هەواڵی ئەمڕۆ

وێناكردنی ناسنامەو مانای هەڵەبجە لە ١٦/٣ دا

کەمال محەمەد - 17-03-2019 - 2330 جار خوێندراوەتەوە

بێگومان كاریگەرییەكانی ئەو كارەساتە شوێنی خۆی لە قوڵایی مێژوی گەلی كورد و دانیشتوانی هەڵەبجەدا گرتوە ،بۆ تێگەیشتن لەو راستییە پێویستە لە قوڵاییەوە دەرك بە ئێش و ئازارەكانی ئەو شارە بكرێت،لێرەدا مەبەستم زیادكردنی كارەساتەكە نییە لە قەبارەی خۆی بەڵكو هەڵدانەوەی مێژوی نەتەوەكەمانە كە چەندین جار روبەروی هێرش و پەلاماری شۆڤێنیست بوەتەوە،

لە رواڵەتدا هەڵەبجە دیمەنێكی هەمەرەنگ پیشان ئەدات، بەڵام ئەمە دیمەنێكی میدیاییەو بە تەواوی ئامانجەكەی پروپاگەندەیە و ئەو شارەی كە بانگەشەی بۆ ئەكرێت لەروی كردارییەوە سەلمێندراوە كە تەنها لە پێناو پەرەسەندنی ململانێی سیاسییە ناوخۆییەكان ئەم ناوەی لەخۆی باركردوە! كۆڵەكەی سەرەكی كۆی رەخنەكان لە كاتێكدایە كە هەلومەرجەكان بۆ رواندنەوەی كێشەو قەیرانەكانی ئەو شارە بە لایەنی ئەرێنیدا تێپەری نەكردوە و نەتوانراوە ناسنامەی هەڵەبجە وەك خۆیان بناسێنن.

ئێستاو دوای ٣١ ساڵ بەسەر ئەو كردارە تراژیدیایەی كەبەسەر هەڵەبجەدا هاتوە شارەكە بوە گۆڕەپانێك كە راستییەكانی تێدابدۆزرێتەوە،راستییەك كە بۆ دانیشتوان و قوربانییەكانی  بوە بە بەشێك لە خەم ئازار ،بۆ دەسەڵاتیش بەرزترین رێژەی قازانج بوەلەم گۆڕەپانەدا كەبەدەست هاتوە، رەنگە ئەم بەدەستهێنانی قازانجە هۆكار بێت بۆ خەونی چەندین هەڵەبجەی دیكە لە مێژودا كە بونی هەبوایە !

بە شێوەیەكی بەرجەستەتر ئەم شارە خوازیارە بونی خۆی بپارێزێ ،كاتێك هێشتا لە ئاستی بونێكی سادەدایە لەوچاو ئەو ناسنامەیەی كە هەیەتی ،چون بە درێژایی 28 سالی دەسەڵاتی كوردی نەیتوانیوە ئەركی گرەنتیكردنی هەڵوێستی یەكسانیخواز بەرامبەر تەواوی هاوڵاتیان و قوربانیانی دەستی ئەو كارەساتە بكات ،بۆیە كاتێك لە رۆژگاری ئەمڕۆوە سەیری رابردویان بكەن ،هەست ئەكەن كە ئەم قۆناغە درێژەخایەنەش قۆناغێكی هێندە بەسود نەبوە ،بۆئەوەی دابڕان و دوبارە وابەستەنەبونیان لەو تراژیدیایە هۆكار بێت بەرەو راستی مانای كردنەوەی لاپەرەیەكی سپی  بۆ ژیانێكی سەردەمیانە .

پێویستە هەموان لەوە دڵنیا بن كە دەسەڵات لەرێگەی ناسنامەكەیەوە هەوڵی پێشخستنی ئەم شارەی نەداوە  بەگوێرەی قورسایی كارەساتەكە ،بەڵكو ناسنامەكەی بەكارهێناوە لەخزمەتی بەرژەوەندییەكانی خۆی ،لێرەدا ئەگەرئەم روداوە هاوشێوەی هێرۆشیما بەراورد بكرێت، ئەوا كۆتایی بە ژیانێكی مانادار و ناسنامەكەی دێت یاخود لەدەست دانی ماناكەی دێت لەروی ژیانێكی سەردەمیانەوە بۆ هەڵەبجەوە بە پێچەوانەی هێرۆشیماوە،بۆیە ئەگەر تەنها لەمیانەی ناوهێنان و یادكردنەوە و بەكارهێنانییەوە تەماشای ئەم شارە بكرێت ئەوا ناتوانرێت ماناو بونیادێكی نوێی ژیانی  بهێنێتە دی كە لە خواستی خەڵكی هەڵەبجەو چارەسەری تەندروستی قوربانییەكانیدا بێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP