بەپەلە

مه‌رجه‌ع له‌ نێوان كورد و شیعه‌دا

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 8-04-2019 - 3121 جار خوێندراوەتەوە

 نه‌ته‌وه‌كان و گه‌له‌كان و وڵاتان سومبلیان هه‌یه‌، سومبلى سیاسى لێ شتێكیان نیه‌ ناوى مه‌رجه‌ع بێت

له‌ دنیادا مه‌ررجه‌ع نیه‌ به‌و جۆره‌ى لێره‌ قسه‌و باس له‌ سه‌ر مه‌ررجه‌ع ده‌كرێت شتى وانیه‌، نه‌ته‌وه‌كان و گه‌له‌كان و وڵاتان سومبلیان هه‌یه‌، سومبلى سیاسى لێ شتێكیان نیه‌ ناوى مه‌ڕجه‌ع بێت، بۆ ئه‌مریكاى لاتین چێ گیڤارا، بۆ باشورى ئه‌فریقیا نیڵسۆن ماندێللا، بۆ توركى توركیا كه‌مال ئه‌تاتورك، بۆ میسر جه‌مال عه‌بدولناسر، بۆ به‌ریتانیا چه‌رچڵ و بۆ فه‌ڕه‌نسا دیگۆڵ و به‌و جۆره‌ زۆربه‌ى وڵاتان سومبلى خۆیان هه‌یه‌، لێ ئه‌و سومبله‌ش له‌لایه‌ن هه‌موو گه‌له‌وه‌ ویستراو نیه‌و لاى هه‌ندێك بێزراوه‌، ئه‌سڵه‌ن مه‌رجه‌ع بۆ سیاسه‌ت هه‌رنیه‌و قسه‌یه‌كى بێمانایه‌، ده‌كرێت له‌ بوارى ئاینیدا له‌و باره‌یه‌وه‌ شتێ بگوترێت، زیاتر بۆ بوارى ئاینیش گونجاوه‌ تا بوارى سیاسى، بۆ نمونه‌ عه‌لى سیستانى، كه‌ ئێستا به‌شێك له‌ شیعه‌كان و سیاسیه‌كانى شیعه‌ وه‌ك مه‌رجه‌ع سه‌یرى ده‌كه‌ن، زیاتر پێگه‌ ئاینیه‌كه‌یان له‌ به‌ر چاوه‌ تا پێگه‌ى سیاسى، چونكه‌ سیستانى له‌ سیاسه‌تا هیچ رۆڵێكى نیه‌، هه‌ڵبه‌ت سیستانیش لاى هه‌موو شیعه‌كان ویستراو نیه‌، ته‌نانه‌ت به‌شێكى زۆر له‌ نه‌وه‌ى نوێى شیعه‌كانى عیراق هه‌رنایانه‌وێت، مه‌به‌ستم شیعه‌ گه‌نجه‌كانه‌ كه‌ خه‌ون و خولیاى تریان هه‌یه‌ له‌ بوارى سیاسه‌ت و داهاتوى سیاسى خۆیاندا.

له‌ ئێرانیش ئیمام خومه‌ینى نه‌بووه‌ مه‌رجه‌عى هه‌موو ئێرانیه‌كان گه‌رچى ئیمام خومه‌ینى به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ بوارى ئاین و سیاسه‌تا هه‌نگاوى نا

 

له‌ ئێرانیش ئیمام خومه‌ینى نه‌بووه‌ مه‌رجه‌عى هه‌موو ئێرانیه‌كان گه‌رچى خومه‌ینى به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ بوارى ئاین و سیاسه‌تا هه‌نگاوى ناو وتاره‌ ئاینیه‌كانى له‌ قوم به‌ر له‌وه‌ى ده‌ربكرێت بۆ عیراق و دواتر فه‌ڕه‌نسا گه‌واهى ئه‌و تێكه‌ڵكردنه‌ى دین و سیاسه‌ت ئه‌ده‌ن، هه‌ڵبه‌ت ئه‌ویش هه‌رگیز مه‌رجه‌عى هه‌موو شیعه‌ى ئێران، یان هه‌موو ئێرانیان نه‌بوو، ئه‌گه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌ك هه‌بێت به‌وه‌ى مه‌لا مسته‌فاى بارزانى كاتى خۆى مه‌رجه‌عى كورد بووه‌ له‌ بوارى سیاسیدا ئه‌وه‌ش دیاره‌ هه‌ڵه‌و كێماسى خۆى هه‌یه‌، بارزانى له‌ باشورى كوردستانیش نه‌بووه‌ مه‌رجه‌عى هه‌موو كورد، گه‌رچى سۆرانیه‌كان و كه‌سایه‌تیه‌ دیاره‌كانى سۆران هه‌موو پشتگیریه‌كى ئه‌ویان كرد، كه‌ باس له‌ سۆرانى و كه‌سایه‌تى دیارى سۆرانى ده‌كرێت له‌ پێشى هه‌موویانه‌وه‌ ناوى برایم ئه‌حمه‌د و جه‌لال تاڵه‌بانى دێت، گه‌رچى هه‌رگیز بارزانى متمانه‌ى پێنه‌كردن، یان لانىكه‌م له‌به‌ر كوڕه‌كانى خۆى هه‌میشه‌ ئه‌وان و هه‌موو سۆرانیه‌كانیشى ده‌بوغزاند، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا مه‌لا مسته‌فا و  رۆژگارى مه‌لا مسته‌فاو پێگه‌ى مه‌لا مسته‌فا جیاواز تر بوو له‌ ئێستا.

ئه‌وانه‌ى قسه‌ له‌ به‌ مه‌رجه‌ع بوونى مه‌سعود بارزانى ده‌كه‌ن خۆیان له‌ بارودۆخى كورده‌كانى باكورو رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا نه‌بان ده‌كه‌ن

 

ئه‌وانه‌ى قسه‌ له‌ به‌ مه‌رجه‌ع بوونى مه‌سعود بارزانى ده‌كه‌ن خۆیان له‌ بارودۆخى كورده‌كانى باكورو رۆژهه‌ڵات و رۆژئاوا نه‌بان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ك چۆن خۆیان له‌وه‌ش ده‌بوێرن كه‌ بارزانى به‌ هه‌موو ته‌قه‌لاى یه‌كێتى و خودى مام جه‌لالیش ئه‌و ده‌م توانیتى له‌رێژه‌ى ده‌نگده‌ران نزیكه‌ى 69%ى ده‌نگه‌ كان بێنێت، هه‌روه‌ها بارزانى تا ئێستا له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و كێماسیانه‌ى له‌ ساڵى 1991ه‌وه‌ ڕووده‌ده‌ن لانى كه‌م نه‌یتوانیوه‌ لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ له‌ ته‌ك ئه‌وانى تردا هه‌ڵبداته‌وه‌،له‌ گه‌ڵ په‌كه‌كه‌و په‌یه‌ده‌و كوردانى رۆژئاواو باكور، ته‌نانه‌ت له‌ گه‌ڵ خه‌ڵكى سلێمانى و گه‌رمیان و كه‌ركوك له‌ باشورى كوردستان نه‌یتوانیوه‌ زه‌مینه‌ى لێبورده‌یى و پێكه‌وه‌ ژیانى ئاشتیانه‌ بڕه‌خسێنێت، من پێشتریش ده‌یان جار نووسیومه‌ بارزانى له‌ ماوه‌ى 13ساڵ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمدا نه‌یتوانى كۆكه‌ره‌وه‌و چه‌ترى هه‌موو خه‌ڵكى باشورى كوردستان بێت ، ئێستا ئه‌وانه‌ى كه‌ باسى مه‌ڕجه‌عبوونى ده‌كه‌ن چاویان له‌ هه‌موو ئه‌و ڕاستیانه‌ ده‌نوقێنن و لاساى حوشتر ملده‌كه‌نه‌ وه‌ 

بارزانى له‌ بارو دۆخێكى وه‌ك بارو دۆخى ئێستادا ناتوانێت ببێته‌ مه‌رجه‌عى سیاسى خه‌ڵكى كوردستان

 

بارزانى له‌ بارو دۆخێكى وه‌ك بارو دۆخى ئێستادا ناتوانێت ببێته‌ مه‌ڕجه‌عى سیاسى خه‌ڵكى كوردستان، با له‌ ناو حزبه‌كانى دیكه‌شدا كه‌ سانى به‌ هێزو خاوه‌ن بڕیارو كاره‌كته‌رى نێوده‌وڵه‌تى ناسراو له‌ ئێستادا بوونیان نه‌بێت، ناتوانێ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵى كورده‌وارى له‌ باشورى جگه‌ له‌وه‌ى جیاوازیه‌كان و نادادیه‌كان ده‌بینن، ئه‌وه‌ش ده‌زانن كه‌ بارزانى به‌رده‌وام زه‌مینه‌ى ئه‌وه‌ خۆش ده‌كات كه‌ كوڕو نه‌وه‌كانى خۆى له‌ لوتكه‌دا بن نه‌ك كه‌سى تر، ئه‌وه‌ش پێچه‌وانه‌ى دیموكراتیه‌ت و ده‌ستو ده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵاته‌.

بۆیه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ بارزانى ببێته‌ مه‌ڕجه‌عى سیاسى هه‌مووخه‌ڵكى كوردستانى باشور.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP