بۆچی سەرکەوتنی جەهەپە بەسەر ئاکپارتیدا گرنگە؟

دانەر ڕەشید - 1-04-2019 - 3155 جار خوێندراوەتەوە

هەندێ شیکەرەوەی خۆمان ڕەخنەی ئەوە لە هەدەپە دەگرن کە دژی ئاکپارتی لەگەڵ جەهەپەدا ڕێکەوتووە و لە بنەڕەتدا جەهەپە  و ئاکپارتی هیچ جیاوازیەکیان نیە. ئەم جۆرە شیکردنەوەیە زادەی بێ ئاگایی ئەو کەسانەیە لە دۆخی تورکیا و ستراتیژی پارتەکان و نەخوێندنەوەی ڕەهەندەکانی گۆڕانکاری سیاسی و ئابوری لە نێوخۆ و دەرەوەی ئەو وڵاتە.

 بۆیە لەبەر ئەم هۆکارانەی خوارەوە سەرکەوتنی جەهەپە بەسەر ئاکپارتیدا لە شارە گەوەرەکانی ئیستەنبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیرپێشهاتێکی گرنگە و گۆڕانکاری جەزری بەدوای خۆیدا دەهێنێت:

سەرکەوتنی جەهەپە بەسەر ئاکەپەدا ڕکابەری نێوان پارتە سیاسیەکان زیاتر دەکات

 

1-سەرکەوتنی جەهەپە بەسەر ئاکەپەدا ڕکابەری نێوان پارتە سیاسیەکان زیاتر دەکات و ڕێگری لە تاکڕەوی و هەژموونی لایەنێک دەکات و ڕێگە بۆ فرەیی و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی خۆش دەکات کە چەند ساڵی رابردوو ڕووی لە کاڵبوونەوە کردبوو. بە واتایەکی تر، چیتر ئاکپارتی ناتوانێت تاکڕەوانە بڕیاری شەڕ و ئاشتی بدات و کێی ویست لە چرکەساتێکدا لە دۆستەوە بیکاتە دوژمن.

سەرکەوتنی جەهەپە بە ڕێژەیەکی زۆر لە بەرژەوەندی کوردانی باکورە

 

2- سەرکەوتنی جەهەپە بە ڕێژەیەکی زۆر لە بەرژەوەندی کوردانی باکورە، چونکە ویستی ئەردۆغان بۆ هەڵگیرسانەوەی شەڕ لەناوچە کوردیەکان لەبار دەبات. ئەردۆغان لە یەکێک لە لێدوانەکانی دوێنی شەویدا ڕیگەیاند دەست بە هەڵمەتی پاکتاوکردنی تیرۆر دەکەن لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و دەبێت ئارامی بۆ ناوچە کوردیەکان بگێڕنەوە.

بەراوردکردنی جەهەپەی ئێستا بە سەردەمی ئەتاتورک تەواو چەواشەکارانەیە

 

3- بەراورد بە سەردەمی کەمال ئەتاتورک، دامەزرێنەری پارتی گەلی کۆماری، گۆڕانکاری ڕادیکاڵ لە دونیابینی و گوتاری سیاسەتی (جەهەپە) هاتۆتە ئاراوە بە تایبەت سەبارەت بە پرسی کورد و مافی تاک و دەستەبەری ئازادیەکان. بۆیە بەراوردکردنی جەهەپەی ئێستا بە سەردەمی ئەتاتورک تەواو چەواشەکارانەیە.

جەهەپە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەدەپە بەرەوپێش بەرێت

 

4- جەهەپە باش دەزانێت سەرکەوتنی کاندیدەکانی لە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ بە هاوکاری هەدەپە و دەنگدەرە کوردەکان بووە، بۆیە جەهەپە بە هەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات پەیوەندیەکانی لەگەڵ هەدەپە بەرەوپێش بەرێت.

زیندانەکان جمەیان دێت لە هاوڵاتی بێ گوناه

 

5- تورکیا لەژێر حکومڕانی ئاکپارتیدا، بەتایبەت لە دوای کودەتاکەی تەموزی 2016، بووەتە زیندانێکی بچوک؛ زیندانەکان جمەیان دێت لە هاوڵاتی بێ گوناه، هەزاران مامۆستای زانکۆ، ڕۆژنامەنوس، پارێزەر و کارمەندی حکومەت بەبێ دادگایکردن لە زیندان خزێنراون. حکومەتەکەی ئاکپارتی، لەبری کردنەوەی پارک و میترۆ و پڕۆژەی گەشتیاری لەناوخۆی تورکیا، سەرقاڵی زیادکردنی ژمارەی زیندانەکانە.

سیاسەتی ئێستای ئاکپارتی کۆمەڵگای تورکی دابەشکردوە بەسەر چەند جەمسەرێکی جیاوازدا

 

6- سیاسەتی ئێستای ئاکپارتی کۆمەڵگای تورکی دابەشکردوە بەسەر چەند جەمسەرێکی جیاوازدا. جاران ئەردۆغان لە مەیدانەکاندا هاواری دەکرد "هەموو هاوڵاتیانی تورکیا بران"، بەڵام ئێستا دەڵێت پێویستە پەکەکە، جەماعەتی فەتۆ (فەتحوڵا گولەن)، لایەنگرانی جەهەپە و ئیی پارتی ڕیشەکێشبکرێن، کە ئەمەش دەکاتە نیوەی هاوڵاتیانی تورکیا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP