکانى هەڵگیرسانى جەنگى ناوخۆیی لە سلفادۆر ، هەروەها هەردوو وڵات زەرەرو زیانێکى زۆریان بەرکەوت لە ڕووخانى زیاتر لە سەدان خانوو و شوێنى گشتى کە بەهاکەى زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بوو، وە سنورى نێوانیان داخست و جموجۆڵى بازرگانى لە نێوان هەردوو وڵات پەکى کەوت. 

دواى یازدە ساڵ لە وەستانى جەنگى نێوانیان لە 30ى تشرینى یەکەمى 1980 ئەم دوو وڵاتە پەیماننامەیەکى ئاشتییان مۆرکرد کە ئەویش بە یەکلاکردنەوەى کێشەکانی نێوانیان لە لایەن دادگاى نێودەوڵەتییەوە. 

دواى ئیمزاکردنى پەیماننامەى ئاشتى نێوانیان چەندین جار هەڵبژاردەى تۆپی پێی وڵاتەکانیان بەبێ کێشە ڕووبەڕووى یەکتر بوونەوە، هەروەها لە ساڵى 1982 تیپى هەڵبژاردەکانیان توانیان بگەن بە یارییەکانى جامى جیهانى کە لە ئسپانیا بەڕێوە دەچوو.

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP