بەپەلە

پشکەکانی یەکێتی لە هەولێر و لە بەغداد!

توانا ئەحمەد خەیات - 28-03-2019 - 5703 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لە ڕابردودا ، تایبەتتر لەسەردەمی سەرکردایەتی کردنی ئەو حزبە لەلایەن  مام جەلالەوە ئەو حزبە بوو کە بۆ دۆست ودوژمنەکانی سەلماندبوو کە پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەبردنی  ئەم هەرێمە بەبی یەکێتی نابێت و ناکریت.

 

بەڵام  لەدوای دورکەوتنەوەی مام جەلال  لە سەرکردایەتی کردنی ئەو حزبە بەهۆی کێشەی تەندروستی و نەخۆشکەوتنی و دواتر کۆچی دوایی ئەو سەرکردەیە، کێشەی نەبونی سەرکردایەتییەکی جێگرەوە بۆ بەڕێوەبردنی یەکێتی و جیابونەوەکان لەو حزبەدا، بەڕێوەبردن و ئاراستە کردنی سیاسەتی ئەم حزبەی توشی کێشەو گرفتی بەردەوام کرد کە وایان کرد ڕۆژ بەڕۆژ ئەو حزبە گەورەیەی کوردستان پاشەکشە بکات و لە بەرامبەردا  نەیارە سەرسەختە مێژوویەکەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، سود لەو کێشەو گرفتانە ببینێت و هێواش هێواش کار بۆ کۆنترۆڵ کردن و فراوان کردنی دەسەڵاتەکانی خۆی بکات لە هەرێمدا. 

 

پارتی لەگەڵ گۆڕاندا باڵادەستی لە پڕکردنەوەی پۆست و وەزارەتە گرنگەکانی حکومەتی داهاتودا مسۆگەر کردوە

 
لە ئیستاشدا  پاش تێپەر بوونی زیاتر لە شەش مانگ بەسەر هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی  کوردستادا کە  ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنە  جێگای مشتو مڕێکی زۆر بوو لە کاتی خۆیدا، بەڵام دواتر بەهەر جۆرێک بێت ئەنجامەکان پەسەند کران و پشکی پارت و حزبەکان بەو جۆرەیە کە ئێستا لە پەرلەمانی کوردستنادا دەبینرێت، کە تێیدا پارتی دیموکرات  زۆرینەی کورسییەکانی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە و بە ڕێکەوتن لەگەڵ حزبەکانی تردا بە تایبەت لەگەڵ گۆڕاندا باڵادەستی لە پڕکردنەوەی پۆست و وەزارەتە گرنگەکانی حکومەتی داهاتوشدا مسۆگەر کردووە.

دوابەدوای کۆبونەوە بەردەوامەکانی نێوان یەکێتی و پارتی بەمەبەستی  ڕێکەوتن و دابەشکردنی پۆستەکان  کە ژمارەی ئەم کۆبونەوانە لە 10 کۆبونەوە تێپەڕی کردوە و هیچ ئەنجامێکی کۆتایی ڕانەگەێنراوە  تائێستا، بەهۆی  نەدانی ئەو پۆستانە بە یەکێتی لە لایەن پارتییەوە،  تاکو ئێستاش سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی  پێداگری دەکات لە بەدەست هێنانی ئەو پۆستانە لە کابینەی داهاتوی حکومەتدا چونکە  پێی وایە بە بێ بونی ئەو پۆستانە  بۆ یەکێتی نا بەرابەری و لاسەنگی هێز لەم هەرێمەدا دروست دەبێت و پێکهێنانی کابینەی حکومەت ناتەندروست ئەبێت.

 

لە ئێستادا  کار و چالاکییەکانی سەرۆک کۆمار بۆتە جێگای سەرنج و تێڕامانی دۆست و دوژمنەکانی لەسەر ئاستی عێڕاق و نێودەوڵەتی

باشترین بژاردەی بەردەم یەکێتی لە ئێستادا ڕێککەوتنە لەسەر ئەو پشک و پۆستانەی کە لە ئێستادا  پێی دەدرێت ئەگەر بە ژمارە چەند پۆستێکیش کەمتر بێت لەو پۆستانەی کە داوای دەکات، بە مەرجێک  ئەو پۆستانە بە کەسانی دڵ سۆز و شارەزا پڕ بکاتەوە  و کەسانێک بن کە بە لێهاتووی خۆیان لەداهاتودا  بە کارو پڕۆژەکانیان خزمەت بە هاوڵاتیان و بکەن و ببنە نمونەی باش کە ناووناوبانگی یەکێتی بەرز بکەنەوە، هەروەک چۆن یەکێتی  لە دانانی پۆستی سەرۆک کۆماری عێڕاقدا بڕیارێکی ڕاست و دروستی دا  بە دەستنیشان کردنی بەڕێز دکتۆر بەرهەم سالح وەک سەرۆک کۆماری عێڕاق، کە لە ئێستادا  کار و چالاکییەکانی سەرۆک کۆمار بۆتە جێگای سەرنج و تێڕامانی دۆست و دوژمنەکانی لەسەر ئاستی عێڕاق و نێودەوڵەتی و لەسەر ئاستی کوردستانیشدا، بەهۆی لێهاتووی و شارەزای  دکتۆر بەرهەم و ئەو ڕابردووە باش و سەرکەوتوانەی کە لە  بەڕێوە بردنی پۆستەکانی پێشوی دا هەی بووە . ئەمەش  خزمەت بە ناو ناوبانگ و پێگەی جەماوەری یەکێتی ئەکات لە ئێستاو لە داهاتودا .

بۆیە لەم بارودۆخەی ئێستادا ئەگەر یەکێتی  بەڕێککەوتن لەگەڵ پارتیدا  پۆستی زیاتر لە  ئیستیحقاقی خۆی وەر بگرێت  و پارتی وەک دیاری و مننەت ئەو پۆستانە بداتە یەکیتی ئەوا  لە داهاتودا ئەو پۆستە زیادانە  خزمەت بە ئەجێنداو بەرنامەی پارتی دەکات و وەک  پۆستی پاشکۆی لێدێت ، باشترین نمونەش  ئەو پۆستە  زۆرانەیە کە پارتی پێشکەشی گۆڕانی کردووە کە بێگومان زیاترە  لە ئیستیحقاقی  گۆڕان  ،بەڵام پارتی ئەو پۆستە زیادانە بۆ یەکلاکردنەوەی  ململانێکانی لەگەڵ یەکێتیدا بەکاری دەهێنێت و خزمەتی ئەجێندای خۆی پێ دەکات لە کابینەی داهاتودا. 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP