بۆچی سیستەمی پەڕلەمانی بۆ هەرێم گرنگە؟

لوقمان مسته‌فا ساڵح - 6-04-2019 - 1479 جار خوێندراوەتەوە

ماوەیەکی زۆر مشتومڕ لە نێوان پارت و لایەنە سیاسییەکاندا بوو دەربارەى سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان ئەم کێشەیە هەتا ئەم دواییەش لەوپەڕی گەرموگوڕیدابوو، کە ئایا سیستەمی حوکم لە هەرێمی کوردستان جۆری سەرۆکایەتى بێت یاخود پەرلەمانی. لەسەر ئەم بابەتە لایەنە سیاسییەکان بەسەر دوو ڕا دابەش ببوون، لایەنێک لەگەڵ سیستەسیستەمی پەرلەمانی لایەنی دووەم سیستەمی سەرۆکایەتی.

سیستەمی پەڕلەمانی..مۆدێلێکی دیموکراسی حوکمکردنە کە تێیدا حکومەت (دەسەڵاتی جێبەجێکەر) شەرعیەت لە پەرلەمان (دەسەڵاتی یاسادانان) وەردەگرێت‌ و بەرپرسیشە لە بەرامبەری، واتە پەرلەمان وەک دەزگایەک کە نوێنەرایەتی گەل دەکات چاودێری‌و لێپێچینەوە لە حکومەت دەکات. لەم حاڵەتە حکومەت‌ و پەرلەمان تەواوکەری یەکدین. لە سیستەمی پەرلەمانی دیموکراسی سەرۆکی دەوڵەت کەسێکی جیایە لە سەرۆکی حکومەت. 

لەم جۆرە سیستەمەدا دەکرێت پاشا/ئیمپراتۆر یان حاکمێک ببێت بە سەرۆکی دەوڵەت (هەرێم) ‌و رۆڵێکی تەشریفاتی وەربگرێت (وەک مالیزیا، بەریتانیا، سوید، یابان)، یان کەسێکی هەڵبژێردراو لەلایەن پەرلەمانەوە ببێت بە سەرۆک‌ و ڕۆڵە تەشریفاتییەکە بگێڕێت (وەک ئێرلەندا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا)، سەرۆک وەزیرانیش دەبێت بە سەرۆکی حکومەت. هەرچۆنێک بێت، لە سیستەمی پەرلەمانیدا حکومەت‌ و پەرلەمان پشت بەیەکدی دەبەستن، چونکە دەبێت حکومەت لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانییەوە پشتیوانی لێبکرێت‌ و دەشڕووخێت ئەگەر متمانەی لێوەربگرێتەوە، هاوکات حکومەت، زۆرجار بە هاوکاری لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەت دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی هەیە‌و دەتوانێت داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکات، بەڵام...سیستەمی سەرۆکایەتیی پێچەوانەی سیستەمی پەرلەمانیە کە فەزای ئازادی تارادەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.

 

ئەو ڕەخنانەی کە ئاڕاستەی ئەو سیستەمە دەکرێن( سیستەمی سەرۆکایەتی) لەوانە:-

 
یەکەم: سەرۆکایەتی لەڕوانگەی بنچینەیاساییەوە (دەستوریەوە) سەقامگیر نییە و دەکرێ سەرۆکایەتی بەرەو تۆتالیتاری و دەسەڵاتی داسەپێنەرانەدا بەرێت.

دووەم: سیستەمی سەرۆکایەتی، دامەزراوی سەرۆکایەتی و یاسادانان وەکو دوو سترەکتوری تەریبی لەیەکترجودا دادەمەزرێنێت. ئەوەش دەکرێ ببێتەهۆی گیرخواردن و چەقیبەستنی نەخوازراو، لەکاتێکدا سەرۆکایەتی پێشنیار بکات و یاسادانان ڕەتیکاتەوە. ئەوە لەئەگەری نەبوونی پشتگیری زۆرینەی پەرلەمان بۆ سەرۆک.

سێیەم: سەختی لابردنی سەرۆکی خراپ لەسەرکار پێش ئەوەی ماوەی سەرۆکایەتی تەواوبێت.

بەراستی خاڵی سێیەمە کە هێز و لایەنە سیاسیکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کەهەمیشە لەدڵەراوکێ ومەترسیدان لەم سیستەمە کە بەسیستەمی سەرۆکایەتی ناسراوە، چونکە خراپ بەکارهێنانی ئەم سیستەمە لە ووڵاتێکی وەک هەرێمی کوردستان کەپاشماوە دەرەبەگایەتی ودیکتاتۆرەکانی تری ناوچەکەین، ئاسایییەو مافێکی رەواشە ئەگەر گومان بکەین کە پێداگرانی سیستەمی سەرۆکایەتی ونیەتی خودی سەرۆکی ووڵات مەبەست لێی قۆرخکردنی سەرجەم جومگەکانی دەسەڵاتی بەرێوەبردن بکات لە چوارچێوەی سنوری دەسەڵاتەکەیدا، لەگەڵ خۆ بەخاوەنزانینی سەرجەم بوارەکانی بەرهەمهێنان کەخۆی لەداهاتی گشتیدا دەبینێتەوە،هەرلە کۆمانیا زەبەلاحەکانەوە بگرە تا دەگاتە داهاتی تاکەکەسی.

تایبەتمەندیەکی تری سیستەمی سەرۆکایەتی ئەوەیە خەڵک لە ڕێگای دەنگدانی نھێنی و ئاشکراوە سەرۆک ھەڵدەبژێرن، واتا سەرۆک ڕاستەوخۆ لە لایەن گەلەوە متمانەی پێ دەدرێ، پێگەی بەھێزی سەرۆک وا دەکات ھیچ دامەزراوەیەکی فەرمی نەتوانێ متمانە لە سەرۆک وەرگرێتەوە، تەنیا لە چەند حاڵەتێک نەبێ ئەگەر ھاتوو سەرۆک ماوەی سەرۆکایەتی تەواو بوو، یاحود ناپاکی بکات و بەڵگەی ناپاکیەکەی لەبەر دەست دابێ، یان توشی نەخۆشیەکی درێژ خایەن بێ و توانای ڕاییکردنی کارەکانی نەبێ، یان عەقڵی لە دەست دابێ، تەنھا ئەو ڕێگایانە دەتوانن سەرۆک لە دەسەڵات دوورخەنەوە، لە سیستەمی سەرۆکایەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسا دانان بە جیا کاری خۆیان ئەنجام دەدەن، دەسەڵاتی یاسا دانان (پەرلەمان) دەست لە کاروباری سەرۆک وەرنادات و ناتوانێ متمانە لە سەرۆک و یاریدەدەرەکانی یاخود وەزیرەکانی وەربگرێتەوە، لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن دەست وەرنادات لە کاروباری پەرلەمان و دەسەڵاتی دواخستنی دانیشتنەکان و ھەڵوەشانەوەی پەرلەمانی نیە.
لە سیستەمی سەرۆکایەتی جیاکاری ڕەھا لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانان ھەیە

 
لە سیستەمی سەرۆکایەتی جیاکاری ڕەھا لە نێوان دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دەسەڵاتی یاسادانان ھەیە، بەجۆرێ لەو سیستەمە سەرۆک دەسەڵاتی فراوانە، فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانە، دامەزراوە گشتی و باڵاکان ئاراستە دەکات، داڕێژەری ستراتیژی دەرەوە و ناوەوەیە، دەسەڵاتی لێپرسینەوە و لابردنی وەزیر و یاریدەدەرەکانی ھەیە، مافی دەرکردنی لێبوردنی گشتی و تایبەتی ھەیە، مافی ئەوەی ھەیە پێشنیاری پڕۆژە یاسا بۆ پەرلەمان بکات..

بۆیە سیستەمی سەرۆکایەتی هەر شکست و نەهامەتیی بوە لەرۆژهەڵاتدا بەگشتی وە کوردستان بەتایبەتی. لە وڵاتێک دا کە سەرچاوەی سەرەکیی بودجەی وڵات و داهاتی هاوڵاتیان زیاتر بەروبومەکانی نەوت و غاز بێت، کارەساتە سیستەمی بەرێوەبردنی ووڵات سەرۆکایەتی یبێت و چارەنووسی میللەتێک بخرێتە ژێر مەترسییەوە. چونکە هەمیشە سەرۆکەکان بەتایبەتی لەوڵاتە دواکەوتوەکاندا وا بەئاسانی دەست بەرداری کورسیەکانیان نابن، لەمێژووی ناوچەکە دا رووی نەداوە دەسەڵاتیان بەشێوەی دیموکراسیانە جێهێڵابێت ، دواتر بونەتە دیکتاتۆر، چونکە خۆیان لە سەروی گەلەوە بینیوە. 
زۆرجار شارەزایانی بواری یاسایی بەکارهێنانی سیستەمی سەرۆکایەتی بەشێوەی ناتەندروست کە لە خزمەتی خۆی و دارودەستەکەیدا بێت بە (کلیپتۆکراسی) دەچوێنن

 
کاتێک کەسێک لە دەرەوەی لێپێچینەوەی پارلەمان بێت، سەرۆکی هێزە چەکدارەکان بێت، دەزگای هەواڵگریی لەژێر چەتری خۆیدابێت، بودجەی وڵاتیش لەڕێی سەرچاوە سروشتییەکانەوە بێت، بە هێچ شێوازێک بەوە رازی نابێت و قبوڵناکات لە داهاتو دا ئەو پۆستە بەجێبهێڵێت. بۆیە پێداگرتن لەسەرسیستەمی سەرۆکایەتیەکی لەم چەشنە بەراستی خوێندنەوەی تر هەڵدەگرێت، چونکە زۆرجار شارەزایانی بواری یاسایی بەکارهێنانی سیستەمی سەرۆکایەتی بەشێوەی ناتەندرووست کە لە خزمەتی خۆی و دارودەستەکەیدا بێت بە (کلیپتۆکراسی) دەچوێنن.

زاراوەی{ کلپتۆکراسی، (جاروبار بە Cleptocracy دەنووسرێت) (رەگی ئەم وشەیە لە کلپتۆ Klepto واتە دزوجەردە کراسی Cracy واتە فەرمانڕەوایەتی ھاتووە بە مانای فەرمانڕەوایەتی دەوڵەت لەلایەن دزوجەردەوە)، زاراوەیەکی نەخوازراوی نافەرمیە و بەکاردەھێندرێت بۆ حکومەتێکی گەندەڵ لە بەڕێوبردنی داھاتی گشتیدا بە مانای ئەوەی بەڕێوبردنەکەی وا نەخشە بۆکێشراوە کە بەشێوەیەکی سەرەکی ھەڵدەستێت بە بەخێوکردن و پشتگیریکردنی دەوڵەمەندی تاکەکەسی و دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسە حکومیەکان و دارودەستەکانیان (کلپتۆکراتەکان).

دروستکردنی سیستەمێکی کلپتۆکراسی پشتگیریکراو لەلایەن دکتاتۆریەتەوە بەشێوەیەکی ئاسایی دەبێتە مایەی چەندین ساڵ لە قاتوقڕی و ئێش و ئازار بۆ بەشێکی زۆری ھاوڵاتیان وەک لەناوچونێک بۆ کۆمەڵگەی مەدەنی و سەروەری یاسا دادەنرێت. سەرەڕای ئەمەش، کلپتۆکراتەکان بەشێوەیەکی رۆتینی گرفتە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان پشتگویَ دەخەن لە رێگەی گەڕانیان بەدوای کۆکردنەوە و بەدەستھێنانی سامان و دەسەڵاتی زیاتر.

ھەندێک لە چاودێران زاراوەی (کلپتۆکراس) بەکاردێنن بۆ بەبێ بایەخدانانی ئەو پرۆسە سیاسیانەی رێگە بە کۆمپانیا گەورەکان دەدەن تا کاریگەر بن لەسەر سیاسەتە سیاسیەکان. (رالف نادر) بە پێی ئەم مانایە بۆ ئەم وشەیە، ولایەتە یەکگرتوەکان بە کلپتۆکراس لە ماوەی ھەڵمەتەکانی سەرۆکایەتی ساڵی ٢٠٠٠دا ناودەبات. 

دەرەنجام...بەڕای زۆربەی پسپۆڕانی بواری دەستووری و یاسایی سیستەمی پەرلەمانی گونجاوترین جۆرە بۆ هەرێم، کەواتە بۆ رێگرتن لەسیستەمێکی لەم جۆرە واتە

( Cleptocracy) هەمووجۆرە فشارێک بەگرنگ دادەنرێت، بۆسەقامگیرکردنی ئاسایشی ووڵات وئاشتی وتەبایی تەنها جێگرەوە سیستەمی پەرلەمانی یە کەزامنی کۆمەڵگایەکی مەدەنی دەکات و لەسەر بنەمای دیموکراسی وڵات بەرەو پێشەوە دەبات.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP