بەپەلە

چاوەڕێی چی بووین و چیمان بینی

عارف قوربانی - 26-03-2019 - 12914 جار خوێندراوەتەوە

هەموو ئەو خوشك و برایانەی كە ئێستا بە نوێنەرایەتی كورد لە بەغدان و پشكی كوردیان لە پەرلەمان و حكومەت و سەرۆكایەتی كۆمار پڕكردووەتەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو بەڵێنانەی بەر لە هەڵبژاردن بە خەڵكی كوردستانیاندا، سەرباری جیاوازی بیروڕایان و دابەشبوونیان بەسەر حیزبەكاندا، لەسەر دوو شت خاوەن یەك گوتار بوون. یەكەمیان: زیاتر لە جارێك ئەو بەڵێنەیان داوە كە چوونە بەغدا داكۆكیكاری سەرسەختی خواستەكانی خەڵكی كوردستان دەبن ، بەتایبەت لە پرسی بودجە و مووچەی فەرمانبەران و، یەكەم كاریش دەیكەن ئەوەیە پاشەكەوتی مووچە نەهێڵن. دووەم: هەموویان بەیەك ریتم بانگەشەی ئەوەیان دەكرد هەموو تواناكانیان بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی كەركووك و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور دەبێت.


بە پشتیوانی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەو دڵنیاییە دەستەبەر بوو كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە كێشمەكێشی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت دوورخرایەوە

 


ئەوەی پەیوەستبێ بە پرسی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانەوە، لە قۆناخی یەكەمدا بۆ چەسپاندنی ئەو مافەی كورد، هەموویان پێشمەرگە ئاسا رۆڵی خۆیان گێڕا و بەیەك دەستی و یەك هەڵوێستی نێوان فراكسیۆنە كوردییەكان ، بە جوهدی وەزارەتی دارایی و بە پشتیوانی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەو دڵنیاییە دەستەبەر بوو كە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە كێشمەكێشی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت دووربخرێتەوە . لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراقدا كە لە وەزارەتی داراییەوە چووە پەرلەمان ، بە بڕگەیەكی جیاواز چارەسەرێك بۆ ئەو پرسە دەستنیشانكرا، سەرەڕای نەیاری و دووژمنایەتی چەند فراكسیۆن و پەرلەمانتارێكی شۆڤێنی عەرەب، بەڵام بە رۆڵی پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا، سەرئەنجام پڕۆژەكە بە قازانجی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بووە یاسا، پاشان سەرۆكایەتی كۆمار پەسەندی كرد و ئەنجوومەنی وەزیران راسپێردرا یاساكە جێبەجێ‌ بكات.

لەو یاسایەدا كە فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا وەك شانازییەك بۆیان لە قەڵەم دەدرێت، بەڕوونی هاتووە ئەگەر هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بكات


لەو یاسایەدا كە فراكسیۆنە كوردییەكان لە بەغدا وەك شانازییەك بۆیان لە قەڵەم دەدرێت، بەڕوونی هاتووە ئەگەر هەرێمی كوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل رادەستی بەغدا بكات، ئەوا نزیكەی 13 لە سەتی بودجەی عێراق دەدرێتە هەرێمی كوردستان ، ئەگەر پابەندی رادەستكردنی نەوت نەبێت، بەغدا تەنیا ئەو بەشە دەنێرێت كە بۆ مووچەی فەرمانبەران و پێشمەرگە رێككەوتنی لەسەر كراوەو بڕەكەی 522 ملیار دینارە. بەغدا ئیلتیزامی بەم یاسایەوە كردووەو لە رۆژی جێبەجێكردنی یاساكەوە ئەو پارەیەی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە. لە هەرێمی كوردستانیش لە مانگی رابردووەوە بڕیاری هەڵگرتنی پاشەكەوتی مووچە درا و ئەگەر بڕیارەكە شانازییەكی تێدابێ، شانازییە پێش هەركەس بۆ نوێنەرانی كورد لە بەغدا. خەڵكی كوردستانیش دوای ئەم قۆناخە چاوەڕێی كاری گەورەتر و هەنگاوی كردەیی بوون بۆ جێبەجێكردنی بەڵێنی دووەمیان لە ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك و جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور.

بەڵام ئەوەی سەیرە لەوبارەوە ئەو هەڵمەتەیە كە چەند رۆژێكە لەلایەن چەند پەرلەمانتار و كارەكتەرێكی دیكەی كورد لە بەغداوە دەستیپێكردووە


بەڵام ئەوەی سەیرە لەوبارەوە ئەو هەڵمەتەیە كە چەند رۆژێكە لەلایەن چەند پەرلەمانتار و كارەكتەرێكی دیكەی كورد لە بەغداوە دەستیپێكردووە و دەورووژێندرێت، ئەویش ئەوەیە كە ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەندی رادەستكردنی نەوت نەبێ بە بەغدا و مووچەكە دەبڕێت. پاساوەكەشیان ئەوەیە كە پەرلەمانتارانی عەرەب قبوڵی ناكەن هەرێمی كوردستان نەوتەكەی خۆشی بفرۆشێت و بەغداش پارەی بۆ بنێرێت. لە كاتێكدا ساڵی رابردوو لە یاساكەشدا بەو روونییە و بەو جۆرەش نەهاتبوو و سەنگەرگرتن و خوێن لەنێوان پێشمەرگە و هێزەكانی عێراقدا هەبوو، بەڵام عەبادی ناچاركرا مانگانە 317 ملیار بنێرێت بۆ هەرێمی كوردستان.

ئەم بابەتە پەیوەندی بەناكۆكی نێو ماڵی كورد خۆیەوە هەیە و، جۆرێكە لە كاردانەوەی كورتبینیانەی سیاسی


راستییەكە ئەوەیە كە ئەم بابەتە پەیوەندی بەناكۆكی نێو ماڵی كورد خۆیەوە هەیە و، جۆرێكە لە كاردانەوەی كورتبینیانەی سیاسی، ئەگەرنا بەغدا نەك بەو بیانووانەوە مووچە نابڕێت، بەڵكو لەڕووی یاساییەوە ناتوانێ ئەو بەشە پارەیەش ببڕێت كە بۆ هەرێمی كوردستان دیاریكراوە. كاتی خۆیشی كە مالیكی جورئەتیكرد بودجەی هەرێمی كوردستان ببڕێت، لەبەر ئەوەبوو سەرۆككۆمار (مام جەلال) بەهۆی نەخۆشییەوە لە ژیانی سیاسی دابڕابوو، پۆستەكەی بە بەتاڵی مابووەوە، ئەگەرنا بە بوونی مام جەلال لەو پۆستەدا ، بەغدا نەیدەتوانی دەست بۆ بڕینی بودجە و قووتی خەڵكی كوردستان بەرێت.

دەبێ خەڵكی كوردستان دڵنیابن بوونی دكتۆر بەرهەم زامنی ئەو مافەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە لە بەغدا


ئەی بۆچی ئێستا دكتۆر بەرهەم لە بەغدا نییە، ئەی هەمومان باوەڕمان وانییە كە دكتۆر بەرهەم كارەكتەرێكی هەڵسوڕاوە و خۆشی دەیان جار تەئكیدی نەكردووەتەوە من بۆ بەرگری لە مووچەخۆران و قووتی خەڵك دەمەوێ‌ بچمە بەغدا. لەبەرئەوە سەرەڕای بەند و بڕگە یاسایی و دەستوورییەكانی دیكە، سەرەڕای رێككەوتنی نێوان بارزانی و عادل عەبدلمەهدی بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان لەو تەنگژە ئابوورییەی بەهۆی بەغداوە لە دوای 2014وە تووشی بووە، تاوەكو قەرزە كەڵەكە بووەكانی دەداتەوە، بەغدا هاوكاری هەرێمی كوردستان بكات لەپێدانی مووچە و هەرێمی كوردستانیش بە ساڵێك بە داهاتی نەوت پاكتاوی قەرزەكانی بكات. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەبێ خەڵكی كوردستان دڵنیابن بوونی دكتۆر بەرهەم زامنی ئەو مافەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە لە بەغدا، پێم سەیرە بەشێك لە پەرلەمانتارانی حیزبەكەی سەرۆككۆمار ئەو متمانەیان بە دكتۆر بەرهەم نەبێ كە بتوانێ ئەو پارێزگارییە بچووكە لە خەڵكی كوردستان بكات. لە كاتێكدا ئێمە چاوەڕوانی گەورەترمان لە سەرۆككۆمارە كوردەكە هەیە ، وەك پارێزەری دەستوور دەستپێكی كارەكانی تەواوكردنی ئەو پڕۆژەیەی مام جەلال بێ بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شێوێنراوی كەركووك و قورسایی خۆی بۆ ئەوە بەكار بەرێت كە چەمچەماڵ و كفری و كەلار و خورماتوو بخاتەوە سەر كەركووك، بەوەش خەونی سەرلەنوێ‌ پاكتاوی رەگەزی و سیاسەتی ئێستای بە عەرەبكردن لەگۆڕ بنێت.

چاوەڕوانی ئێستای خەڵك لە پەرلەمانتاران و نوێنەرانی كورد لە بەغدا خۆشكردنی زەوینەی گەڕانەوەی كوردە پەڕاگەندەو ماڵ سووتاو ماڵوێرانبووەكانی كەركووك و خورماتووە بۆ زێدی خۆیان. كە كەمتر لە ساڵێكی دیكە هەڵبژاردنێكی چارەنووسساز لەو ناوچانە بەڕێوەدەچن و هەقوابوو ئێستا ئەو خوشك و برایانەی كورد لە بەغدا قورساییان لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140 بووایە بۆ ئەوەی دەرفەتی ژیانێكی دوور لە چەوسانەوە بۆ كورد لەزێدی خۆیان دەستەبەر بكەن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP