راپه‌ڕینی دووه‌م .. رۆڵى هاوڵاتى وه‌ك سه‌نته‌ر

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 23-03-2019 - 1699 جار خوێندراوەتەوە

راپه‌ڕین بۆ كورد ماناو مه‌دلولى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و مێژوویى خۆى هه‌یه‌

 

گه‌ڕانه‌وه‌ى ساڵڕۆژى راپه‌ڕین، پێویستى به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ نوسه‌ران و ئه‌كادیمى و زانكۆكان و سه‌نته‌ره‌كانى لێكۆڵینه‌وه‌ى ستراتیجى نووسین و توێژینه‌وه‌و مێزگرد و دیبه‌یت و كۆڕبه‌ندى جۆربه‌جۆرى له‌باره‌وه‌ ببه‌ستن، چونكه‌ راپه‌ڕین وه‌رچه‌رخانێكى مێژووییه‌  بۆ كورد و له‌هه‌مانكاتدا تێكه‌ڵه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك گۆڕانكارى كه‌ رووده‌كاته‌ رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، به‌تایبه‌تیش ئه‌و سیستمه‌ نوێیه‌ جیهانیه‌ى كه‌ پاش نزیكه‌ى سێ چاره‌كه‌ سه‌ده‌ دێت و ده‌ستكارى ستراتیجیه‌ت و پلان و نه‌خشه‌ى سیاسى ناوچه‌كه‌ ده‌كاته‌وه‌، راپه‌ڕین بۆ كورد ماناو مه‌دلولى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و مێژوویى خۆى هه‌یه‌، كورد ده‌خاته‌ قۆناغێكه‌وه‌ كه‌ له‌ مێژووى هاوچه‌رخیدا بێ وێنه‌یه‌ و هاوشێوه‌ى ئه‌زموونه‌كانى كۆمارى مه‌هاباد و مه‌لیك مه‌حمود و ئه‌وانیش نیه‌، به‌ڵكو له‌ زه‌مه‌ن و سیاقێكى مێژوویى تردایه‌ و ده‌رچوونه‌ به‌ره‌و ئاینده‌یه‌ك كه‌ جیاوازه‌ له‌وه‌ى له‌پێشتردا بینراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرفته‌ لێره‌دا ئه‌و كاراكته‌ره‌ سیاسیانه‌ن كه‌ رۆڵى تیادا ده‌بینن، كه‌ ناتوانن دۆخه‌كه‌ وه‌ك خۆى ببینن و بیكه‌نه‌ سه‌ره‌تایه‌ك بۆ بنیاتنان و گه‌شه‌پێدان و هه‌ستانه‌وه‌و كردنه‌وه‌ى گیانێكى نوێ به‌ به‌رى كوردایه‌تى و خه‌بات و شۆڕش و به‌رخۆداندا، راپه‌ڕین وه‌ك به‌رپرسیارێتیه‌كى جه‌ماوه‌رى سه‌ركه‌وتوو بو كه‌ جه‌ماوه‌رى كوردستان به‌ رۆح و ئامانجه‌ ساده‌ و پاكه‌كه‌ى خۆى هه‌روه‌ك سه‌دان ساڵى رابردوو به‌ قوربانیدان و خوێن و فیداكارى توانى مۆڵگه‌كانى به‌عس تێك بدات و كۆتایى به‌داگیركارى جوگرافى و خاك بهێنێت.

راسته‌ پێگه‌كان و سه‌ربازگه‌ و ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی بەعس كۆتاییهان هات، بەڵام بوغز و رق و گه‌ل فرۆشى و خاك فرۆشیه‌ى به‌عس له‌ ناخى مرۆڤى كورددا ناشتبوى وشكى نه‌كرد

 

به‌ڵام دیوه‌كه‌ى ترى كه‌ كۆتایى هێنان بوو به‌ به‌عسیزم وه‌ك فیكر و ئایدیا و كولتور، ئه‌وه‌ ئه‌ركى نوخبه‌ى سیاسى و رۆشنبیر و ئه‌كادیمى بوو كه‌ ئه‌و رۆڵه‌ ببینێت و له‌ رێگه‌ى پلانێكى نوێوه‌ هه‌وڵ بدات به‌ یه‌كجارى كۆتایى به‌و كولتوره‌ بهێنێت كه‌ بۆماوه‌ى زیاتر له‌ سى سالە كارى كردبوو له‌سه‌ر نه‌ست و بیركردنه‌وه‌و ئه‌خلاقى مرۆڤى كورد، هه‌تا له‌ كوردبوون دایان ببڕێت و ئه‌وه‌ تیایاندا سه‌وز بكات كه‌ به‌عسیزم ده‌یویست، راسته‌ پێگه‌كان و سه‌ربازگه‌ و ده‌زگا ئه‌منیه‌كان كۆتاییهان هات، به‌ڵام ئه‌و بوغز و رق و گه‌ل فرۆشى و خاك فرۆشیه‌ى به‌عس له‌ ناخى مرۆڤى كورددا ناشتبووى وشكى نه‌كرد، به‌ڵكو بینیمان له‌دواى راپه‌ڕین به‌ شێوه‌یه‌كى تر سه‌وز بوه‌و چه‌كه‌ره‌ى كردو گه‌شه‌ى كرده‌وه‌، راپه‌ڕین ئه‌وه‌ى پێوتین كه‌ رزگار بوون ته‌نها له‌وه‌دا نیه‌ كه‌ دوژمنێكى ده‌ره‌كى وه‌ك عه‌ره‌ب له‌ ماڵه‌كه‌ى خۆتدا بكه‌یته‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵكو له‌گه‌ڵیدا ده‌بێت عه‌قلأ و په‌روه‌رده‌ و كلتوریش پاك بكه‌یته‌وه‌و كلتور و بیركردنه‌وه‌و عه‌قڵیه‌تێكى نوێ له‌ جێگه‌یدا بنیات بنێیت، راسته‌ جه‌ماوه‌رى كورد له‌ ده‌رگاوه‌ به‌عس و مۆڵگه‌ و پیاوه‌كانیان كرده‌ ده‌ره‌وه‌، به‌ڵام له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ نه‌نگى و پیسیه‌كان جارێكى تر هاتنه‌وه‌ ژوره‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و ئه‌زموونه‌ى له‌دواى راپه‌ڕین دروست كرا ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌بوایه‌ ئێستا ئه‌زموونى سیاسى كورد و دیموكراسى و دادگه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و بازنه‌ى ئازادیه‌كانى تاك و كۆمه‌لأ له‌ ئاستێكى زۆر گه‌شه‌كردوودا ده‌بوون.

راپه‌ڕین ئه‌وه‌ى پێوتین كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ئه‌زمونێكى كوردیمان هه‌بێت و به‌رپرسى كورد رابه‌رایه‌تى بكه‌ن به‌س نیه‌

 

راسته‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا به‌عس نه‌ما و كورد خۆى كاروباره‌كانى سیاسى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى گرته‌ ده‌ست، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌م فه‌زا نوێیه‌دا توانیمان چى به‌رهه‌م بهێنین؟ تاچه‌ند توانیمان ئه‌زموونه‌ سیاسیه‌كه‌ بكه‌ینه‌ جێگه‌ى هیواى خه‌ڵك؟ تاچه‌ند ئه‌م ئه‌زموونه‌ هاونیشتیمانیانى خۆشبه‌خت و به‌خته‌وه‌ر كرد؟ تاچه‌ند توانیمان گه‌شه‌ به‌ دیموكراسى و دامه‌زراوه‌كان بده‌ین؟ تاچه‌ند سه‌رچاوه‌ سرشتیه‌كانى وه‌ك نه‌وت و گاز و به‌رهه‌مه‌كانى تر له‌پێناو گه‌شه‌پێدانى كوردستان و خۆشگوزه‌رانى هاوڵاتیاندا به‌كارهات؟ كه‌واته‌ راپه‌ڕین ئه‌وه‌ى پێوتین كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ى ئێمه‌ ئه‌زموونێكى كوردیمان هه‌بێت و به‌رپرسى كورد رابه‌رایه‌تى بكه‌ن، ئه‌مه‌ به‌س نیه‌، به‌ڵكو هه‌نگاوێكى ترى ماوه‌ ئه‌ویش ته‌واوكردنى ئه‌و بازنه‌ به‌تاڵه‌یه‌ كه‌ هه‌موان چاویان له‌سه‌ریه‌تى و وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ به‌ ئه‌و پرسیارانه‌ى پێشوو كه‌ كردمان.

راپه‌ڕین ئه‌ڵقه‌یه‌كى ونبووى تێدایه‌  و ته‌واو نه‌كراوه‌، پێویسته‌ له‌ هه‌نگاوى دووه‌مدا ئه‌و زنجیره‌ ونبووه‌ بدۆزینه‌وه‌

 

كه‌واته‌ راپه‌ڕین، ئه‌ڵقه‌یه‌كى ونبووى تێدایه‌  و ته‌واو نه‌كراوه‌، پێویسته‌ له‌ هه‌نگاوى دووه‌مدا ئه‌و زنجیره‌ ونبووه‌ بدۆزینه‌وه‌، ئه‌ویش له‌ ئه‌م پرسیاره‌وه‌ ده‌گه‌ینه‌ گه‌ڕان به‌ شوێن وه‌ڵامه‌كه‌یدا، 28 ساڵه‌ كورد له‌ هه‌رێمى كوردستان سه‌ربه‌خۆیه‌، بانگه‌شه‌ى هه‌رێمى فیدراڵى سیاسى كوردستان ده‌كات، ده‌یان هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجامداوه‌و سه‌رئه‌نجام چه‌ندان پارتى سیاسى جۆراوجۆر گه‌یشتوونه‌ ده‌سه‌ڵات و وه‌زاره‌ت و یه‌كه‌ى ئیدارى جۆربه‌جۆیان وه‌رگرتووه‌، دووپارتى كوردى به‌ به‌رده‌وامى له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ماونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئایا هیچ یه‌ك له‌م پارتانه‌ توانیویانه‌ پابه‌ندبن به‌ بنه‌ماكانى دیموكراسى؟، یان له‌ رێگه‌ى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ى كه‌ له‌ حكومه‌تدا هه‌یانبووه‌ توانیویانه‌ خواسته‌كانى جه‌ماوه‌ر بهێننه‌دى،؟ یان ئایا هاوڵاتى كورد ئاستى هۆشیارى ئه‌وه‌نده‌ به‌رزبووه‌، كه‌ گه‌نده‌ڵكاران سزا بدات و خۆى وه‌ك ده‌سه‌ڵاتى یه‌كه‌م فه‌زایه‌ك دروست بكات بۆ ئاڵوگۆڕى ده‌سه‌ڵات؟.

كه‌واته‌ لێره‌وه‌ ده‌بێت بچینه‌ سه‌ر زنجیره‌ ونبوه‌كه‌ى راپه‌ڕین كه‌ ئه‌ویش بریتیه‌ له‌ په‌راوێزخستنى رۆَڵى هاوڵاتى و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى له‌ گۆڕانكارى و بنیاتنان و گه‌شه‌پێدانى وڵاتدا.

له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ دیموكراسى و پێشكه‌وتووه‌كاندا هاوڵاتى سه‌نته‌رى گۆڕانكارى و گه‌شه‌پێدانه‌

 

له‌ هه‌موو كۆمه‌ڵگه‌ دیموكراسى و پێشكه‌وتووه‌كاندا هاوڵاتى سه‌نته‌رى گۆڕانكارى و گه‌شه‌پێدانه‌، چونكه‌ هه‌موو پارت و رێكخراوێك به‌وانه‌ش كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان پێویستیان به‌ زۆرینه‌یه‌كى خه‌ڵك هه‌یه‌ كه‌ پشتیوانیان لێ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و زۆرینه‌یه‌ كۆمه‌ڵه‌ تاكێكى هۆشیار بن و ئاگاداربن به‌ بنه‌ماى مافه‌كانى هاوڵاتى بوون و بزانن به‌رپرسیارێتى حكومه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ تاك چیه‌؟ ئه‌و كه‌مینه‌ى كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان به‌ره‌و ئاڕاسته‌یه‌كى ئیجابى هه‌نگاو ده‌نێن، ئه‌گه‌ر واش نه‌بن پێَچه‌وانه‌كه‌ى دێته‌دى، گرنگترین فه‌زایه‌ك له‌ سیستمى سیاسیدا كه‌ ئاڕاسته‌ى ده‌سه‌ڵات دیارى ده‌كات فه‌زاى گشتیه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ له‌ژێر هه‌ژموونى ده‌سه‌ڵات و پارته‌كانیدا بێت، ئه‌وا كۆمه‌ڵگه‌ ئاراسته‌ى مێگه‌ل بوون وه‌رده‌گرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر فه‌زاى گشتى له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتى هاوڵاتیدا بێت و هه‌موو بواره‌كانى گه‌نجان و ئافره‌تان و سه‌ندیكاكان و میدیا و ژینگه‌ و ته‌ندروستى و گه‌شه‌پێدان و په‌روه‌رده‌ و قوتابیان و هتد له‌م رێگه‌یه‌وه‌ بجوڵێنرێن و چاودێرى ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، ئه‌وكاته‌ وه‌ك گۆچانێك واده‌بن به‌سه‌ریه‌وه‌ كه‌ ناتوانێت هه‌نگاو بنێیت به‌ره‌و سته‌مكارى و گه‌نده‌ڵى، چونكه‌ ده‌توانن به‌ جۆره‌ها شێواز ئه‌و حكومه‌ته‌ تووشى شه‌له‌ل بكه‌ن و كۆتایى به‌ ته‌مه‌نى بهێنن هه‌روه‌ك له‌ زۆر شوێنى پێشكه‌وتوو جیهان ئه‌نجامى ده‌ده‌ن به‌تایبه‌تى له‌ ئه‌و وڵاتانه‌دا كه‌ دیموكراسى تیایدا به‌رقه‌راره‌، له‌به‌رئه‌وه‌ ده‌بێت له‌ رێگه‌ى پلانێكى ستراتیجیه‌وه‌ نوخبه‌ى ئه‌كادیمى و رۆشنبیرى و نووسه‌ر و میدیاكاران و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى پلانێك دابنێن بۆ ته‌واوكردنى ئه‌و ئه‌ڵقه‌ ونبوه‌ى راپه‌ڕین و كاربكه‌ن له‌پێناو دروستكردنى ئه‌و هاوڵاتیه‌ هۆشیاره‌ى كه‌ به‌ هه‌ستێكى نیشتیمانیه‌وه‌ كار بكات، كه‌ ته‌نها ئامانجى خزمه‌ت و گه‌شه‌پێدان و خۆشگوزه‌رانى هاوڵاتیانى كوردستان بێت.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP