بەپەلە

لەوانەیە دەوڵەتی ئیسلامی( داعش )بکەوێت بەڵام لە ناو ناچێت!

توانا ئەحمەد خەیات - 24-03-2019 - 1848 جار خوێندراوەتەوە


داعش لەکوێوە سەری هەڵدا؟ 

دەوڵەتی ئیسلامی کورتکراوە ئینگلیزییەکەی ( IS , ISIL , ISIS) یاخود داعشیان پێ دەوت، گروپێک بون کە لە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە  جیابونەوە و خاوەن فکرێکی ئیسلامی سوننی تونڕەوە. دوابەدوای جەنگی عێڕاق بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە ساڵی 2003 دا سەری هەڵدا لەلایەن ئەبوبەکر ئەلبەغدادی سەرکردایەتی ئەم گروپە کراوە. ئامانجی ئەم ڕێکخراوە بریتی بوو لە دامەزراندنی خەلافەتێکی ئیسلامی نێودەوڵەتی . لەساڵی 2014 دا نێوبانگی ئەم ڕێکخراوە لە سەرانسەری جیهاندا بە خراپە بڵاوبۆوە داوبەدوای ئەو هێرشە لە ناکاوەی کردییە سەر شاری موسڵ و داگیری کرد. 

داعش  لە کوێ چالاکی هەبوو؟
ئەم ڕێکخراوە باوەڕی وا بوو کەدەتوانێت زیاتر لە چەندین ووڵات چالاکی ئەنجامبدات لە سەرانسەری جیهاندا، لە هەر یەک لە ووڵاتانی عێڕاق و سوریا زۆرترین ناوچەی داگیرکرد لە ساڵی 2014 دا کە دواتر وردە وردە ئەم ناوچانەی لە دەست ئەدا.  

کێ بوون ئەوانەی دژی داعش شەڕیان ئەکرد؟
ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا سەرکردایەتی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی کرد بۆ جەنگ دژی ئەم ڕێکخراوە کە زیاتر لە 50 ووڵات لەم هاوپەیمانێتییەدا بەشدار بوو لە نێوانیاندا چەندین ووڵاتی عەرەبی هەبوون. 

هەر یەک لە ووڵاتانی ڕوسیا و ئێران لەگەڵ حیزبوڵای لوبنانی هاوپەیمانی ئێران پشتگیر و هاوکاری حکومەتی سوریا بوون لە دژی ئەو ڕێکخراوە. 

چەند هێزێکی هەرێمیش دژی داعش شەریان کردووە لەوانە هێزی پێشمەرگە ی هەرێمی کوردستان و هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوی کوردستان بە سەرکردایەتی یەکینەکانی پاراستنی گەل ( Y.P.G  ) دواتر دروستکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات ( S.D.F ) کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیری ئەکران.

لە عێڕاقیش هەریەکە لە سوپای عێڕاق و میلیشیا شیعەکان ی وەک حەشدی شەعبی دژی داعش جەنگاون.

سەرچاوە داراییەکانی داعش چی بوون؟
 نەوت و گاز یەکێک بو لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بەدەستخستنی پارە بۆ ئەو ڕێکخراوە. نزیکەی یەک لەسەر سێی بەرهەم هێنانی نەوتی ووڵاتی سوریای کۆنتڕۆڵ کردبوو. هەرچەندە ئەم سەرچاوانە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە کرا بونە ئامانج و دواتر لایەن هێزە کوردییەکانی سوریاوە کە لە لایەن ئەمریکاوە پشگیریان لێ ئەکرێت زۆربەی بیرە نەوتەکانی ژێر دەستی داعشیان کۆنترۆڵ کردەوە.
سەرچاوەکانی تری داهاتی ئەم ڕێکخراوە بریتی بوو لە : با ج و سەرانە، فدییە، فرۆشتنی پارچە ئاسەوارە دزراوەکان.

داعش لە کوێ هێرش و پەلاماری تیرۆریستی ئەنجام ئەدا؟
ئەم ڕێکخراوە بەرپرسیارێتی خۆی لە چەندین پەلامار و هێرشی تیرۆریستی راگەیاندووە لە سەرانسەری جیهاندا. گروپە جیهادییەکانی ئەم ڕێکخراوە چەندین پایتەختی ووڵاتانیان کردبووە ئامانج لە ئەوروپا، لەوانە: بەرلین، بروکسیل، وپاریس. سەرکردەکانی داعش هانی ئەو هێرش و پەلامارە کەسیانەشیان ئەدا کەلە لایەن کەسانێکەوە ئەنجام ئەدران کە ڕاستەوخۆ لە ناو ئەم گروپەدا نەبوون و تەنها پاڵپشتی فکر و ئایدۆلۆجیای داعش بوون.

ئەو تاکتیکانە چی بوون کە داعش بەکاری ئەهێنا؟
داعش تاکتیکی جۆراو جۆری بەکارئەهێنا بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکەی. 
جەنگاوەرانی داعش کەوتبونە تێکشکاندن و دزینی ئاسەوارە مێژوویەکان لە سوریا و عێڕاق وەک هەوڵێک بۆ سڕینەوەی کلتوری، هەروەها ئەم گروپە تاوانێکی تریان بەرامبەر بە یەزیدییەکان ئەنجام دا بە گرتنی ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و کچانی یەزیدی وەک کۆیلە و سەبایە و بازرگانیان پێوە ئەکردن.

لە پاڵ ئەمانەشدا ڕێکخراوی داعش سودێکی زۆریان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ( سۆشیال میدیا) وەرگرت بۆ بڵاو کردنەوەی پڕوپاگەندە و کۆکردنەوەو ڕێکخستنی پاڵپشتی و ئەندام بۆ ئەو ڕێکخراوە لە سەرانسەری جیهاندا.

داعش چۆن کاریگەری کردە سەر ئەم ناوچەیە؟
کێشەو ململانێ بەردەوامەکانی لە سوریادا زیاتر کرد،  بووە هۆی ئاوارەبونی زیاتر لە ملیۆنێک هاوڵاتی لە سوریا و لە عێراق، ژمارەیەکی زۆریان ڕوویان لە ووڵاتانی ئەوروپا کردووە وەک پەنابەر. ئەو ناوچانەش کە چەند ساڵێکە لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا بوون بە تەواوەتی وێران بون و چەندین ساڵی دەوێت بۆ دوبارە بنیادنانەوە.

هەرچەندە لە ئێستادا دەسەڵاتەکانی داعش بەرەو لە ناوچون دەچن و شەڕی کۆنترۆڵکردنی دوا مۆڵگەکانی ئەو گروپە بەرەو کۆتای ئەچێت. بەڵام نابێت لەو باوەڕەدا بین کە هەموو شتێک وەک جاری جاران ئاسایی دەبێتەوە لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی کۆتا مۆڵگەکانی داعش و دەستگیرکردنی جەنگاوەرەکانی ئەم ڕێکخراوە. کۆتای هاتنی ئەم جەنگە هەنگاوێکە لە هەنگاوەکانی بەرەنگاربونەوەی بەرفراوانی فکری تیرۆری جیهادی. 

دەسەڵاتی داعش لە ئێستادا لە کۆتایدایە، بەڵام ئایدۆلۆجیاو فکری داعش  لە کۆتایدا نییە ، شارەزایان و چاودێران لەو بڕوایەدان کە  لەوانەیە لە داهاتودا گروپی جیهادی سەلەفی نوێ سەرهەڵبدەن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP