تەپوتۆزی داڕمانەكەیان نەبینی

رەحمان غەریب - 15-03-2019 - 1330 جار خوێندراوەتەوە

كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكەی تیمی كابینەی هەشت لەبارەی لابردنی پاشەكەوتی مووچە، بومەلەرزەیەك بوو لەناو ئەو یەقینە سیاسییەی پشووی نەدەدا، شەو و رۆژی خستبووە سەر یەك، تا بیسەلمێنێ كە ریفراندۆم هەموو دەرگاكانی بەڕووی كوردستاندا داخستووە و تەنانەت پەنجەرەیەكیش نەماوە بۆ روانین لە داهاتووی ئەم ئەزموونە، لایان ئاسایی بوو بۆ ئەوەی كابینەیەكی یەكێتی و پارتی بڕووخێت، كوردستانیشی بەدەمەوە بڕوا.
یەقینیان هەبوو (نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی) دەكەونە ژێر داروبەردی كابینەی هەشتەوە، بۆیە نەك بە هێمنی كشانەوە، بەڵكو كردیانە بۆنەیەكیش بۆ موزایەداتی سیاسی

 

یەقینیان هەبوو (نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی) دەكەونە ژێر داروبەردی كابینەی هەشتەوە، بۆیە نەك بە هێمنی كشانەوە، بەڵكو كردیانە بۆنەیەكیش بۆ موزایەداتی سیاسی ‌و چاوەڕوانی بینینی تەپوتۆزی داڕمانەكە بوون، كورد واتەنی ئاو بوەستایە ئەمان نەدەوەستان. یەقینیان هێندە قایم بوو، تەنانەت بۆ ساتێكیش بیروڕاكانیان نەخستە ژێر تیلسكۆبی رێژەییبوون.

باسم لە لابردنی پاشەكەوت نییە ‌و وەك كەسێكی چەپ پێموایە كۆی سیاسەتی ئابووری ئەم حكومەتە كە لەسەر بناغەی بازاڕی بەربەرەڵا دامەزراوە، پێویستی بە چاوپێداخشانەوە هەیە، بەڵكو هەندێكیان ئەوەندە هەڵەن دەبێت لە بنچینەوە هەڵتەكێ وەك ئەوەی كە حكومەت بە رێكخراوەیی لەبەردەم چاوچنۆكیی كەرتی تایبەت پاشەكشە دەكات. كەرتی گشتی رەزیل ‌و سەفیل دەكات تا بۆ خزمەتگوزارییەكانی خوێندن ‌و تەندروستی و هی تریش، پەنایان بۆ ببەین ‌و گیرفانی هەژاران هەڵتەكێنن.

كەم بوون ئەوانەی لە كۆتایی تونێلەكە تروسكایی ئومێدیان دەبینی (نێچیرڤان ئیدریس بارزانی ‌و قوبادی مام جەلال) دوو كەسە گەشبینەكەی ناو ئەو زەمەنە ئاڵۆز و تاریكە بوون

 

من قسەم لەسەر ئەو یەقینەیە كە دەیگوت: ریفراندۆم دوا بزمار بوو لە تابووتی ئەزموونی حوكمڕانی كوردستان درا ‌و ریزیان بەستبوو بچن بینێژن. كشانەوە و پاكانەیان كرد، نوقڵانەی داڕمانی ئەزموونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستانیان لێدا، بەڵام خاوەن ئیرادە كەم بوون، كەم بوون ئەوانەی دەستیان بە ئومێدەوە گرتبوو، كەم بوون ئەوانەی لە كۆتایی تونێلەكە تروسكایی ئومێدیان دەبینی (نێچیرڤان ئیدریس بارزانی ‌و قوبادی مام جەلال) دوو كەسە گەشبینەكەی ناو ئەو زەمەنە ئاڵۆز و تاریكە بوون.

بۆ ئەوەی یەكێتی و پارتی و كابینەی هەشت بڕوخێت، ئامادەبوون ئەزموونی حوكمڕانی كوردستانیش بكەنە قوربانی ئەم یەقینەیان

 

هاوپەیمانەكانیان لەناو حكومەت و دەرەوەش تەماشاكەرێكی دڵڕەق بوون، بۆ ئەوەی یەكێتی و پارتی و كابینەی هەشت بڕوخێت، ئامادەبوون ئەزموونی حوكمڕانی كوردستانیش بكەنە قوربانی ئەم یەقینەیان. هەق وا بوو رێژەیەك دابنێن بۆ هەڵە، تا ناچار نەبن سەرلەنوێ بچنەوە سەرباسی یەكڕیزی.

هەوڵی بەشداریی حزبەكان لە كابینەی نۆ سەلمێنەری راستی رێژەییبوونە لە دەربڕینی هەڵوێستی سیاسی

 

ئیتر ئەزموون وامان فێر دەكات كە زۆر بۆچوون ‌و هەڵوێستی سیاسی چونكە حساباتی رێژەییبوونی تێدا نەكرا، رادەستی رەهابوون و موتڵەقگەرایی ‌و یەقینی سیاسی كرا، لە نێوان رەنگی رەش ‌و سپیدا رەنگە كاڵ ‌و تۆخەكانی رەساسییان نەبینی، لەیەك سووچەوە تەماشای تابلۆ گەورەكەی كوردستانیان كرد، بۆیە حزب ‌و خاوەنەكانیانی تووشی ئیحراجبوونی زۆر كرد.

هەوڵی بەشداریی حزبەكان لە كابینەی نۆ سەلمێنەری راستی رێژەییبوونە لە دەربڕینی هەڵوێستی سیاسی، ئەوەی كە بەتەواوی دوێنی بەلاتەوە هەڵە بووە، ئێستا بەڕاستی دەزانیت. لێرەدا سیاسەت نەك هونەری مومكین، بەڵكو هونەری دەربازبوونیشە لە كەوتنە ناو خەرەندی موتڵەق.

پەنا بۆ وردبینی پیشەی بەرگدروو بەرن، جوان قوماشەكە بپێون، ئەوسا مقەستی لێبدەن

 

ئیدی ئەمجارەیان نەڕووخا، خۆ گەر هەر خەونی سیاسیتان بوو تا تەپوتۆزی داڕمانی كابینەی نۆ ببینن، نە ئەوەندە ئاسانی بكەن كە خوار هەژدە ساڵیش بتوانێت دەنگی لەسەر بدات، نە ئەوەندەش ئاڵۆز كە زانای ئەتۆمیش سەری لێ دەرنەكات. پەنا بۆ وردبینی پیشەی بەرگدروو بەرن، جوان قوماشەكە بپێون، ئەوسا مقەستی لێبدەن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP