رەوشی سودان دوای لابردنی عومەر بەشیر بەرەو كوێ ؟

کەمال محەمەد - 12-04-2019 - 3037 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی ساڵی 1989عومەر بەشیر بەكودەتایەك دەستی بەسەر دەسەڵاتی سوداندا گرت دەستی كرد بە پاكتاو كردن و تەسفییەكردنی نەیارەكانی ،ئەمەیە سیفەتی سەركردەیەكی دیكتاتۆر لە پێناو مانەوەی دەسەڵاتەكەی خۆی بۆ ماوەیەكی درێژ  تەواوی دەسەڵات و یاساكان ئەخاتە ژێردەستی خۆیەوە و رێگا بە ئازادی و بیرو رای جیاواز نادات و تەنها بیرو سیاسەتی خۆی ئەكاتە بنەما بۆ دەسەڵاتدارێتی بەجۆرێك كە سۆسیۆلۆژیای سیاسی بە رێژەیەكی زۆر لای سەركردەی دیكتاتۆر و خۆسەپێن رەنگی داوەتەوە ،ئەمە لە كاتێكدایە كە دەسەڵات لەسەردەمی بەشیردا بۆ خۆی بە مانای دژە دیموكراسی و نەبونی ئازادی و دیموكراسی دێت ،ئەم پێڕەوە لە دەسەڵات تا دەهات كۆمەڵگای سودانیان لەناو ئەبرد و  لە ژیانی ئابوری و كۆمەڵایەتی شوێنی پیاوان و لایەنگرانی خۆیان لە نهۆمی هەرە سەرو دانرابوو  كە هۆكاری سەرەكی دروستكردنی كۆمەڵگایەكی چینایەتی و بۆرژواز بوو ،لەم كاتەدا دوای نزیكەی 30ساڵ فەرمانرەوایەتی بەشیرلە رێگەی كودەتایەكی سەربازییەوە ناوبراو لە پۆستەكەی دورخرایەوەو دەستگیر كرا ،لەگەڵ بیستنی كودەتاكە شەقامەكانی شارەكان بو بە مەیدانی بەرگری گەنجەكان و ئەوانەی چاوەرێی ریفۆرم و رۆشنگەری بوون و گۆڕەپانەكە فراوانتر بوو كاتێك دەنگە نارازییەكانی بەروی خۆیدا كەمەندكێش كرد.
دەبێت گۆڕانكارییەكان قۆناغێك پەسەند بكات یاخود هەنگاوی بۆ بنێت كە زۆرترین كاریگەری لەسەر سیستەم هەبێت 

 

هەرچەندە لابردن و كۆتایی هێنان بە هەر دەسەڵاتێكی ستەمكارو دیكتاتۆر هەنگاوێكی گرنگە بۆ قۆناغەكانی داهاتوی شۆڕشگێڕی، بەڵام گرنگتر لەوە ئەوەیە گۆڕانكارییەكان تەنها بریتی نەبێت لە گۆڕینی كەسەكان بە هەمان  میتۆدی عەقڵی سیاسی و دەسەڵاتدارێتییەوە وەك ئەوەی لە دوای بەهاری عەرەبی چەند وڵاتێكەوە بینرا دوای شۆڕش و ریفۆرمگەری هاوڵاتیان، بەڵكو دەبێت گۆڕانكارییەكان قۆناغێك پەسەند بكات یاخود هەنگاوی بۆ بنێت كە زۆرترین كاریگەری لەسەر سیستەم هەبێت و گۆڕانكارییەكە ببێتە هۆی قەرەبوكردن و سارێژكردنی ئەو برین و ئازارە گەورانەی كە گەل لەمیانەی دەسەڵاتی دیكتاتۆرییەوە چەشتویەتی ،

ئەوەی گرنگە بۆ گەلی سودان دوای لەكار لادانی عومەر بەشیر هەڵبژاردنی هەنگاو و بەرنامەیەكی راستە بۆ چۆنێتی دارشتنەوەی سیستەمێك كە دیموكراتی تێدا پراكتیزە كرابێت

 

ئێستا گەلی سودان هەنگاو بەرەو قۆناغێكی مێژوویی ئەهاوێژێت ،مێژویەكی بەم شێوە رەنگە ببێتە كۆڵەكەی هەنگاونانی سودان كە نەرمبونی ئازادی لەگەڵ خۆیدا بێنێت، چون ئازادیش هەمەرەنگی دەخوڵقێنێ و ئومێدەكانی یەكسانی و دیموكراتی لەناو نابات و كار بۆ ئەنجامگیركردنیان ئەدات، بۆیە لەم كاتەدا ئەوەی گرنگە بۆ گەلی سودان دوای لەكار لادانی عومەر بەشیر هەڵبژاردنی هەنگاو و بەرنامەیەكی راستە بۆ چۆنێتی دارشتنەوەی سیستەمێك كە دیموكراتی تێدا پراكتیزە كرابێت و لەلایەن خواست و بەرژەوەندی گشتی گەلەوە رێكبخرێ و لە میانەی ئیرادەیەكی دیموكراتیانەوە دەست نیشان بكرێت ،هەلبەتە رێكخستنی گەل پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەل لەم خاڵەدا دەرئەكەوێت كە ئەوانەی عاشقی دیموكراسی نین و هەوڵەكانیان تەنها بۆ گۆڕینی ستەمكارێكە بۆ ستەمكارێكی دیكە ئاشكرا دەبن ،بۆیە قۆناغی ئێستای سودان  لە دۆخێكدایە كە ناتوانرێت بریاری كۆتایی لەسەر بدرێت و لە ماوەكانی داهاتودا هەمو لێكدانەوەكان بە ئەنجامی خۆیان ئەگەن .


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP