روداوه‌كه‌ى نیوزله‌نداو هه‌ڕه‌شه‌ى راسته‌ توندڕه‌وه‌كان ..

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 18-03-2019 - 1379 جار خوێندراوەتەوە


ئه‌و رووداوه‌ى كه‌ له‌ نیوزله‌ندا روویدا تیرۆریستێك به‌ناوى (برینتۆن ئارانت) رو له‌ دوو مزگه‌وتى شارى (كرایست تشیرش) نویزله‌ندا ده‌كات و له‌كاتى نوێژى هه‌ینى دا لوله‌ى تفه‌نگه‌كه‌ى روده‌كاته‌ نوێژخوێنان و بۆماوه‌ى چاره‌كێك ته‌قه‌یان لێ ده‌كات و به‌ پێكه‌نین و به‌ مۆسیقایه‌كى تایبه‌ت ده‌ست به‌ كوشتاریان ده‌كات و راسته‌وخۆش رووداوه‌كه‌ ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ئه‌م رووداوه‌ سه‌ره‌تایه‌كى مه‌ترسیداره‌ له‌ كۆمه‌ڵگاى رۆژئاوایدا، چونكه‌ ئه‌م بیره‌ توندڕه‌وانه‌ هه‌ر له‌ خۆیه‌وه‌ دروست نه‌بووه‌و به‌وه‌ش لێكنادرێته‌وه‌ كه‌ تاوانبار به‌هۆى حاڵه‌تى ده‌رونیه‌وه‌ یان گرفتى كۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه‌ ئه‌وكاره‌ى كردبێت، ئه‌م تیرۆریسته‌ ئه‌وه‌ى جێبه‌جێكرد كه‌ له‌ دید و بۆچوونى پارته‌ راسته‌ توندڕه‌وه‌كانى ئه‌مریكا و ئه‌وروپادا هه‌یه‌، گۆڤارى (فۆرین پۆلیسى) سه‌رچاوه‌ى ئه‌م بۆچوونه‌ توندڕه‌ویه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ راسته‌ توندڕه‌وه‌كانى فه‌ڕه‌نسا و پارته‌كه‌ى جان مارى لۆپان كه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ململانێیه‌كى توندى ماكرۆنیان ده‌كرد.

له‌دواى ساڵى 2008 له‌وكاته‌وه‌ كه‌ قه‌یرانێكى ئابورى روى له‌ ئه‌وروپا كردووه‌ و بێكارى و زیادبوونى باج و ده‌وڵه‌تى خۆشگوزه‌رانى رووى له‌ لاوازى كردووه‌، پارته‌ راسته‌كان گوتارێكى توندڕه‌وانه‌یان دژ به‌ په‌نابه‌ره‌كان به‌تایبه‌تیش مسوڵمانه‌كان به‌رز كردۆته‌وه‌و ئه‌وان به‌ سه‌رچاوه‌ى ئه‌و قه‌یرانانه‌ ده‌زانن، له‌به‌رئه‌وه‌ له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانیاندا وه‌ك له‌ بانگه‌شه‌كانى تریشدا بینیمان داواى كردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى مسوڵمانه‌ په‌نابه‌ره‌كان ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت چالاكیان سنورداربكه‌ن و وه‌ك كه‌سێكى نامۆو بێگانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت.
بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و گوتاره‌ واى كردوه‌ كه‌ به‌شێك له‌ شه‌قامى ئه‌وروپى له‌سه‌ر ئه‌م گوتاره‌ توندڕه‌وانه‌ په‌روه‌رده‌ بێت، ئه‌م راستانه‌ خۆیان به‌ پارێزه‌رى كلتور و شوناسى ئه‌وروپى و به‌تایبه‌تیش ره‌گه‌زى سپى ده‌زانن

بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ده‌بینین كه‌ له‌ میدیا و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمى و لێدوانى چه‌ندان سیاسى توندڕه‌و بره‌و به‌م گوتاره‌ توندڕه‌وانه‌ ده‌درێت و مسوڵمان به‌ تیرۆریست و دواكه‌وتوو له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن و به‌ سه‌رچاوه‌ى شێواندنى ئاسایشى كۆمه‌ڵگه‌یان ده‌زانن و ئه‌مه‌ش له‌ چه‌مكى ئیسلام و فۆبیادا وێنا ده‌كه‌ن، بڵاوكردنه‌وه‌ى ئه‌و گوتاره‌ واى كردووه‌ كه‌ به‌شێك له‌ شه‌قامى ئه‌وروپى له‌سه‌ر ئه‌م گوتاره‌ توندڕه‌وانه‌ په‌روه‌رده‌ بێت، ئه‌م راستانه‌ خۆیان به‌ پارێزه‌رى كلتور و شوناسى ئه‌وروپى و به‌تایبه‌تیش ره‌گه‌زى سپى ده‌زانن، ئه‌م تیرۆریسته‌ش له‌و به‌یانه‌ 74 لاپه‌ڕه‌یه‌ى كه‌ بڵاوى كردۆته‌وه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌ كه‌ به‌ نوینه‌رایه‌تى ملیۆنان ئه‌وروپى ئه‌وكاره‌ى كردووه‌ و ئه‌مه‌ش له‌پێناو پاراستنى نیشتمانه‌كه‌یان و ره‌گه‌زى سپیه‌ له‌و داگیركه‌ره‌ى كه‌ به‌ڕێوه‌یه‌ كه‌ مه‌به‌ستى مسوڵمانه‌كانه‌.
ئه‌م گوتاره‌ توندڕه‌ویه‌، مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆسه‌ر ئارامى و ئاسایشى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ناو خودى رۆژئاواش

 

ئه‌م گوتاره‌ توندڕه‌ویه‌، مه‌ترسیه‌كى گه‌وره‌یه‌ بۆسه‌ر ئارامى و ئاسایشى كۆمه‌ڵایه‌تى له‌ناو خودى رۆژئاواش، چونكه‌ ئه‌م گوتاره‌ گوتارێكى مه‌سیحى و خاچ په‌رستى نیه‌ وه‌ك هه‌ندێك ئیسلامى باسى ده‌كه‌ن، به‌ڵكو هاوشێوه‌ى داعش و قاعیده‌ ئه‌و به‌شه‌یان له‌ ئاینى مه‌سیحى قبوڵه‌ كه‌ له‌گه‌ل بۆچوونه‌ توندڕه‌وه‌كانیان ده‌گونجێت، له‌به‌رئه‌وه‌ هاوشێوه‌ى داعش و قاعیده‌ ئاماده‌ن هاودینه‌كه‌ى خۆشیان بكوژن، چونكه‌ وه‌ك یه‌ك بیر ناكه‌نه‌وه‌.

ئه‌م دۆخه‌ى ئێستاى ئه‌وروپا كه‌ (راسته‌ توندڕه‌وه‌كان) ده‌یانه‌وێت بنیاتى بنێنه‌وه‌ وه‌ك بارودۆخى پێش جه‌نگى جیهانى دووه‌م وایه‌ كه‌ پارته‌ شۆڤێنیه‌كانى وه‌ك نازیه‌كان له‌ ئه‌ڵمانیاو فاشیه‌كانى ئیتالیایان هێنایه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سه‌رئه‌نجامیش ئه‌وروپایان به‌ره‌و وێرانى و كاولكارى برد، كۆمه‌ڵگا ئه‌وروپیه‌كان له‌دواى جه‌نگى جیهانى دوه‌مه‌وه‌، سزایان دان و له‌ ده‌سه‌ڵات دوریان خستنه‌وه‌و له‌ جیاتى ئه‌وان پارته‌ پارێزگار و میانڕه‌وه‌كانیان گه‌یانده‌ ده‌سه‌ڵات، كه‌ نه‌ چه‌پى ته‌واو نه‌ راستى ته‌واو بوون، به‌ڵكو كاریان له‌سه‌ر پێكه‌وه‌ژیان و گه‌شه‌پێدانى دیموكراسى و چه‌سپاندنى مافه‌كانى هاوڵاتى كرد و به‌رهه‌مه‌كه‌شى ئه‌و رۆژئاوایه‌ بوو كه‌ ئێستا هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌م گوتاره‌ كه‌ سیخناخه‌ به‌ توندڕه‌وى و خوێن رشتن و بوغز به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌وانیتر، به‌ مه‌ترسى داده‌نرێت بۆ هه‌موو ئه‌وه‌ى له‌ رۆژئاوادا به‌ده‌ست هاتووه‌، له‌هه‌مانكاتدا له‌ وڵاته‌ ئیسلامیه‌كانیشدا هانده‌ر ده‌بێت بۆ گه‌شه‌كردنى فیكرى توندڕه‌وى و زیادبوونى لایه‌نگرانى قاعیده‌ و داعش.
ئه‌مه‌ جه‌نگێكى ئاینى نیه‌ له‌ نێوان مه‌سیحى و ئیسلامدا به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى توندڕه‌وه‌كانه‌ بۆ تێكدانى پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه‌ له‌ نێوان گه‌لان و ئاینه‌كاندا

 

كه‌واته‌ ئه‌وه‌ى لێره‌دا گرنگه‌ بیزانین ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌مه‌ جه‌نگێكى ئاینى نیه‌ له‌ نێوان مه‌سیحى و ئیسلامدا وه‌ك پێشتریش هانتینگتۆن له‌ ململانێى شارستانیه‌كان باسی ده‌كرد، به‌ڵكو هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى توندڕه‌وه‌كانه‌ بۆ تێكدانى پێكه‌وه‌ژیانى ئاشتیانه‌ له‌ نێوان گه‌لان و ئاینه‌كاندا، كه‌واته‌ نابێت ئه‌م گوتاره‌ توندڕه‌ویه‌ كه‌ ئه‌مجاره‌یان له‌ رۆژئاواوه‌و له‌سه‌ر ده‌ستى توندڕه‌وێكى سپى پێست بووه‌ جیهان دابه‌ش بكات به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا، به‌ڵكو ده‌بێت بۆچونى رێگاى سێیه‌م دروست بێت،كه‌ هێڵى زۆرینه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ رۆژئاوایی و رۆژ هه‌ڵاتیه‌كانه‌ به‌ ووڵاتانى ئیسلامیشه‌وه‌ ، كه‌ ئه‌ویش به‌ره‌وروبوونه‌وه‌ى توندڕه‌ویه‌ له‌ هه‌ر شوێنێكه‌وه‌ بێت و خستنه‌ڕووى راستیه‌كانه‌ وه‌ك خۆى، چونكه‌ نه‌ مسوڵمان ئه‌و شه‌یتانه‌یه‌ وه‌ك ئه‌وان وێناى ده‌كه‌ن نه‌ پیاوى سپى رۆژئاواش ئه‌و فریشته‌یه‌یه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ى لێبورده‌یى و دیموكراسى و جوانیه‌كان بێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP