مه‌له‌فى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان
له‌نێوان ڕاده‌ستكردن و نه‌كردنى به‌ به‌غداد ...

نەوزادی موهەندیس - 24-03-2019 - 2163 جار خوێندراوەتەوە

ئاشكرایه‌ له‌و كاته‌وه‌ى نه‌وت وه‌كو سامانێكى سروشتى بوه‌ كاڵایه‌كى بازرگانى و جێگه‌ى به‌ خه‌ڵوزى به‌ردین لێژكرد و بوه‌ سه‌رچاوه‌ى یه‌كه‌مى وزه‌ له‌ دونیادا و ئیدى هه‌موو دونیا كه‌وتنه‌ گه‌ڕان و هه‌ڵكه‌ندن و ده‌رهێنانى نه‌وتدا ولێڵى بوون،بۆئه‌وه‌ى بتوانن وڵات و كۆمه‌ڵگاكانیان به‌ره‌و پێشبه‌رن و پێشكه‌وتن و داهێنان وه‌ده‌ستبێنن و خۆشگوزه‌رانیش بۆ هاوڵاتیانیان دابین بكه‌ن. نه‌وت زیاد له‌ 100 ساڵى ڕێكه‌ بۆته‌ یه‌كه‌م سه‌رچاوه‌ى وزه‌ى بێ ڕكابه‌ر و له‌ ناوه‌ڕاستى سه‌ده‌ى بیستیشه‌وه‌ غازى سروشتیش وه‌كو جۆرێكى ترى وزه‌ بوه‌ دووه‌م سه‌رچاوه‌ى وزه‌ى به‌نرخ له‌پاڵ نه‌وتى خاودا.
ئیدى له‌وساته‌ وه‌خته‌ى نه‌وت و غازى سروشتى بونه‌ته‌ جێگره‌وه‌ى سه‌ره‌كى جۆره‌كانى وزه‌ى تر له‌ كلاسیك و نوێبوه‌كانیشه‌وه‌ ، پێشبینیش ده‌كرێت بۆ نزیكه‌ى 100 ساڵى ئاینده‌ش هه‌روا بمێننه‌وه‌ ، نه‌وت له‌ ئێستادا له‌لایه‌ك بۆته‌ بزوێنه‌ر و میحوه‌رى هه‌موو پێشكه‌وتن و داهێنانه‌كان  بۆ هه‌ندێك كۆمه‌ڵگا و بۆته‌ مایه‌ى خۆشبه‌ختى و خۆشگوزه‌رانى بۆ بۆیان و له‌لایه‌كى تریشه‌وه‌ بۆ هه‌ندێكى تر بۆته‌ مایه‌ى هه‌ژارى و دواكه‌وتن و داگیر و دابه‌شكردن و ماڵوێرانى. هه‌ربۆیه‌ نه‌وت وه‌ك چه‌ك وشمشێرێكى دوو ده‌م وایه‌  له‌كاتى ئاشتى و جه‌نگه‌كاندا و گه‌ر به‌ عه‌قڵێكى وورد و به‌ پلان و سیاسه‌تێكى لێزانانه‌وه‌ نه‌توانرا ببرێت به‌ڕێوه‌ ئه‌وا ده‌بێته‌  شمشێرێكى بڕه‌ر و بكوژ بۆ خاوه‌نه‌كه‌ى و گه‌ریش به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵداكرا ئه‌وا ده‌بێته‌ شمشێرێكى بڕه‌ر بۆ دوژمنان و نه‌یاران و مایه‌ى خۆشبه‌ختیش بۆ نه‌ته‌وه‌ و نیشتیمانه‌كان.
نه‌وت و مه‌سه‌له‌ى نه‌وت له‌ ئێستادا بونه‌ته‌ دوو مه‌سه‌له‌ى زۆر هه‌ستیار و گرنگ كه‌ ته‌نها لێزان و بڕیار به‌ده‌ست و به‌هێزه‌كان ده‌توانن له‌به‌رژه‌وه‌ندى خۆیان به‌كاریبێنن،نه‌ك ته‌نها وڵاتانى خاوه‌ن نه‌وت كه‌ته‌نها بونه‌ته‌ فرۆشیار و هه‌ڕاجكه‌رێكى نه‌وته‌كه‌یان به‌هه‌رزانترین نرخ و بازاڕێكى به‌رده‌وام بۆساغكردنه‌وه‌ى كاڵا به‌رهه‌مهاتوه‌كانى وڵاتانى زلهێز و پیشه‌سازى و كۆمپانیان زه‌به‌حه‌لاحه‌ نه‌وتیه‌كان.
گه‌لێك له‌ وڵاتان و سه‌ركرده‌ى به‌هێزى وڵاتانى دونیاى سێهه‌م و تازه‌ پێگه‌یشتوو كه‌ به‌ناوى شۆڕش  و خۆماڵیكردنى نه‌وته‌ و سامانه‌ سروشتیه‌كانى وڵاته‌كانیان و بۆئه‌وه‌ى خۆیان بكه‌نه‌ پاڵه‌وانى نه‌ته‌وه‌یى و نیشتیمانه‌كانیان و دواتریش بۆ هه‌تاهه‌تایه‌ له‌ده‌سه‌ڵاتدا بمێننه‌وه‌ و له‌خێروبێرى نه‌وتى وڵاته‌كانیان بخۆن و خۆیان و بنه‌ماڵه‌كانیان تێر و میله‌ته‌كانیشیان هه‌ژار و دواكه‌وتوو و نه‌خۆش و بێكار بمێننه‌وه‌.هه‌وڵیانده‌دا كه‌ دژى زلهێزه‌كانى دونیا و كۆمپانیا فره‌ ڕه‌گه‌زه‌كان بوه‌ستنه‌وه‌  و نه‌وت وه‌كو چه‌كێك و كارتى فشار به‌ڕوویاندا به‌كاریبێنن ،به‌ڵام تاكو ئێستا هیچ كامیان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون،چونكه‌ نه‌وت موڵكى هه‌موو مرۆڤایه‌تیه‌ و گه‌ره‌كه‌ هه‌موان سوودى لێببینن نه‌ك ته‌نها وته‌نها ده‌سته‌ و تاقمێكى مشه‌خۆر و پاوانخوازى ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌وڵاتانى دونیاى سێدا.له‌به‌رئه‌وه‌ى نیه‌تى ئه‌و به‌ناو پاڵه‌وانانه‌ هیچكات ڕاستگۆ نه‌بون له‌گه‌ڵ میله‌ته‌كانیاندا نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ى زلهێزه‌كان دڵسۆزتربن له‌وان هه‌ربۆیه‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌ئاكام نه‌گه‌یشتوون.
بۆیه‌ له‌ ئێستاى كوردستانى باشووریشدا وه‌ك هه‌رێمێك له‌چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراقى فیدڕاڵیدا،وخاوه‌ن تاڕاده‌یه‌ك بڕه‌ نه‌وت 45 -60ملیار به‌رمیل نه‌وتى یه‌ده‌گ و زیاد له‌ 5 تریلیۆن مه‌ترسێجا غازى سروشتى زۆر و زه‌وه‌ند،گرنگى و كاریگه‌رى خۆى هه‌یه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ى وزه‌ى دونیادا و زلهێزه‌كان و كۆمپانیا نه‌وتیه‌ گه‌وره‌كان وه‌ك((ئه‌كسن مۆبیل و شێل و تووتاڵ و BPو گازپرۆم وشیڤرۆن و ڕۆسنه‌فت ودانه‌ غاز و...هتد)) و گه‌لێك كۆمپانیاى مامناوه‌ندى و بچوكى تریش له‌هه‌وڵدان بۆ وه‌ده‌ستهێنانى ئیمتیازاتى كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و له‌ ئێستادا و له‌وكاته‌وه‌ى له‌ساڵى 2002وه‌ نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌ بیره‌ نه‌وته‌كانى شیواشۆك له‌كۆیه‌ ده‌رهێنران و فرۆشراش ، ئیدى ده‌ستكرا به‌ واژۆكردنى 42 گرێبه‌ستى نه‌وتی و دابه‌شكردنى هه‌رێم بۆ زیاد له‌ 50 بلۆكى نه‌وتى و زیاد له‌ 40 كۆمپانیاى نه‌وتیش له‌ پێشبڕكێدان بۆ وه‌ده‌ستهێنانى كێڵگه‌ و ئیمتیازاته‌ نه‌وتیه‌كان.
ئه‌م سیاسه‌تى نه‌وتیه‌ى هه‌رێم كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌نجومه‌نى باڵاى هه‌رێمى نه‌وت و گازه‌وه‌ پیاده‌ ده‌كرا و به‌ڕێوه‌ده‌برا به‌پێى یاساى نه‌وت و غازى هه‌رێمى ژمارى 22 ساڵى 2007 كه‌ به‌نیوه‌ناچڵیش جێبه‌جێده‌كرا !، گه‌لێك كه‌موكوڕى و ته‌نانه‌ت گه‌نده‌ڵى و ناشه‌فافیه‌ت و بێمتمانه‌یى و به‌تاڵانبردنى پێوه‌دیاربوه‌ هه‌ر له‌ پێدانى ئیمتیازاته‌كان و جۆرى گرێبه‌سته‌كان((موشاره‌كه‌)) و پێدانى بڕى پشكى كۆمپانیاكان و وه‌رگرتنى قه‌رز و وه‌رگرتنى پاره‌ى پێشینه‌ به‌رامبه‌ر نه‌وت و تاریكاندنى داهات و خه‌رجیه‌كانى نه‌وت و واژۆكردنى گرێبه‌ستى 50 ساڵى و 26 ساڵى و 20ساڵى بۆ نه‌وت و غازى سروشتى .هه‌موو ئه‌م كارانه‌ وایانكرد كه‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ دواى ساڵانى 2011وه‌ بكه‌وێته‌ ژێر بارى قه‌رزێكى ده‌ره‌كى و ناوه‌كى زۆره‌وه‌ كه‌ به‌نزیكه‌ى 20ملیار دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت. دواتریش له‌كاتى سه‌رهه‌ڵدانى كێشه‌ سیاسى و ئابورى و ئه‌منیه‌كان له‌نێوان به‌غداد و هه‌رێمدا دواى شه‌ڕى داعش و داگیركردنى موصڵ و دابه‌زینى نرخه‌كانى نه‌وت له‌ دونیدا له‌ 115دۆلاره‌وه‌ بۆ 27 دۆلار له‌مانگى 6/2014دا و هاتنى نزیكه‌ى 2 ملیۆن ئاواره‌ى عه‌ره‌ب بۆ كوردستان و بڕینى به‌شه‌ بودجه‌ى هه‌رێم له‌لایه‌ن به‌غداد و دواتریش سه‌پاندنى سیسته‌مى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ به‌سه‌ر مووچه‌خۆراندا،هه‌موان ئه‌م هۆكارانه‌ پێكه‌وه‌ بونه‌ هۆكارى سه‌رهه‌ڵدان و به‌رده‌وامبوونى قه‌یرانێكى توندى ئابورى و دارایى كه‌ زیاد له‌ 4 ساڵیان خایاند و لێكه‌وته‌ و زیانه‌كانیشى بۆ ده‌یان ساڵى تر ده‌گه‌ڕێته‌وه‌.
هه‌موو ئه‌م هۆكارانه‌ش له‌به‌ر بوونى كێشه‌ و لێكتێنه‌گه‌یشتنى ده‌ستڕۆیشتوانى سیاسه‌ت و ئیداره‌ له‌ هه‌ولێر و به‌غداد بوو له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى نه‌وت و پیاده‌كردنى سیاسه‌تى فرۆشتنى سه‌ربه‌خۆى نه‌وتى كوردستان بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غداد، له‌كاتێكدا به‌پێى ده‌ستورى عێراقى هه‌میشه‌یى ساڵى 2005 و له‌ ((بابى چوارهه‌م و ماده‌كانى  111 و 112 / یه‌كه‌م  و دووه‌م )) دا دانى به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ نه‌وت و غازى سروشتى موڵكى هه‌موو گه‌لانى عێراقه‌ له‌هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاكاندا.و دیاریكردوه‌ ده‌بێت ئه‌و سامانه‌ سروشتیه‌ به‌هاوبه‌شى و هاوكارى ناوه‌ند و هه‌رێمه‌كان به‌ڕێوه‌ بچێت نه‌ك به‌ته‌نها.زۆر به‌ڕوونیش له‌ بابى چوارهه‌م (( پسپۆڕیه‌كانى ده‌سه‌ڵاته‌كانى ناوه‌ند )) وه‌ له‌ بابى پێنجهه‌یشدا ((ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێمه‌كانى)) دیاریكردوه‌.
بۆیه‌ لێره‌دا پرسیاره‌ گه‌وره‌ و گرنگ و چاره‌نوسسازه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ،ئایا  به‌پێى ده‌ستورى هه‌میشه‌یى عێراق مامه‌ڵه‌ بكه‌ین له‌گه‌ڵ نه‌وت و غازى سروشتى هه‌رێمدا وه‌ك هه‌رێمێك له‌چوارچێوه‌ى ده‌وڵه‌تى عێرقى فیدڕاڵدا؟ یان وه‌ك هه‌رێمێكى ده‌رچوو له‌ ده‌ستور كه‌ كورد بۆخۆشى ده‌نگى پێداوه‌ و ڕه‌زامه‌ندبوه‌ له‌سه‌رى مامه‌ڵه‌ بكه‌ین و هیچ حساب بۆ ناوه‌ند نه‌كه‌ین؟ ئایا ده‌بێت هیچ گفتوگۆو كارى هه‌مئاهه‌نگى و پێكه‌وه‌یى نه‌بێت له‌نێوان هه‌رێم و ناوه‌ندا له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌كى وا هه‌ستیار و گرنگدا؟به‌كورتى  پرسیاره‌ جه‌وهه‌ریه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌رێ ده‌توانین نه‌وت و غازى سروشتى هه‌رێم و داهاته‌كانیان ڕاده‌ستى به‌غداد نه‌كه‌ینه‌وه‌ ؟ ئه‌رێ ده‌توانین بێ حسابكردن بۆ ده‌ستور و ده‌سه‌ڵاته‌كانى ناوه‌ند مامه‌ڵه‌ به‌نه‌وتى كوردستانه‌وه‌ بكه‌ین؟ و ده‌یانى پرسى تریش..
سه‌ره‌تا ده‌بێت ئه‌وه‌ بزانین چ عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكى دانپیادانراو و فه‌رمى له‌لایه‌ن نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و خاوه‌ن مێژوو وسیاده‌ و سه‌روه‌رى به‌پێى ده‌ستورى هه‌میشه‌یى 2005 هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات له‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ و ناوچه‌كه‌شدا له‌هه‌موو بواره‌ سیاسى و ئابورى و ئه‌منى و كۆمه‌ڵایه‌تى و ..هتد.هه‌رله‌به‌ر ئه‌مه‌ش به‌ده‌وڵه‌تێكى یاسایى ناسراوه‌،كه‌واته‌ هه‌رێمه‌كانیش ده‌بێت و ئه‌ركیانه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌ و ده‌ستوره‌ هه‌میشه‌ییه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاته‌كانیان پیاده‌ بكه‌ن.به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ گه‌ر ده‌وڵه‌تێك یان هه‌رێمێك له‌ چوارچێوه‌ى یاسا نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ده‌ستوره‌ ناوخۆییه‌كان ده‌رچوو ناوده‌برێت به‌ وڵاتانى ده‌رچوو له‌ یاسا(( دوله‌ مارقه‌)) كه‌ ئه‌مه‌ش بۆخۆى سزاى نێوده‌وڵه‌تى له‌سه‌ره‌.
هه‌ربۆیه‌ وه‌ك ڕایه‌كى بێلایه‌ن و ده‌ستورى و یاسایى ده‌بێت هه‌رێم پابه‌ند بێت به‌ جێبه‌جێكردنى فصڵ و باب و ماده‌ و بڕگه‌كانى ده‌ستوره‌وه‌،و له‌چوارچێوه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى خۆى ده‌رنه‌چێت،و هه‌ر ئه‌و ده‌ستوره‌ش زامنى مافه‌كانێتى و هیچ ده‌سه‌ڵاتدارێكى به‌غدادیش ناتوانێت سه‌رپێچیان لێبكات وه‌ك له‌ 18ساڵى ڕابووردوودا جێبه‌جێیانكردوه‌.هه‌ربۆیه‌ گره‌نتى وه‌رگرتنى به‌شه‌ پشكى هه‌رێم له‌داهات و بودجه‌ى عێراق و ناردنى بۆ هه‌رێم و پاراستنى ئه‌منیه‌ت و ئاسایش و سه‌روه‌رى سنوره‌كان و ..هتد.ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى حكومه‌تى ناوه‌نده‌وه‌،بۆیه‌ له‌لایه‌ك ده‌ستوربۆخۆى گره‌نتیه‌ و له‌لایه‌كیش پابه‌ندبوونى هه‌رێمیش به‌و ده‌ستوره‌ و ده‌سه‌ڵاته‌كانیه‌وه‌ كه‌ بۆى دیاریكراوه‌ گره‌نتیه‌.
له‌ 18 ساڵى ڕابووردوودا هیچكات كێشه‌ و ململانێ سیاسى و حیزبیه‌كان نه‌بونه‌ته‌ هۆكارى بڕینى مووچه‌ و بودجه‌ى دانیشتوانى هه‌رێم، ئه‌وه‌ى كه‌ بۆته‌ هۆكار ته‌نها پابه‌ندنه‌بونى هه‌رێم بوه‌ به‌ده‌ستور و ته‌جاوزكردنى بوه‌ له‌سه‌ر ده‌ستور و ده‌سه‌ڵاته‌كانى ناوه‌ند،به‌تایبه‌تیش له‌بوارى نه‌وت و غازى سروشتیدا.كه‌ بۆخۆشمان وه‌كو دانیشتوانى هه‌رێم هه‌موو گله‌ییه‌ك و هه‌موو گومان و پرسیاره‌كان به‌ ئاڕاسته‌ى فرۆشتن و خه‌رجى و داهاتى نه‌وت بوه‌ له‌ساڵانى ڕابووردودا و هه‌رئه‌وه‌ش بوه‌ هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ حكومه‌تى هه‌رێم بۆخۆى و به‌ناچارى وبه‌مه‌به‌ستى ڕه‌واندنه‌وه‌ى ڕاز وگله‌ییه‌كان كۆمپانیاى دیلۆیتى نێوده‌وڵه‌تى هێنا بۆ ووردبینیكردنى پڕۆسه‌ى فرۆشتن و داهات و خه‌رجیه‌كانى نه‌وتى هه‌رێم.گه‌رچى به‌كه‌موكوڕیش بێت.
هه‌ربۆیه‌ گرنگه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان زۆر به‌جدى و به‌گه‌رمى گفتوگۆى چڕوپڕ بكات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى نه‌وت و غازى سروشتى و ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێم و ناوه‌ند،و ئه‌و كێشه‌ و گرفته‌ بنبڕبكات له‌سه‌ر بنیچینه‌ى ده‌ستور بۆئه‌وه‌ى ساڵانه‌ و له‌كاتى په‌سه‌ندكردنى یاساى بودجه‌ى ده‌وڵه‌تى عێراقیدا كێشه‌ى نه‌وت و پشكى بودجه‌ى هه‌رێم سه‌رهه‌ڵنه‌داته‌وه‌ ، له‌كاتێكدا هه‌رێم له‌ ساڵانى ڕابووردوودا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوه‌ چ له‌به‌ڕێوه‌بردنى مه‌له‌فى نه‌وت چ  له‌ وه‌ده‌ستهێنانى دروشم و داخوازى و مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ نه‌توانرا پڕۆسه‌ى ڕیفراندۆم سه‌ركه‌وتوو بكات و ئامانجه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ى خۆى بپێكێت كه‌ ڕاگه‌یاندنى ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆى كوردى بوو. هه‌ربۆیه‌ چیدى پێویست به‌نه‌ناردن و ڕاده‌ستنه‌كردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێم ناكات به‌به‌غداد ،چونكه‌ هیچ ئومێدێكى نزیك نیه‌ بۆ پشتیوانى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تى بۆ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانمان لانى كه‌م بۆ ده‌یه‌ ساڵێكى تر. جابۆئه‌وه‌ى كێشه‌كان زیاتر كه‌ڵه‌كه‌ نه‌بن  و هه‌ڵه‌كانى ڕابووردوو دووباره‌ نه‌كرێته‌وه‌ هه‌ق وایه‌ به‌ سنگفراوانى و وه‌ك چاكه‌ و پیاوه‌تیه‌كى هه‌رێمیش بۆ به‌غداد نه‌وت و مه‌له‌فى نه‌وت ڕاده‌ستى به‌غداد بكرێته‌وه‌.هه‌رچه‌نده‌ له‌هه‌رێمدا دوو ڕاو و بۆچونى جیاواز و دوور له‌یه‌كتریش هه‌یه‌  كه‌ زیاتر له‌ ڕوانگه‌ و به‌رژه‌وه‌ندى حیزبیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یان گرتوه‌ نه‌ك به‌رژه‌وه‌ندى دوورمه‌وداى میله‌ته‌كه‌مان،ده‌رباره‌ى ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ كه‌ لایه‌ك ڕاى وایه‌ ئه‌و مه‌له‌فه‌ هه‌ستیاره‌ ته‌سلیم به‌به‌غداد نه‌كرێته‌وه‌ و هه‌ رێم هه‌نگاوى گه‌وره‌ى ناوه‌ له‌و بواره‌دا و لایه‌كه‌ى تریش به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ پێى وایه‌ سوود و قازانجى زیاتر له‌وه‌دایه‌ كه‌ مه‌له‌فى نه‌وت ته‌سلیم به‌ به‌غداد بكرێته‌وه‌ و ئه‌وجا هه‌رێم شه‌ڕ له‌سه‌ر به‌شه‌ پشكى خۆى بكات له‌ بودجه‌ى گشتى عێراقدا.
چونكه‌ هیچ نه‌نگیه‌ك له‌و كاره‌دا نیه‌،له‌به‌رئه‌وه‌ى له‌ دواى ڕووداوه‌كانى كه‌ركوكى ساڵى 2016كه‌ ده‌رئه‌نجامى ڕیفراندۆمه‌ شكستخواردوه‌كه‌ى هه‌رێم بوو،گه‌لێك ده‌سه‌ڵاتى ئه‌مرى واقعى هه‌رێممان ڕاده‌ستى به‌غداد كردوه‌ به‌ناچارى له‌دواى گه‌مارۆدانى 77ڕۆژ و زیاتریش له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تانى دونیا و ناوچه‌كه‌شه‌وه‌ له‌بوارى فڕۆكه‌وانیدا، كه‌ له‌ده‌ستوردا به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانى ناوه‌ند ناسێنرابوون له‌وانه‌:
1.گێڕانه‌وه‌ى 51% خاك و خه‌ڵكى كوردستان به‌ناوه‌ند و له‌باربردنى جێبه‌جێكردنى ماده‌ى 140ى ده‌ستور.
2.فڕۆكه‌خانه‌ و ده‌روازه‌ و خاڵه‌ سنوریه‌كان.
3. گومرك و سیاسه‌تى گومركى و ته‌عریفه‌ى گومركى.
4. مه‌سه‌له‌ى كێشان و پێوانه‌.
5. فه‌رمانگه‌كانى ڕه‌گه‌زنامه‌ و پێناسى بارى شارستانى و نشینگه‌ و مافى په‌نابه‌رێتى.
6.ڕێكخستنى سیاسه‌تى فریكوێنسى بڵاوكردنه‌وه‌ و وپه‌یوه‌ندیه‌كان و به‌رید.
7. سیاسه‌تى ئاو و به‌نداوه‌كان.
8. سه‌رژمێرى دانیشتوان.
9.پاشماوه‌ مێژووییه‌كان.
10سه‌رچاوه‌كانى كاره‌با و ژینگه‌ وسیاسه‌تى گه‌شه‌پێدانى گشتى و ..هتد.
11.پۆلیسى دارستان وزۆرى تریش.
ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ یاساى بودجه‌ى گشتى ده‌وڵه‌تى عێراق به‌هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌غداده‌وه‌ داده‌نرێت و پشكى هه‌رێم به‌ به‌كاربردن و وه‌به‌رهێنانه‌وه‌ دیاریده‌كرێت و قه‌رزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و به‌شه‌ پشكى داوده‌رمان و پاره‌ى گه‌نمى جووتیاران و به‌شه‌ خۆراكى مانگانه‌ى هه‌رێمیش له‌به‌غداوه‌ دابین ده‌كرێت.
جا له‌كاتێكدا هه‌رێم ئه‌م هه‌موو ده‌سه‌ڵاتانه‌ى ڕاده‌ستى به‌غداد كردبێته‌وه‌،ئیدى چ پێویست ده‌كات كه‌ ته‌نها مه‌سه‌له‌ى نه‌وت بهێڵێته‌وه‌ كه‌ به‌پێى ده‌ستوریش بۆى نیه‌ ئه‌و كاره‌ بكات.((ئه‌گه‌ر نیه‌تێكى خراپى تیادا نه‌بێت)).
ئاشكراشه‌ ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌ى كه‌ هه‌رێم ده‌یفرۆشێت له‌ ئێستادا ڕۆژانه‌ ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 450 هه‌زار به‌رمیل و له‌مانگێكدا ده‌گاته‌ 13500 به‌رمیل كه‌ گه‌ر بخرێته‌وه‌ گه‌نجینه‌ى مه‌ركه‌زى به‌غداد و له‌ڕێگه‌ى ((كۆمپانیاى سۆمۆ)) وه‌ بفرۆشرێت و داهاته‌كه‌شى بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ته‌واوى عێراق ئه‌وا به‌دڵنیاى پشكى هه‌رێمیش زیاد ده‌كات،له‌كاتێكدا كه‌ هه‌میشه‌ نرخى فرۆشتنى 1 به‌رمیل نه‌وتى عێراق 8-10 دۆلار زیاتر فرۆشراوه‌ له‌نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان له‌بازاڕه‌كانى جیهاندا. له‌ ئێستاشدا و به‌غداد له‌هه‌وڵدایه‌ تواناى به‌رهه‌م و هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى خۆى به‌رزبكاته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ 3500 هه‌زار به‌رمیل له‌ ڕۆژێكدا، ئه‌وه‌تا له‌ مانگى كانتونى یه‌كه‌مى ساڵى 2018دا به‌رزترین ڕێژه‌ى نه‌وتى فرۆشتوه‌ به‌بڕى(( 115.517.974 )) به‌رمیل نه‌وت كه‌ داهاته‌كه‌ى بریتیه‌ له‌(( 6.233.592.040.11 ملیار دۆلار))، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا تواناى هه‌رێم دیاریكراوه‌ و ناتوانێت زیاتر به‌رزیبكاته‌وه‌ به‌ بوونى كێشه‌ و گرفته‌كانى له‌لایه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غداد و له‌لایه‌كیش له‌گه‌ڵ كۆمپانیان نه‌وتیه‌كاندا.به‌هه‌مان شێوه‌ بۆ ساڵى 2019 و ساڵانى دواتریش هه‌موو پێبینیه‌كان ڕوو له‌وه‌ن كه‌ نرخه‌كانى نه‌وت له‌ 70-80 دۆلار تێپه‌ڕ ناكه‌ن.
بۆیه‌ ده‌كرێت حكومه‌تى ئاینده‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌ كابینه‌ى نۆهه‌مدا به‌سه‌رۆكایه‌تى به‌ڕێز مه‌سرور بارزانى و له‌ پشتیشیه‌وه‌ كاك مه‌سعود بارزانى به‌جدى بیر و پلانى هه‌بێت بۆ مه‌له‌فى نه‌وت و هه‌موو ئه‌گه‌ر و ئاڵنگاریه‌ خراپه‌كانى سیاسه‌تى هه‌ڵه‌ى نه‌وتى ڕابووردوو له‌به‌رچاوبگرێت و حه‌كیمانه‌ تر مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و مه‌له‌فه‌ هه‌ستیاره‌دا بكات،بۆئه‌وه‌ى زیاتر ده‌سه‌ڵاته‌كانى هه‌رێم و قه‌واره‌ و هێزى كورد له‌به‌غداد لاوازتر نه‌بێت و ئه‌م هه‌لى 4 ساڵه‌ى بوونى د. عادل عبدالمهدیش وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌ك كه‌سێك و دۆستێكى نزیكى كورد  و بوونى سه‌رۆكێكى كوردى به‌هێزیش  وه‌ك د.به‌رهه‌م احمد صاڵح له‌ به‌غداد بقۆزرێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى سه‌رجه‌مى كێشه‌ كه‌ڵه‌كه‌بوه‌كانى پێشووتر چاره‌سه‌ربكرێن له‌به‌رژه‌وه‌ندى گه‌له‌كه‌ماندا.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP