بەپەلە

زانیاری میدیا ئاراستە ئەکات، یان عوقدە.!

مستەفا شێخ محەمەد - 14-03-2019 - 848 جار خوێندراوەتەوە

میدیا ئەمرۆ لە جیهاندا، دەسەڵاتێکی زۆر فراوانی لەسەر جۆری بیرکردنەوەی  مرۆڤ هەیە، بەڵام کاتێک ناوەندە میدیایەکان، لە ئەرکە پیشەییەکانیان دور ئەکەونەوە، ئەبنە بڵندگۆی کەسانێک و دژبە ئەوانیدیکە بەکار دەهێنرێن، لەو کاتە گرفتە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان زیاد ئەبن، لە ناو کۆمەڵگاش رۆحیەت و بیرکردنەوەی داهێنەرانە خەفە ئەبن.

کێشە و گرفتەکان لە نێوان سیاسیەکان چەندە گەورە بن، میدیای پیشەیی لە ئەرکەکانی دور ناکەوێتەوە، ئەگەر تەنانەت ئەو میدیایە لە لایەن لایەنێکی دیاری کراویش پشتیوانی بکرێت، بەڵام مۆدێلی ئەو میدیا ترسناکە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشێوەیەک زەق بۆتەوە، کەناڵێکی وەک الجزیرە  لە میدیایەکی جێ متمانەی جیهانی بۆتە بڵندگۆی میری قەتەر، بەپێچەوانەوە میدیاکانی سعودیە، هەروەها بۆ زۆربەی میدیاکانی دیکەش لە ناوچەکە هەمان شت ڕاستە، لەو دۆخەشدا، خەڵک حەقیقەتەکان وندەکەن، لە درێژ مەوداشدا هەموان زیان دەکەین. 

لە کوردستان دا هەرچەند دۆخەکە جیاوازە، جگە لە کێبڕکێی ئاسایی نێوان سیاسیەکان شتێکی گەورەتر نیە، بەڵام میدیاکان زۆر بەتۆختر بونەتە بڵندگۆی ریکلامی سیاسی حزب و کەسەکان.!

نەگواستنەوەی  هەندێک زانیاری و  قەبەکردنی هەندێک زانیاری دیکە لە لایەن میدیاکان، بێجگە لەوەی دەرخەری ئەوەیە، کە میدیایی نیشتیمانی و حزبی نیشتیمانی و سەرکردەی نیشتیمانی نیە، هێمایەکی رونی ئەو کەرت بونە گەورەییە، کە خەڵکی کوردستان تێیدا  ئەژیت، سەیر نەبێ بەلاتەوە لە کوردستان ئینتیمای حزبی نەک هەر پێش ئینتیمای نیشتیمانی و ئینسانی بکەوێت، هەندێکجار  حزب و کەسەکان تا ئاستی پەرستنی ئاینی بڕۆن! چونکە دۆخی تەقدیسکردنی کەسەکان وجودی هەیە، لەو دۆخەشدا بەرونی، دۆخی گشتی و بایەخ پێدانی پاشەکشێ ئەکات. 

تۆ ئەگەر خەڵکی  کوردستانیش نەبیت، بە ئاسانی ئەو کەرت بونە کۆمەڵایەتیە هەستپێ  ئەکەیت، کە بەشێکی زۆری میدیا و میدیاکاران بەگشتی لێی پەرسیارن.

لە کوردستانی عێراق، حزب و سەرکردە، هێندە تەقدیس کراون، کە نیشتیمان و دیموکراسیەت و ئاشتی و پێشکەوتن و تەنانەت کۆی خەڵکیش کراونەتە غوڵامی سەرکردە و حزباکان.
کاتێک سەیری میدیا ئەکەیت، ئەگەر  کەمێک وشیاریت هەبێت، سوک و ئاسان هەست ئەکەیت، لە بەردەم شاشەیەکی ریکلام وەستاویت، کە ریکلام بۆ دایبەی منداڵان ئەکات، بەهەمان شێوەیەش میدیایەک هەیە ریکلامێکی بێتام بۆ کەسانێک ئەکەن کە دواجا رەفتارەکانیان نەک ناتوانن خزمەت بکەن، بگرە زیانیش لە خەڵک ئەدەن. 
ئەو قین لە دڵیەی هەندێک لە حزبەکان و سەرکردەکانیان، بەشێوەیەکی رون و ئاشکرا لە سەر لێوی پێشکەشکارەکان ئەبینرێت

 

ئەو قین لە دڵیەی هەندێک لە حزبەکان و سەرکردەکانیان، لە روماڵی میدیاکانیان بۆ چالاکی و زانیاریەکان بەشێوەیەکی گشتی، هێندە زەقە، بەشێوەیەکی رون و ئاشکرا عوقدەی  شەخسی سیاسیەکان لە سەر لێوی پێشکەشکارەکان ئەبینرێت.

میدیایەک هێندە دەستەمۆی، عیقدی سەرکردەی حزبەکانیان بن، نەتوانن  کەمێک گوێرایەڵی رێساکانی کاری میدیا و ئەخلاقیاتی پیشەی بن،  ناشێت بەمیدیا بانگبکرێن. 

لای کەس شاراوەنیە، ڕوماڵی کارو چالاکی  کارمەندێکی پلە شەش و حەوتی ئاکپارتی دەکرێت لە تورکیا، لای کەس شاراوەنیە، ماراسۆنێک رێکخراوێکی حزبی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەخش ئەکرێت،  بەڵام ناتوانن بە رستەیەک باسی ئەو دەیان چالاکیە بکەن کە سەرۆک کۆمار ئەیکات. 
بەڵام ئەتوانن سەدان شانامە، بۆ بەرژەوەندی سیاسیەکانیان بهۆننەوە، بێ ئەوەیی حەرفێک ڕاستی بێت. 

لێرە میدیا لە دەرەوەی ڕێساکان،  وەک بەشێک لە گرفتە سیاسیەکان خۆی نیشان ئەكات

 

پرسیارەكە ئەوەیە، بۆچی لەماوەكانی رابردودا بەشێك لە میدیای پارتی و میدیاكانی دیكە بایكۆتی سەرۆك كۆماری عێراقیان كردبو، مەگەر سەرۆک کۆمار کەسایەتیەکی گشتی نیە، بۆچی سێ هێندەی پرسە عێراقیەکان، بایەخ بە کۆبونەوەکانی سۆچی ئەدرێت؟ لێرە پرسیارەکە سادە و ساکار ئەوەیە ئایا ئەو میدیایانە چۆن بناسین؟ 

ئەرکی میدیا بەسادەی گواستنەوەی زانیاریە، لە پێناو ڕونکردنەوەی، کێشەیەک یاخود پرسێک یان پەروەردەکردن... هتد ، بەڵام لێرە میدیا لە دەرەوەی ڕێساکان،  وەک بەشێک لە گرفتە سیاسیەکان خۆی نیشان ئەكات،  وەک داینەمۆی گەورەکردنی کەلێنی کۆمەڵایەتی کاردەکات،  ئەگەر لێکۆڵینەوەیەکی زانستی لەسەر بکرێت بێ گومان بەشێکی زۆری  میدیاکان سەرچاوەیەکن، بۆ تەشەنکردنی نەخۆشی دەرونی و کۆمەڵایەتیەکان، ئەمەش واتای خۆداماڵینە لە ئەرکە پیشەیەکانی کاری میدیا، بەم پێوەرانە بێت لە ئایندەدا، ئبێت دروێنەی ئەو نەخۆشیە زۆرو زەبەندانە بکەین، کە لە ئەنجامی مامەڵەی ئێستای میدیاکان، خەڵکی ئێمە  و نەوەکانیش توشی دەبن.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP