هەولێری ڕەش یا ڕەنگاوڕەنگ

دانا هەڵەبجەیی - 7-04-2019 - 4238 جار خوێندراوەتەوە

لە 5/4/2019 فێستیڤاڵی ڕەنگەکان لە هەولێر سازکرا و بە دەیان هەزار لاوی ڕەنگاوڕەنگ بەشداری کرد، بەڵام هەر وەک خووە هەمیشەییەکانی هەندێک بانگخواز کە تێکەڵاوی هەموو ورد و درشتێکی ژیانی کۆمەڵگە ئەبن، زمانیشیان لەم بۆنەیەدا سواند، و بە چەپ و ڕاست بەشداربوانیان کافراند.

ئەم جەژنە لە بە درێژایی 2600 سالە لە هیندستان بەرپا ئەکرێت و وڵاتانی نیپاڵ و پاکستان، بەنگلادش و سریلانکاش سازی ئەکەن، و لە ئەوروپاش هەندێ شار هەمان ڕەنگوەشێن ئەکەن.

 

جەژنی ڕەنگ، جەژنی هولی و جەژنی عەشقیشی پێ ئەڵێن، هەموو ساڵێک لە سەرەتای بەهاردا لە 8 ی نیسان ئەنجام ئەدرێت

 

جەژنی ڕەنگ، جەژنی هولی و جەژنی عەشقیشی پێ ئەڵێن، هەموو ساڵێک لە سەرەتای بەهاردا لە 8 ی نیسان ئەنجام ئەدرێت، لە زۆربەی وڵاتانەوە تۆریستی بێگانە ڕوو لە هیندستان ئەکەن بۆ بەشداری ئەو جەژن و ئاهەنگە کە دوو ڕۆژ ئەخایەنێت.

هەرچەند ئەم جەژنە هیندۆسەکان وەک ئەکسێپتێکی ئەفسانەیەیی ساڵانێکە بەرپای ئەکەن، بەڵام مانا و ئاماژەکانی خەریکە جیهانگیر ئەبێت، کە مانای کۆتایی سەرما و تاریکیی زستان و هاتنی  ڕەنگەکانی بەهار ئەبەخشیت، هەر بۆیە ڕەنگ و ڕەنگئاو بەسەر یەکدا ئەپژێنن.

هیندستانێک کە ملیارێک و نیو هاوڵاتیی هەیە و دووەم وڵاتی جیهانە لە ڕووی دانیشتوانەوە و 118 ئایین و 23 زمانی تێدایە، بە بەهێزترین وڵاتی دیموکراسی ئەژمێر ئەکرێت. لە سەر دراوەکەیان کە ڕوپییە یە 15 زمانی جیاوازی تێدا نووسراوە، یەکێکن لە کۆنترین شارستانییەکانی سەر زەوی.

ئەم میللەتە ئەوەندە تۆلەرانس و لێبوردەن لە ناو یەکدا، لەبەر ڕێزی ئایینەکانی یەکتر، هەموو بەشداری ڕێوڕەسم و جەژنە ئایینەکانی یەکتر ئەبن، تەنانەت گاورەکان گۆشتی بەراز و مانگا ناخۆن لەبەر ڕیزی موسڵمان و هیندۆسەکان، هەروەها موسڵمانیش گۆشتی گا ناخۆن لە بەر هیندۆستەکان و بە پێچەوانەوە هەموو ڕێز لە یەک ئەگرن.

ئەم وڵاتە بە قەد ژمارەی هەموو موسڵمانی جیهان، خەڵکی تێدا ئەژی و شانی کە س بەر کەس ناکەوێت و هەمیشە سەرقاڵی سەما و موزیک، جەژن و خۆشین سەرڕای هەژاریی زۆربەی زۆریان.

 

چەند ژارپژێنێکی کوردزمانی عەرەب ئایدیا هاتون بۆ ئەوەی بەهەشتی ئەو دنیامان بۆ مسۆگەر بکەن، خەریکە ئەم دنیایەمان لێئەکەن بە دۆزەخ

 

چەند ژارپژێنێکی کوردزمانی عەرەب ئایدیا هاتوون بۆ ئەوەی بەهەشتی ئەو دنیامان بۆ مسۆگەر بکەن، خەریکە ئەم دنیایەمان لێئەکەن بە دۆزەخ. ئەمانە لەبەر ئەوەی کەشکۆڵەکەیان بابەتێکی زانستی  و سەردەمییانەی تێدا نییە و گوتارەکانیان بە خوێی چێشت بە ئێستامان ناتوانن ببستنەوە، یا ووتی ووتی دەیان سەدەی کۆن ئەگێڕنەوە، یا هەرچی تازەیە حەرامی ئەکەن.


ئەمانە ئاڵاکەیان ڕەشە، بەرگ و پۆشاکیان ڕەشە، دنیا و دیدیان ڕەشتر

 
ئەمانە ئاڵاکەیان ڕەشە، بەرگ و پۆشاکیان ڕەشە، دنیا و دیدیان ڕەشتر. وا ئەزانن لە کوێرە دێیەکن و  قسە بۆ کۆمەڵیک رەش و ڕوتی بێ سەواد ئەکەن، نازانن ئێستا 2019 یە، نەوەیەکی نوێ تەنانەت بێزیان لە فیلمی ڕەش و سپی دێتەوە و هەر سەیری ناکەن، چ جا بۆ چیرۆکە تۆز لینشتوەکانی سەدە ڕەشە کۆنەکان. ئەم کچ وکوڕە لاوانەی کە حەزیان لە ڕەنگاوڕەنگیی دنیایە، سەما و موزیک و خۆشی و شادی وجەژن و گەڕان بە مافی سەرەتایی خۆیان ئەزانن، ئەبێت ئەو ئازادییەیان لی زەوت نەکرێت،،،،. من ئەزانم ئەو ڕەشپۆشانە داخی ئەوەیان لە هەناودایە کە کەس گوێیان بۆ ناگرێت و دەنگی حیزبەکانیشیان ئەوەندە کەم بووە کە باشترە دایخەن، ئەگەر شەرم و شیبایان مابێت.


ئیدی هەولێر و هەرێم دەروازەی بە ڕووی جیهاندا کراوەتەوە، تازە ناتوانرێت بەرەنگاری دنیای گڵۆبالیزم بگیرێت

 
ئیدی هەولێر و هەرێم دەروازەی بە ڕووی جیهاندا کراوەتەوە، تازە ناتوانرێت بەرەنگاری دنیای گڵۆبالیزم بگیرێت، میللەتی زیندوش ئەوەیە کە هاوهەنگاوی جیهان بێت لە  پەیام و پێداویستییەکانی نەوەی ئەم سەردەمە.

کاتی خۆی لە دوا ساڵەکانی تەمەنی عوسمانییەکان و قاجارییەکان، دوو کاتژمێرساز (سەعاتساز) لە سویسراوە  بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڕی ئەکەون، یەکێکیان ئەچێت بۆ ئەسفەهان و ئەوی تریان ئەچێت بۆ ئیستەنبوڵ، ئەوەی ئەسفەهان زۆر سەرسامانە لە لایەن خەڵک و دەوڵەتەوە پێشوازی لێئەکرێت، کاری خۆی ئەکات و ڕێزێکی پرشکۆی لێئەگیرێت، تەنانەت دوای مردنیشی مەزارێکی جوانی بۆ دروست ئەکەن؛ بەڵام ئەوەی ئیستەنبوڵ دوای مانگێک بە فیتی مەلاکان و بانگبێژەکان ئەکوژرێت، چونکە وا بڵاویان کردووە کە ئەمە کافرە و ئەم سەعاتەش خەڵک دوور ئەخاتەوە لە گوێگرتن لە بانگدان، چونکە ئیتر خەڵک خۆی کاتەکانی نوێژ ئەزانێت و پێویستیان بە بانگدەر نامێنیت و هەموویان بێ ئیش ئەبن،، کەواتە بە هۆکاری ئایینی و بەڵام لە ڕاستیدا بۆ پول و پۆستی خۆیان ئەم کارسازەیان کوشت.

ئەو نمونە بەسە کە هەرچەند بەربەست و بەرنگاری زانست و مۆدێرنە بگیرێت، ئاڵا رەشەکان ڕەشایی بڵاوبکەنەوە، بەڵام مرۆڤ لە بەرەوپێشچوون ناوەستێت، ئیتر با هەربۆ خۆیان هاوار بکەن. 

هیوادارم هەولێر چۆن ڕەنگەکانی ڕەنگی قبوڵە، ئاواش ڕەنگەکانی دەنگ و ئاییین و ئایدیاشی تێدا بەرجەستە بێت و ببێتە شارێک کە هەموو دانیشتوانی هەرێم و عێراق شانازی پێوە بکات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP