پەیامە سیاسیەكانی دیداری سلێمانی

ئیبراهیم ئەلعەبادی - 15-03-2019 - 896 جار خوێندراوەتەوە

ماوەی دو ڕۆژ، شاری سلێمانی لە هەواڵ و بەدواداچونە سیاسیەكاندا پێشەنگیكرد، ئەمجارە چاوی میدیا لەسەر روداوە ناوخۆییەكانی ئەو شارە پڕ جموجوڵە نەبو، بەڵكو لەسەر ئەو پەیامە سیاسیە گرنگانەوە بو كە لە دیدارەكەوە راگەیەندران.


 ساڵ دوای ساڵ،وەك یەكێك لە گرنگترین كۆبونەوە سیاسیەكانی ساڵ، دیداری سیاسی سلێمانی ئامادەبوانی له‌زۆربوندایه‌، بەرپرسانی باڵای سیاسی و دیپلۆماتكار و لێكۆڵەر و شارەزایان و پیاوانی خاوەن بڕیار و راگەیەندكاران له‌و دیداره‌دا بەشداریدەكەن، ئەمساڵیش چوار سەد كەسایەتی سیاسی كە شەشەمین دیداری ساڵانەی سلێمانی كۆیكردبونەوە راڕەوەكانی زانكۆی ئەمریكی-سلێمانی-یان تەنیبو ،كە ساڵانە له‌و دیداره‌دا كه‌سایه‌تی سیاسی و فكری سیاسی لە عێراقی و بیانیەكان كۆدەبنەوە.
زیادەڕەوی نیە ئەگەر بڵێم، ئەم دیدارە دەبێتە ركابەرێكی گرنگی دیدارە سیاسیەكانی ناوچەكە و یەكێكە لە گرنگترین مەڵبەندەكانی ئاڵوگۆڕكردنی پەیامەكان و گوزارشتكردن له‌ كار و كاردانەوە ناوخۆیی و دەرەكیەكان، هێزە سیاسی و ناوخۆیی و نێودەوڵیەتیەكان وپارتە سیاسیەكان و هێزە عێراقیەكان بە لەبەرچاوگرتنی ئەو گرنگیەی عێراق هه‌یه‌تی، نرخی ئەو پەیامانە دەزانن كە ئاراستەدەكرێن و رادەگەیەندرێن، كە سه‌رجه‌می په‌یامه‌كان لەرێكخستنی دۆخی ناوخۆی عێراق و دیاریكردنی پێگە و هەڵوێستەكان لە سەرجەم بەرەوپێشچونە سیاسی و ئاسایش و پرۆژەكانی بنیادنانەوەی هاوبەشیە ئابوریەكانیدا كاردەكەن.


ئەمساڵ دیداری سلێمانی بە ئامادەبونی هەڵبژاردەیەكی دیاری سیاسی و ئابوری ئەنجامدرا، كە هەریكێكیان بە مەبەستی گەیاندنی پێشبینی و بۆچونەكانیان و جەختكردنەوەی هاوكاریكردنیان لە بنیادنانەوەی سیاسەتێكی كاریگەر بە پەرۆشیەوەئامادەبون، بەڵام ئەو دیدارە كە یەكێكە گرنگترین دیدارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر بنەمای گرنگی عێراق و روداوەكان و مەترسی و هاندەرە ئەرێنیەكان لەسەر هاوكێشەی ئاسایش و هاوسەنگی لە ناوچەكەدا، ئەمساڵ دور لە ئاسۆ دورەكانی چاوەڕوانی و دەنگی رەشبینی، لە بنیادنانی پڕۆگرامێكی راستبینی سیاسیدا سەركەوتوبو.


لێدوانە دوبارەكان و ئەو وتانەی ناوەڕۆكی راستیەكان ناوروژێنن بە تایبەتی لەلایەن (شێخەكانی سیاسەت)و هەندێك جێبەجێكار كە بە وریاییەوە له‌ترسی شەپۆلی راگەیاندن و سیاسەكاندا لە سەرجەم مەراسیمەكاندا ئامادەدەبن لە دیدارەكەدا  به‌دینه‌كران، بەڵكو گفتوگۆكان ناوەڕۆكی ئەو بابەتانەی كە بۆ بیستن و توێژینەوە و تیشكخستنەسەریان بە لێكۆڵینەوە و وردبینیەوە گرنگە لەخۆگرتبو.


سەرۆك بەرهەم ساڵح، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری دیدارەكە،سەبارەت بە هەمو ئەو پرسانەی پەیوەندیان بە عێراقیەكان و خواستەكانیان لە دراوسێ و دۆستەكانیانەوە هەبو بە راشكاوی دوا، هیوای خۆشبەختی و ته‌بایی بۆ گەل و وڵاتی عێراق خواست و بونی هێزی بیانی لە وڵاتەكەدا رەدكردەوە.


لەبارەی رێزگرتن لە سەروەریەكانی خاكی عێراق له‌ ناوچه‌كه‌دا وەك خاڵی هاوسەنگی و ناوەندی ئارامی و ئاسایشی ناوخۆ دڵنیاییدا و به‌ ئاماژه‌ی وته‌كانی ده‌یویست به‌ هەموان رابگەیەنێت، عێراق لە ژێر چەتری سودی هاوبەش و هاوسەنگیدا ده‌توانێت كۆیانبكاتەوە، هه‌وره‌ها لە ئەگەری تێكچونی ئەو هاوسەنگیەدا، به‌ زۆربونی كاریگەری و قوڵكردنەوەی فشارەكان، دڵەڕاوكێ وئاڵنگاری و درز دروستدەكەن و مەیدانی ناوخۆی عێراق و سنورەكانیشی بەرگەی ئه‌وه‌ ناگرێت، هەربۆیە داوای له‌ لایه‌نه‌كان كرد لە دەرەوەی عێراق یەكببینن و لە دەرەوەی عێراقیش ململانێكانیان ئەنجامبدەن، چونكە ململانێكانیان لە عێراق  ناوچەكە بە تەواوی دەهەژێنێـت و مەیدانەكە بۆ تیرۆر و توندڕەوی خۆشتردەكات.


فوئاد سینیۆرا، سەرۆك وەزیرانی پێشوی لوبنان كە لە راگەیاندنەكاندا لەگەڵ حیزبوڵڵای لوبنان لە جەنگێكی سیاسی تونددایە، لە سلێمانیەوە پەیامێكی گرنگی گه‌یاند و وتی "دەبێـت دەستی هاوكاریمان بۆ ئێران درێژبكەین و لەبارەی سەروەری هەر وڵاتێك وتووێژ بكەین".  


جۆن وێڵكس، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق بەشێوەیەكی راشكاو دوا و وتی "دەمانەوێت عێراق پەیوەندیەكانی لەگەڵ ئێران زۆرباشبێت و نەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئاسایشی نیشتیمانی ئەو وڵاتە، هەروەك چۆن نامانەوێت ببێتە سەرچاوەی دڵەڕاوكێ بۆ بریتانیا و ئەمریكا"، یاریدەدەری جێگری وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانیش كاتێك داوایكرد پەیوەندیەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیكە لەسەر بنەمای رێز و هاوسەنگی بنیادبنرێت، بە شێوەیەكی رەخنەگرانە پرسی "كاتێك بەرپرسانی عێراق رێگەیان بە قاسم سلێمانی-دا بێ ڤیزا بێتە خاكی عێراقەوە ئایا ئەوە هاوسەنگیە؟" ، لەو بارەیەوە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی پێشوی عێراق  وەڵامیدایەوە و جەختیكردەوە ململانێكانی نێوان ئێران و ئەمریكا مێژوییە و عێراق بەشێك نیە لەو ململانێیە و پەیامەكەی بە ئاراستەیەكی دیكەدا برد كە عێراقیەكان جەنگان و سەركەوتن و كەسانێك هەیە دەیانەوێت سەركەوتنەكە بفرۆشنەوە، لەكاتێكدا چەكەكان بە پارەی عێراقیەكان كڕدراون.
شەعبانی، توێژەر و دیبلۆماتكاری ئێرانی، گرنگیدانی ئێران و خوازیاری ئه‌ وڵاته‌ی له‌باره‌ی بنیادنانی سیستەمێكی ئاسایشی هەرێمی كە رێز لە سەروەری وڵاتان و بەرژەوەندیەكانیان بگرێت و گرەنتی ئاسایش و ئارامی بكات راگه‌یاند، وتیشی ئێران بڕوای بە سێ رێكارهەیە و ئه‌وانیش (دیموكراتی و دیبلۆماسی و گەشەپێدان)ه‌.
تورك و عەرەب دوپاتیانكرده‌وه‌، گرنگه‌ عێراق دوباره‌ بەهێزبێته‌وه‌ تا ببێتە هۆكاری ئارامی و خۆڕاگری بۆ ناوچەكە، بەڵام نه‌گاته‌ ئەو ئاسته‌ی كه بوه‌ پاڵنه‌ری‌ سەدام حسەین  تا كوەیت داگیربكات، هەروەك چۆن ئیبتیسام كوتبی بەڕێوەبەری سەنتەری ئیمارات بۆ خوێندنە ستراتیجیەكان ئاماژەی پێدا.


له‌ دیداره‌كه‌دا، عێراقیەكان و میوانەكانیان لە ئەمریكاو وئەوروپا و ئاسیاوە بیریاندەكرتەوە و لەبارەی بۆچونەكانیان و پێشنیاركردنی سیاسەت و ستراتیجیە ئاڕاستەكراوەكان گوێیان لە یەكدی دەگرت، ئه‌وه‌ش بۆ گفتوگۆكردن و گوێگرتن و خوێندنەوەی دۆخه‌كان رێگایەكی سەردەمیانەیە.


سلێمانی زۆرترین جموجوڵی سیاسی تێدایه‌ و نەوەیەكی نوێ لە چالاكوان و سیاسیەكان دروستدەكات، بە شێوازێكی راستبین رێسای مامەڵەكردن دادەمەزرێنێت نەك بە خەون و خەیاڵی سیاسی.


لە ماوەی گۆڕانكاریدا، عێراق سێ سه‌رۆكایه‌تی به‌خۆوه‌ بینیوه‌، له‌ كاردانه‌وه‌كانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان به‌شداریكردوه‌، ئێستاش به‌ مه‌به‌ستی بەشداریكردن لە بنیادنانەوەی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه‌،  بەشداربوان لە دیدارەكەیدا كۆبونەوە، ئه‌گه‌ر گه‌لی عێراق تێبگات بە بیرێكی هاوسەنگ و دڵێكی فراوان، سیاسەت بەڕێوەببات و هاوبەشیەكان پێكبهێنێت و بەرژەوەندیەكان بەشبكات لەو تەنگانەیە رزگاریانده‌بێت.  

ستونی ڕۆژنامه‌ی ئه‌لسه‌باح


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP