گرنگی و پێویستی پێكهێنانی حكومەت لەم قۆناغەدا

کەمال محەمەد - 11-04-2019 - 3129 جار خوێندراوەتەوە


دوای نزیكەی ٦ مانگ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لایەنەكان نەیانتوانیوە بگەنە رێكەوتنی كۆتایی بۆ پێكهێنانی پێكهاتەیەكی نوێ لە حكومەتێكی نوێدا، وێڕای ئەوەی هەریەكێك لەم هێزانە لەسەروبەندی هەڵبژاردنەكاندا بە كۆمەڵێك بەرنامە و بەڵێنی جیاجیاوە ئاماجیان چارەسەركردنی كێشەكان و باشتركردنی دۆخەكە و ژیانی هاوڵاتیان بوو، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبونی كات خۆیان بون بە سەرچاوەی كێشەكانی كۆمەڵگاو بەردەم پێكهێنانی حكومەت، بەوپێیەی ئەم هێزانە هێندەی لە خەمی بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانی خۆیانن وەكو حیزب هێندە لەخەمی گشتیدا نەبوون، لێ ئەگەر خەمی گشتی لەبەرنامەی ئەم هێزانەدایە وەك ئەوەی خۆیان ئاماژەی پێ ئەدەن فەرمون بۆ نایكەن كێ دەستی گرتون !؟
مەعادەلەی سیاسی و گۆڕانكارییەكان بە جۆرێكن كە رەنگە ناوچەكە و هەرێمی كوردستان روبەروی زەحمەتییەكی زۆر ببێتەوە، بۆیە پاراستن یان بەرگریكردن لەم پارچە هەرێمییە دەستورییە ئەركی سەرشانی هەمو ئەو لایەنانەیە بەپێی قەبارەو دەسەڵاتیان

 

یەكگرتویی و یەكڕیزی لایەنەكان لەم ساتەدا لە هەمو كاتێك گرنگتر و پێویستترە، بەهۆی ئەو بارودۆخە ناوخۆییەی لە عێراق و ناوچەكەدا هاتوەتە ئاراوە، لێرەدا مەعادەلەی سیاسی و گۆڕانكارییەكان بە جۆرێكن كە رەنگە ناوچەكە و هەرێمی كوردستان روبەروی زەحمەتییەكی زۆر ببێتەوە، بۆیە پاراستن یان بەرگریكردن لەم پارچە هەرێمییە دەستورییە ئەركی سەرشانی هەمو ئەو لایەنانەیە بەپێی قەبارەو دەسەڵاتیان، بەجۆرێك كە سیاسەت و پێكەوەبونیان لەسەربنەمای روبەروبونەوە و گونجاندنی دۆخێك بێت رەوشەكە رۆشن بكەنەوە و تا رادەیەكی باش چانسی سەركەوتن و شرۆڤەی حكومەتێكی تەكنۆكرات بەدەست بهێنن.

تەواوی هەلومەرجەكان و دۆخەكە بۆ دواخستنی پێكهێنانی حكومەت لەبار نییە، ئەمەو جگە لە هەندێ قۆناغی پێشبینیكراو لە داهاتودا لەنێوان وڵاتان، هەروەها بێ ئاگایی و بیركردنەوەو بەرژەوەندی تەسكی خودی پارتە سیاسییەكانیش لەسەر حسابی بەرژەوەندی نەتەوەیی و هەرێمەكە هۆكاری سەرەكی قەیرانی سیاسی و ئابوری ئەمڕۆمانن، كە رەنگە لە داهاتودا لە قۆناغی قەیرانەكانی ئێستا خراپترین ئەنجامەكانی لێ دەركەوێت، كاتێك هەرێمی كوردستان دەكەوێتە قەیرانێكی وەهاوە كە توانا و دەرفەتی خستنەگەڕی هێزێكی دیكەی چارەسەری نەمێنێت و وەك كارەساتێك هەڵبسەنگێنرێ كەبەساتی مان و نەمانی پێگە دەستورییەكەی هەرێم تێپەڕێت.

یەكێكی دیكە لە گرنگییەكانی پێكهاتنی لایەنەكان لەم قۆناعەدا ئەوەیە كە هەموان هەوڵەكانیان بۆ كابینەی نوێ بە بنەماگرتنی ئەو گرفتە قورسانە بێت كە لەچاوەڕوانی گفتوگۆو رێكەوتنەكانی هەرێم و بەغداد بێت بۆ ئەوەی قەیرانی ئابوری پێ دەرباز بكرێت و كۆی پرۆژەكان بخرێنەوە كار بۆ خزمەتی هاوڵاتیان

 

یەكێكی دیكە لە گرنگییەكانی پێكهاتنی لایەنەكان لەم قۆناعەدا ئەوەیە كە هەموان هەوڵەكانیان بۆ كابینەی نوێ بە بنەماگرتنی ئەو گرفتە قورسانە بێت كە لەچاوەڕوانی گفتوگۆو رێكەوتنەكانی هەرێم و بەغداد بێت بۆ ئەوەی قەیرانی ئابوری پێ دەرباز بكرێت و كۆی پرۆژەكان بخرێنەوە كار و بەرپرسیارێتی سەرەكی چارەسەری دابینكردنی پێداویستییە ژیانییەكانی هاوڵاتیان لە ئەستۆ بگرن و هەنگاو بەرەو بە دامەزراوەیی كردنی پێگە سیاسی و حكومڕانییەكان بدەن، ئەمەش لە میانەی بە بڕیاربونی پێویست بەیەكەوە لەسەر بنەمای بەبیر هێنانەوەی بەرپرسیارێتییەكانیان پەیوەندی ببەستنەوە بۆ سەلماندن و نیشاندانی گرنگی و پێویستی ئەو حكومەتەی كە لە چاوەڕوانی هاوڵاتیاندایە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP