باوکم لە ھەڵەبجەوە بۆ نوگرەسەلمان

دانا هەڵەبجەیی - 15-03-2019 - 3265 جار خوێندراوەتەوە


پاش ئەوەی دوو ڕۆژ بە بەردەوامی لە ژێر بەزەیی ڕاجیمە و تۆپەکاندا لە ژێرزەمینەکەی خۆمان شەومان کردەوە، ئیدی لە 14-03-1988 هەموو خێزانەکەمان گواستمانەوە بۆ ژێرزەمینی ماڵی براگەورەکەم، بۆ ئەوەی ئەگەر مردین، یا ڕزگارمان بێت پێکەوە بین، بەڵام لەوێش دوای ئەوەی ڕەتلێک ڕاجیمە حەوشە و کۆڵانەکەی وێران کرد و تراکتۆرێک و ئۆتۆمبێلێکی سوتاند، ئەوەش بووە هۆی پەڕاندنی قاچی حەمە تاڵ و گیان لەدەستدانی کاک ناسری حمەکەریمی چایچی بە بەرچاوی خۆمەوە. ئیترچرکە بە چرکە هەستمان بە نزیک بونەوەی مەرگ ئەکرد، نە ئەمانتوانی لە ژێر زەمینەکە بێینە دەرەوە و نە بواری هەڵاتن و دەربازبوون لە هەڵەبجە هەبوو،،،. 

لە ناکاو جەلال عازەبانی شاعیری لاو خۆی کرد بە ژێرزەمینەکەدا، زۆر دڵی خۆش بوو چاوەکانی ئەبریسکایەوە لە خۆشیدا. ووتی: ها ئەوە جگەرەم بۆ هێناوی، زانیومە لێرەی، هەستە ئیتر ڕزگارمان ئەبێت لە بەعس، ئەمشەو تا بەیانی برادەران ئەگەنە ناو شار. پاکەتێک سۆمەری پێدام و ئەملاو ئەولای یەکترمان ماچکرد ، ووتی من ئەڕۆم بۆ باوەکۆچەک،، وەک بڵێی ئەزانێت ئەوە دوا دیداری ئەبێت لە گەڵماندا. هەر واش دەرچوو، لەو رۆژەوە نە جەلالم بینی و نە زانیشم لەکوێ دوا هەناسەی داوە و نە تەرمەکەشی دۆزرایەوە،،،. دڵنیام لە دوا لێدانی دڵیشیدا دڵی بە برادەران (پێشمەرگە) خۆشبوو کە شارەکەمان بۆ ڕزگار ئەکەن،،!!. کە گەورەییەکی بێ سنوورە مرۆڤ بە هیوای ڕزگاری و بە ئومێدی ئازادییەوە بمرێت.


هەناسەکەم،،،،، . 
هەناسەکەم ،،، ئەو شیعرە ناسکەی شەهید جەلال بوو کە پێش مەرگی هەڵەبجە ئاوازم بۆ دانا. وەلی دوای شانزەی سێ، هەناسە لە جەلال بڕا و شیعریش بە ناسکی خنکێنرا و کەمانچەکەی دەستی منیش بۆ هەتا هەتایە شکێنرا،،،.

پاش نیوەڕۆکەی من و کاوەی زاوام بڕیارماندا برۆین پیکابەکەی لە گەراج دەربێنین و خۆمانی پی ڕزگاربکەین، بە هەزار زەحمەت، بە پشت و پەنای دیوارەکاندا لە ژێر ڕاجیمە و تۆپباراندا خۆمان گەیاندە گەراجە کەی کاک عوسمانی حەمەی پیرەژەن، بەڵام پیکابەکە شۆفڵێک بەری لێگرتبوو، هەرچیمان کرد نەماتوانی بیجۆڵێنین، یا کەسێک شۆفڵەکەی بەردەمی لابدات. دیسان بە نائومێدی بەهەمان شیوەی پێشوو گەڕاینەوە ژێرزەمینەکە،. بەڵام ڕۆژێک دوای ئێمە ماڵباتی خاڵی کاوە، پیکابەکایان بۆ دەربازبوو، وەلی خۆیانیان پێ دەرباز نەکراو پیکابەکە بووە دوامەنزڵگەیان، پاشان بوو بەو پیکابەی کە وەک وێنەی گەشتیارە خەوتوەکانی هەڵەبجە خۆی بە دنیا ناساند، کە ژمارەکەی(5814 سلیمانی) بوو، مۆدیلی ساڵی 58 بوو، 14 سەرنشینەکەی سەریان بۆ هەتاهەتایە نایەوە. تائێستاش مەریوان و مهاباد و خاڵە ئەحە،،،لەبەرچاومن کاتێک چوین بۆ ژێرزەمینەکەیان و چاویان پڕبوو لە چاوەڕوانی، ئەوانیش دیاربوو وەک چاوەکانی جەلال، چاوەڕێی ماڵئاوایی یەکجارەکی بوون. 


ئیتر نان و شیری مناڵ و خواردن لە تەواوبوندابوو، ئەبوایە کارێک بکرایە، شار بەردەوام مەرگی بەسەردا ئەباری و ترس و تاریکی دۆخی هەمووانی پەرێشان کردبوو، کاتێک زانیمان پاسە کۆستەرەکەی کاکە عەبەی برام، بە قوڕسواخکراو لە سەری کۆڵانەکە وەک فریشتەیەک بۆ دەربازبوونمان وەستا، و برا گەوەرەکەم  بە جاوێکی تۆقاو و پەشۆکاو، هاواری لێکردین خیرا تا تۆپبارانەکە کەمی کردووە سەرکەوون، هێشتا مناڵەکانی خۆی سەرنەخستبوو، پاسەکە جێی دانیشتنی تیانەما، خەڵکی گەرەک و ژێرزەمین هەموو چوەنە ناو پاسەکەوە، لەکاتێکدا 21 کەسی ئەگرت، کەچی 64  خۆی تێ ترازاندبوو. 

باوکم و مامم بڕیاریاندا کە ئەوان بمێننەوە و ئاگایان لە ماڵەکان بێت، ئەگەر شتیێکیش بوو ئەوە ئۆتۆمبیلییان پێیە، ئەتوانن بڕۆن بەرەو سنووری ئێران،. هەرچەند پاڕاینەوە کە لەگەڵماندا بێن، سودی نەبوو، باوکم وتی؛ ئێوە گەنجن با تیانەچن، ئێمە هەرچۆنیک بێت مشوری خۆمان ئەخۆین.

ئێوارەی پانزەی ئازار بوو، بارانێکی کەم ئەباری، قەد هەڵەبجەم وا بە تاریکی لە ناو دوکەڵ و دڵەڕاوکیدا نەدیبوو، خەڵک هەمووی بە پیادە و ئۆتۆمبیل و تراکتۆر بەسەر جادە سەرەکیەکەی هەڵەبجە - سلێمانی بەرەو سیروان ئەڕۆیشتن. سەربازەکانیش وەک خەڵک خۆیان دەرباز ئەکرد، بە تاک و کۆ شەتەک و ماندوو ملی ڕێیان گرتبوو. پاسێک پڕ بوو لە ژن و مناڵ، بەناو تۆپبارانی نزیک و دووری سەرجادە و قەراغ جادە بە خێراییەکی سەرسامئاوەر گەیشتە سەرپردەکەی زەڵم، و بە تێپەربوونی ئێمە زرمەیەکی گەورە هات و پرەدەکەیان تەقاندووە و ڕێی سەرەکی سلێمانی- هەڵەبجە یان داپچڕان. ئیتر پاسەکەی ئێمە دوا ئۆتۆمبیل بوو کە توانی لە هەڵەبجە دەرچێت. 

هەر بارهەڵگری سەربازی و زرێپۆش بوو بەرەو هەڵەبجە ئەڕۆیشتن، بەڵام نەیانزانی تا ئاوەکەی زەڵم جادە ماوە،،،. کە گەیشتینە ناو سەید سادق، خەڵکە لەسەر جادە بەو شەوە مابوەنەوە، چاوەڕیی هەواڵ و هەڵەبجەیان ئەکرد، لە جامی پاسەکەوە موچە نانیان بۆ فڕێئەداین، بۆمان ئەگریان و هاوسۆزیان بۆ دەرئەبڕین، نەیان زانی ئەوانیش ئیتر دوای ماوەیەک زێدیان پێ چۆڵ ئەکەن، ئاوارەیان ئەکەن.

کە گەیشتینە سلێمانی، بۆ ئەوەی هەرکەس بڕواتە ماڵی کەسێکی، لە بەردەرکی سەرا کاکم پاسەکەی ڕاگرت ،کاتێک لە پاسەکە دابەزیم سەیرێکی چواردەورم کرد، یەکەم شت کارەبا بوو سەرنجی ڕاکێشام، ئاخر سێ ڕۆژ بوو کارەبای هەڵەبجە بچڕابوو. کاتێک سەیری خۆمم کرد، ئەو کاتە هەستم بە خۆم کرد کە پێڵاوم لەپیا نییە، شەڕواڵێک و کراسێکی خوێناویم لە بەردایە،،، خوێنی بریندار و شەهیدەکانم لەگەل خۆمدا هێنابوو. هەرچۆنیک بوو ئەو شەوە بەسەر کەس و ناسیاوەکانماندا دابەش بووین، بەیانی کە هاتین بۆ هەواڵ زانین ، ئەسحابەسپی و بەردەرکی سەرا، خۆڵی مردووی کرابوو بەسەریدا،کەست نەئەبینی غەم و چاوەڕوانی دیارنەبێت بە ڕوخسارییەوە.

تا ئێوارە بەو شێوە وەک منداڵی لە دایک وونبومان لیهاتبوو، تا دڵنیا بووین لەوەی کە بۆردمانی کۆمەڵکۆژییە کیمیاییەکە ڕویداوە و شارەکەمان مەرگی بە سەردا باریوە، ئیدی هەر یەکە لە ماڵێک وەک کۆست کەوتوویەک خۆمان مەڵاس دابوو، تا بارودۆخەکە ئارام بێتەوە و هەواڵی باوک و کەسوکارمان بزانین. سەرەڕای شپەرزەیی و جەرگبڕانمان، لە سلێمانیش دەستکرا بە گرتنی و ڕواودوونانی هەڵەبجەییەکان، باوکم دیار نەما و هەواڵی نەزانرا، پاش نزیکەی مانگێک بورهانی حاجی محمەدی بامۆکی وەک زۆر لە هەڵەبجەییەکان خۆیان بە هەزار حاڵ لە سنوورەوە گەیاندەوە سلێمانی، پێی ووتم من باوکتم بینیوە سەری بەسەر سکانی پیکابەکیدا کەوتبوو و دەستی بەچاوییەوە بوو، بەدەنی ئاوسابوو، وابزانم مردبوو،،،. من هەواڵەکەم بە کەس نەوت، ئەویش پەیمانی پێدام کە بۆ کەس باسی نەکات. بە داخەوە ئەو هاوڕێ دڵسۆزەشم بە کارەساتێک گیانی لە دەستدا.

دیسان هەواڵ هات ووتیان باوکت ماوە بەڵام کوێر بووە، ئەمەیان ئارامییەکی پێبەخشین، چونکە بینراوە کە ماوە. بورهانیش ڕاستی کردبوو ، کە کوێر ببو لەڕێ عەنەب، نەیتوانیبوو بجوڵێت، سەری نابوو بەسەر سکانەکەوە، تا ماویەک خێرخوازێک خۆی و ئۆتۆمبیلەکەی گەیاندبووە گوندی بەڵخە، لەوێ پاسدارەکان دەرمانیان کردبوو، هەر لە دێی بەڵخە لەگەڵ چەند خێزانێکی ناسراوی خۆمان مابویەوە، چونکە ویستبووی کە نەچێت بۆ ئێران و هەر لە ناو عێراقدا بمێنێتەوە، بەڵکو لە هەلێکدا بە ئێمە شاد بێتەوە. لەو ماوەیە سەربازە ئێرانییەکان خواردن و پێخەفیان پێدابوون.

هەرچۆنێک بوو خانویەکمان بە ناو بەکرێ گرت، چونکە خاوەنەکی پیاوچاکێکی سلێمانی بوو، وە نەیئەویست ڕژێم پێی بزانێت و گرفتی بۆ درووستبکات، وەک خەڵکی پێنجوێن خانوەکەی بە ئێمە بەکرێدابوو، وە تا ساڵێکیش کرێی لێنەسەندین، نمونەیەک بوو لە ڕەسەنایەتی خەڵکی سلێمانی کە تا ئێستاش بەدوایدا ئەگەڕیم بۆ ئەوەی سوپاسی بکەم، مەخابن هەر خۆی نەناساند و نەماندۆزییەوە.


دوای ئەوەی لە 08-08-1988 شەڕی عێراق-ئێران ڕاگیرا و سوپای ئێران لە هەڵەبجە بۆ خاکی ئێران کشانەوە، ئیدی ئەبوایە باوکیشم لەگەڵ ئەو خەڵکەی کە لە سەر سنوور مابوونەوە سوپای عێراق ڕێگەی پێدانایە بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ ناو خیزانەکانیان. بەڵام نەک هەر ئەوەیان نەکرد، بەڵکو کەوتنە بەر بڕیاری شاڵاوی ئەنفال و بە قوڵبەستکراوی هێنایانن بۆ یارگای سلێمانی و سەربازگەی ئیستخباراتی عەسکەری و تەواریەکەی سلێمانی. 

بە هەر فێڵ و فەلاکەیەک بوو، ڕێگایان پێدام کە پێنج خولەک باوکم لە زیندان ببینم، 2 پارجە سۆمەر و 20 دینارم بۆ برد. باوکم ڕەنگی زەرد، شەتەک و حەسرەتاوی ئەهاتە بەرچاو، وەلی بە بینینی من وەک گوڵ گەشایەوە و پاش ڕاموسکردنی یەکتری، یەکسەر وتی ئێوە ئاگاتان لە خۆتان بێت، لەوانەیە ئیتر من نەبیننەوە،، پاشان ووتی: کاشکی بمردمایە و ئەو کوشتارگەیەی هەڵەبجەم نەبینایە، نازانم خوا بۆ منی هێشتەوە؟، لەم قسانە بووین دووان لە پاسەوانەکان هاتن و چاویان بەستەوە و بردیان. هەر ئەوەندە لێی تێگەیشتم کە ووتی غەمی منتان نەبێت.

پاش هەفتەیەک ژن و منداڵانیان لە پیاوەکان جوداکردەوە و بردیانن بۆ سەربازگەی تۆپزئاوا ی کەرکوک. هەندێک لە پیاوەکان هەر لە تەواریەکی سلێمانی بە دەسڕیژ لەناوبردبوو. باوکم و ئەوانی تریان لە تۆپزئاوا وە گواستبویەوە بۆ نوگرەسەلمان، ئاخ نوقرەکەی سەلمان!.

ئیتر کەس هەواڵی هەڵەبجەییە ئەنفالکراوەکانی نەزانی، کە لە کوێ کوژراون یان زیندانن یان لە ژیاندا ماون،،،. ئێمە تازە دەستمان لەوە شتبوو کە بگەڕێتەەوە بۆ لامان، چونکە شاڵاوی ئەنفالی کوردکۆتایی هاتبوو، ئیتر تەنیا دڵی خۆمانمان بە چاوەڕوانیی خۆش ئەکرد،،،.

پاش دوو مانگ بڕیاری 737-738 ی لێبوردنیی گشتی لە ڕژێمی بەعسەوە دەرچوو، توانیمان بە ئازادی بجوڵینەوە، کەمێک هەناسە بدەین. ڕێگایان پێداین سەردانی هەڵەبجە بکەین بۆ ‌هێنانەوەی کەلوپەلی ماڵەکانمان، بەڵام نەک هیچمان نەمابوو، بەڵکو وێران ببوو بەسەریەکدا، تەنانەت یەک کتێبم بۆ نەمابوو وەک یادگارییەک لەگەڵ خۆمدا بیهێنمەوە، هەموو ماڵمان تاڵان و دزرا بوو.

نیوەڕۆیەک زەنگێک درا لە ماڵمان، خوشکە بچوکەکەم وتی کاکە پیاوێک لەبەر دەرگایە، نەوەک سواڵکەر بێت، بزانە چی ئەوێت، منیش کە دەرگای حەوشەم کردەوە، پیاوێکی چڵکن و ڕیشسپی و دەموچاو قوپاو، ئەوەندە لاواز بوو خەریکبوو ئەکەوت. شەڕواڵیک و چاکەتێکی کۆنی نیوەدڕاوی سەربازی لەبەردا بوو. ووتم فەرموو خاڵەگیان، کە وورد بومەوە لە ڕوخساری،،،،،،، چاوی لەوابوو فرمێسکی قەتیسم دابێت، ووتی کوڕم ئەڵێی نامناسیتەوە؟،، بە دوای ئەم پرسیارە چۆڕێک فرمێسک ڕومەتە وشک و چەقەکەی پاراوکرد. من تەنیا بە دەنگیدا زانیم ئەوە باوکمە، وای لەو ساتەی کە زاینم باوکم ماوە و گەڕاوەتەوە ناومان،،،. نوسین قەد ناتوانێت ئەو هەستەم لەقەڵەم بدات..... . کاتێک لە ئامێزم گرت و زانرا ئەوە باوکمەوە لە قیژەی و هاواری خۆشیمان هەموو گەرەک و دەرودراوسێ هاتن بۆ لامان، هەم ئەگریان هەم هەلهەلیان لێ ئەدا،،، ئاخر ئیتر چی تر بنووسم؟؟؟.

باوکم کەسێکی بەخۆە و قەڵەو، ڕومەتێکی سوور، خۆش مەعشەر، ئێستاش کەسێکی لاواز و بێدەنگ تا ئەوپەڕی سکوت. زۆر هەوڵم ئەدا کە باسی بەسەرهاتی خۆیم بۆ بکات کە چییان لێکردوون، چۆن و چی بووە، هەر بە چاوە کزکانی سەیرێکی شەرمنانەی ئەکردم و هیچی نەئەووت،تا رۆژێکیان گەیشتە تینی بە هیواشی بە تەنیا پێی ووتم: کوڕم کاتێک باوک کەرامەتی ئینسانی نەمێنیت، عیزەت نەفس و کەسایەتی نەمێنیت، وەک پوش سوک و ڕیسوا بکرێت، ئیتر تۆ بۆ بزانیت و کاریگەری بەد لەسەر تۆبکات، بە چاوی گریانەوە ووتی ڕۆژانە سەد خۆزگەم ئەخوارد کە بکەوتمایتە بەر دەمی سەگە ڕەشەکە و ئەو هەموو سوکایەتیەم بە کورد نەبینایە،،،. واز بێنە ئەوەی خۆم بینم با هەر خۆم بیزانم، تاوانی ئێوە چییە کە ئەو ناخۆشیانە ببیستن،،،.


منیش بڕیارمدا ئیدی پرسیاری لێنەکەم، وەلی لە یەکێک لە هاوڕیکانی نوگەرەسەلمانیم پرسی، بۆ باوکم قسە ناکات، هاوڕی ئەنفالکراوە رزگاربووەکەی ووتی: ئێمە نزیکەی 400 کەس بووین لە هۆڵێکدا، باوکت لە گۆشەی سەرەوەی هۆڵەکە وەک ئەمیندارێک زۆربەی جگەرە و نامە و ئەمانەتمان لای ئەو دانابوو، شەوان دەردەدڵمان لەدەوری ئەو باس ئەکرد، ووتمان ئەو پیرە نایکوژن، ڕەحمی پی ئەکەن. بەڵام کە زانیان هەڵەبجەییەکان ئەم پیرەمێردەیان وەک ئەمیندارێک داناوە، ئیتر بە باوکت فێر ببوون، هەموو بەیانییەک دوو سەرباز ئەچوون بۆی بە شەق و لێدان بە ناو خەڵکەکەدا ئەیانهێنایە بەر دەرگاگە تا لەتە سەمونەکەیان ئەداینێ، بە دەم سوکایەتی پێکردنیەوە، ئەیانووت ئەمە شێخ و پیرەکەتانە ؟.

باوکم بەو هەموو زۆڵم زۆرەی کە لە هەڵەبجە بینی، بەو کۆمەڵە کوژییەی کە بەرچاوییەوە لەزیندانەکانی ئەنفال کرا، سەدان چیرۆک و بەسەرهاتی خەڵکی لابوو، بۆیە هەر دەمی بکرادیەتەوە ساتە تاریک و ناخۆشەکانی مرۆڤی کوردی تیا ئەبینرا، بۆیە بڕیاری دابوو ، یا بێدەنگ بێت یا باسی ڕابردوو نەکات. هەربۆیە پاش ماوەیەک بەو تاسەوە گیانی لە دەستدا و چیرۆکە نەبیستراوەکانی هەڵەبجە و ئەنفالی لەگەڵ خۆیدا برد، بەڵام دڵی بە کورد و پاشەڕۆژی هەر خۆش بوو، چونکە لە دوا ساتی سەرەمەرگی ووتم: باوکە گەردنم ئازادکە، ووتی: کوڕم کورد هەمووی گەردنی ئازادە، خوا ئەو هەموو ناحەقییەی بینیوە بەرامبەر کورد کراوە، ئیتر ئەو چۆن گەردنمان ئازاد ناکات؟. 

دانا هەڵەبجەیی

 لاهای2012 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP