رۆژئاوای کوردستان و ئایندەی سیناریۆکان لە سوریا

هیوا سەید سەلیم - 13-04-2019 - 2387 جار خوێندراوەتەوە

 قەیرانی سوریا یان ئەوەی پێی دەوترێت شۆڕشی سوریا،  پێی ناوەتە نۆ ساڵەی تەمەنی خۆی، سوریا بە بەراورد بە وڵاتانی تری عەرەبی کە ڕووبەرووی ئەو شۆڕش و سەڕهەڵدانە بوونەتەوە تاکە دەسەڵاتە کە تەمەنی مانەوەی رژێمەکەی هێندە درێژە بکێشێت، کە ئەمەشیان بۆ ئەوە ناگەڕێتەوە  کە سوریەکان لەگەڵ مانەوەی بەشار ئەسەدی سەرۆکی ئەو وڵاتەن،  یان ئەو رژێمە هێندە بەهێزە و لەبەردەم بارودۆخەکە خۆی ڕاگرتووە، بگرە قەیرانی سوریا زیاتر لە یاریزانێکی دەولی و ئیقلیمی یاری تیادەکەن،  هەربۆیەشە قەیرانەکە رۆژ بە رۆژ درێژە دەکێشێتو تا ئێستا بەلایەکدا نەکوتووە، لە ئێستاشدا شارەزایان بۆ ئایندەی سوریا باس لە زیاتر لە سیناریۆیەک دەکەن.

رۆژئاوای کوردستان لەنێو ئەو هەموو قەیرانە ئاڵۆزانەی سوریا دایە، ئەگەر داگیرکاری عەفرین نەبووایە کە ئەویش زادەی دەستوەردانی ئیقلیمی و بەرژەوەندیە دەولیە زلهێزەکانی ناوچەکە بوو، لە ئێستادا کورد لە سوریا براوەی یەکەم هەژمار دەکرا،  وە خاوەنی تەواوی خاکی رزگارکراوی خۆی دەبوو لە رۆژئاوای کوردستان. بۆیە لە ئێستادا ئایندەی رۆژئاوای کوردستان بەستراوەتەوە بە ئایندەی سوریا، چونکە زۆربەی کارکتەرە دەولی و ئیقلیمیەکان نەک لەگەڵ جیابوونەوەی رۆژئاوای کوردستان نین لە سوریا بگرە لە دژیشی وەستاونەتەوە،  نموونەش بەرەی (روسیا – تورکیا – ئێران)

 هەر بۆیە مەبەستمانە باس لەو سیناریۆیانە بکەین کە لە ئایندەدا نەخشەی سیاسی سوریا دیاری دەکەن،  ئینجا تێدەگەین ئایندەی کورد لەو پارچەیە بە کوێ دەگات.
سیناریۆی یەکەم:

یەکلابوونەوەی دۆخی سوریا بە رێگاچارەی سەربازی لە لایەن رژێمی ئێستای سوریا، کە ئەم سیناریۆیە لە لایەن هەریەک لە روسیا و ئێران پشتیوانی لێدەکرێت، ئەمەیان رووبەڕوی دوو گرفتی گەورە دەبێتەوە، لە هەریەک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردی لە رۆژهەڵاتی فورات کە لە لایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە دەپارێزرێن، هەروەها لە ناوچەی ئیدلب و دەوروبەری کە لە ژێر دەستی میلیشیاکانی سەر بە تورکیا دان، چونکە شەڕی ئەو دوو ناوچایە شەڕی سوری – سوری نابێت، بەهۆی بوونی کاراکتەری ترلەو ناوچانە.
سیناریۆی دووەم:
باس لە بەردەوامی شەڕی درێژ خایەن لەناوچەکە دەکات، ئەمەشیان وادەکات لایەنەکانی ناو ململانێی سوری لە شەڕی زیادکردنی نفوزی خۆیان بەردەوام بن، ئەمەشیان لەبەردەم هەڕەشەی گواستنەوە شەری بەوەکالەت بۆ شەڕی ڕاستەقینەی دەولەتە زلهێزەکان و دەوڵەتانی تری ناوچەکە دەبێت، کە تا ئێستا لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیە هاوبەشەکانیان لە سوریا خۆیان لەو شەڕە بەدوور گرتووە وە بیریان لەو شەڕە نەکردۆتەوە.

سیناریۆی سێیەم:
باس لە سەرکەوتنی هەوڵە دبلۆماسیەکان و کۆتایهێنان بە قەیرانی سوریا لە رێگای دانوستان دەکات، ئەم سیناریۆیە ساڵانێکی زۆرە کاری لەسەر دەکرێت، دانیشتنەکانی (جنێف) لەژێر چەتری نەتەوەیەکگرتتوەکان و (ئەستانە و سوچی) لەژێر چاودێری هەریەک لە (روسیا و ئێران و تورکیا) نەبوونەتە هۆکاری بەدەستهێنانی سەرکەوتنی ئەو سیناریۆیە، خاڵی ناکۆکی ئەو دانیشتنانەش کە رێگر بووە لە سەرکەوتنی هەوڵە دبلۆماسیەکان، رێکنەکەوتنی لایەنەکان لەسەر ئایندەی رژێمی بەشار ئەسەد لە پرۆسەی سیاسی سوریا، کە لەو بارەیە تێڕوانینی جیاواز هەیە.

ئەوەی لە ئێستادا وەک دەرچەیەک بۆ قەیرانی سوریا باسی لێوە دەکرێت، ئەم سیاریۆیانەی سەرەوەن، بە یەکلابوونەوەی شەڕ لەگەڵ رێکخراوی داعش لە سوریا و عێراق دەبێت یەکێک لەو سیاریۆیانە پڕاکتیزە بکرێن،  وە ئایندەی سوریا لە قەیرانەوە بەرە چارەسەر ببردرێت.

ئەوەی کە مەبەستمانە بزانین ئایندەی رۆژئاوای کوردستان لەبەردەم ئەو سیناریۆیانە بە کوێ دەگات؟ ئایا کورد لە رۆژئاوی کوردستان ئامادەیە بۆ هەر ئەگەرێک کە لە چوارچێوەی ئەو سیناریۆیانە ڕووبەڕووی دەێتەوە؟
 بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە دەبێت هەر یەک لەو سیناریۆیانە بە جیا وەرگرین و شیکاریان بۆ بکەین، وە دیوە ئەرێنی و نەرێنیەکانیان بۆ کورد بخەینە بەرباس و لێکۆڵینەوە.

ئەگەر قسە لەسەر سیناریۆی یەکەم بکەین، کە لە ئێستادا لەو ناوچانەی ئۆپزسیۆنی سوری و داعشی لێیە، زۆرتر ئەگەری جێبەجێکردنی هەیە، چونکە رۆژئاوای کوردستان بۆ هێزەکانی رژێمی ئەسەد ئەو پارەو ئاسانە نابێت، ئەوەیش لەبەر دوو هۆکار، یەکەمیان: ئەو ناوچەیە جێگای نفووزی ئەمریکی و ئەورپیە و هێزەکانی ئەمەریکا و فەڕەنسای لێیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چوونە ناو پڕۆسەی دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی ئەسەد لە لایەن ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان  لە مەترسی ئەو سیناریۆیە بۆسەر رۆژئاوای کوردستان کەم دەکاتەوە، وەئەگەر ئەو هەنگاوە ئۆکەی و پشتیوانی ئەمریکی لەگەڵ بێت زۆر باشتر دەبێت، دووەمیشیان: ئەگەر هێزەکانی ئەسەد بیەوێت بچێتە ناوچەکانی ژێر دەسەلاتی ئۆپۆزسیۆن دەبێت لە پاڵ ئەو هێزانە شەڕی تورکیاش بکات.

تاکە زامن بۆ رۆژئاوا پڕاکتیزەکردنی هەوڵەکانی پێکهێنانی ناوچەی ئارامە لەو ناوچەیە و دور لە دەستوەردانی تورکیا

 

بۆ سیناریۆی دووەم دەبێت رۆژئاوای کوردستان بە پلەی یەکەم پشت بە هاوپەیمانەکانی ببەستێت بە تایبەت ئەمەریکا و فەڕەنسا کە لە ئێستادا بنکەی سەربازیان لەو ناوچەیەیە، تاکە زامنیش بۆ رۆژئاوا پڕاکتیزەکردنی هەوڵەکانی پێکهێنانی ناوچەی ئارامە لەو ناوچەیە و دوور لە دەستوەردانی تورکیا.

سیناریۆی سێیەم کە رێگاچارەی دبلۆماسیە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا بەهۆی ڤیتۆی تورکیا و راگرتنی دڵی تورکیا بەشێک نەبوو لە تەواوی ئەو هەوڵانە.

دەبێت رۆژئاوای کوردستان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بێت و یاریکەرکی باشی گۆڕەپانەکە بێت و سود لە کارتەکانی بەردەمی وەرگرێت

 

لە کۆتایدا دەڵێین گۆڕانکاریەکانی ئەو دواییانەی وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت لە جەزائیر و سودان هاوکار دەبێت بۆ ئەوەی سوریا لە رێگەی یەکێک لەو سیناریۆیانە کۆتایی بە قەیرانەکانی بهێنرێت، بۆیە دەبێت رۆژئاوای کوردستان بۆ هەر ئەگەرێک ئامادە بێت  و یاریکەرکی باشی گۆڕەپانەکە بێت و سوود لە کارتەکانی بەردەمی وەرگرێت، بەتایبەت لەوەی تازە توانراوە لەسەردەستی ئەوان کۆتایی بە دەسەڵاتی سەربازی داعش بهێنرێت و شەرڤانان کارتی هەزاران دیلی داعشیان لەبەر دەستە کە لەنێو ئەو دیلانە داعشی بیانی هەیە کە دۆسیەی ئەمانە دەکرێت بکرێتە کەناڵێکی دبلۆماسی بۆ پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی تر و وەک پرسێکی یاسایی سوودی لێوەربگیرێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP