به‌له‌رزه‌كه‌وتنى ئاكه‌په‌

عومەر عەلی محەمەد - 11-04-2019 - 1535 جار خوێندراوەتەوە

به‌درێژایی (17) ساڵى ڕابردوو كه‌ (18) هه‌ڵبژاردنى جۆاوجۆر له‌توركیادا ئه‌نجام دراوه‌، به‌ به‌رده‌وامى پارتى دادوگه‌شه‌پێدان براوه‌ى یه‌كه‌م بووه‌، ئه‌م بردنه‌وه‌یه‌ واى له‌به‌رپرسانى ئه‌م پارته‌ كرد بوو كه‌ له‌بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كاندا به‌ غرورێكى سیاسى زۆره‌وه‌ باسى حیزبه‌كه‌یان‌ و پرۆژه‌كان‌ و ئاستى جه‌ماوه‌رى بوونیان بكه‌ن، ئه‌وان له‌و بڕوایه‌دا بوون كه‌ پارتى دادو گه‌شه‌پێدان له‌دواى ئه‌وه‌ى كه‌ توانیان ساڵى پار سیستمى په‌رله‌مانى بگۆڕن بۆ سیستمى كۆمارى، ئتیر ئه‌م پارته‌ شكست ناخوا‌و پێگه‌ى خۆى له‌هه‌موو جومگه‌كانى ده‌سه‌ڵاتدا قایم ده‌كات‌ و هیچ شتێكى تر ناتوانێت به‌ له‌رزه‌ى بخات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وان زۆر به‌ حه‌ماسه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ ساڵى (2023)‌و پرۆژه‌كه‌ى پارتى دادو گه‌شه‌پێدان، كه‌ ئه‌مه‌ سه‌ره‌تایه‌كى نوێ ده‌بێت بۆ توركیا‌و توركیاش ده‌بێته‌ زلهێزێكى جیهانى‌ و پێگه‌ى خۆشى له‌رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست‌ و جیهان وه‌ك جه‌مسه‌رێكى به‌هێز ده‌پارێزێت،هه‌ر به‌م دیدو تێڕاوانیه‌شه‌وه‌ هه‌ڵسوكه‌وتى ده‌كردو هه‌روه‌ك له‌ بانگه‌شه‌ى گۆڕینى سیتمى په‌رله‌مانى بۆ سه‌رۆكایه‌تى دروشمى توركیایه‌كى به‌هێزى هه‌ڵگرتبوو، ئه‌م گۆڕانكاریانه‌ له‌دیدو ئایدیاو بۆ چوونه‌كانى دادوگه‌شه‌پێدان له‌دواى ساڵى (2015) ه‌وه‌زیاتر هه‌ستى پێده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌وان له‌و كاته‌وه‌ بڕوایان وایه‌ كه‌ توركیا پێویستى به‌ سه‌رۆكێكى كاریزما‌و ده‌وڵه‌تێكى به‌هێز هه‌یه‌، هه‌ر بۆ زیاتر تۆخ كردنه‌وه‌ى ئه‌م گوتاره‌ زیاتر ئاڕاسته‌كه‌ روو ده‌كاته‌وه‌ جه‌ماوه‌رى به‌ره‌گه‌ز تورك‌ و ورده‌ ورده‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كات له‌ توركیایه‌كى كراوه‌ و دیموكرات‌ و لبیراڵ و كاركردن بۆ چه‌سپاندنى مافه‌ مه‌ده‌نیه‌كان.

ئه‌م دیدو تێڕوانینه‌ نوێیه‌ وایكرد كه‌ پارتى دادو گه‌شه‌پێدان رێكه‌وتنى ستراتیجى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى ره‌گه‌زپه‌رستى تورك به‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌وڵه‌ت به‌هچلى ببه‌ستێت، كه‌ ئه‌وانیش پاڵنه‌رى گه‌وره‌ بوون بۆ ئه‌وه‌ى دادو گه‌شه‌پێدان له‌پرۆسه‌ى ئاشتى له‌گه‌ڵ كورددا پاشه‌كشه‌ بكات.

له‌لایه‌كى تره‌وه‌ ئه‌و دیدو تێڕوانینه‌ واى كرد كه‌ پارتى دادوگه‌شه‌پێدان له‌جیاتى سفر كردنه‌وه‌ى ململانێكان كه‌ به‌ تیۆرى سیاسى داود ئۆغلۆ داده‌نرێت، ئه‌وكاته‌ى كه‌ سه‌رۆكى حكومه‌ت بوو، ئه‌وكاته‌ش كه‌ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ بوو، کەدواى ئه‌و تیۆرێكى تر هاته‌ ئاراوه‌، كه‌ ئه‌ویش رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى توند له‌گه‌ نه‌یاره‌كان‌ و ئۆپۆزسیۆن كه‌ زۆر جار به‌ توندڕه‌و و ناپاك‌ و ده‌ستى ده‌ره‌وه‌ له‌قه‌ڵه‌م ده‌دران، ئه‌وه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌دواى كوده‌تاكه‌وه‌ زۆر به‌توندى روبه‌ڕوى گوڵه‌نیه‌كان بووه‌وه‌ و له‌هه‌موو ده‌زگاكانى حكومه‌ت پاكتاویكردن.

له‌كوردستانیش له‌ (102) سه‌رۆكى شاره‌وانى (96) یانى لابردوو له‌جێگه‌یدا كه‌سانى سه‌ر به‌ پارتى ده‌سه‌ڵاتدارى داناو له‌ ناوچه‌ كوردیه‌كانیشدا به‌گشتى بارى نائاسایى راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ ئه‌م بارودۆخه‌ نائاساییه‌ى ناوخۆ به‌هۆى تێكچوونى په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا، قه‌یرانێكى ئابورى سه‌خت روبه‌ڕووى توركیا بووه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى لیره‌ى توركى (30%) به‌هاكه‌ى له‌ده‌ست بدات‌ و رێژه‌ى هه‌ڵاوسان بگاته‌ نزیكه‌ى (20%)‌و ئاستى بێكارى (13%).

دیدو تێڕوانینى پارتى دادو گه‌شه‌پێدان به‌رامبه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆن‌ و رۆژنامه‌نوسان‌ و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى‌ و جه‌ماوه‌ر به‌ گشتى، وایكرد كه‌ هه‌مو هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان‌ و نه‌یاره‌كانى پارتى ده‌سه‌ڵاتدار بیر له‌ خۆ رێكخستنه‌وه‌ و یه‌كگرتن بكه‌نه‌وه‌

 

ئه‌م دیدو تێڕوانینه‌ى پارتى دادو گه‌شه‌پێدان به‌رامبه‌ر به‌ ئۆپۆزسیۆن‌ و رۆژنامه‌ نوسان‌ و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى‌و جه‌ماوه‌ر به‌ گشتى، وایكرد كه‌ هه‌موو هێزه‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان‌ و نه‌یاره‌كانى پارتى ده‌سه‌ڵاتدا بیر له‌ خۆ رێكخستنه‌وه‌ و یه‌كگرتن بكه‌نه‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌مجاره‌یان له‌به‌رامبه‌ر هاوپه‌یمانى كۆمار، هاوپه‌یمانى گه‌ل دروست بوو كه‌ له‌گه‌ڵ هەده‌پەدا به‌ رێكه‌وتنێكى نوێوه‌ چوونه‌ هه‌ڵبژاردن، به‌تایبه‌تى له‌شاره‌ گه‌وره‌كانى وه‌ك ئه‌سته‌نبوڵ ‌و ئه‌نقه‌ره‌و ئه‌نتالیاو ئه‌ده‌نه‌و ئه‌رزروم، ئه‌م رێكه‌وتنه‌ى كورد له‌گه‌ڵ جه‌هه‌په‌ بووه‌ هۆى ئه‌وه‌ى پارتى ده‌سه‌ڵاتدار له‌هه‌موو ئه‌و شاره‌ گه‌ورانه‌ هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كان بدۆڕێنێت.

پارتى دادو گه‌شه‌پێدان ده‌بوایه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ بزانێت كه‌ هه‌تا ئێستاش ئه‌و له‌توركیادا ده‌نگى ره‌هاو زۆینه‌ نیه‌، ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ش كه‌ له‌ رابردودا بردویه‌تیه‌وه‌ به‌هۆى ناكۆكى‌ و رێكنه‌كه‌وتنى ئۆپۆزسیونه‌وه‌بوه‌ له‌نێو خۆیاندا

 

پارتى دادو گه‌شه‌پێدان ده‌بوایه‌ ئه‌و ڕاستیه‌ بزانێت كه‌ هه‌تا ئێستاش ئه‌و له‌توركیادا ده‌نگى ره‌هاو زۆینه‌ نیه‌، ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌ش كه‌ له‌ڕابردوودا بردوویه‌تیه‌وه‌ به‌هۆى ناكۆكى‌و رێكنه‌كه‌وتنى ئۆپۆزسیونه‌وه‌بووه‌ له‌نێو خۆیاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و پێویستى به‌وه‌ هه‌بوو كه‌ پارته‌كان‌و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌خۆى نزیك بكاته‌وه‌ نه‌ك هه‌موان بكات به‌ دوژمنى خۆى‌ و له‌به‌ره‌یه‌كدا كۆیان بكاته‌وه‌.
له‌ده‌ستدانى ئه‌و شاره‌ گه‌ورانه‌ ماناى سیاسى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ به‌تایبه‌تى پایته‌خت كه‌ نوێنه‌رایه‌تى نوخبه‌ى سیاسى ده‌وڵه‌ت ده‌كات

 

له‌ده‌ستدانى ئه‌و شاره‌ گه‌ورانه‌ ماناى سیاسى گه‌وره‌ى هه‌یه‌ به‌تایبه‌تى پایته‌خت كه‌ نوێنه‌رایه‌تى نوخبه‌ى سیاسى ده‌وڵه‌ت ده‌كات، هه‌روه‌ها ئه‌سته‌نبوڵ كه‌ بۆ ماوه‌ى (25) ساڵه‌ له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى پارتى ده‌سه‌ڵاتدایه‌و له‌هیچ هه‌ڵبژادنێكدا نه‌یدۆڕاندووه‌، له‌هه‌مان كاتدا ئه‌سته‌نبوڵ پایته‌ختى گه‌شتو گوزارو ئابورى‌ و كولتوریه‌.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌ئێستادا پارتى دادوگه‌شه‌پێدان له‌به‌رده‌م وه‌رچه‌رخانێكى مێژوویدایه‌ و ئه‌گه‌ر به‌ خۆیدا نه‌چێته‌وه‌و چاكسازیه‌كى بنه‌ڕه‌تى له‌تێڕوانینه‌ سیاسیه‌كانیدا نه‌كات له‌ناوخۆو ده‌ره‌وه‌دا، ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ وه‌ك پارتى نیشتمانى دایكى لێ بێت، چونكه‌ ئه‌ویش له‌ساڵى (1989)دا له‌هه‌ڵبژاردنى شاره‌وانیه‌كاندا جه‌ماوه‌رى رووى له‌ له‌پاشه‌كشه‌ كردو پارتى ره‌فا له‌ئه‌سته‌نبوڵ و ئه‌نقه‌ره‌ جێگه‌ى گرته‌وه‌، به‌ڵام به‌بێ هیچ به‌خۆداچوونه‌وه‌و گۆڕانكاریه‌ك، چوه‌وه‌ هه‌ڵبژاردنى (1994) له‌م هه‌ڵبژاردنه‌شدا سه‌ره‌ڕاى له‌ده‌ستدانى ئه‌سته‌نبوڵ‌ و ئه‌نقه‌ره‌ سێ شاره‌وانى گه‌وره‌ى تریشى له‌ده‌ستداو له‌هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى (1995) به‌ ته‌واوى ده‌نگه‌كانى كه‌مى كرد.

هه‌ر چه‌ند هه‌تا ئێستاش رێژه‌ى ده‌نگه‌كانى پارتى دادو گه‌شه‌پێدان (44%)ه‌و یه‌كه‌م پارته‌ له‌رووى ژماره‌ى ده‌نگده‌رانه‌وه‌، به‌ڵام له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ وه‌ك ئۆردوغان وتى: ئه‌وه‌ په‌یامى خه‌ڵك بوو بۆ پارتى ده‌سه‌ڵاتدار. ماناى وایه‌ خه‌ڵك‌ و به‌تایبه‌تیش نه‌وه‌ى نوێ كه‌ ملیۆنێك‌ و سه‌دو په‌نجا هه‌زار كه‌س بوون، رازى نین به‌و سیاسه‌ته‌ ئابورى‌ و سیاسیه‌ى كه‌ ئێستا پارتى ده‌سه‌ڵاتدار له‌توركیا ده‌یبات به‌ڕێوه‌، له‌ ئێستادا ئه‌م پارته‌ پێویستى به‌ سفر كردنه‌وه‌ى ململانێكان هه‌یه‌، به‌ڵام سه‌ره‌تا ده‌بێت له‌ناوه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات، ئینجار به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ هه‌نگاو بنێت. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP