بۆچی حکومەت پێکناهێنن و لەپەرلەمانەوە یەکێتی بکەن بە ئۆپۆزسیۆن؟

هەکاری فەقێ گۆمەشینی - 19-03-2019 - 3923 جار خوێندراوەتەوە

سەرەڕای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبونەوە و واژۆکردنی دوو ڕێککەوتننامە لەلایەن پارتی دیموکراتی کورستانەوە کە براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکەی کوردستانە، بەڵام تاکو ئێستا هەنگاوەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ هێواشن، تێروانینی جیاواز لەنێوان یەکێتی و پارتی و هەیە بۆ ئەم خولەی حوکمڕانی، پارتی هەوڵ دەدات حکومەتێکی تەقلیدی لە فۆڕمی کابینەکانی پێشوو پێکبهێنێ و خۆی خاوەنی بڕیاری سەرەتاو کۆتایی بێت لەسەر کۆی پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستانەوە، پارتی لەم شێوازەی حوکمڕانیدا ئەزمونێکی باشی هەیە کە یەکێتی لە ڕابردودا بەهۆی ناکۆکی نێوخۆییەوە هاوبەشێکی لاواز و تاڕادەیەک بێ ڕۆڵ بوو، ئەمەش بۆ پارتی زۆر گرنگ بوو کە یەکێتی نە ئۆپۆزسیۆن بوو نە شەریکێکی بەدەسەڵاتیش.

هەوڵی یەکێتی بۆ ئەوەیە کە سیستەمێکی ئیداری تۆکمە بونیادبنرێ و لەم پێناوەشدایە کە پێداگری لەسەر شەراکەتی ڕاستەقینە دەکات

 

لەبەرامبەردا تێڕوانینی یەکێتی نێشتیمانی بۆ حوکمڕانی هەرێمی کوردستان گۆڕاوە بەوەی کە نایەوێ چیتر بەو فۆڕمە بچێتەوە ناو پڕۆسەی سیاسی و حوکمڕانی تێیدا، هەوڵی یەکێتی بۆ ئەوەیە کە سیستەمێکی ئیداری تۆکمە بونیادبنرێ و لەم پێناوەشدایە کە پێداگری لەسەر شەراکەتی ڕاستەقینە دەکات.

لەئەگەری هەڵوێست وەرگرتنی یەکێتی پڕۆژەکان لەنیوەی ڕێگا پەکیان دەکەوێت و دەرگا بەڕوی دەیان ئەگەردا دەکرێتەوە، لەو حاڵەتەشدا بە هەمو هێزەکانی ترەوە ناتوانن پارسەنگی هێز بۆ پارتی ڕاستبکەنەوە

پارتی دیموکرات و بزوتنەوەی گۆڕان کە ڕێککەوتنێکی سیاسیان هەیە و لە ژێر ڕۆشنایی ئەم ڕێککەوتنەش بۆ فشار خستنە سەر یەکێتی کۆبونەوەی ١٨ی شوباتی پەرلەمانیان لە غیابی یەکێتی ئەنجامدا، بەڵام دەبینین بابەتەکانی هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم و ڕاسپاردنی کاندیدی سەرۆکی حکومەت وەستێندراوە تا یەکێتی بڕیاری بەشداری کردن دەدات لە دانیشتنی پەرلەمان، ئەوە بەو مانایەی کە پارتی ناتوانێ بەبێ وجودی یەکێتی و ڕازیبونی ئەو حزبە دەست بۆ پرسە هەستیارو چارەنوسسازەکان ببات سەرەڕای زۆری ڕێژەی کورسیەکانی خۆی و هاوپەیمانەکانی کە بزوتنەوەی گۆڕان و بزوتنەوەی سۆسیالست و کورسی کۆتاکانن، چونکە لەئەگەری هەڵوێست وەرگرتنی یەکێتی پڕۆژەکان لەنیوەی ڕێگا پەکیان دەکەوێت و دەرگا بەڕووی دەیان ئەگەردا دەکرێتەوە، لە وەها حاڵەتێکیشدا بەهەموو هێزەکانی ترەوە ناتوانن پارسەنگی هێز بۆ پارتی ڕاستبکەنەوە.

دەکرێ بپرسین ئەگەر یەکێتی وەک هێزێکی کاریگەر و خاوەن بڕیار خرایە دەرەوەی سیستەمی حوکمڕانیەوە کێ بەرپرسیار دەبێ لەو ئەگەرو ڕوداوانەی کە دێنە پێشەوە؟ بێگومان بەرپرسیارێتی یەکێتی زۆر کەمتر دەبێ لە بەرپرسیارێتی پارتی و گۆڕان، چونکە  داواکاری یەکێتی بۆ شەراکەتی ئەگەر لەپێناو دەستکەوتنی ئیستیحقاقی خۆشیدابێت لە حکومەت، بەڵام لەهەمان کاتدا ڕەنگدانەوەی ئیجابی دەبێ بۆ پێگەو ڕۆڵی حزبە بەشدارەکانی تریش لە حکومەتدا، ئەوانیش بەهەمان شێوە دەبن بە هێزگەلێکی خاوەن بڕیار لەو وەزارەت و پۆستانەی کە بەڕێوەیدەبەن.

هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و تێپەڕاندنی بەبێ ڕەزامەندی یەکێتی و پێکهێنانی کابینەی نۆ چارەسەری کێشەکان ناکات، بەڵکو ئەوەندەی تر ئاڵۆزی دروست دەکات و کێشەکان قوڵتر دەبنەوە

بە پێچەوانەشەوە ئەگەر پڕۆژەکەی یەکێتی جێبەجێکراو توانی ببێتە شەریکێکی بەهێز لە حکومەتی داهاتوودا بەڵام نەیتوانی لەچوار ساڵی داهاتوو خزمەتێکی باش پێشکەش بە هاووڵاتیان بکات ئەوا خۆی بەتەنها ئۆباڵی شکستی خۆی دەکەوێتە ئەستۆ و بەرپرسیار دەبێ بەرامبەر خەڵک و دەنگدەرانی،کەواتە بەهەردوو پێوەرەکە داواکەی یەکێتی ڕەوایە.

 بۆیە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم و تێپەڕاندنی بەبێ ڕەزامەندی یەکێتی وە پێکهێنانی کابینەی نۆش چارەسەری کێشەکان ناکات بەڵکو ئەوەندەی تر ئاڵۆزی دروست دەکات و کێشەکان قوڵتر دەبنەوە.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP