هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

سودان

جەمال حسێن - 11-04-2019 - 1479 جار خوێندراوەتەوە

ھیگڵ لەشوێنێکدا وتویەتی ( تاکە وانەیەک لەمێژوو فێری ببین، ئەوەیە کەس لەمێژوو ھیچ فێرنەبوە) ئەم وتەیە کەدەربریشە لەروانگەیەکی فراوان بۆ مێژوو، لەزۆ ڕوەوە راستەو لەزۆر ئاستدا مێژوی مرۆڤ پشت ڕاستی دەکاتەوە. نەک ھەر لەئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی، بەڵکو لەئاستی تاکەکەسیش دەشێ زۆرینەمان لەژیانی کەسی خۆماندا، چەندین ھەڵەھەبن بەشێوەو فۆڕمی جیاجیا دووبارەو چەند بارەمان کردبێتەوە. بەڵام ئەوەی من دەمەوێ لەڕێی ئەم قسەیەوە لێی نزیک ببمەوە، ئەوەیە نەعومەری سودان لە بوتەفلیقەی جەزائیر ھیچ فێربوو، نە موبارەکی میسر لە عەلی یەمەن و نەئەویش لە بن عەلی تونس پەندی وەرگرت و نەئەوانەی تریش کەماون عیبرەت لە ئەمانە وەردەگرن. بەم جۆرە ستەمکارو دکتاتۆرەکان دەبنە گەورەترین نمونەو وانەی مێژوو بۆ فێرنەبوون و پەند وەرنەگرتن. ئەوکاتەش جەنەڕاڵە گەنجەکەی سودان بەیاننامەی لەسەرکارلابردنی عومەری خوێندەوە، لەدڵی خۆمدا وتم کەی دێت ئەویش بەدەردی ئەم بچێ، کاتێکیش سودانیەکانم بینی لەشەقامەکان بۆ دەربرینی شادی ھەڵدەپەڕین، وتم کەی جارێکی تر دێنەوە سەرشەقام بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینێکی تر. 
چی وایکردوە ھەر نزیکەی سی ساڵ یان زیاتر نوخبەیەکی سیاسی فاسد بێت نوخبەی فەرمانڕەوای فاسدی پێش خۆی لەناو ببات

 

ئاخر مێژووی سیاسی ئەم ناوچەیە، وەکو چۆن مێژویەکی ناشیرینی پڕ لەستەمکاری و جەنگ و دەسەڵاتی سەربازییە، بەھەمان شێوە مێژویەکی بێ ئەنداز بازنەیی و دوبارەشە، جا لەفۆرمی ناسیونالیستی دابێت یان ئاینی، ھەر ئایدۆلۆژیایەک بپۆشێ، ناوەرۆکەکەی ستەمکارییە. دەشێ تورکیا باشترین نمونەیان بێ، کەدوای ئەوەی لەرژێمێکی سکولاری سەربازییەوە، گۆڕا بۆ رژێمێکی پەردەپۆشکراو بەئاین، ھیچی لەبەھا سەرەکیەکانی نەگۆڕا کەبریتیە لەستەمکاری، بگرە لەزۆر ڕوەوە خراپتر بوەو خراپتریش چاوەڕێ دەکرێ. ئەوە ھیچ کات واتای ئەوە نییە کەستەمکاری قەدەرێکی نەگۆرەو ھیچ چانسێک نییە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەم وڵات و ناوچانە چاوەڕێی سپێدەیەکی باشتر بکات. یان ھەوڵبدات خەون بەژیانێکی شەرەفمەندانەو بەکەرامەتەوە ببینێ، بەڵام بۆ من بەڕاستی ئەمە پرسیارێکی گەورەشە کەبۆچی بەردەوام ئەم مێژوە دوبارە دەبێتەوە؟ چی وایکردوە ھەر نزیکەی سی ساڵ یان زیاتر نوخبەیەکی سیاسی فاسد بێت نوخبەی فەرمانڕەوای فاسدی پێش خۆی لەناو ببات، ئەوجار نوخبەیەکی تری لەوان فاسدتر بێ بۆ ھەڵتەکاندنی ئەوان ؟   ئەوەی لێرەدا تەواو شەرعیەو لەڕوی دەرونیەوە مایەی شادییە، بێگومان چرکەسات و گەرماو گەرمی خودی گۆڕان کارییەکانە، بەڵام ئەوەی تراژیدی و خەمبارانەیە ئەنجامەکانیەتی، کەبریتیە لەدووبارەبوونەوە. 

ئەم دەسەڵاتانە بۆ ئەوەی بەدەردی ئەوانەی پێش خۆیان نەچن، زیاتر خۆیان بەھێزدەکەن و دڕندەتردەبن

 

لەم چوارچێوەیە یەکێک لەوتەو قسەکانی شاملوی شاعیری ئێرانی ھەمیشە لەیادەوریمدایە، ئەویش ئەوەیە کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران رویدا، وتی ئەم شۆڕشە ناتوانێ ھیچ گۆڕانێکی گەورە دروست بکات کەلەبەرژەوەندی خەڵکی رەش و روت و ھەژاردابێ، ئەوەی ھەیە کۆتایی ھاتنی شایەو دەست پێکردنی ئیمامە، وەکو چۆن بۆ دەرکردنی شا و کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتەکەی پێویستمان بەئیمام بوو، رۆژێک دێت بۆ رزگاربونیش لەئیمام پێویستمان بە شایەکی تر دەبێت. لەکۆتاییشدا شاملو وتی ( ئەم رژێمانە یەکتری دووبارە دەکەنەوە). دووبارەکردنەوەیەکی تراژیدی ترو کارەسات بارتر. چونکە ئەم دەسەڵاتانە بۆ ئەوەی بەدەردی ئەوانەی پێش خۆیان نەچن، زیاتر خۆیان بەھێزدەکەن و دڕندەتردەبن، بۆیە لابردنیشیان خوێن و توندوتیژی زیاتری بەدواوەدەبێت. ئەوە سەرباری ئەوەی لەماوەی فەرمانڕەواییان دەوڵەت و کۆمەڵگاش وا وێران دەکەن، کەدوای خۆیان نەتوانن لەسەر پێ بوەستنەوە. 

ئەوەی باجی قورسی ئەو مێژوە ناشیرنەش دەدات، سودانیەکی بەستەزمانە، کەئێستا بەخۆشی کەوتنی ستەمکارێک دڵی خۆشە

 

بۆیە بۆمن کەوتنی عومەرەکەی سودان و کۆتایی ھاتنی بوتەفلیقەی جەزائیر وەک روداوو پێشھاتێک مایەی دڵخۆشییە، بەڵام وەک روداوی داھاتوو پێم وانییە ھیچی زیاتربێت لەڕوداوەکانی تری بەناو بەھاری عەرەبی. دڵنیام ھەرزوو وڵاتانی ناوچەکە و بەرژەوەندی وڵاتانی زلھێز لەسودانیش بەریەک دەکەوێ ناھێڵن شتێک روبدات کەمایەی مەترسی بێت بۆ بەرژەوەندییەکانیان، ھەتا ئەگەر پێویست بکات وەک سوریا ئەوێش ببێتە گۆڕەپانی بەریەککەوتنی سەربازی. بۆیە وەک چۆن لەسەرەتای روداوەکانی سوریا و پێنج ساڵ پێش ئێستا وتارێکم نوسی بەناوی کەس خەمی سوریەکانیی نییە، بەھەمان شێوە یەقینم ھەیە کەس خەمی سودانییەکانی نیە. شەڕی ئەم وڵاتانە بۆ بەرژەوەندییەکانیانەو ھیچی تر، ئەوەی باجی قورسی ئەو مێژوە ناشیرنەش دەدات، سودانیەکی بەستەزمانە، کەئێستا بەخۆشی کەوتنی ستەمکارێک دڵی خۆشە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP