بەپەلە

تایه‌ مه‌سوتێنن

له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج - 19-03-2019 - 2950 جار خوێندراوەتەوە

سێ شت ژینگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و خودى ژینگه‌ خۆى ده‌شێوێنن، یان به‌ قه‌ولى باو پیس ده‌كه‌ن:
ئه‌و سیاسیانه‌ى سیاسه‌ت نازانن و پێچه‌وانه‌ى ئاراسته‌ى باكه‌ سه‌وڵ لێده‌ده‌ن و كه‌نار ون ده‌كه‌ن، ئاین ئه‌گه‌ر مرۆڤ نه‌زانێ چۆن به‌كارى دێنێت و هه‌میشه‌ وه‌ك په‌رچه‌كردارمامه‌ڵه‌ى له‌ گه‌ڵ بكات، واته‌ له‌برى ئه‌وه‌ى ببێته‌ هۆیه‌ك بۆ ئارامى ده‌رون و قوڵكردنه‌وه‌ى گیانى پێكه‌وه‌ ژیان، ببێته‌ ئه‌فیون.

پیسكردنى ژینگه‌ به‌ گه‌مژه‌یى، پیسكردنى ژینگه‌  به‌ گه‌مژه‌یى به‌ زۆر شێواز ده‌كرێت، له‌ فڕێدانى قونكه‌ جگه‌ره‌یه‌كه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ وه‌شاندنى ناپاڵم و موشه‌ك و كه‌ره‌سه‌ ناشرین و قێزه‌ونه‌كانى سه‌ربازى.
چاندنى دارو دره‌خت له‌ كه‌لتورى كوردیدا وه‌ك كارێكى پیرۆز سه‌یر كراوه‌

 

كورد یه‌كێكه‌ له‌و نه‌ته‌وانه‌ى كه‌لتورو ئاینه‌كه‌ى  فێرى رێزگرتنى ژینگه‌یان كردووه‌، لێ ده‌یان ساڵه‌ پشتى كردوه‌ته‌ ئه‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌، چاندنى دارو دره‌خت له‌ كه‌لتورى كوردیدا وه‌ك كارێكى پیرۆز سه‌یر كراوه‌، ته‌نانه‌ت ره‌نگى سه‌وزیش جگه‌ له‌ مانا ئاشكراكه‌ى خۆى ماناو پێناسه‌ى تریشى پێبه‌خشراوه‌ ،به‌ڵام ئه‌م كورده‌ى ئێستا وانیه‌، ئه‌م كورده‌ى ئێستا ئه‌چێ بۆ گه‌شت و سه‌یران، لێ له‌ دواى خۆیه‌وه‌ زبڵخانێك به‌ جێده‌هێڵێت، له‌ ناو بازاڕو له‌ شوێنه‌گشتیه‌كان و له‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان دواى خواردنه‌وه‌ى ئاوه‌كه‌ى ده‌به‌كه‌  فڕێده‌داته‌ سه‌ر جاده‌كه‌، هه‌میشه‌ چاوه‌ڕێیه‌ یه‌كێكى تر پاشماوه‌كانى كۆبكاته‌وه‌، ده‌شت و ده‌ر پڕده‌كات له‌ شوشه‌ى عه‌ره‌ق و بیره‌و ویسكى و هه‌ندێك جار ده‌یكاته‌ نیشانه‌، پێى وایه‌ ئه‌و دارو دره‌خته‌ى له‌و ده‌شت و ده‌ره‌ن بۆ ئه‌وه‌ كراون ئه‌و بیانشكێنێ و بیانسوتێنێ.
ئه‌م كورده‌ى ئێستا بۆ كه‌وتنى سه‌رماو هاتنى به‌هارو نه‌ورۆزیش تایه‌ ده‌سوتێنێت

 

ئه‌م كورده‌ى ئێستا وه‌ك چۆن بۆ بردنه‌وه‌ى به‌رشه‌و ریاڵ، بۆ ڕاگه‌یاندنى ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان، بۆ گواستنه‌وه‌ى بوك به‌ ته‌ققه‌كردن خۆشى ده‌رده‌بڕێت، بۆ كه‌وتنى سه‌رماو هاتنى به‌هارو نه‌ورۆزیش تایه‌ ده‌سوتێنێت، تایه‌ سوتاندن هه‌زارو یه‌ك نه‌خۆشى و ده‌ردى پێوه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م به‌ ده‌وریدا هه‌ڵده‌به‌زێته‌وه‌ و كه‌یف ده‌كات، ئه‌مه‌ چێژبینینى گه‌مژانه‌یه‌ له‌ پیسكردنى ژینگه‌.

هه‌ق نیه‌ به‌ سوتاندنى تایه‌و پیسكردنى ژینگه‌ دڵخۆش بین، كاتى ئه‌وه‌یه‌ هۆشیارى ئه‌وه‌مان هه‌بێت كه‌ نه‌بینه‌ یه‌كێك له‌و سێ خاڵه‌ى سه‌ره‌وه‌، باله‌ برىسوتاندنى هه‌ر تایه‌یه‌ك  فێر بین نه‌مامێك بڕوێنین، چه‌ند ئاكارى ده‌بوو هه‌ر خێزانێك كه‌ ده‌چوونه‌ ده‌شت و ده‌ر بۆ سه‌یران نامامێكیان له‌ گه‌ڵ خۆیان ببردایه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بیڕوێنن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP