بەپەلە

بەرهەم ساڵح گەورەتر لەسەرۆک کۆمار

حەسەن بارام - 22-03-2019 - 5095 جار خوێندراوەتەوە

سەرەتا باش دەزانم ناونیشان و ناوەڕۆکی ئەم بابەتە زۆر کەس وەڕەس و ناڕەحەت دەکات، بەڵام بۆکەسانی واقعبین وشارەزا لەسیاسەت دا  هاوڕاییم زۆر دەبێت، بەرهەم ساڵەح لەقۆناغ و چرکە ساتێکدا جڵەوی سەرۆک کۆماری دەکەوێتە دەست، عێراق لەدۆخێکی شڵەژاو وناسەقامگیری سیاسی و فەرمانڕەوایەتی و ئەمنیدایە، سەرباری ئەوەی خودی پۆستەکەش لاواز و بێکاریگەر بو بوو، لەم ئانوساتەدا بەڕێزیان لەلایەک تەکانێکی باش دەدات بە دۆخی سیاسی و پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەکان و کارکردن بۆ باشتر کاراکردنی حکومەت، هاوزەمان بەرگێکی نوێ دەکاتەوە بەری پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار.

سەرۆک بەرهەم پەیوەندییەکی نمونەیی لەگەڵ سەرجەم چین وتوێژەکانی کۆمەڵگای عێراقی دروست کردوە، کە یەکێک لە هەوڵە ناوازەکانی چونە نێو خەڵک و شوێنە گشتی و تایبەتییەکانە

 

ئێمە دەبینین کۆشکی سەلام وەکو سەردەمی ڕەوانشاد مام جەلال جاریکیتر بووەتەوە مەیدانی گفتوگۆ و دیالۆک و لەیەکتر نزیکبونەوەی لایەنە ناکۆکەکان، سەرەڕای کارکردنی بەردەوامی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم، ئەوجا لەسەردەستی سەرۆک پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی تر چووەتە قۆناغێکی نوێترەوە، سەرەڕای پەیوەندی بەردەوام وهەوڵەکانی لەگەڵ دام ودەزگاکانی وڵات بۆ ئەنجامدانی چاکسازی و زیاترخزمەتکردنی خەڵک، لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا سەرۆک بەرهەم پەیوەندییەکی نمونەیی لەگەڵ سەرجەم چین وتوێژەکانی کۆمەڵگای عێراقی دروست کردووە، کە یەکێک لەهەوڵە ناوازەکانی چوونە نێو خەڵک وشوێنە گشتی وتایبەتییەکانە.
سەرۆک بەڵێنی دا کەئەبێت دۆخی ئەو پارێزگایە باشتر بکرێت و هەر کەس لە تاوانی ژێرئاو کەوتنی ئەو هاوڵاتیانە بەرپرس بێت، دەبێت سزا بدرێت

 

لە هەنگاوێکی نوێشدا و بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربون لەو کارەساتەی کە لە موسڵ ڕوویدا، سەرۆک خۆی چووە نەینەوا و شوێنی ڕووداوەکەی بەسەرکردەوە و سەربەرزانە گوێ لە کەسوکاری قوربانییەکان گرت و هەر لەوێوەشەوە جاریکیتر دروشمی چاکسازی و سزادانی تاوانکارانی بەرزکردەوە و خەڵکێکی زۆر بەگەرمی پێشوازییان لەسەرۆک کۆمار کرد، کەچی هەندێک کەسی کەم یان بەدەست و پیلان یان لەئازاری قوربانییەکان هەندێک هەڵسوکەوتی ناشارستانیان ئەنجامدا، کەچی سەرۆک و پاسەوانەکانی ئەم ڕەفتارەیان زۆر بەئاسایی وەڕگرتو و بچوکترین کاردانەوەیان نەنا، بەڵکو درێژەیان بەسەردان و بەسەرکردنەوەکەیان داو وزۆر مەدەنییانە و دیموکراتیانە مامەڵە لەگەڵ ئەو ڕەفتارە نەشیاوانەدا کرد، سەرۆک بەڵێنی دا کەئەبێت دۆخی ئەو پارێزگایە باشتر بکرێت و هەر کەس لە تاوانی ژێرئاو کەوتنی ئەو هاوڵاتیانە بەرپرس بێت، دەبێت سزا بدرێت.
 بەو شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ڕەفتاری نەشیاویان ئەنجامدا، نەک هەر سەرۆک بەرهەم بچوک و لەکەدار نەبو، بەڵکو ئەو سەلماندی سەرۆک و ڕێبەریکی گەورەیە و هیچ هەوڵێکی نەزۆک و نابوت لەبەرنامە و کارەکانی بۆ باشترکردنی دۆخی ئەم وڵاتە ڕایناگرێت

بەم سەردان و بەسەرکردنەوەیە بۆ دڵنەوایکردنی ئەو پارێزگایە و لەنزیکەوە ئاگابون لە ماجەرای ڕووداوەکە و هەروەها بەو شێوە مامەڵەکردنە لەگەڵ ئەو کەسانەی کە ڕەفتاری نەشیاویان ئەنجامدا، نەک هەر سەرۆک بەرهەم بچوک و لەکەدار نەبو، بەڵکو ئەو سەلماندی سەرۆک و ڕێبەریکی گەورەیە و هیچ هەوڵێکی نەزۆک و نابوت لەبەرنامە و کارەکانی بۆ باشترکردنی دۆخی ئەم وڵاتە ڕایناگرێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP