ئه‌نفال و سه‌رۆك كۆمار

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 12-04-2019 - 2369 جار خوێندراوەتەوە

یه‌كه‌مین دۆسیه‌ى 
دادگاى باڵاى تاوانه‌كانى رژێم و سه‌دام ، روداوه‌كه‌ى دوجه‌یل بوو ، كه‌ تیایدا سه‌ره‌ڕاى  وه‌ك جینۆساید سه‌یركردن ، سه‌دام سزاى له‌ سێداره‌دانى بۆ ده‌رچوو ، هه‌روه‌ها حكومه‌ت چووه‌ ژێر بارى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌و 148 كه‌س قه‌بوویان وه‌رگرت ، دێى هه‌یه‌ له‌ كوردستان دوو هێنده‌ زیاترى دوجه‌یل خه‌ڵكى بووه‌ ته‌ قوربانى و تا ئێستا رێگه‌یه‌كى باشى نیه‌، تا ئێستا دینارێك قه‌ره‌بووى حكومه‌تى عیراقى وه‌رنه‌گرتوه‌ ، نمونه‌ى جه‌له‌مۆرد كه‌ تێیدا 400 كه‌س ئه‌نفال كراوه‌ ، هه‌ڵبه‌ت دادگاى باڵاى تاوانه‌كان ئه‌نفالى به‌ جینۆساید ناساند ، پارله‌مانى عیراقیش ئه‌و كاره‌ى كرد ، مایه‌وه‌ كه‌ حكومه‌تى عیراقى ئه‌وه‌ بكات ، تا ئێستا نه‌كراوه‌ ، به‌ باوه‌ڕى من ئه‌گه‌ر حكومه‌تى عیراقى له‌ ئێستادا ئه‌و كاره‌ بكات ،ئه‌ركێكى ئاكارى جێبه‌جێده‌كات و سه‌رۆك كۆمار ده‌توانێ له‌و بابه‌ته‌دا رۆڵى گرنگى خۆى ببینێت .
2
له‌ كاتى دادگاى كردنى سه‌دام و دارو ده‌سته‌كه‌ى له‌ سه‌ر تاوانى ئه‌نفال ، ئێمه‌ چه‌ند كیوانێك له‌ به‌غدا به‌شدارى دوو دانیشتنى دادگاییه‌كه‌مان كرد ، ئه‌و كاته‌ دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح له‌ به‌غدا داوه‌تێكى كردین و داواى لێكردین بمێنینه‌وه‌ تا له‌ نزیكه‌وه‌ دكتۆر عادل عه‌بدولمه‌هدى بناسین ،دكتۆر به‌رهه‌م له‌ باره‌ى دكتۆر عادله‌وه‌ وتى پیاوێكى زۆر به‌ڕێزه‌و دۆستێكى راسته‌قینه‌ى كورده‌ ، ئێستا دكتۆر به‌رهه‌م سه‌رۆك كۆماره‌و دكتۆر عادل سه‌رۆكى حكومه‌تى عیراقى ، هه‌ڵبه‌ت كاتى خۆیه‌تى ئه‌و دۆسته‌ راسته‌قینه‌یه‌ پاش زیاتر له‌ سێ ده‌یه‌ له‌ تاوانى ئه‌نفال ئه‌و پرسه‌ له‌ حكومه‌تا به‌ جینۆساید بناسێنێ و ئه‌ركى داواى بوردن و قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ وه‌ك حكومه‌ت ، ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌ ته‌واو كردنى هه‌نگاوه‌كه‌ى دوجه‌یل شتێكى دیكه‌ نیه‌ ، بۆیه‌ له‌م بۆنه‌یه‌داو له‌ ساڵوه‌گه‌ڕى ئه‌نفالداكاتى ئه‌وه‌یه‌ دكتۆر به‌رهه‌م وه‌ك سه‌رۆك كۆمارو وه‌ك نوێنه‌رى هه‌موو پێكهاته‌كانى عیراق پرسى ئه‌نفال بیر حكومه‌تى عیراق و دكتۆر عادل بخاته‌وه‌ .
3
ده‌مه‌وێ لێره‌دا گازنده‌یه‌كى دیكه‌ش بكه‌م دادگاى باڵا به‌بێ هیچ هۆیه‌كى دیارى كراو ، روداوه‌كانى ساڵى 1963و حه‌ره‌س قه‌ومیه‌كانى نادیده‌ كردو دۆسیه‌ى تاوانه‌كانى به‌عسى له‌ مانگى 7ى 1968ه‌وه‌ خسته‌ رۆژه‌ڤه‌وه‌ ، من به‌ هاوكارى و له‌سه‌ر داواى وه‌زاره‌تى شه‌هیدو ئه‌نفال دۆسیه‌یه‌كى گرنگى ساڵى 1963م ئاماده‌ كردوهه‌رچه‌ند ده‌كرا زۆرتر ده‌وڵه‌مه‌ند بكرێت ، به‌ڵام به‌ هه‌ر هۆیه‌ك بوو من وازم لێهێناو وه‌زاره‌تیش له‌ بیریان كرد ، بڕوام وایه‌ دۆسیه‌ى 1963ى حه‌ره‌س قه‌ومیه‌كان زۆر له‌ دۆسیه‌ى دوجه‌یل گه‌وره‌تره‌ ، بۆیه‌ جێى خۆیه‌تى لێره‌دا داوا له‌ سه‌رۆك كۆمار بكه‌م ، بۆ دادوه‌رى گوێزه‌ره‌وه‌و بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ئاینده‌ى عیراقدا جینۆسایدو سڕینه‌وه‌ بوونى نه‌بێت ، پرسى قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ى 1963ش بخرێته‌ به‌رده‌م حكومه‌تى عیراقى ، له‌و باره‌یه‌وه‌ من ته‌واوى دۆسیه‌كه‌ ده‌خه‌مه‌ به‌رده‌م دكتۆر به‌رهه‌م ساڵح .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP