هەواڵی ئەمڕۆ

مۆزەخانەی ئەنفال و نوگرە سەلمان

قادر ئیسماعیل قەرەداغی - 14-04-2019 - 1134 جار خوێندراوەتەوە

ئەو کۆمەڵکوژی وتاوانەی دەرهەق بە میللەتی ئێمە کراوە لە مێژووی مرۆڤایەتی دەگمەنە، بەڵام مەخابن سەرەڕای حوکمی خۆماڵی لەرووی ناساندنی ئەو تاوانە بە جیهان وەهەروەها بۆ نەوەی داهاتوو هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆ نەنراوە کە دڵخۆشکەر بێت.

نازانم خەمساردیە یان بازرگانی یان بێ باکی یان شتی تر.

بەڵام هەتاکو ئێستا ئەنفال تەنها بۆنەیەکە و ساڵانە لە ١٤/٤ بە بیری خەڵکی دەکەوێتەوە وپاشان لەلای زۆرینەی ئەوانەی کە هیچ کەسێکیان بەر ئەو شاڵاوە نەکەوتووە نامێنێت هەتاکو ساڵ تێپەر دەبێت.

لەلایەکی ترەوە وەها وێنا کراوە کە تەنها قەرەبوو کردنەوەی کەسوکاریان بە مووچە یەک یان پێدانی چەند پارچە زەوی یەک هەموو شتێک کۆتایی دێت. 

لەکاتێکدا ئەنفال هێشتا بە جینۆساید وقڕکردنی میللەتێک نەناسێنراوە، لەوەش خراپتر هێشتا ئەو مەرگەساتە وەک پێویست دکیومێنت نەکراوە ، ئەمەش مەترسی یەکەی گەورەیە کە دوور نیە پاش چەندین ساڵ ئەوەندە کاڵ ببێتەوە وەک ئەوەی هیچ رووینەدابێت.

 چونکە کارەکتەرەکانی وشایەت حاڵەکان نەوە لە دوای نەوە نامێنن یان لەیادیان نامێنێ و ئەوەش سروشتی مرۆڤە.

ئەرکی حکومەت چی یە؟!!!!

پێویست بوو لە مێژە مۆزەخانەیەکی گەورەی مۆدێرنی تایبەت بە تاوانی ئەنفال لە رزگاری و تۆبزاوە و بادینان هەبوایە، وەهەروەها چەندین مۆزەخانەی دیکەی بچووکتر لەسەرجەم شارەکانی دیکە ( کفری، چەمچەماڵ، ڕانیە، میرگەسوور) هەبوایە هاوشێوەی ئەو مۆزەخانانەی بۆ هۆلۆکۆستی یەهوودییەکان کراوە لە ئەڵمانیا و زۆربەی شوێنەکانی جیهان یان هی دەوڵەتی عوسمانی لە ئەستنبول.

ئەمەش تاکە ڕێگایە بۆ زیندوو هێشتنەوەی لە زیهنیەتی نەوەی داهاتوو بەڵکو بە چاوی خۆی لە کاتی سەردانی کردنی ئەو مۆزەخانەیە بیبینی وهەستی پێ بکات. دوور لە چاندنی عەقڵیەتی تۆڵە کردنەوە.

بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کەمتەرخەمی لە ئاستی ئەم تاوانە بڕەوێننەوە.

هەروەها پێویستە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق شوێنی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە سەماوە وبیابانی سەماوە و عەرعەر ببنە بەشێک لە مۆزەخانەی تاوانەکانی جەنگ دژی ئەم میللەتە.

وەهەروەها زیندانی نوگرە سەلمان بکرێتە مۆزەخانە بەڵکو ببێتە شایەت حاڵی ئەو زوڵم وستەمەی لە میلەتەکەمان کراوە.

هەموو ئەم کارانە پارەی زۆری ناوێ، بەڵام بڕیار وئیرادە و کەسی دڵسۆز و خەمخۆری دەوێت.

چونکە گەر ئێمە ڕێز لە مێژوو ومەرگەساتی خۆمان نەگرین کەس ڕێزمان ناگرێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP