هەواڵی ئەمڕۆ

تێچوی جەنگی دژ بە تیرۆر!

توانا ئەحمەد خەیات - 14-04-2019 - 963 جار خوێندراوەتەوە

دوای کەمتر لە مانگێک لە هێرشە تیرۆریستییەکەی 11 ی سێپتێمبەری 2001 کە کرایە سەر ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ، سوپای ئەو ووڵاتە  بە پشتگیری  هێزە سەربازییەکانی هەر یەک لە   ووڵاتانی بریتانیا،  کەنەدا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا  و ئوستوڕالیا،  ئەفغانستانیان داگیرکرد بە مەبەستی بەرەنگاربونەوەی  گروپە تیرۆریستییەکانی ئەلقاعدە و تاڵیبان.

دوای 18 ساڵ  جەنگی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریزم ،کە سەرەتا  لە لایەن جۆرج . دەبلیو   بوش سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکاوە ڕاگەیەندرا، بەڕاستی بووە جەنگێکی نێودەوڵەتی  دژی تیرۆر و تیرۆریزم. ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر چالاکانە هەستا بە بەرپاکردنی ئەو جەنگە لە زیاتر لە 80 دەوڵەت و 6 کیشوەر لە جیهاندا.

ساڵانە لە وولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بودجەیەکی تایبەتی تەرخان کراوە بۆ بەڕێوەچونی ئەو جەنگە  وبودجەی خەمڵێنراوی  ساڵانەی بەرگری نیشتمانی   بۆ بەرگری و جەنگ دژی تیرۆر بەم شێوەیە بووە:

بۆ ساڵی 2001 - 31 ملیار دۆلار

کۆنگرێسی ئەمریکا دەنگی دا بە تەرخانکردنی  بڕی 22.9 ملیار دۆلار وەک  بودجەیەکی  خێراو لەناکاو بۆ جەنگی ئەڤغانستان. ئەمریکا هێرشی سەربازی کردە سەر تاڵیبان و لە مانگی 12 ی 2001 دا بزوتنەوەی تاڵیبان دەسەڵاتی ئەڤغانستانی لەدەستدا و ئوسامە بن لادن ی سەرکردەی ئەلقاعیدە  بەرەو ووڵاتی پاکستان هەڵهات. دواتر بە پشتگیری ئەمریکا  حامید کارزای  کرا بەسەرۆکی دەسەڵاتی ئینتیقالی ئەڤغانستان.

بۆساڵی 2002 – 59.1 ملیار دۆلار

سەرۆک بوش لە ساڵی 2002 دا  فۆکەسەکەی لە ئوسامە بنلادنەوە گۆڕی بۆ  بەدەست هێنانی متمانەی کۆنگرێسی وڵاتەکەی بۆ بەرپاکردنی جەنگ دژی سەدام حسێن لە عێراقدا، دوای ئەوەی زانیاری هەوڵگری پێگەیشت لە ئۆکتۆبەری  2002 دا کە  سەددام حسێن  خەریکی دروستکردنی  چەکی کۆمەڵ کوژە لە عێڕاقدا.
 
بۆ ساڵی 2003 – 111.9 ملیار دۆلار

ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا  لە 19ی مانگی مارسی 2003 دا جەنگی دژی ڕژێمەکەی سەدام حسێن ڕاگەیاند ، بە ستراتیجی سەربازی لەژێر ناوی  ( شۆک و تۆقاندن -  Shock & Awe) .  ڕژێمەکەی سەددام حسێنیان  لە مانگی 4 ی هەمان ساڵدا ڕوخاند.

بۆ ساڵی 2004-  105 ملیار دۆلار 

جەنگ لە عێڕاقدا درێژەی کێشا دژی ئەو گروپ و هێزانەی کە بەرامبەر ئەمریکییەکان دەجەنگان. دوای ئەوەی چەند وێنەیەکی ئەشکەنجەدانی عێڕاقییەکان لە زیندانی ئەبوغرێب لەلایەن ئەمریکییەکانەوە بڵاوبۆوە، بەرهەڵستی کردنی ناوخۆیی و شەر لەدژی ئەمریکییەکان پەرەیسەند.  هەر لەو ساڵەشدا  ئەمریکا کۆتایی هەردوو جەنگی  عێڕاق و ئەڤغانستانی ڕاگەیاند. ئەفغانییەکان دەستوری تازەیان بۆ ووڵاتەکەیان ڕاگەیاند لە کاتێکدا  ئوسامە بن لادن بەردەوام بوو لە هەڕەشەی  تیرۆستی  دژی ئەڤغانستان. 
 
بۆ ساڵی 2005 -  102.3 ملیار دۆلار 

لەم ساڵەدا  عێڕاقییەکان  دەنگیان دا بە دەستوری نوێی ووڵاتەکەیان و  پەرلەمانی نوێ، لە ئەفغانستانیش هێزەکانی ئەمریکا هەوڵی پاراستنی ئەڤغانیەکانیان دا بەرامبەر هێرشی تاڵیبان بۆسەریان لە یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد لەو ووڵاتەدا.

بۆ ساڵی 2006 - 127 ملیار دۆلار

حکومەتی تازەی ئەڤغانستان هەوڵی دابینکردنی خزمەتگوزاری دەدا، وەک دابینکردنی ئاسایش  بەڵام توندوتیژی لەو وڵاتەدا ڕوو لە زیاد بون بوو، ئەمریکاش ڕەخنەی لە ناتۆ ئەگرت بەرامبەر زیاد نەکردنی ژمارەی سەربازەکانی لە ئەڤغانستان. لە عێراقیش لەو ساڵەدا سەددام حسین لە سێدارە درا. 

بۆ ساڵی 2007 -  192.5ملیار دۆلار

بۆپارێزگاری کردنی ئاسایشی عێڕاق و پاڵپشتی کردنی سەرکردە شیعەکانی حکومەتی عێڕاق  بۆ ئەوەی باشتر کۆنتڕۆڵی بارودۆخی عێڕاق بکەن، ئەمریکا 20،000 سەربازی زیادەی ڕەوانەی عێراق کرد.

بۆ ساڵی 2008 – 235.6 ملیار دۆلار

توندوتیژی لە ئەڤغانستان زیادی کرد دوابەدوای کوشتنی خەڵکی مەدەنی لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە بە هەڵە لە ئەڤغانستان. هەر لەو ساڵەدا  سەرۆکی ئەمریکا ( جۆرجw..بوش) رایگەیاند، کە هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو ساڵی 2011 بەتەواوەتی لە عێراق دەچنە دەرەوە.

بۆ ساڵی 2009 – 197.1 ملیار دۆلار

لەم ساڵەدا  باراک ئۆباما بوو بە سەرۆکی ئەمریکا و لە مانگی  4 دا بریاریدا کە 17،000 سەربازی تر ڕەوانەی ئەڤغانستان بکات، بەڵێنی دا کە لە مانگی 12 دا نزیکەی 30،000 سەربازی تر ڕەوانەی ئەڤغانستان بکات بەمەبەستی ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارانی تاڵیبان  و ئەلقاعیدە  لەسەر سنوری پاکستان. سەبارەت بە عێڕاقیش  ئۆباما  ڕایگەیاند  کە لە ساڵی 2011 دا سەرجەم هێزە ئەمریکییەکان لە عێڕاق دەکشێنێتەوە. 
 
بۆ ساڵی 2010- 181 ملیار دۆلار
  
هێزەکانی ناتۆ بڕیاریان دا کە لە ساڵی 2014 دا ئاسایشی ئەفڤانستان ڕادەستی هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە بکەن.

بۆ ساڵی 2011 -162.4 ملیار دۆلار

هێزێکی تایبەتی ئەمریکا ئوسامە بن لادنیان دەستگیر کرد  لە 1ی مانگی پێنجی 2011 دا، سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما ڕایگەیاند کە لە کۆتایی ساڵی 2011 دا نزیکەی 10،000 سەربازی ئەمریکی و لە کۆتایی ساڵی 2012 دا نزیکەی 23،000 سەربازی ئەمریکی لە ئەڤغانستان پاشەکشە پێئەکات.

بۆ ساڵی 2012 -119.6 ملیار دۆلار 
بۆساڵی 2013- 49.6 ملیار دۆلار 
بۆساڵی 2014- 88 ملیار دۆلار
بۆساڵی 2015- 65.7 ملیار دۆلار
بۆساڵی 2016-89.7 ملیار دۆلار


هێزەکانی ئەمریکا گەڕانەوە بۆ عێڕاق بەمەبەستی مەشقپێکردنی هێزە عێڕاقییەکان بۆ جەنگ دژی هێزەکانی داعش، هەروەها دابین کردنی چەک و تەقەمەنی و مەشق پێکردنی هێزە ئۆپۆسزیۆنەکانی سوریا.

بۆ ساڵی 2017- 86.8 ملیار دۆلار
بۆ ساڵی 2018 – 142.3 ملیار دۆلار

  
لەسەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ دا دابینکردنی بودجەی جەنگی دژە تیرۆر هێزە دەریایەکان و هێزە ئاسمانییەکان ی ئەمریکاشی گرتەوە، زۆریش گرنگیدا بە جەنگی ئەلکترۆنی.

بۆ ساڵی 2019 – 150.8 ملیار دۆلار

لەمساڵدا بودجەی تەرخان کراو بۆ جەنگی دژە تیرۆر زیادکراوە  بەمەبەستی ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گروپی تیرۆریستی داعش  بە هاوکاری هێزە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا  لەگەڵ پێڵپشتیکردنی دەزگاکان بۆ زیاتر ئارام کردنەوەی بارودۆخی ناوچە ئازادکراوەکانی ژێر دەستی داعش، پاراستن و توندکردنەوەی سنورەکانی ئەمریکا.... ... بەشێوەیەکی گشتی ویڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای ڕوداوەکانی11ی سێپتێمبەری 2001 ەوە تاکو ئێستا  زیاتر لە 5.9 ترلیۆن دۆلاری خەرج کردووە لە جەنگی بەرەنگاربونەوەی تیرۆردا.

هەروەها  زیاتر لە 480،000 کەس لە هەموو لایەنەکانی ئەو جەنگە ( سەرباز،  بەڵێندەر، ڕۆژنامەنوس)  بەهۆی توندوتیژی ڕاستەوخۆی ئەو جەنگانەوە کوژراون، وە زیاتر لە 244،000 کەسی مەدەنی کوژراون،  زیاتر لە 6،950  سەربازی ئەمریکی کوژراون،  هەروەها زیاتر لە 21 ملیۆن هاوڵاتی ( ئەڤغانی ، عێڕاقی ، سوری ، پاکستانی )  وەک ئاوارەی جەنگ و ئاوارەی ناوخۆیی ژیان بەسەر ئەبەن لە بارودۆخێکی ناسروشتیدا.

سەرچاوەکان: Watson Institute for International and Public Affairs. #The Balance, War on Terror  Facts , Costs , and Timeline.‎


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP